عارف سهلیمی
سەفەرەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا خەنجەرە لە پشتی ڕۆژئاڤا
Monday, January 14, 2019
وێنە: AFP
سەردانی فەرمیی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارە کوردە "شەرتی کردار"ەکەی عێراق بۆلای ئەردۆغان لەم ئانوساتەدا تاڕادەیەک لەناکاو و تۆزێکیش جێگەی تێڕامان یان تەنانەت گومان بوو. وەک لە ڕاگەیاندنەکاندا هاتووە ئەو سەفەرە گوایە لە ماوەیەکی کورتدا پلانی بۆ داڕێژراوە و بە ئەنجام گەیەندراوە. واتە لە کاتێکدا کە باس و خواسی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا/باکووری سوووریا، دوای بڕیاری لەناکاوی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بووبووە ڕۆژەڤێکی مێدیای جیهانی، گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی بەغدا و ئەنکەرە ئەنجام دەدرێت و دوابەدوای ئەوەش سەفەرەکە ڕێک دەخرێت. ئەمەشمان لەیاد نەچێت کە لە بەرنامەی جەولەی یەکەمی دیدارەکانی بەرهەم ساڵح بۆ وڵاتانی دەوروبەر کە ئێران و چەند وڵاتێکی عەرەبیی دیکەی گرتەووە، تورکیای تێدا نەبوو کە لەوانەیە تورکەکان بۆ کاتێکی زێڕینی (لە ڕوانگەی ئانکاراوە) وەک ئێستایان دانابێت.
لێرەدا ئەوەی کە جێی تێڕامانە و تەنانەت گومان لە کات و هەروەها شێوازی سەفەرەکەی بەرهەم ساڵح درووست دەکات، کاریگەریی خراپی ئەو سەفەرەیە کە لە لەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژئاڤا/سووریا دایدەنێت. ئەم سەفەرە، سەرکۆمارە کوردەکەی عێراق دەخاتە هەمان ئەو قاڵبەوە کە نزیکەی سی ساڵە سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە کوردان لەسەری بونیات نراوە؛ واتە قاڵبی سیاسەتی کوردی باش و کوردی خراپ.
تورکیا تا پێش درووست بوونی قەوارەی دووفاکتۆی باشوور، فووبیای کوردی لە هەر چوارپارچەی کوردستان هەبووە و ئێستاش هەیەتی. بەڵام دوای ساڵی 1991 لەژێر گوشاری ئەمری واقعی ئەو دووفاکتۆیە بەناچاری و "بەڕواڵەت" سیاسەتێکی پڕاگماتیکی دیکەشی پەیڕەو کردووە. سیاسەتەکەش ئەمەیە کە کوردەکانی ناو قەوارەی باشووری کوردستان تا ئەو کاتەی خزمەتکاری بەرژەوەندییە هەرێمییەکانی دەوڵەتی تورکیا بن "کوردی باش"ن و کوردانی دیکە لە هەرکوێ بن کوردی خراپن. ئالەم ڕوانگەیەوەیە کە تورکیا دژایەتیی دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردیی دیکە لە باکووری سووریا ،تەنانەت لە ژێر کۆنتڕۆڵی جەماعەتی ئەنەکەسەی داردەستیشییدا، دەکات. هەر لەم چوارچیوەشدایە کە تورکیا مەودای دووریی و نزیکیی خۆی لە دوو هێزە حوکمڕانەکەی باشوور ڕێک دەخات.
تورکیا بە حوکمی ئەندامێتیی ناتۆ و "هاوپەیمانێتی" لەگەڵ ئەمریکا توانیویەتی واشنگتۆن و ئەورووپا لەگەڵ نێرینی "کوردی باش-کوردی خراپ هاوڕا بکات. ئەم هاوڕاییە تەنانەت دوای شەڕی داعش و هاوکاریی "تاکتیکیی" ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە/یەپەژەش گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و تەنیاتاڕادەیەک درزی تێکەوتووە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمەیە کە بڕیاری لەناکاوی تڕامپ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و هەروەها هەڕەشەکانی ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکەی تورکیا سەبارەت بە ئانوساتی پەلامار بۆ سەر باکووری سووریا، هەندێ بەرپرسی سیاسیی ئەمریکی و ئەورووپیی هێنایە سەرخەت و پێدەچوو بۆ یەکەم جار لەدەرەوەی نێرینی "کوردی باش- کوردی خراپ"ی تورکیاوە بیر لە پرسی کورد بکرێتەوە. هۆکارەکەشی پێدەچێت مەوقیفێکی ئەخلاقیی نەخوازراوە بووبێت کە بەشێک لە سیاسەتوانە ئەمریکی و ئەورووپییەکان بەتایبەت پاش بینینی هەڵسوکەوتی تورکیا لە عەفرین تێیکەوتبوون. هەر ئەم مەوقیفە نەخوازراوە ئەخلاقییەیە کە پاڵ بە جەیمز ماتیس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و برێت مەکگۆرک بەرپرسیاریی ئەمریکا بۆ شەڕی داعشەوە دەنێت دەست لەکار بکێشنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا گوایە جەیمز ماتیس بەتایبەت بە لێدوانی خلوسی ئاکار هاوتا تورکەکەی زۆر قەڵس بووە و هەر ئەو لێدوانەش پاڵنەرێکی سەرەکیی بووە بۆ ئەوەی نامەی دەست لەکار کێشانەوەی بنووسێت و بڵاوی بکاتەوە. خولوسی ئاکار گوتبووی هەر ئەمریکا چووە دەرەوە ئێمە دەچینە ئەوێ و کوردەکان لەناو ئەو خەندەقانەی هەڵیانکەندووە زیندەبەچاڵ دەکەین. مخابن نەک بەرهەم ساڵح و نە هیچ کاربەدەستێکی سیاسیی باشوور نیوئەوندەی جەیمز ماتیسی ئەمریکایی هەستی بەرانبەر بەو قسانەی خولوسی ئاکار نەجووڵا!
هەروەها لیندسی گراهام و چەند سیناتۆرێکی دیکەی ئەمریکاش بە ئاشکرا باسی مەترسیی کوشتوبڕی کوردەکانی سووریایان دەکرد یان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە هەوڵدا بوو کە بەشێوەیەک لە شێوەکان کوردی ڕۆژئاڤا لە پەلاماری سوپای تورکیا بپارێزرێت و لەم چوارچیوەشدا تەنانەت تکای لە ڤیلادیمیر پۆتین کرد. ئەڵمانیا و بەریتانیاش کە زیاترین هەماهەنگییان لەتەک نێرینی تورکیا بۆ کێشەی کورد هەبووە، بۆ یەکەمجار سەبارەت بە ئەگەری قەتڵوعامێکی تری کوردان دەنگی ناڕەزایەتییان هەڵبڕی.
هاوکات لە ڕاگەیاندنە بەناوبانگە جیهانییەکاندا دەیان وتار و ڕاپۆرت و لێدوان سەبارەت بەو مەسەلەیە بڵاو کرایەوە و لە زۆربەی هەرە زۆریاندا وێنەیەکی لەم چەشنە خرابووە ڕوو کە تورکیا کێشەی لەگەڵ "تیرۆریستان" نییە بەڵکوو کێشەی لەگەڵ پرسی کورد بەعام هەیە (فووبیای کوردی هەیە).
لەوانەیە یەکێ لە هۆکارەکانی دواخستنی هێرشی تورکیا بۆسەر باکووری سووریا، کە ئەردۆغان ها ئەمڕۆ و ها سبەی بۆ دەکرد، ئەو گوشارە مێدیایی و سیاسییە بووبێت کە یەکدابەدووی بڕیارەکەی ترامپ سەبارەت بە مەترسیی قەتڵوعامی کوردەکانی سووریا لەلایەن تورکیاوە هاتە ئاراوە.
ئالەم ڕوانگەیەوەیە کە پلانی سەفەرەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا شیاوی خوێندنەوەیە و دەکرێت بگوترێت کە تورکیا بە بانگهێشت کردنی بەرهەم ساڵح ڕێک لەم ئانوساتەدا ویستوویەتی ئەو وێنەی دزێوەی لەم چەند هەفتەیەدا چێ بووبوو تاڕادەیەک بشواتەوە و دیسان سەرنجی ناوەندە مێدیایی و سیاسییەکانی جیهان بخاتەوە سەر هەمان سیاسەتیی پێشووی "کوردی باش و کوردی خراپ".
بۆ ئەم مەبەستەش هیچ کەس شیاوتر لە بەرهەم ساڵح نەبوو و کەس وەک ئەو نەیدەتوانی خزمەت بەو ئامانجەی تورکیا بکات. چونکە بەرهەم ساڵح لەلایەکەوە بە حوکمی بادانەوە سەیروسەمەرەکانی یەکساڵێ ڕابردووی و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دژایەتیی مەسعوود بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق هەم متمانەیەکی ئەوتۆی لەناو شەقامی کوردیی باشوور نەماوە
چونکە بەرهەم ساڵح لەلایەکەوە بە حوکمی بادانەوە سەیروسەمەرەکانی یەکساڵێ ڕابردووی و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی دژایەتیی مەسعوود بارزانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق هەم متمانەیەکی ئەوتۆی لەناو شەقامی کوردیی باشوور نەماوە و هەم قورسایەکی ئەوتۆی لە هەولێر و تەنانەت لە سلێمانیش نییە. بۆیە مەرحەبا و بارەقەڵای وڵاتانی جیران بەتایبەت ئێران و تورکیا بە پێویستییەکی حەتمی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بێدەسەڵاتییەی خۆی دەزانێت.
چوونی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا لەم ساتەدا خۆی لە خۆیدا بەرپەرچدانەوەی هەموو ئەو لێدوان و هەڵوێستانە بوو کە لە ئەورووپا و ئەمریکا سەبارەت بە مەترسیی تورکیا بۆ سەر "کوردەکان" دەربڕدرابوون و وەرگیرابوون. لە کاتێکدا کە مایک پۆمپێوئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ئێمە داوا لە تورکیا دەکەین کوردەکان لە سووریا قەتڵوعام نەکات، یان ماکرۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا داوا لە پۆتین دەکات کە کوردەکانی ڕۆژئاڤا لە پەلاماری تورکیا بپارێزێت ولیندسی گراهامی سیناتۆری کۆماری لە تویتەر پەیتا پەیتا نیگەرانی دەردەبڕێت، بەرهەم ساڵح دەچێتە تورکیا و بە هەموویان دەڵێت تکایە ئێوە بێدەنگ بن ئەوەتا من کوردیشم و ئەردۆغان لە قەسرەکەی خۆی پێشوازیم لێدەکات.
ئالێرەدایە کە نەفسی ئەم سەفەرەی دەتوانێت وەک خەنجەرێک لە پشتی کوردەکان لە ڕۆژئاڤا/باکووری سووریا لێکبدرێتەوە.
بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2012ەوە خەون بە جێگرتنەوەی مام جەلالەوە دەبینێت و وەک کوڕە نازارەکەی شارە حەیاتەکە هەم کورسیی سەرۆک کۆماری و هەمیش کورسیی سکرەتێریی یەکێتی بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت. لەم پێناوەشدا دەیان مانۆڕ و بادانەوەی سیاسیی کردووە. ساڵی 2007 کاتێ هەر ئەم ئەردۆغانە بە چاوسوورکردنەوە داوای ڕادەستکردنی بەرپرسانی پەکەکەی لە بەرپرسانی هەرێم دەکرد، مام جەلال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا قسەیەکی کرد کە تا ئێستاش لە گوێی کوردەکاندا دەزرینگێتەوە؛ گوتی: "ئێمە تەنانەت پشیلەیەکی کوردیش ڕادەست ناکەین." بەرهەم ساڵح لەم ماوەیەدا نیشانی داوە کە نەک هەر لە قەوارەی ئەو دوو کورسییەدا نییە، بەڵکوو بەم سەفەرەی بۆ تورکیا زیاتر لە کاریکاتۆرێکی "تەها محێیەدین مەعرووف" جێگرە کوردە بێدەسەڵاتەکەی سەدام حوسێن دەچێت تا جەلال تاڵەبانی.
تورکیا ئێستا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دیدارەکانی بەرهەم ساڵح لەگەڵ ئەردۆغان و وێنەی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر قەبری ئەتاتورک جارێکی دیکە هەوڵ دەداتەوە بە دنیا بڵێت کە من دوژمنی کوردەکان نیم و بگرە دۆستیانم، ئەوە نییە پێشوازی لە سەرۆک کۆماری کوردی عێراق دەکەم؟
شرۆڤەکارانی لایەنگری ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنە عەرەبییەکاندا زۆر جار لە پێناو هەمان نێرینی "کوردی باش-کوردی خراپ"ی دەوڵەتەکەیان نموونەی کەسانی وەک هاکان فیدان (ڕاوێژکاری میت)، بینالی یەڵدرم (سەرۆکی پەرلەمان) و حوسێن چەلیک (بەرپرسێکی پێشووی ئاکەپە) دەهێننەوە و دەڵێن لە تورکیا کوردەکان ئازادن و ناچەوسێندرێنەوە، ئەوەتا ئەو هەموو کاربەدەستە بەڕەچەڵەک کوردەمان هەیە! ئەو شڕۆڤەکارانە لەمەودا دەتوانن سەفەرەکەی ئەمدواییەی بەرهەم ساڵحیش بە نموونە بهێننەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە