ئەحمەد تەوفیق (عبدالله اسحاقی) لە ناو بیرەوەریەکانی حەسەن قازی
Sunday, January 5, 2020
NNSROJ: ئەحمەد تەوفێق یکێک لە دیارترین سیاسەتمەدارانی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە نزیکەی نیو سەدەش دوای گیانبەخت کردنیدا، هێشتاش رۆڵ و جۆری سیاسەت کردنی کاریگەری بەسەر ساحەی سیاسی لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان ماوە. ئەم سیاسەتمەدارە سەردەمانێک جڵەوداری سیاسەتی حزبی دیموکراتی کوردستان بووە و وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو حزبە دەجووڵایەوە.
ئەگەر نەڵەین هەوڵدانێکی پلانداڕێژراو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو بابەتە بینراو و خوێنراوانەی کە لە سەر رێبەرانی پێش و دوای ئەحمەد تەوفێق بڵاو کراونەتەوە، جۆرێک لە سڕ کردنی بەشێک لە مێژووی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانی پێوە دیارە. ئەم رخنەیە رووی تەنها لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نییە، بەڵکوو لەوانەیە زۆرتر رووی لە لێکۆڵەر و رۆژنامەنووسی کورد بێت.
لە لایەکی دیکە، تارمایی سەپێنراو بە سەر ئەو قۆناغە نەبوەتە هۆی فەرامۆشی و دەرباز بوون لێی. تەنانەت جار جار لە فۆرمگەلێکیش دەگەڕێتەوە ناو ساحەی سیاسەتی پڕ کێشەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە گەڵ ئەحمەد تەوفێقی سەردەمی خۆی و لە کانتێکستی سیاسەتی ناوچەکە و نێونەتەوەیی نامۆیە.
لەم سونگەیەوە وەک یەکەم بەرنامەی "مێژووی زارەکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان" هەوڵمان داوە تا لە دووتۆی وتووێژێک لەگەڵ رێزدار حەسەن قازی بپرژینە سەر ژیان و بەسەرهاتی نەمر عەبدۆڵای ئیسحاقی.
بەشێک لە بیرەوەریەکانی ئادەم شمیت رۆژنامەنووسی ئامریکایی
ئەحمەد لە کوڕەکەی پرسی ئەتۆ کێی ، کوڕەکەش لە کاتێکدا بە سەرسوڕمانەوە چاوی لێ دەکرد ووڵامی دروستی داوە و گوتی " ئەمن کوردم " . ئەوجار ئەحمەد لێی پرسی " ڕێبەری کوردان کێیە ؟" کوڕەکە دیسان ووڵامی دروستی داوە و گوتی " مستەفا بارزانی" . ئەحمەد لە باوەشی وەرێنا و ماچی کرد ، کوڕەکەش ووڵامی داوە ودەستی ئەحمەدی ماچ کرد. ئەحمەد لێی پرسی " دەتوانی گۆرانییەکی کوردی بڵێی؟" و کوڕەکەش بە چڕینی گۆڕانییەکی کە من بە جۆڕیەک سروودم دادەنا ووڵامی داوە ، لە ناواخنی ئەو سروودە دا ناوی بارزانی هەر دووبارە دەبووەوە .
ڕذێن سپییەکانی گوندەکە بە منیان گوت هەموو پیاوە بە ساڵدا چووەکان لە ناویان دا نەخوێندەوارن ، ئەگەرچی هێندێک لە پیاوە گەنجترەکان فێری خوێندنەوە ببوون بە چوونە مەدرەسەی کە زۆر لە دێیەکەیانەوە دوورە. ئەوان گوتیان " ئێمە لەم دێیە دا مەدرەسەیەکمان ساز کرد بەڵام قەت نەمانتوانی مامۆستایەکی بۆ بدۆزینەوە.بە ئێمەیان گوت ئەگەر مەدرەسە دروست بکەین مامۆستامان بۆ دەنێرن ، بەڵام قەت سەروسەکوتی مامۆستایەکمان نەدی. " ئەوان حوکمی تورکی لە ڕابردوو و حوکمی عەڕەب هەنووکە بە هۆی وەداوکەوتوویی خۆیان دادەنێن.
یەک لەو پیاوە پیرانە ئاوای دەست پێ کرد " ئەگەر ئێمە حکوومەتی خۆمان هەبووبا " و ئەحمەد ئاوای وەرگێڕا " کاتێک ئێمە حکوومەتی خۆمان هەبێ ئەو دەمی ئێمە مەدرەسەی خۆمان دەبێ ، و کلینیک و تروومپا ، و ڕێگایەک " ئەگەر چی ئەحمەد زانستکار نەبوو و پیاوە پیرەکانیش هیچ پەروەردەی ڕەسمییان نەبوو ئەوان ئەوەیان دەزانی سەردەمایەک ترووسكەیەکی سەربەخۆیی کورد هەبووە.
یەك لە دەستڕۆیشتووانی دێیەکە کە ئەمن پێم وا بوو ئەندامێکی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان ە نامیلکەیەکی کۆمۆنیستی بۆ ئەحمەد هێنا . ئەحمەد دەستی بە خوێندنەوەی نامیلکەکە کرد و چەند جار خوێندییەوە . ئاشکرا بوو کە ئەو ناواخنی نامیلکەکەی پێ خۆش نەبوو وەیذەچوو ناوەڕۆکی نامیلکەکە جاڕزی کرد بێ ، ئەو گوتی دوایە دەیەوێ لەو بارەیەوە قسەم لەگەڵ بکا. لە نامیلکەکە دا کۆمۆنیستەکان وایان نیشان دابوو کە پشتیوانی دەکەن لە شۆڕشی کوردی. ئەوە ڕێبازی تازەیان بوو دوای ماوەیەکی درێژ دژایەتی لەگەڵ ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە