کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
Sunday, January 19, 2020
دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ هەوڵی داوە لە رێگەی ئاڕاستە کردنی پرسیار لە سەرجەم حزبە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و روانگەی ئەم حزبانە بە نیسبەت ئەم رووداوانە و هاوکات بەرنامەیان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر شی بکاتەوە. لە یەکەم ئەڵقەی ئەم زنجیرە وتووێژانە پرسیارەکان ئاڕاستەی "حەسەن رەحمان پەناە" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) کراوە؛ ئەم دیدارە پێش تیروری "قاسم سولێمانی و ابومهدی موهەندس" و دەرنەنجامەکانی ئەنجامدراوە .
لە کۆتای مانگی خەزەڵوەردا گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین بە بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، ناڕەزایەتی برینی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی توند و بێ بەزەیانە بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بوویەوە. لە ئاکامی توندوتیژی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا دەیان هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون یا بۆ لێپێچینەوە پەلکێشی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئێستا دۆخێکی نا یاسایی و ئەمنی تر لە جاران لە ڕۆژهەڵات حاکمە.بۆچی کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و تەنانەت ئێرانیش سنووردار بوو به شێوەگەلی زارەکی و نووسراو و چالاکی لە باشووری کوردستان و تاراوگە. هەندێ کەس لەم ڕەهەندەوە ناڕەزایەتیان هەبوو. با لەم ڕوانگەیەوە چاو لێبکەن. ئەی فەلسەفەی بوونی هێزی پێشمەرگە و تەنانەت حزبەکانی رۆژهەڵات چیە، ئەوە نییە دەگوترێت پێشمەرگە پارێزەری تاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ئەی بۆچی ئیمکان یا ویستی ئەمەی نییە؟
حەسەن رەحمان پەناە: رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر بە خۆشیەوە تەنیا بە کوردستان بەرتەسک نەبویەوە، بەڵکوو بە وتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ٣١ ئوستان(محافظە)٢٩ نۆی گرتەوە. بەشێکی زۆر لە خەڵکی شار و ناوچەکانی کوردستان بە دروست بەم خەباتە پیوەست بوون و فیداکاریانکرد و قوربانیان دا. یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەم خەباتە سەرەرای هەبوونی حزبی زۆر و زەبەندی ئوپۆزۆسیون، شکڵ نەگرتنی بدیل یا ئاڵترناتیوی جێگای متمانە لە بەرەی چەپ و راستی کۆمەڵگایە کە پشتیوانی کۆمەڵایەتی هەبێت. خەڵکی ئێران بە باشی دەزانن چییان ناوێت ، بەڵام بە زۆری نازانن چییان دەوێت ؟ ئەوە ئەو بەڵایە بوو لە راپەرێنی ساڵی ١٣٥٧ هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٩٧٩زاینی بە سەر جەماوەری راپەڕیو ٤٠ ساڵ لە وە پێش هات و دژە شۆڕشی فاشیزمی ئیسلامی لێ سەوز بوو. ئەگەرچی راپەرینی ئاخر مانگی پاییزی ئەمساڵ نسبەت بە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرین تر و لێبڕاوانەتر بوو ، بەڵام لە رێبەری ناسراو ، جێکەوتوو ، کۆمەڵایەتی بێ بەهەرە بوو کە ئەوە گرنگترین خاڵی لاوازی بوو. لەم سۆنگەوە دەتوانین جێگا و شوێنی لایەنەکانی ئۆپۆزوسیون لە ئاستی ئێران و کوردستانیش دەست نیشان کەین .
لە وەڵامی بەشی دیکەی پرسیارەکەتاندا دەبێ بڵیم حیزبەکانی رۆژەهەڵات خاوەنی یەک هەڵوێست ، سیاست و ستراتژی هاوبەش لە وەڵامدانەوە بۆ رووداوەکان نین . باش وایە هەر حیزبێک وڵامی خۆی بەو پرسیارە بداتەوە . ئێمە بە نیسبەتی خۆمانەوە لایەنێکی پاسیو لە رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر نەبووین . رێکخراوەکانمان لە ناوخۆی وڵات بەشداری چالاکیە ناڕەزایەتیکان بوون . تلویزیون و راگەیاندنەکانی ئێمە بە هەموو توانایانەوە لە خزمەت بەو راپەرینە بوون . رێکخراوی دەرەوی وڵاتی ئێمە بەردەوام و رۆژانە لە سەر شەقام بوون و لە بەرانبەر ناوەندە جاسووسیەکانی رژێم ئیسلامی کە ناوی "سەفارەتیان" لێ ناوەن لەگەڵ لایەنە چەپ و سوسیالیستەکان بەردەوام لە نارەزایەتی و خۆپیشاندان بوون. سەبارەت بە دەخاڵەت نکردنی هێزی پێشمەرگە، هەندێک جیاوازە و تایبەتمندی خۆی هەیە و هیوادارم لە درێژەی قسەو باسەکانماندا بتوانین سەبارەت بە جێگەو و شوێنی هێزی پێشمەرگە لە بارودۆخی ئێستادا هەڵوێستی خۆمان رونتر بکەیەنەوە. بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت کە هێزی پێشمەرگە لە کوردستان ، هێزێکی هاوبەش و خاوەن یەک هەڵوێست نییە. هێزی پێشمەرگە بە سەر لایەنە سیاسیە جیاوازەکان دابەش بوون و هەر هێزەیش سیاست و ستراتژی حیزبەکەی خۆی پەیڕەو دەکات و بەرێوە دەبات.
ئایا پێتان وانییە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر دەرخەری ئەوەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتیی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئامادەی ئەوەی تێدانییە لەکاتی پێویست موداخلەی بارودۆخی ناوخۆ بکات؟
حەسەن رەحمان پەناە : رووداوەکان دەرخەری زۆر راستی بوون . هەم لە ناساندنی زیاتری کۆماری ئیسلامی و بێ رەحمی و دڵڕەقی ئەم دەسەڵاتە فاشیستییە بۆ کەسانێک کە لایان وابوو لە رێگای ئیسڵاحی ئەم نیزامە یان رەفراندۆم دەکرێت ئاڵوگۆری تێیدا پێک بێت، هەم لە ناساندنی جێگا و پێگەی ئۆپۆزسیون بە تایبەت بەشی راست و لیبراڵی کە بەردەوام سەر قاڵی کۆنفرانس و دابەشکردنی کورسیەکانی پاش نەمانی کۆماری ئیسلامین. هەر وەها ئەو نارەزایەتیانە جێگا و شوێنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی نیشان دا و هەم تجربەی راپەرینی مانگی خەزەڵوەر و هەم وڵاتانی دیکەیش دەرخەری ئەم راستییە بوو کە سەرەرای گرنگی و جێگەو شوێنی ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیانە ، بەڵام هەرگیز ناتوانن جێگای رێکخراوەی سیاسی حزبی، پیشەیی و جەماورەی بۆ بە سەرئەنجام گەیاندنی راپەرینەکان و تێکەوە هەڵپێچانی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکان بگرنەوە.
سەرەرای ئەم راستیانە ، بەڵام نابێت تایبەتمندی کوردستان و جێگاوشوێنی ئۆپۆزسیون لێرە لەگەڵ باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک یەک چاو لێبکەین . کوردستان کۆمەڵگایەکی حیزبییە. زۆرینەی خەڵکی ئەم بەشە بە سەر حیزبەکان بە راست ، چپ و ئاینی دابشبووە. خەڵکی ئەم بەشە سیاسی و کەمایەتییەکی بچووک نەبێت ،دژ بە رژیمن . رێکخراوە سیاسیەکان بە سیاست ، رێباز و ستراتێژی جیاواز دەناسرێنەوە . زۆربەی حیزبەکان خاوەنی هێزی چەکدار و ناو و ئادرسی ناسراوەن. بە هەزاران پێشمەرگەی پێشووی رێکخراوە سیاسیەکان لە نێو شارەکان کار و ژیان دەکەن و لە رۆژی راپەرینی یەکجاری دژ بە کۆماری ئیسلامی، وەک رابردوو سنگەرەکان پر دەکەنەوە. بە هەزاران کادری لێوەشاوە ، بە ئەزموون و خاوەن پلەی زانستی باڵا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کار و ژیان دەکەن کە بەشێکی زۆریان سەرمایەی ئێستا و دواڕۆژی بزوتنەوەی خەباتکارانەی کوردستانن. شای و شیون لە کوردستان رەنگ و بوونی سیاسی هەیە و حکومت ئەمە بە باشی دەزانێت. میلیتاریزە کردنی کوردستان ، پڕ بوونی زیندانەکان لە زیندانی سیاسی ، ئێعدامی نیارانی سیاسی لە کوردستان زۆرترە لە ناوچەکانی دیکە ، توندووتیژی بێرحمانەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە ناڕازیان لە شارەکانی کوردستان لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ دا ، لەوانە مەریوان ، جوانرۆ، کرماشان ، سنە و بوکان ، دەرخەری ترس و خۆفی کۆماری ئیسلامی لە خرۆشانی جەماوەری لەم ناوچانەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا تەخت و مەندیلی ئاخوند و پادگان و ناوەندی نیزامی _ئەمنیەتی تێکەوە دەپێچێت. بۆ هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی کوردستان و ئاخێزی جەماوەری یەک مانگی رابردوو ناتوانین ئەو تایبەتمەندیانە لە بەر چاو نەگرین. سێ مانگرتنی یەکگرتووانە و سەرکەوتوانە دژ بە جەنایت و ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی لە کوردستان ، رێوڕەسمەکانی یەکی مەی رۆژی جیهانی چینی کرێکار ، ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن ، ریورەسمی رێزگرتن لە ژینگە پارێزانی گیان بەختکردوو و قوربانیانی بوومەلەرزە رێدراوی کرماشان و سەرپێڵی زەهاو ، مراسمەکانی نەورۆژ و بۆنەگەلی حزبی ، دەرخەری جێگەوپێگەری حیزب و رێکخراو سیاسیەکانە لە کوردستان ، بە تایبەت لایەنی چەپ و سوسیالیستی ئەم کۆمەڵگایە کە کۆمەڵە _( رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) نوێنەرایەتی دەکات. بێ رەحمی کۆماری ئیسلامی و دەست نەپاراستنی لە خەڵکی کوردستان لە رووداوەکانی مانگی رابردوو و مەحافزەکاری و دوورە پارێزی لایەنی لیبرال و هیوادار بە ئەگەری "وتووێژ" و لوتف و شفەقەتی ئیسلامی رەژیم ، دوو هۆکاری ئەسڵی دەخاڵەت نکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بە تایبەت لە شمال(باکور) لە راپەرینی مانگی رابردوو بوو. بەڵام ئەزموونی تا ئێستای ناوچەکە ، بە تایبەت لەو بەشانەی خەڵکی کورد تێیدا دەژی ، سەرکوت دەکرێت و دەچەوسێتەوە، ئەو راستیەمان پێ دەڵێت ، کە خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بە نیزامە دیکتاتۆریەکان نابێت لە خەڵک و خەباتی ئەو وڵاتە دابڕێت ، بەڵکوو دەبێت هاودڵ و پێشاهنگ بێت لە گەڵ خەڵکی ئەم وڵاتانە.
ئێوە خاوەن هێزی پێشمەرگەن بە بەردەوامیش دەورەی نوێ پەروەردە دەکەنەوە و پێشمەرگەکانتان لە ئامادەباشیدان. بەڵام رێک لە کاتێکدا کە هاوڵاتیان چاوەڕێ یارمەتی و کاردانەوە بوون، لە کاتێکدا کە بێ ڕحمانە درانە بەر گوللە و کوژران، هیچ کاردانەوەیکی کردەییتان نەبوو، هۆکارەکانی چی بوون؟ ئایا ئەمە دەرخەری دۆخی قەیراناوی ئۆپۆزیسیۆن نییە؟
حەسەن رەحمان پەناە : زەرفییەت و توانایەکانی هێزی پێشمەرگە وەک شمشێری دوو سەر وایە ، ئەگەر نەزانیت چۆنی بە کار بێنیت زیان بە خۆت دەگەینێت . هێزی پێشمەرگە بە تایبەت کە لە ناوخۆی وڵات بارگاە و مقەراتی نەبێت و لە پشتی جبهەی مەحکەم بهرەمەند نەبێت ، لە کاتی زۆر رووداودا ناتوانێت دەوری پێویستی خۆی بگێڕێت. لە کاتی شەری سێ مانگەی ئەوڵی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستان ، هێزی پێشمەرگە کە لە نێوخۆی وڵات و لە نزیک شارەکان بوو ، لە گەلێک ناڕەزایەتیەکان کە بە رۆژ بەردەوام بوون و شەقام لە دەست ناڕازیاندا بوو ، بە شەو پێشمەرگە دەچوونە نێو شارەکان و رێگا سەرەکیەکانی کونترۆڵ دەکرد و زەربەی گۆرچک بڕی لە دوژمن دەدا و دەوری خۆی دەگێرا. بە باوەری من ئێمە لەگەڵ ئەو سەردەمە هێشتا مەودامان زۆرە و هێزی پێشمەرگە ناتوانێت تا ئێستایش ئەو دەورە کە پێویستە بیگێڕێت. خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە ئێستا کە جەماوەر خۆیان هاتوونەتە سەر شەقام ، بەخەبەر هاتووەن و دەیانهەوێت بە هێزی خۆیان چارەنووسی سیاسی لە گەڵ رژیم لە شەقامەکان دیاری کەن ، حوزوری هێزی پێشمەرگە هەم دەتوانێت خەڵک لە چاوەروانی یەک لایی کردنەوەی شەری دەوڵەت و پێشمەرگە رابگرێت و هەم دەتوانێت بیانوو بە دەست دەسەڵاتەوە بدات کە بە هۆی هەبوونی پێشمەرگە لە نێو خۆپیشاندەران کوشتار و سەرکوتی بەرینتر و دژی ئینسانی تر بەرێوە بەرێت. تێک هەڵپێکانی خەباتی کرێکاری ، جەماوەری و پێشمەرگانە ئاستێکی بەرزتر لە خەباتی تا ئێستا و مەرحەلەی یەک لایکردنەوەی دەسەڵاتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە تێپەراندنی دەورەی ئێستا و نزیک بوونەوەی لەو قۆناغە چارەنووسە سازەیە کە راپەرینی گشتی و خەباتی لێک هڵپێکراوی چەکداری لەگەڵ باقی مەیدانەکانی دیکەی خەباتە و هاودەنگە لەگەڵ راپەرینی خەڵکی ئێران بۆ لە گۆڕنانی کۆماری ئیسلامی. ئەوەی کە ئۆپۆزسیون قەیرانی هەیە یا نا ، تەنیا لە سۆنگەی خەباتی چەکداریەوە وڵام نادرێتەوە . لایەنگەلێک بە قەولی خۆیان خەباتی چەکدارییان دەست پێکردەوە ، لە سەر سنوور هێزیان جێگیر کرد ، "راسان"یان راگەیاند ، لە رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەردا لە هەموو کەس بێ دەوروو نەقش تر بوون . کەوایە دووبارە پێداگری دەکەم کە خەباتی چەکداری شمشێرێکی دوو سەرە ، دەبێ بزانیت چۆنی بە کار دێنیت ؟
لە ساڵی ڕابردوودا باس و خواسی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی نێوان هەندێک حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیری ڕێکخراوەیەکی نۆڕوێژی زۆربوون. دیارە ئەندامانی حزبی کۆمۆنیست و هەروەها کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حزبی کوۆمۆنیست پێشتر رایانگەیاندبوو کە لەم وتووێژانە بەشدار نەبوونە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم وتووێژانە کاریگەریان بووە بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کورد بۆ نەبوونی کاردانەوەی پێویست؟
حەسەن رەحمان پەناە : ئەوانەی لە کۆبوونەوەکانی وڵاتی "نوروێژ" لە گەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی زۆر نزم دانیشتن چوار لایەن بوون کە لە "ناوەندی هاوکاری" پێکەوە کار دەکەن و تەنیا بەشێکن لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان. ئەو ناوەندە ئێستایشی لەگەڵ بێت راستگۆیانە لەگەڵ خەڵکی کوردستان و تەنانەت ریزەکانی خۆیشیان سەبارەت بەو دانیشتنانە قسەیان نکردوە. ئهو دانیشتنانە بە هۆی ئەوەی کە هیچ پهیوهندییهكیان به چارهنووسی خهڵكی كوردستان بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی، یان ڕێگا چارهیهك بۆ كۆتایی هێنان به كێشهی سیاسی و نیزامیی ٤٠ ساڵی ڕابردووی نێوان كۆماری ئیسلامی و خهڵكی كوردستانهوه نهبووه ، هیچی لێ سهوز نهبووه و سهوزیش نابێت . هەر ئەم راستییە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو دانیشتنە نهێنیانە له لایهن خهڵكی كوردستان، بهرهی چهپ و سۆسیالیست و تێكۆشهرانی سیاسی غهیری ئهو چوار لایهنه، نه تهنیا پێشوازیی لێنكرا، بهڵكوو به نیگهرانی و گومانهوه درایه بهر ڕهخنه و توانچ.هەڵۆێستی ئەو لایەنانە دەرحەق بە رووداوەکانی مانگی خەزەڵوەر زۆر شل و شەوێڵ بوو و کەش و هەوای دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات بە قسەوباس و هەڵوێستی وتەبێژەکانیانەوە دیار بوو. بەڵام قووڵایی ناکۆکی نێوان خەڵکی ئێران و کوردستان ئەمرۆ گفتوگۆی ئەو جۆرە حیزبانەی تێپەراندووە و جەماوەر بۆ نەبەردی یەک لاکەرەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لە گۆڕنانی ئەو نیزامە فاشیستییە ریزەکانیان رێکدەخەن ، خۆیان حازر دەکەن و درووشمی ئیسڵاح تەڵەبی حکومەتی و رێفراندومی لێبراڵی لە بەرانبەر دروشمی رووخاندنی کۆماری ئیسلامی جێی پێ لەق بووە. لام وایە هەڵوێستی ئەو ناوەندە لە سەر بەشی بناژۆخواز و خۆپارێزی کوردستان لە رووداوەکانی مانگی رابردوو کاریگەریی بووە و زۆرترین گوێ رایڵیان لەو بەشەدایە.
لەو ساڵانەی دواییدا چەندین بەرەی سیاسی با هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێندران، یەک لەوانە کە هێشتاش چالاکە، ناوەندی هاوکارییە، ئێوە کار و چالاکیەکانی ناوەندی هاوکاری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەسەن رەحمان پەناە : ئەوەی راستی بێت من ئاگاداری پێک هاتنی " چەندین بەرەی سیاسی با هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان" نیم و تا ئێستایش هیچ بەرەیەک پێک نەهاتووە. بەڵام هاوکاری لە نیوان حیزبەکاندا لە سەر ویست و داخوازی هاوبەش و زیاتر دژکردەوە بەرانبەر بە پیلان و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەوانە لە کاتی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی یان دوو مانگرتنی دژ بە ئێعدامی تێکۆشەرانی سیاسی و موشک بارانی بارەگاکانی حزبی دیمۆکرات لە کویە،یان کۆدەنگی بۆ قسەوباس لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان لە چەند ساڵی رابردوو هاتوەتە ئاراوە. بێجگە لەم راستییە باش وایە وڵامی پرسیاری هەڵسەنگاندنی کار و چالاکی "ناوەندی هاوکاری" حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تەنیا لە چوار لایەن پێک هاتووە ، بە بەرپرسانی ئەو ناوەندە بسپێرین و گوێ لە قەزاوەت و دەنگی خەڵکی کوردستان لە سەر پراتیکی ئەوان بگرین . بەڵام بە کورتی دەڵێم من هیچ کردەوەیەکی تایبەتم لە ماوەی پێک هاتنی ئەو چوار لایەنە تا ئێستا لێیان نەدیوە کە رەنگدانەوە کۆمەڵایەتی بەرچاوی لە ناوخؤی وڵات و لە ناو لایەنەکانی دیکە و تێکۆشەرانی سیاسی سەربەخؤ بووبێت. بۆ نموونە ئەو "ناوەندە" چی کردووە کە یەک لایەنیان بە تەنیا بۆی ناکرێت ؟ ئایا کێشەکانی ناوخۆیانی چارە سەر کردەووە ؟ ئەو چوار لایەنە ئەگەر لە یەکیان هڵاوێرین، ئەوانی دیکە لە "کوێن" و ئەوانەی کە لە "زەرگوێزەڵە و بانەگەوەرن" ، یەکتریان قەبوول نییە و ناتوانن پێکەوە و دوو بە دوو یەک راگەیاندنیش بدەن ، چ بگات بە وەی کە کۆمەڵگا رێکبخەن ؟ بێجگە لەوە بەشێکی زۆری لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەو "ناوەندە" نین و ئامادە نین بچنە ئەو ناوەندە . ئەمانە هەموو خاڵی نیگاتیڤی ئەو ناوەندەیە و ئەگەر هەر ئاوا بمێنەوە من ئاسویکی روون بۆ پاشە رۆژی هاوکارییان نابێنم.
لە کوردیدا دەڵێ دەسەڵات تاسەر نییە بۆ کەس. لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵووگۆڕیکیتر یان لاوازبوونی دەسەڵات یا ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا، پلان و ستراتیژتان چییە؟ یەکەم هەنگاوەکان چی دەبن؟
حەسەن رەحمان پەناە : ئێمە لایەنێکین بە ئەزموونی پەنجا سال خەبات و تێکۆشان لە دژی دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلامی ، چاومان لە دەسەڵاتی سیاسی و ئێدارەی کۆمەڵگا، بە تایبەت لە کۆردستانە کە هێزێکی کۆمەڵایەتی و چارەنووس سازین. بەڵام بۆ ئێمە دەسەڵات نەک ئەمری ئەم حیزب و ئەو حیزب ، بەڵکوو ئەمری خودی جەماوەری خەڵکە و حیزب ئامرازی نوێنەرایەتی کردنی ئێرادەی جەماوەر لە ناوەندەکانی دەسەڵات، لەوانە شوراکانە کە ئێمە هەوڵیان بۆ دەدەین ،یا پارلمان و هەر شێوازیکی دیکەیە کە ئاستی ترازوی هێز لە نێوان چپ و راستی کۆمەڵگادا هەبوونی هەر کامیان دیاری دەکات. ئێمە لە یەکەمین هەنگاوماندا هەوڵ بۆ دامەزراندنی شوراکان لە هەموو بەش و ناوەندکانی کار و ئیدارەی کۆمەڵگا دەدەین کە بەرین ترین ئاستی ئازادی و دیمۆکراسی بۆ تاک و کۆمەڵگا دەپارێزێت . هەروەها هەوڵ بۆ چەکداری گشتی جەماوەر دەدەین کە لە دەستکەوتەکانی خەباتی خۆیان و شوراکان پارێزگاری بکەن و ئەمنیت و ئاسوودەیی خەڵک دابین بکەن. "بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی جەماوەر لە کوردستان" یەکەمین پلان و ئالترناتیوی ئێمە دەبێت و ستراتژی گشتی ئێمە کە شۆڕشی کرێکاری و دەستەبەرکردنی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستییە بە ئاستی هوشیاری ، رێکخراوبوون و ترازوی هێز لە نێوان بەرەی شۆڕش و دژە شۆڕش و پشتیوانی ناوچەیی و نێونەتەوەی گرێی خواردووە.
ژمارەی ئەم حیزبانەی کە هێزی پێشمەرگە/گەریلایان هەیە کەم نین. ئایا ئەگەر بەمشێوەیە بچنەوە شار کێشە ناخوڵقێت؟ هەوڵتان داوە بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە؟
حەسەن رەحمان پەناە : هێز و لایهنه سیاسییهكان له ڕۆژههڵاتی كوردستاندا یهك سیاسهت، ڕێباز، تاكتێك و ستراتێژیان بۆ ئێستا و دواڕۆژی پاش كۆماری ئیسلامی نییه. ههر حیزب و لایهنێك به پێی بۆچوون و سیاسهتی خۆی لهگهڵ ئهو ههل و مهرجه تازەیەی کە پێک هاتووە و پێک دێت ههڵسووكهوت دهكات.
به نیسبهتی كۆمهڵه وهك لایهنی چهپ و سۆسیالیستی كۆمهڵگای كوردستان و بە پێی پەسەندکراوی کونگرەکانمان لە دوو بواردا هەوڵمان بۆ هاوکاری لەگەڵ لایەنە چەپەکان و لایەنە لیبرالەکان لە کوردستان داوە . لەگەل لایەنە چەپەکان، هەوڵی هاوکارییەکی درێژ ماوە و پایەدارمان داوە کە بە داخەوە رۆحی پاوانخوازی و سکتاریزمی زاڵ بە سەر ئەو بەشە لە چەپ لە کوردستان هەوڵەکانی تا رادەیەکی زۆر ناکام هێشتەوە.
بە نیسبەتی لایەنەکانی دیکە به تایبهت لایهنی لیبڕاڵ و راستڕەوهەکان ، زۆر له سهرلێشێواویدا بهسهر دهبهن و هەر رۆژێک شتێک دەڵێن . بۆ نموونە ، ڕۆژێك چاوهڕوانی تهداخولی ئهمریكا و ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی به هێمهتی ئهوانن، ڕۆژێك دڵ به ئیسڵاح خوازانی ناوخۆیی دهبهستن و ڕۆژێكی دیكه خهباتی چهكداری دهبێ به درووشمیان و ڕۆژێك پاش نائۆمێدی له سیاسهتهكانی ئهمریكا له نهرمی نواندن دهرحهق به كۆماری ئیسلامی، پهنا بۆ به ناو دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ رژیم بە نهێنی دەبن کە شتێک جگە لە پیلانگێری کۆماری ئیسلامی نییە. ئهم سیاسهتانه له ناخی خۆیدا دژ بەیەکن و ناتوانێ كۆكهرهوی هێز و خزمهتكردن به بزووتنهوهی ڕزگاریخوازانهی خهڵكی كوردستان به هاوپشتی لهگهڵ خهباتی خهڵكی ئێران بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی بێت.
له هەلومەرجی روو لە ئاڵوگۆری ئێران و ناوچەکەدا ، ههوڵدان بۆ هاوكاریی هاوبهش له ئێستا له سهر خاڵی دیاریكراو و له داهاتووی ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی بۆ گیرۆده نهبوونی كۆمهڵگای كوردستان به شهڕی ناوخۆ و ههروهها به ڕهسمیهت ناسینی دهسهڵاتی جهماوهر له ڕێگای نوێنهرانی ههڵبژێردراوی خهڵكهوه له لایهن ههموو هێزه سیاسیهكان به ههموو جیاوازییهكانیانهوه، ئهركێكی بهردهوام و ڕۆژانهی هێزی چهپ و سۆسیالیست له كۆمهڵگای كوردستانه و کۆمەڵە کاری مسئولانەی بۆ دەکات. "پێکهێنانی هێزی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە" بە هۆکاری ئەو جیاوازیانەی کە پێشتر باسکرا بە کارێکی نا مومکێن دەزانین ، بەڵام پابەند بوون بە کۆمەڵیک خاڵی هاوبەش کە راستەوخۆ پیوەندییان بە کار ، ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستان و هەروەها بە چارە نووسی ئێستا و دوارۆژی کۆمەڵگای کوردستان هەیە بە گونجاو دەزانین و لە پەسەندکراوەکانی کۆنگرەکانی کۆمەڵەن.
مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی ئێوه بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە، هیچ ئامادەکاریەکتان کردووە بۆ ئەو مەبەستە یان هێشتاش لەسەر کاغەزە؟
حەسەن رەحمان پەناە : ئێمە رێکخراوەیەکی کۆمۆنیستین و بۆ کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی کە دەسەڵات بە دەست چینی کرێکارەوە بێت خەبات و چالاکی دەکەین. بەڵام دەزانین کە گەیشتن بە وەها کۆمەڵگایک نە خەون و خەیاڵە کە موخالیفان و بێ باوەڕان دەیڵێن و نە ئاسان و سەر راستیشە کە ئەوانەی تەنیا دروشم دەدەن باسی دەکەن. بەدی هاتنی وەها کۆمەڵگایەک پەیوەندی بە ئامادەگی عەینی و زینی(فکری) چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ستم لێکراوی هەر وەڵاتێکەوە هەیە. گەیشتن بە وەها کۆمەڵگایک بە کۆمەڵێک بەربەستدا تێپەر دەبێت چ لە ئاستی ئیران و چ لە ئاستی کوردستان. ئێمە ئەو داوخوازانەمان بۆ لابردنی ئەو بەربەستانە لە بەرنامەی لانی کەمی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران باس و فرموولە کردەوە. بە رەچاو کردنی ئەو بەرنامە و ئەزموونی کۆمەڵە لە ئیدارەی شارەکان پاش رووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و دواتر ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان و ئەزموونی جیهانی لایەنە چەپ و سوسیالێستەکان ، ئێمە "بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتی جەماوەر " لە کوردستانمان لە کۆنگرەی خۆمان پەسند کردەوە و پێشکەش بە کۆمەڵگا و لاینە سیاسیەکان کردەوە. ئەو بەرنامە بۆ ئێمە تەنیا لە بواری قسە و کاغەزدا نییە ، بەڵکوو بواری کرداریشی بە خۆوە گرتووە و هەوڵمانداوە و هەوڵ دەدەین کۆمەڵگای کوردستانی پێ ئاموزش و پروەردە بکەین و داخوازە سەرکیەکانی خەڵکی کوردستانی لە بواری ئابووری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی و ئیدارەی کۆمەڵگای کوردستانی تێدا فورمولە و دەقیق کراوەتەوە.
ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوا چ دەرسێکیان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟
حەسەن رەحمان پەناە : ئەم دوو ئەزموونە لە دوو وڵاتی جیاواز و لە دوو کات و ساتی جیاوازدا هاتنە ئاراوە. هەر کامیان تایبەتی خۆیان هەیە و پێویستە هەڵسنگاندنی جیاوازیان بۆ بکرێت. کوردستانی ئێران یان کوردستانی رۆژهەڵات لە وڵاتێکی دیکە و لە ئەزموون و هەلومەرجێکی دیکەی خەباتی تێدایە. ئێمە هەوڵ دەدەین خاڵە لاواز و بەهێزەکانی هەموو ئەزموونەکانی جیهان، لەوانە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە بەر چاو بگرین و خاڵە پوزیتیڤەکانیان بە کار بێنین و خاڵە نیگاتیڤەکانیان وەلابنین. بۆ نموونە پشت بەستن بە هێزی خەڵکی کرێکار و هەژاری خۆمان، متمانەنکردن بە زلهێزەکان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، دەسەڵات ئەمری خەڵکە، نەک ئەم حیزب و ئەو حیزب ، دوورنەکەوتنەوەی جەماوەر لە سیاست و کاروباری کۆمەڵگا، هەبوونی بەرین ترین ئاستی ئازادی و دیمۆکراسی لە ناوخۆی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان ، پاراستنی مافی یەکسانی ژن و پیاو ، ئازادی سیاسی ، بیروڕا و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی ، کۆتاکردنی دەخاڵەتی ئایین لە ئیشی دەوڵەت و فیرکردن و بارهێنان (ئاموزش و پەروەرش) ، خەباتی رۆژانە دژ بە گەندڵی و گەندڵ کاران لە ناو حیز و دەوڵەت ، کونترۆڵ و چاودێری بە سەر سەروەت و سامانی دەسەڵاتدارن و لێوەرگرتنی زۆرترین مالیات(زەریبە) لە ئەوان بۆ دابینکردنی پیداویستیەکانی کۆمەڵگا، و..... بە لە بەر چاو گردنی هەر کام لەم خاڵانە روون دەبێتەوە کە ئێمە چاوەروانیەکی دیکەمان بۆ دەسەڵاتی سیاسی ، ئیدارەی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی رۆژهەڵات پاش نەمانی کۆماری ئیسلامی هەیە و بە نیازی ئەزموونێکی دیکە و مۆدێلێکی دیکەی دەسەڵاتین.
ئەگەر ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا لە ئێران دووبارە بێتەوە، هێزێکی هاوپەیمانیی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبێت و بیهەوێت حکومەت لەڕێگای سەربازییەوە بگۆڕێت. ئێوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت. وەکوو هێزەکانی باشوور، یارمەتی هاوپەیمانییەتی دژی ئێران دەکەن؟
حەسەن رەحمان پەناە :هیچ کام لە وڵاتەکان لە یەک ناچن و شەرت نییە ، مێژووی روودانێک لە وەڵاتێک و لە شوێنێکی دیکە دووپات بێتەوە. ئەوەی ٢٠١١لە سوریە رویدا لە ئەنجامی رووداوەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" شکڵ و شێوەی جیاوازتری لە وڵاتانی جیاجیا بە خۆوە گرت و لە هیچ شوێنێک دووپات نەبویەوە. لە ئەگەری پەلاماری سەربازی وەک ٢٠٠٣ دژ بە عێراق بۆ سەر ئێران کە تا ئێستا کە ئێمە پێکەوە قسە دەکەین نیشانەکانی نابیندرێت ، ئێمە نە هاوکاری لایەنی دەرەکی دەبین و نە لایەنی کۆماری ئیسلامی . شەری کۆنەپەرەستانەی ئێران و عێراق ئەزموونێکی زۆر دوور نییە ، ئەگەرچی هێزەکانی ئوپوزسیونی ئێرانی بە سەر دوو جەمسەری جیاوازدا دابشکرد ، بەڵام ئێمە چ وەک کۆمەلە و چ پاش پێکهاتنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ، وەک حزب ، لە گەڵ هیچ لایەنێکی ئەو شەرە نەبووین ، بەڵکوو دژ بە هەر دوو لا بووین. ئێستایش لە ئەگەری وەها کارەساتێکدا ، ئێمە دژ بەو شەڕە دەبین ، هەر دوو لایەنی شەڕ بە ناحەق دەزانین و مەحکووم دەکەین و هەوڵ دەدەین لایەنی سێهەم بۆ کۆتایی شەڕ و کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆینڕێژ و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی رێک بخەین.لاموایە زۆربەی خەڵکی کرێکار و ستەم لێکراوی ئێران و کوردستان و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکانیش وا بیر دەکەنەوە و هەڵوێستە دەکەن.
ئەوەیکە لەم ساڵانەدا بەرچاو کەوتووە، زۆرینەی ئەو هێزانە کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وێنا دەکەن، لە باشترین حاڵەتیدا خۆیان لە قەرەی مافی نەتەوەکانیتر نەداوە و بەشێکیشیان بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان راگەیاندووە، لە مافی خوەندن بە زمانی دایکییەوە بگرە تا مافی خۆ بەڕێوەبردن و دانیپێیانان بە مافی نەتەوەکانیتر.، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ بەشێکی ئەم هێزانە هەیە، بەرنامەتان بۆ چارەسەری ئەم پرسانە چیە؟
حەسەن رەحمان پەناە : بەرنامەی ئێمە ئاشکرا و راگەیندراوە و پەسندکراوی کونگرەکانی ئێمەیە . ئێمە چ وەک حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چ وەک کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانی حزب ، باوەڕی قووڵمان بە مافی دیاریکردنی چارەنووس تا جیا بوونەوە و پێک هێنانی دەوڵەتی سەر بەخۆ بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکان بە دەنگی ئازادانەی خۆیان هەیە. ئەم تایبەتمەندییە یەکێک لە جیاوازیەکانی ئێمە لە هێزە شیونیستە ئێرانیەکان و هێزە لێبرال و ناسیوناڵیستیەکانی کوردستانە. من لاموایە ناکرێت هێزێک چەپ و سوسیالیست بێت، چ کوردستانی و چ ئێرانی ، بەڵام باوڕی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەڵان نەبێت . ئەوە وەک ئەوە وایە کەسێک یان هێزیک باسی یەکسانی نێوان ژن و پیاو بکات، بەڵام باوەڕی بە مافی تەڵاق بۆ ژنان نەبێت و ئەو مافە تەنیا بە پیاو بدات ، ئەو کەس یا لایەنە لە راستیدا باوەری بە مافی یەکسانی نییە. مافی نەتەوەکانیش عەینەن وەک مافی تەڵاق وایە . ئێمە خوازیاری رێگا چارەی دموکراتیک چ پێکەوە بوونی ئازادانە و چ جیا بوونەوەی سەربەستانە و دڵخوازانەین. هەوڵی ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەیش قەناعەت پێ هێنان بەو هەڵوێستەیە و یەکێک لە پرنسیپەکانی بنەڕەتی هاوکاری ئێمەیش لەگەڵ ئەوانە .
کاردانەوەتان بە نیسبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئێران و ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟ بایکۆت یا بەشداری مەشروت؟
حەسەن رەحمان پەناە : لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا، ئێمە و بەشی هەرە زۆری لایەنە چەپ و سوسیالیستەکان لە ئێران، قەت باوڕمان بە هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە هیچ دەورەیەک و لە ژێر هیچ ناو و بیانوویک نەبووە . بەناو هەڵبژاردنی ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨هەتاوی لە ژێرناوی "کۆماری ئیسلامی ئا یا نە " لە لایەن خەڵکی کوردستان بە دروست و شۆرشگێڕانە ، بایکۆت کرا و ئێستایش خەڵکی کوردستان شانازی بەو دەنگ و بڕیارە دەکات. بەناو هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هیچ پێوەرێکی نێودەوڵەتی نایتەوە. لە بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێراندا کەسەکان دەبێت لە چەند فیلتر(بەربەستی حکومەتی) گوزەر بکەن و ئەوەی لە کۆتایدا دەمێنێتەوە تەنیا کەسانی سەر بە باڵەکانی حکومەتن. ئەو کەسانەیش کە لە بە ناو سەندووقەکانی دەنگ دان ناویان دێنەدەر، کە دەچنە سەر کورسی دەسەڵات لە سەرۆک کۆمار تا پارلمان و بناو شوراکان ، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و بە وتەی "خاتەمی " کە سەرۆک کۆمار بوو ،"تەنیا ئابدارچی حکومەت بووە" . کاتێک سەرۆک کۆمار هیچ نییە ، بەناو شوراکان لە هیچیش هیچ ترن. کەسانێک کە دڵ بەو بەناو هەڵبژاردنە خۆش دەکەن و خەڵک بۆ پای سەندووقەکانی بەناو دەنگ دان هان دەدەن ، بیانهەوێت یا نەیانهەوێت ، ئاو لە ئاشی دەسەڵاتی خۆێنڕێژی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەوانەیش کە وەک ئوپۆزسیون چەند جار بە شەرت و مەرج خەڵکیان بۆ بەناو دەنگ دان هاندا ، وە دووی کڵاوی خوار کەوتن و مایە پووچ دەرهاتن. ئێستا و بە تایبەت پاش رووداوەکانی زستانی ٩٦ و راپەرینی خەزەڵوەری ئەم ساڵ(١٣٩٨) ، باسکردن لە هەڵبژاردن و هان دانی خەڵک بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی چ بەناو پارلمان و چ بەناو شووراکان ، لە راستیدا دەنگدان بە هەموو جەنایات و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی ئێران و کوردستانە . باشترین هەڵبژاردەی جەماوەر و باشترین دەنگ دان ، کۆتای هێنان بە تەمەنی پڕ لە سەرکوت و تاوانی کۆماری ئیسلامییە. خەباتی هاوبەش ، یەکگرتووانە و شۆڕشگێڕانە بۆ لە گۆڕ نانی کۆماری ئیسلامی تەنیا هەڵبژاردەی خەڵکی کوردستان و ئێرانە . هەر رێگایەکی دیکە، فریو و درێژ کردنەوەی تەمەنی خۆێناوی کۆماری ئیسلامییە و مێژوو هەرگیز بانگەوازکەرانی خەڵک بۆ پای سەندوقەکانی بەناو دەنگدان نابەخشێت و خەڵکی کوردستانیش هیچ کات لەو تاوانە خۆش نابێت.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە