سەقز، شایی بوو بە شین
Friday, December 6, 2019
NNSROJ: بەهۆی تەقینەوی بۆتڵی گاز و ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی زەماوەند لە شاری سەقز ۶۰ کەس بوونە قوربانی و لەناویاندا ۱۱ کوژراو و ۴۵ بریندار هەیە. بەپێی گوتەی بەرپرسانی خۆجێی و ناوەندە پزیشکییەکانی شاری سەقز کوژراوەکان ۵ منداڵ، ۵ ژن و پیاوێک بوونە.
بەرپرسی بنکەی ئاگر کوژێنەوەی شاری سەقز ڕایگەیاندووە کە ساعەت ۲۱:۵۵ ئاگادار کراونەتەوە کە بۆتڵی گاز لە تالاری "مانگەشەو"ی شاری سەقز تەقیوەتەوە. بەگوتەی ناوبراو بەهۆیی دروستبوونی قەرەباڵغی دووابەدووای ئاگرکەوتنەوەکە ژمارەیەک لە میوانەکان وەبن پێیان کەوتوون و بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە".
هەروەها شارەداری سەقز لەمبووارەدا ڕایگەیاندووە کە :"تەقینەوەی بۆتڵی گاز بووەتە هۆکاری ئافڕاندنی ترس و دڵەڕاوکێ و خەڵک هەوڵیانداوە خۆ بگەیەننە دەرگای دەروە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک لە هاووڵاتیان گیانیان لەدەستداوە".
پارێزگاری سنەش سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ وەفدێک بۆ بەدواداچوونی زۆرتری ئەم رووداو و هاوکات درووستکردنی لژنەیەک بۆ دەرخستنی راستیەکان چووەتە شاری سەقز.
بەهمەن مۆرادنیا رایگەیاندووە کە ئەگەر بۆیان دەرکەوێت کە ئەم رووداوە بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەنی تالارەکەوە بووە سزا دەدرێن.
بەڵام ئەوەی بەرپرسانی حکومی خۆیان لە باسکردنی لاداوە، ناگونجاوبوونی هۆڵی "مانگە شەو"بووە بۆ زەماوەند و مەڕاسیمی گشتیی.
خالید تەوەکولی چالاکی سیاسی شاری سەقز لەم پەیوەندییەدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی :"زۆربەی هۆڵەکان ئاڵۆگۆڕ بەسەر کارکردیاندا هاتووە. ئەمەش هێمایەکی ئاشکرای ئابووری داڕماوی ئێرانه کە ژێرخانی بەشی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی سەقەت خراوەتە خزمەتی بەشی خزمەتگوزاری".
تەوەکولی لە درێژەدا دەڵێت:" بە ئاسانی دەتوانی هۆڵی کارگایەک یا گاودارییەک بکەیە هۆڵی زەماوەند. بەڵام وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی هۆڵی زەماوەند باسی سەرە و زۆربەی جار نامومکین".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقز بە ئێن ئێن ئێس ڕۆژ ڕاگەیاندووە کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر خاوەنی هۆڵی زەماوەندی مانگەشەو و چەند کارمەندێکی هۆڵەکە لەلایەن پۆلیسی شاری سەقزەوە دەستگیرکراون.
باری کەسێتی گیان بەختکردووان:
۱- مۆنا حەسەن پوور ۳ ساڵان
۲- ئارشام ڕەسووڵی ۴ ساڵان
۳- سۆژین قادرزاده ۵ ساڵان
۴- هەژین ... ۴ ساڵان
۵- ماهان بەهرامی ۵ ساڵان
۶- هاجەر پەسەندی ۲۵ ساڵان
۷- سەعادت عەلی زاده ۴۰ ساڵان
۸- مونیرە ڕەحمانی ۴۵ ساڵان
۹- مستورە پەسەندی ۶۰ ساڵان
۱۰- شەریه ڕەزایی ۷۰ ساڵان
۱۱- ئایشێ مەحمودی ۸۰ ساڵان
ئ.ب
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە