کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - پارتی ئازادی کوردستان
Monday, February 10, 2020
دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ هەوڵی داوە لە رێگەی ئاڕاستە کردنی پرسیار لە سەرجەم حزبە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و روانگەی ئەم حزبانە بە نیسبەت ئەم رووداوانە و هاوکات بەرنامەیان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر شی بکاتەوە. لە چوارەمین وتووێژ لە زنجیرە وتووێژەکانی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیارەکان ئاڕاستەی "خەلیل کانی سانانی" وتەبێژی سیاسی پارتی ئازادی کوردستان کراوە؛ ئەم دیدارە پێش تیروری "قاسم سولێمانی و ابومهدی موهەندس" و دەرنەنجامەکانی ئەنجامدراوە .
لە کۆتای مانگی خەزەڵوەردا گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین بە بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، ناڕەزایەتی برینی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی توند و بێ بەزەیانە بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بوویەوە. لە ئاکامی توندوتیژی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا دەیان هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون یا بۆ لێپێچینەوە پەلکێشی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئێستا دۆخێکی نا یاسایی و ئەمنی تر لە جاران لە ڕۆژهەڵات حاکمە.بۆچی کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و تەنانەت ئێرانیش سنووردار بوو به شێوەگەلی زارەکی و نووسراو و چالاکی لە باشووری کوردستان و تاراوگە. هەندێ کەس لەم ڕەهەندەوە ناڕەزایەتیان هەبوو. با لەم ڕوانگەیەوە چاو لێبکەن. ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری تاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ئەی بۆچی ئیمکان یا ویستی ئەمەی نییە؟ ڕوانگەی ئێوە بە نیسبەت ئەم پرسە چییە؟
بەداخەوە مانگی رابردو شاهیدی کوشتاری بێ بەزەییانەی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان بوین لەسەر دەستی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، کە بۆ داخوازە رەواکانیان و ناڕەزایی دەربڕین لە دژی خراپی دۆخی ژیانیان و بۆ ڕەدکردنەوەی ژیانی بندەستی رژابوونە شەقامەکان و راپەڕینێکی خۆرسکانەیان هەڵگیرساند، دیارە گرانی بنزین بووە چەخماخەی راپەڕین و خۆپیشاندانەکان، بەڵام نارەزایەتیەکان دەربڕینی رقی پەنگخواردوی نەتەوەی بندەستی کورد و گەلانی دیکە بوو..لەکوردستان بەتایبەتی دروشمەکان و ئامانجەکان بەڕوونی ئەوەی دەرخست کە خواستی خەڵکی کوردستان رەدکردنەوەی حوکمی داگیرکاری و ژیانی بندەستییە...لەپاڵ ئەمەشدا ناڕەزایی لە خراپی بێژێوی ژیان دەربڕدراو...ئامانج و دروشمەکانی راپەرین لە کوردستان جیاوازیی خۆی هەبوو، هەربۆیەش دەوڵەتی داگیرکەر لە سەرکوتی دڕندانە و بێ بەزەییانەی رۆڵەکانی کورد هیچ دەستێکی نەپاراست و بە توندترین شێوە رووبەڕووی خەڵکی کوردستان بۆوە...ڕەشبگیرییەکی فراوانی ئەنجام داو ئێستاش هەڵکوتانە سەر ماڵان بەردەوامە و رۆژانەش تەرمی بێ گیان و رۆحی رۆڵەکانی کورد دەدۆزرێنەوە.
ئەو راپەڕینە، خۆرسک بوو، حیزبەکان دارێژەرو رێبەرایەتیمان نەکردبوو و تەوقیتەکەی ئێمە نەمان کردبوو، دوای هەڵگیرسانی بەشداربووین و رۆڵمان بوو، خەڵکمان گیراوە، شەهیدمان هەبووە لە رێکخستنەکان، ئاراستەمان کردن.. بەڵام سەرکوتی خیرای خەڵک و کەمی ماوەی راپەرێن و نەبوونی پلان و تەگبیری پێشوەختە..رەنگە هۆکاری سەرەکی بووبن بۆ ئەوەی کە وەک پێویست کارمان لەسەری نەکردبێ، بەڵام لەبیرمان نەچێ بەشداری پێشمەرگە و چوونەوەی بۆ تێکەڵبوونیان بە شەقام و خەڵک خواستی خەڵکی کوردستان و ئەو خەڵکە نەبوو کەراپەڕیبوون، رەنگە بچوکترین جوڵەی پێشمەرگانە ماوەی راپەڕینەکانی کەمتربکردابایەوە هاوکات زۆر خوێناوی تری کردبا ، بۆیە بەپێی هەموو هەڵسەنگاندنەکان..هەموو حیزبەکان هەرکە لەلای خۆی بەو باوەڕەگەیشتبوون کە ئەو جوڵانەوە جەماوەرییە نابێ جارێ جێی خۆی بدا بە جووڵەیەکی بچوکی سەربازی..من کەمکاریی لەوەدا نابینم کە پێشمەرگە نەچۆوە بۆ رۆژهەڵات، گرفتی ئەسڵی نەبوونی یەکریزی و هاوکاری و پەرتەوازەیی سیاسیمان..نەبوونی پلان و تەگبیری هاوبەشی حیزبەکان...وایکرد کە نەتوانین ئەو راپەرینە و تاوانەکانی ئەو رێژیمە بکەینە باس و رۆژەڤێکی گرنگ و جێی بایەخی جیهانی...دیپلۆماسیەتی هاوبەشمان نیە ، پلان و نەخشە رێگای دیارو هاوبەشمان نیە... پێشمەرگە هەردەم هێزی پارێزگاری کورد و نیشتمانەکەمانە و لە بەرەنگاریی دوژمناندایە و وەک هێزی پاراستنی خەڵکیش دەمێنێتەوە، بەڵام وەک وتم ئامادەبوونی پێشمەرگە لەرۆژهەڵات داوای خەڵک نەبوو، داوای کۆمەڵێک کەسن کە زیاتر ئیحسان بەسەریاندازاڵە و دووریش بوون لەو روداو وبابەتە..ئەڵبەت لەڕووی فیزیکی دەنا بەدڵ و هەست هەموو لەگەڵ رۆژهەڵات بوون و بەپەرۆش بوون..بەڵام حیزبی سیاسی لەڕووی هەست و ئێحساسەوە بڕیار نادات.
لەپێوەندی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەوانیش پرش و بڵاو و لاوازن..بەسەر سێ بەرەی موجاهیدین و چەپەکان و سەڵتەنەتخوازەکان و بڕی حیزبی تردا دابەشبوون،،ئەوانە هێشتا نەبوونەتە ئاڵترناتڤێکی بەهێز کە رٶل بگێرن و بخوێندرێنەوە... بەداخەوەش هەڵوێستی ئەوان لەبەرامبەری نەتەوەی کورد هێچی کەمتر نیە لە حاکمانی ئێستای تاران، بۆیە ئێمە هیچ پێوەندییەکمان دەگەڵ ئەوانە نیە.
ئایا پێتان وانییە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر دەرخەری ئەوەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتیی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئامادەی ئەوەی تێدانییە لەکاتی پێویست موداخلەی بارودۆخی ناوخۆ بکات؟
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی لاوازن..وەڵا خوازیاری ئەوەین هەروا بەلاوازی بمێننەوە چوونکە روانگەیان بەرامبەر کورد زۆرخراپە..تا خاوەنی ئەو ئەقڵیەت و بیرکردنەوە شۆڤینیانەبن هەروا بمێننەوە باشە. بەڵێ وایە ئەوان ناتوانن دەوری کارابگێڕن لە ئێراندا. کورد دەبێ بۆ بەهێزکردنی خۆی تێبکۆشێ و یەکرێزی خۆمان لە پێشتربێ،هێزو وزەی خۆمان دەگەڵ ئەوانە سەرف نەکەین... بەڵام شتێک راستبکەمەوە هەڵەیە حیزبی کوردی و کوردستانی تێکۆشانی کورد لەچوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆندا حساب بکرێ...ئێمەی کورد ئۆپۆزیسێۆنی ئێران نین، خەباتی ئێمە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات نیە لەئێراندا..ئیـمە خاوەنی جوڵانەوەو خەباتێکی رزگاریخوازین و ئامانجمان رادانی داگیرکەران لە کوردستان و رزگاریی خەڵک و خاکی کوردستانە.
ئێوە هێزی پێشمەرگەتان هەیە. خۆوڵاتیان لە دەرئەنجامی نارەزایەتیدا بێ ڕحمانە درانە بە گوللە و کوژران. بەڵام هیزەکانتان کاردانەوەی نەبوو. هۆکارەکانی چی بوون؟
پارتی ئازادیی کوردستان ، تەنها خاوەن هێزی سەربازیی و پێشمەرگە نیە، خاوەنی هێزی مرۆیی و هێزی جەماوەری و سیاسی و دیپلۆماسیەتیشە...بەڕێگای جۆراوجۆر دەنگ و داواخوازەکانی خەڵکمان گەیاندۆتە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان، هێزی جەماوەریی پاک دەوری پێویستی خۆی گێڕاوە لە راپەرینەکەداو پێشەنگ بوون، ئاراستەمان کردوون، هێزی مرۆیی بەفریای بریندارەکانەوە چوون..خەڵکمان حەشارداوەو دەربازکردون و کۆمەک کراون...گەلێ کاری دیکەش بەڵام ناکرێ هەمووشتێ میدیایی بکەین. هێزی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان سازو ئامادەو تۆکمە و خاوەن ئەزموونە هەرکات خەڵکی کوردستان بخوازێ یان دەرفەتێک بۆ گێڕانی رۆڵ و هەبوونی حزوری پێشمەرگانە ببێ لە زووترین کاتدا دەگەینە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هێزی پاراستنی رۆڵەکانی نەتەوەی کوردو هێزی ڕادانی داگیرکەرانین لەسەر ئەرزی کوردستان...پێشمان وایە ئەگەر هێزمان جوڵاند دەبێ چووڵەی گەورە بێ..نەک تەنها حزورێکی بچوک کە رەنگە زیانی زیاتربێ لە دەسکەوت.
لە ساڵی ڕابردوودا باس و خوازی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی نێوان هەندێک حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیری ڕێکخراوەیەکی نۆڕوێژی زۆربوون. ئێوە بەشدار بوون لە گفتوگۆیانەدا؟ ئەگەر نا بۆچی و ئایا ئامەدەییتان تێدا هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران؟ ئەگەر گفتوگوۆیەک ڕووبدات لە چوارچێوەیەک و لەسەر چ ئەساسێک دەبێت؟
پارتی ئازادیی کوردستان لە بازنەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەو حیزبانەدا نەبوو، پێشتردووجار ئێمە وەڵامی نەخێرمان دابوویەوە بە تاران بۆ وتووێژ..ئێمە ئامادەی وتوێژ و دانوستان دەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری ئێراندا نین. ئێرانیش دەزانێ ئامانج و ستراتیژی پاک چییە... نیەتی رێژیم نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان کوردایە، چەواشەکاری و فریوکارانەیە ، بە هەوڵەکان و داوایان بۆ گفتووگۆ، دەیانەوێ کورد لە ئامانجەکانی و دۆستەکانیان دوربخەنەوەو ڕوانگەی جیهان لە بەرامبەر کورد بگۆڕن و هەنگاوەکانی شل بکەنەوە لە خەباتی راستەقینە.
وتووێژ و دانوستان حەرامکراو نیە..بەڵام پیرۆزیش نیە ...کورد جارێ با ریزەکانی رێکبخا نوێنەرایەتی هەمووانی هەبێ دیارە لە هەلومەرجێکدا کە دەسکەوتی هەبێ و ئێمە داشکان بەدوژمن بکەین نەک داشکانی سیاسی بەکورد بکڕێ..بەکۆمەڵێک مەرجەوە دەتوانین گفتوگۆ و دانوستان بکەین...بەڵام لە ئێستاداو لەگەڵ ئەو رێژیمە و وتوێژی لەوچەشنە رەددەکەینەوە...چونکە هیچ گۆڕانێک لە هزرو لەرەفتاری ئەو دەوڵەتە لە پێوەندی بە پرسی کورداو لە بەرامبەر رۆڵەکانی کوردستان ڕووینەداوە..
ئێوە وەکوو پارتی ئازادی کوردستان، پێتان وایە نوێنەرایەتی کام چین و توێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و خوێندنەوەتان بۆ ئاستی پێگەی خۆتان چییە؟
نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژ و رەگەزو پێهاتەیەکی دینی و سیاسی و هەموو تاک و کۆی خەڵکی کوردستان و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد دەکەین. دژی دابەشکاری کۆمەڵگەی کوردەوارین بەسەر چین و توێژ و رەگەز و دەستەی دژ بەیەک، هەموو تواناکانی کوردو کوردەواری دەبێ رێکبخرێن بۆ بەهێزکردن و بەشداریی لە خەباتی رزگارییخوازی کوردستان ، پێکەوە بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و رزگاریی یەکجاری لەبندەستی تێبکۆشین...لەهەموو چین و توێژێک و رەگەزو پێکهاتەو هەرێمێکەوە پەیوەست بوون بە رێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان هەیە...نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن...خاوەنی پێگەیەکی بەهێزی سیاسی و سەربازین لە نێو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان و رۆژهەڵاتی نیشتمان بەتایبەتی و رۆژ لەگەڵ رۆژ پێگەی پاک بەهێزتر دەبێ.. لەنێوکۆمەڵگەی کوردستانیش خاوەنی پێگەو جەماوەری تایبەتی خۆمانین... جەمسەرێکی فکری و کۆڵەکەیەکی قایمی جوڵانەوەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستانین. بوونێکی فکری و فیزیکین، گوتاری پاک ، گوتاری زاڵە..رێبازی پاک، خەون و ئاواتی خەڵکی کوردستانە. بەڵام ڕاناوەستین و دەبێ بەهێزتربین چوونکە ئامانجەکانمان گەورەن بۆیە خەونی گەورەوشمان هەیە.
لە کوردیدا دەڵێ دەستەڵات تاسەر نییەبۆ کەس. لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵووگۆڕیکیتر یان لاوازبوونی دەستەڵات یا ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا، پلان و ستراتیژتان چییە؟ یەکەم هەنگاوەکان چی دەبن؟
پێویستە کوردو هێزەسیاسییەکانی کوردستان ریزەکانمان رێکبخەین ، یەکێتی کوردان بێتە ئاراوە، بۆئەوەی هەڵسوکەوتی دروست بکەین لەگەڵ روداو و دەرفەتەکان و بەقازانجی خەڵکی کوردستان و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرین...ئەرکی کورد لە کاتی ئاڵوگۆر، روخان یان لاوازبوونی رێژیم..دەبێ وڵاتەکەی ئازادبکا..لەندەستی دەریبهێنێ، خۆی بەهێزبکا.ئیدارەی وڵاتەکەی بکاو هەنگاو بۆ جیابوونەوەو سەربەخۆی هەڵبگرێ، رانەکات بۆتاران بۆ شەراکەتی سیاسی و دەسکەوتی شەخسی و حیزبی و ملی نەتەوەوکەمان و سەری نەخاتە بەردەستی دوژمنێکی دیکەوە..دەبێ بۆ رزگاریی یەکجاری تێبکۆشێ و نەبێتە کەواسوری بەرلەشکرو دەستەچیلکەی گەیشتین و رۆنیشتنی تاقمێکی دیکەی دژ بەکورد لەسەرکورسی دەسەڵات... هەنگاوی یەکەم خۆی دەبێ ئێستا هەڵیبگرینەوە کە ئەویش پێکهێنانی بەرەیەکی کوردساتنییە، ئەو بەرەیە دەزگای دیپلۆماسی و لەشکری ئازادیی کوردستان و دەزگای ئاسایش و پاراستنی هەبێ. لۆبیگەری بکا... بەرەیەکی کوردستانی کە چەتری کۆکەرەوەی هەموو هێزەسیاسییەکان بێ بە هەرجیاوازییەکەوە..پێم وایە بەرەیەک کە دروشمی مافی دیاریکردنی چارەنووس هەڵبگرێ دەتوانێ ئەو چەترەبێ.
بۆچی نەبوونە بە ئەندامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یا کۆدار؟ ئایا کەس داوای هاوکاری لە ئێوە کردووە؟ ئێوە لەنێوان ئەم دوو هیزەدا لە کوێ هەڵکەوتوون؟
ئێمە لەسەر چەمکی بەرەی کوردستانی پێدادەگرینەوە، بەرەیەک ناو و ناوەرۆکی دەگەڵ پرسی کوردو جوڵانەوەکەی و ستراتیژ و رێبازی سیاسی پارتی ئازادیی کوردستان یەکبگرێتەوە، چەترێک کە بۆ کوردو کوردستان بێ و تێکۆشەری هێنانەدی خواست و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان بێ، ماف بۆ خەڵک دیاری نەکا و کار و خەبات بکا بۆ رەخساندنی دەرفەت و کەش و هەواو دۆخێک کە خەڵکی کوردستان و رۆڵەکانی نەتەوەی کورد خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسییان بدەن، بوونی ئەو جیاوازییە فکرییانە وایکردووە خۆ لەو دوو جەبهەیەدا نەبینینەوەو کاریان دەگەڵ نەکەین، بەڵام دژیان نین و خوازیارین ئیتر هەموو ئەوانە جێی خۆیان بدەن بە بەرەیەکی کودستانی فرە رەنگ، تا ئەوکاتە ناڵێم هیچ هاوکارییەک نابێ لە نێوانمان بەڵام پارتی ئازادیی کوردستان وەک جەمسەرێکی دیکەی بزووتنەوەی سیاسی و رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێتەوەو رێبەرایەتی جەبهە و رێبازی سەربەخۆییخوازی دەکا، خۆی قوتبێکی بەەهێز و کاریگەرو کارای مەیدانە...بەڵام بەم جۆرە ناتوانین وەڵامدەری پێویستییەکانی جوڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بین.. دەبێ ریزەکانمان یەکبخەین، ئەوەش داخوازی و چاوەڕوانی خەڵکە لە هەموومان.
بەشێکی زۆری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەژاکەوە ئامادە نین وەکوو حزبێک لە گۆڕەپانی سیاسەتی رۆژهەڵاتی کوردستان تەعامۆلی لەگەڵدا بکەن، هەڵوێستی ئێوە بەرانبەر بەو حزبە چیە؟ هیچ پەیوەندیەکتان هەیە؟
ئێمە ، پژاک وەک پارتێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەناسین، پێوەندی و کۆنتاکت لە نێوانمان هەبووەو هەیە، دیارە خوێندنەوەمان بۆ پرس و بابەتەکان جیاوازە ، رەخنە و تێبینمان هەیە لەسەر یەک...جیاوازی فکریمان هەیە لەگەڵیان، بەڵام وەک ئەوەی هەن تەعامولیان دەگەڵ دەکەین.. ئێمە دەگەڵ فرەچەشنی سیاسیداین.
ژمارەی ئەم حیزبانەی کە هێزی پێشمەرگە/گەریلایان هەیە کەم نین. ئایا ئەگەر بەمشێوەیە بچنەوە شار کێشە ناخوڵقێت؟ هەوڵتان داوە بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە؟
پارتی ئازادیی کوردستان خوازیاری ئەوەیە هێزی پێشمەرگە و گەریلاو شەرڤانی کورد، لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر فەرمانی یەک فەرماندەییدا بێ و رێکبخرێ و ئارتەشی ئازادیی کوردستانی لێ بەرهەم بهێنین، بەرەیەکی کوردستانی دەتوانێ ئەو رۆڵ و ئەرکە لەئەسۆبگرێ، هیواداریشم و هەرواش دەبێ کە هیچ ناخۆشی و روداوێکی نەخوازراو روونەدات....تێگەیشتنی سیاسی و وشیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان قەبوڵی ئەوە ناکا. ئیتر دەبێ ئەزمونمان وەرگرتبێ کە پێکەوە دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان و هێزەکانیشمان دەبێ بخەینە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان....ئێمە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ یەکخستنی هێزی سەربازی هەموان و بۆ کاری هاوبەش و دیپلۆماسی هاوبەش..بەڵام بەداخەوە بەئاکام نەگەیشتووین..بەردەوام دەبین لە بانگەوازو هەوڵەکانمان لەو پێناوەداو ئامادەی بەپیرەوەچوونی بانگەوازو هەوڵی لایەنەکانی تریش هەین .
ئێوە بەشداری شەڕی داعش لە باشووری کوردستان بوون. پێتان وایە ئەم بەشداربوونه چ کاریگەرییەکی لەسەر سیمای سیاسی ئێوە هەبووە؟
پارتی ئازادیی کوردستان ، حیزبی پرسی کوردە، سنورە دەسکردەکانی لە تێکۆشان و هزریدا سڕیوەتەوە، لەهەر شوێنێک کورد پێویستی بە هێزی پاک بێ لە ئیختیاریدا دەبین، بەشداریشمان لە شەڕی داعش و پاراستنی خاک و خەڵکی باشوری کوردستان لەو سۆنگەوە بووەو لەو بیرورێبازی کوردایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە، پاک سیمایەکی جوان و پڕشنگداری سیاسی خۆی هەیە، خوشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و بەشداریمان لەشەڕی داعش و دواتر شەری حەشدی شەعبی و سوپاکانی بەغداو تاران سیامەیەکی دیکەی بە پارتی ئازادیی کوردستان داوە کە جێێ شانازی و سەربەرزییە..نەک بۆخۆی بەتەنها بەڵکو بۆ رۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی، چوونکە ئێمە نوێنەراتی رۆژهەڵاتی کوردستانمان کردووە و ئامانجیشمان ئەوە بووە کورد وەک یەک نەتەوە و خاوەنی یەک پرس لە رۆژهەڵاتی ناوەراست پیشان بدەین.
بۆچی ڕێگا بە ئێوە درا وەکوو حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی، بەشداری لە شەڕی دژی تیرۆردا بکەن، بەڵام ئەو ئیجازەیە بە حیزبەکانی دیکە نەدرا؟
هەموو ئەو فشارانەی لەسەر هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، لەسەر ئێمەش هەبوو، بەڵام ئێمە بە تاکتیک و سیاسەت و دواتر رۆڵی قارەمانانەی خۆمان وامان کرد جێی خۆمان بکەینەوەو و بوینە زەروریەتی جەبهەکان، لەبەرانبەر ئەوەدا ئێمە لە لای ترەوە باجی گەورەشمان داوە، بەڵام ڕۆڵمان لە سەڕی تیرۆریستانی داعش بووە خاڵی بەهێزکردنی پاک، ئەزموونی سەربازیمان وەرگرت، دەرگای دیپلۆماسی زۆری بەرووماندا کردەوە، بووینە خاوەنی هێزێکی گەورەی سەربازی کە کەس ناتوانێ نەیخوێنێتەوە... لایەنەکانی دیکە دەتوانن وەڵامی خۆیان بدەنەوە کە بۆ بەشدارنەبوون..بەڵام کەس ئیجازەی بە ئێمە نەداو کەس داوای لێنەکردین....لەزۆر میحوەریش دەست بەرووماندا نرا یان پێیان وتین سپاس ئیتر پێویستمان پێتان نیە...ئەمبەرو ئەوبەرو جێگۆڕکێکی زۆرمان کرد تا دامەزراین
پەیوەندییەکان لەگەڵ پاڕتی دیموکراتی کوردستان (عێراق) لە ئاستێکدایە؟ ئایا ئێوە بەشێکن لەم حیزبه؟
پێوەندیمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرباشە، بەڵام دەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوری کوردستانیش باشەو لە یەک ئاستدایە، نەخێر ئێمە بەشێک نین لەپارتی، ئێمە و پارتی و سەرجەم پارتە تێکۆشەرو نەتەوەییەکان هەرکە لقی دارێکین...حیزبی پرسی کورد و بەشێکین لە نەتەوەیەک بەناوی کورد... خەڵکانێک کە لەبەرمبەر داهێنان و فکرو رێبازی پاکدا کەمی دەهێنن ئەو تۆمەتە دەخەنە پال ئێمە، پاک حیزبێکی جیاوازە لە پارتی دیموکراتی کوردستان...نە پارتی خواستێکی وەهای هەیە و نە ئێمەش... بەڵام ئێمە پشتیوانیمان کرد لە رێفراوندۆم کە خواستی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی باشوری کوردستان بوو و کاک مەسعود بارزانی رێبەرایەتی کرد...شانازیی پێوەدەکەین ، رێفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش پرۆژەی سیاسی پاکە... هەروەها من دەشپرسم لە هەموو لایەک ئێمە چیمان بۆ پارتی کردووەو خەڵکی تر نەیکردووە ؟ پارتی چی بۆ ئیـمە کردووەو بۆ خەڵکی تری نەکردووە؟ ئەوانەی قەبوڵی هاوسەنگی و گۆڕانی تەرازوی هێز ناکەن ، ئەو چەواشەکارییە بەڕیووە دەبەن دژی پاک.
مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی ئێوه بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە، هیچ ئامادەکاریەکتان کردووە بۆ ئەو مەبەستە یان هێشتاش لەسەر کاغەزە؟
ئێمە جارێ لە قۆناخی خەباتی رزگاریخوازیداین، پێویستە هەموو فکرو فەلسەفە و رێبازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی بخەینە خزمەتی ئەو خەباتەوە تا بگاتە ئامانج و رزگاریی، دواتر ئێمە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، واتە کۆمارێکی دیموکراتیکی کوردستان رابگەیەنین، پارتی ئازادیی کوردستان حیزبی ئیدۆلۆژیکی نیە، حیزبی پرسی کوردو نەتەوەیەکی بندەست و خاک داگیرکراوە، دوای رزگاریی دەکرێ شۆڕشی فکری و رۆشنگەری و شەڕی ئیزمەکان دەستپێبکەین..ئەوە بۆ کاتێکە کە نەتەوەی کورد بگاتە ئاسایش و ئارامی و هەڕەشەی لەسەر نەمێنێ..هیوادارین هەرچی زووتر نەتەوەی کوردیش بگاتە ئازادیی و خاوەنی سەروەریی سیاسی..ئێمەش وەک گەلانی سەربەستی دیکەی جیهان..هەموو مۆدیلەکان تاقیبکەینە و خەڵک خۆی سیستم و مۆدیلی دڵخوازی خۆی بۆ ژیان و حوکمڕانی وڵاتەکەی هەڵبژێرێ. بەڵام ئەگەر دەتەوێ بزانی پارتی ئازادیی کوردستان چۆن خۆی پێناسە دەکا ، ئەوا دەکرێ بڵین ئێمە پارتێکی نەتەوەیی دیموکراتخوازی کوردستانین کە باوەڕی قوڵمان بەئازادیی و پلۆرالیزمی سیاسی و فرەچەشنی هەیە و بۆ چەسپاندنی تێدەکۆشین. ئاشتی و ئازادیی و یەکسانی لە کوردستانێکی سەربەخۆدا دروشمی ئێمەیە.
ڕۆژئاڤا یا باشوور؟ ڕۆژهەڵات دەبێتە کامەیان؟
پێم وایە، هیچیان، رۆژهەڵاتی کوردستان وەک خۆی دەبێ، کاریگەری لەسەر هەیە شکست و سەرکەوتنەکانی خاوەن تەئسیرن، ئەزموونی باشمان لێ وەرگرتوون..بەڵام نابینە هێچیان، تێگەیشتنی سیاسی و هوشیاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جیاوازە. لەرۆژهەڵات خەڵک خۆی پێشەنگ و رێبەر و داهێنەرە..بۆیە ئەگەر سەرنج بدەی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا وێڕای ئەوەی بندەستە و رێژیمێکی داگیرکەرو توتالیتێر حومکی دەکا بەڵام لە چ شۆڕشێکی فرە جەشندایە و شەقامێکی بەهێزو زیندووی هەیە...ئاواتەخوازین رۆژهەڵاتی کوردستان بگاتە رزگاریی و بانگی سەربەخۆیی بدا و راستیش وتراوە خۆری ئازادیی کوردان هەر لە رۆژهەڵاتەوە دەبێ هەڵبێ وەک خۆری سروشت و گەردوون.
ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوا چ دەرسێکیان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟
وەک پارتی ئازدیی کوردستان زۆری لێ فێربووین، هیوادارم لایەنەکانی دیکەش ئەزموونیان لێوە وەرگرتبێ، بە ڕیێ سەرکەوتنەکاندا بچینەوەو شکستەکان بکەینە وانەیەک بۆ لێوە فێربوون، ئێمە فێربووین کە تەنها سەربەخۆی و سەروەری و حاکمیەتی میللی، دەتوانێ کورد بەیەکجاری لە مەترسی و تاوانەکان و کوشتار دوربخاتەوە..فێربووین کە بەرەو تاوان رانەکەین و بۆ بەرژەوەندی کاتی حیزبی و شەخشی، میللەتەکەمان نەخەینەوە بەرفەرمانی حاکمانی دوای رێژیمی ئیسلامی و فیدرالیزم و ژیان دەگەڵ نەتەوەی سەردەست و مانەوە لە چوارچیوەی ئەو دەولەتانەدا هیچ قازانجێکی نیە و هەرکاتێک ئەگەری پەلاماردان و کوشتار هەڕەشەیە بەسەر نەتەوەوکەمانەوە.
ئایا پاڕتەکانی باشووری کوردستان بەربەستن لەبەردەم چالاکی سیاسی و چەکداری ئێوە؟ بە فەرمی هیچیان لەم بووارەوە پێ ڕاگەیاندوون؟ بە تایبەت دووایی ڕووداوەکانی ئەم دوواییە؟
پارتەکانی باشوری کوردستان بەربەست نین لەبەردەمی خەبات و تێکۆشانی سیاسی ئێمە، بەڵام داواکارن جووڵەی سەربازی و پێشمەرگانەی ئێمە زیان بە ئەوان نەگەیەنێ ، ئەوە داوایەکی رەوایە، وەک چۆن ئێمەش داواکارین پێوەندی ئەوان لەگەڵ دەوڵەتەکان لەسەر حسابی ئێمە و بزووتنەوەی کورد نەبێ لەپارچەکانی تری کوردستان. ئێمە حوکمڕانی باشوری کوردستان و قەوارەکەی بە سەرمایە و دەسکەوتی نەتەوەیی کورد دەزانین...نەک لەمپەر و کۆسپی سەر ڕیی خەباتی خۆمان... بەفەرمی لەم ماوەیەدا نەخێر هێچمان پێ نەوتراوە.. ئێمە دەزانین چۆن تێکۆشانی خۆمان رێک بخەین. کە زیان بەوان نەگەیەنێ.
لە ڕوانگەی ئێوه جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ناوچە گەلێک لە خۆ دەگرێت و مەیدانی خەباتی ئێوە چ ناوچە گەلێکن؟
سنوری جوگرافی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێژگەی ئاوی گوندی پەنهاوەر دەستپێدەکا، بەکەناری ئاراستدا بەرەوخواردێ بەتەنیشتی چیای ئاراراتدا..ورمێ و مەڵبەندەکانی موکریان و ئەردەڵان و پارێزگاکانی کرماشان و لورستان و ئیلام و ناوچەکانی لورو بەختیاری و بەشێک لە هەمەدان و تا کەنداو نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکدەهێنن .بەمانایەکی دیکە لەروانگەی پارتی ئازادیی کوردستانەوە هەموو پارێزگاکانی ئێستای رۆژئاوای ئێران جگە لە خوزستان، رۆژهەڵاتی کوردستانە و تێکۆشانی خۆی گەیاندۆتە هەموو ئەو ناوچانە. لە هەموو ئەو ناوچانەوە بە تایبەت ئەو هەرێمانەی دوژمن کاری زۆی لەسەر کردووە بۆ دورخستنەوەیان لە بزافی رزگاریخوازیی کوردساتان،ئێستا خەڵک لە ریزەکانی پارتی ئازادیی کوردستاندان و تەڤلی خەباتی نەتەوایەتی بوون و پارتی ئازادیی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بەو ناوچانە داوەو لەوەشدا داهێنەربووین...هەموانیش ئەوەمان بینی کە خەڵکی ئەوناوچانە لەم راپەرینەی دوایدا چۆن مەیداندارو چ دروشمگەلێکیان هەڵگرتبوو و بە چ حەماسەتێکەوە لە شەقامدا بوون.
ئەگەر ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا لە ئێران دووبارە بێتەوە، هێزێکی هاوپەیمانیی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبێت و بیهەوێت حکومەت لەڕێگای سەربازییەوە بگۆڕێت. ئەوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت. وەکوو هێزە باشوور، یارمەتی هاوپەیمانییەتی دژی ئێران دەکەن؟
هیواو ئومێدمان بە هێچ دەوڵەتێکەوە نابەستین، کورد کە خەباتی دەستپێکرد تەنها چیاکان پاڵپشتی بوون، بەڵام پشتیوانی دەکەین لەهەر هێزو دەوڵەتێک کە بیەوێ دوژمنەکەمان لاواز بکا، هەر جۆرە گورزێک و رێکارێک لەدژی دەوڵەتی داگیرکەری تاران ، لەلایان ئێمەوە پشتیوانی لێ دەکرێ، لێدان و گورزی سەربازی و رێگاچارەی شەڕی گەرم..لەڕوانگەی ئێمەوە هەنگاوێکی دروستە..نەک لەگەڵیداین بەڵکو دەبینە هاوپەیمانی...هەروەها پێمان وایە لاوازبوون و کەوتنی ئەو رێژیمە و ئاڵوگۆڕەکان دەرفەتی زێڕینن بۆ نەتەوەی کورد، مەگەر ئەوەی خۆمان نەزانین چۆن دەگەڵی هەلسوکەوت بکەین.
بۆچوونتان سەبارەت بە گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران چییە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئابلۆقە ئابوورییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووه؟ ئەگەر ئەم گوشارانە بەردەوام بن چاوەڕێی چ ئەنجامێک دەکەن؟
گەمارۆ ئابورییەکان راستە لەسەر خەڵک قورسایی و کاریگەری هەیە و ژیان و گوزاری خەڵکی خراپ کردووە، بەڵام ئۆباڵی ئەو دۆخە لەئەستۆی ئەو رێژیمە دیکتاتۆرو دژی بەشەری و داگیرکەرەدایە، کە بۆتە هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان، کە سەروەت و سامانی خەڵک سەرفی ململانێ و خراپەکاری و دەستوەردان لە وڵاتان دەکا، پێمان وایە گەمارۆکان لەسەر لاوازکردنی ئەو رێژیمەش کاریگەری زۆری بووەو لەداهاتوو زیاتر دەردەکەون و پێم وایە بەردەوامیان ئێران تا سەر هەڵدێری نەمان دەبات..چوونکە خەڵک ئیتر قەبوڵی ئەو باج و ژیانە سەختە ناکات کە ئەو رێژیمە و سیاسەتەکانی بۆی بەرهەمهێناون..هیوادارم ئەم دۆخە زۆر نەخایەنێ و بە کەوتنی ئەو دەسەڵاتە نەتەوەبندەستەکان رزگارییان ببیێ و کوردیش دەفەرفەتی بەدەستەوەگرتنی سەروەری و راگەیاندنی کیانی سەربەخۆی بۆ برەخسێ و گەلانی دیکەی ئێرانیش بەئازادیی و ئاسودەی و ژیانی شایستەی خۆیان بگەن.
بەرنامەتان بۆ سیاسەت کردن لە سەر ئاستی ئێران چیە، گەر بمانەوێت لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە خۆ هەر دەبێ سیاسەتێکی گشتیشتان هەبێت، یان ئەو مەیدانه بە مۆڵکی هێزەکانیتر دەزانن؟
ئێمە خوازیاری سەربەخۆیی کوردستانین، خۆمان بەئێرانی نازانین و بۆ هەڵوەشانەوەی ئێران تێدەکۆشین، ئێران دەبێ دابەش بێ، خواستی سەرەبەخۆیی ئێستا لەنێو نەتەوەکانی بلوچ و عەرەبیشدا هەیە و بەجددی کاری بۆدەکەن و جووڵانەوەیان دەستپێکردوە، ئێمە پێمان وایە ئێران مەیدان و موڵکی ئێمە نیە، بەڵام دواجار ئێران وڵاتی ئێمەی داگیرکردووە، لە حاڵەتە قانوونیەکەدا پێوەی بەستراوین.. سیاسەتمان بۆ ئێران ئەوە ئەو وڵاتە تەزوینە دەبێ ئەو نەخشەیە هەڵوەشێ و نەتەوەبندەستەکان بنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان ، دوای ئەوە دەتوانین هەموو پێکەوە یەکێتییەک وەک یەکێتی ئوروپا ... وەک پێشتریش وتم ئەوە مافی خەڵکی کوردستانە، کە دەبێ بڕیار بدات چی دەوێ، ئێمە وەک حیزبی سیاسی وەسیلەی خەباتین و دەبێ بۆ رەخساندنی دەرفەتی بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی ئازادانە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی جددی بدەین..لەوەها رۆژێکیشدا کە کورد بەومافە دەگاو دەچێتە پای سندوقی دەنگدان ئێمە وەکو پارتی ئازادیی کوردستان خەڵک بۆ دەنگدان بە جیابوونەوەو سەربەخۆیی ئاراستە دەکەین...ئەگەر خواستی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد مانەوەبوو لە چوارچێوەی ئێراندا ئەوا ئێمە رێز لەوخواستە دەگرێن کە پێمان وایە زۆرینەی خەڵکی کوردستان خوازیاری سەربەخۆین... خەبات و خوێنی کورد بۆسەربەخۆیی کوردستانە دەبێ وزەی ئێمە بۆ شتێکی دیکە سەرف نەکرێ. تاگەیشتن بەو ئامانجە چیمان بەدەستهێناو چ رێگایەکمان هاتە پێش دەیگرینەبەر، دەگەڵ نەتەوەبندەستەکانی ئێران ئەوانەی وەک خۆمانن، بلوچ ، عەرەب ، ترکمان ، ئازەری دەتوانین هاوپەیمانی وهاوکاریی هەبێ لەنێوانمان بە قەبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکانی نێو جوگرافیای ساختەی ئێستای ئێران...دەگەڵ فارسەکانیش بەومەرجەی قەبوڵی خواستەکانی خەڵکی کوردستان و مافی چارەی خۆنوسین بکەن بۆ گەلی کوردستان، دەتوانین هاوپەیمانی بکەین،،بەڵام بەو خوێندنەوەو رەفتارو ئەقڵیەتی ئێستایانەوە کە لەدژی کوردن، ئێمە ناتوانین هیچ جۆرە پێوەندییەکمان دەگەڵیان هەبێ.
ئەوەیکە لەم ساڵانەدا بەرچاو کەوتووە، زۆرینەی ئەو هێزانە کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وێنا دەکەن، لە باشترین حاڵەتیدا خۆیان لە قەرەی مافی نەتەوەکانیتر نەداوە و بەشێکیشیان بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان راگەیاندووە، لە مافی خوەندن بە زمانی دایکییەوە بگرە تا مافی خۆ بەڕێوەبردن و دانیپێیانان بە مافی نەتەوەکانیتر.، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ بەشێکی ئەم هێزانە هەیە، بەرنامەتان بۆ چارەسەری ئەم پرسانە چیە؟
بەڵێ ئەوە راستیە ، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یان فارسەکان،قەبوڵی مافی شارۆمەندیش بۆ کورد ناکەن، بەڵام ئێمە لەمێژە تەرکی پێوەندیمان دەگەڵ ئەوانە کردووە، لەڕوانگەی ئێمەوە ئەوان زۆر لەوە بچوکترو لاوازترن کە بتوانن بڕیار لە چارەنووسی نەتەوەی کورد بدەن، ئێمە قەبوڵی ئەوە ناکەین ئەوان ماف بۆ ئێمەی کورد دیاری بکەن. رێگا چارە ئەوەیە یەکەم کورد خەریکی بەهێزکردنی خۆی بێ، خۆی رێکبخا و یەکگرتوو و بەهێزبێ، دووەم زیاتر دەگەڵ نەتەوەبندەستەکانی غەیرە فارس هاوپەیمانی بکا، گوتاری سیاسی و هێزەکانی خۆمان رێکبخەین بەیەکیتی و هاودەنگیمان و پشت بە ئیرادە و هێزی نەتەوەکەمان ببەستین ، هیچ هێزێک ناتوانێ لەدژی مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕاوەستێ، پێویستە سات و سەودا بە پرسی نەتەوەکەمانەوە نەکرێ، ئۆپۆزیسیۆنی بێهێزو جووڵە و کەوتووی باڕەکانی ئوروپا و ئامریکا خوێندنەوەی بەرامبەر ئێمە ناگٶڕدێ و لەوپەڕی بێهێزیدا قەبوڵی ماف بۆ کورد ناکەن، بٶیە نەدەبێ لێی بترسین و نە پێی نیگەران بین...ئەوەی جێی نێگەرانییە خۆمانین کە یەکگرتوونین و کە زۆرکات بەداخەوە هەندێک لایان ڕێگا دەدەن بەوانە کە باس لەچارەنووسی نەتەوەیەک بکەن کە خاوەنی تێکۆشانێکی بەهێزە بۆ ئازادیی و لە هەموو لایەک تۆکمەترو ئامادەترە.
کاردانەوەتان بە نیسبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئێران و ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟ بایکۆت یا بەشداری مەشروت؟
بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێران و رێژیمی ئیسلامی ، پێوەندی کورد و ئەو دەوڵەتە پێوەندی داگیرکەرو داگیرکراو بووە....هەڵبژاردنەکان هیچی چارەنووسی کوردی نەگۆڕیوە، ئەو رێژیمە پرسی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەکانی دەنگدانی بۆ شەرعیەت دان بەدەسەڵاتی خۆی بەڕێوەبردووەو بۆ چەواشەی دیدی کۆمەڵگای جیهانی بووە...بۆیە ئێمە هەڵبژاردنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران تەحریم دەکەین ، وەگەر بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران لەرابردوودا بابەت و هەڵوێستێکی سیاسیی بووە، ئەوا لە ئێستاداو بۆ ئەم دەورەیە بابەتێکی ئەخلاقیشە، چونکە هێشتا کوردستان خوێنی لێ دەتکێ و شەقامەکانی کوردستان بۆنی خوێنی رژاوی شەهیدەکانی راپەڕینی لێدێ، سیاچاڵەکان پڕکراون لە ئازادیخوازانی کوردو ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان، بۆیە داواکارین لەسەرجەم پارت و رێکخراو ناوەند و سازمانێک و لایەنێکی کوردی با سیاسەتی بایکۆت رەچاوبکەن و هاوکات پێکەوە بەهاوبەشی ئەو هەڵوێست و بانگەوازە رابگەیەنین.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە