بابەتی گەرم:

کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)

Sunday, February 16, 2020



دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ هەوڵی داوە لە رێگەی ئاڕاستە کردنی پرسیار لە سەرجەم حزبە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و روانگەی ئەم حزبانە بە نیسبەت ئەم رووداوانە و هاوکات بەرنامەیان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر شی بکاتەوە. لە پێنجەمین وتووێژ لە زنجیرە وتووێژەکانی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیارەکان ئاڕاستەی "مەنسوور مروەتی" ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان کراوە؛ ئەم دیدارە پێش تیروری "قاسم سولێمانی و ابومهدی موهەندس" و دەرنەنجامەکانی ئەنجامدراوە .


لە کۆتای مانگی خەزەڵوەردا گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین بە بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، ناڕەزایەتی برینی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی توند و بێ بەزەیانە بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بوویەوە. لە ئاکامی توندوتیژی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا دەیان خۆوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون یا بۆ لێپێچینەوە پەلکێشی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئێستا دۆخێکی نا یاسایی و ئەمنی تر لە جاران لە ڕۆژهەڵات حاکمە.بۆچی کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و تەنانەت ئێرانیش سنووردار بوو به شێوەگەلی زارەکی و نووسراو و چالاکی لە باشووری کوردستان و تاراوگە. هەندێ کەس لەم ڕەهەندەوە ناڕەزایەتیان هەبوو. با لەم ڕوانگەیەوە چاو لێبکەن. ئەگەر پێشمەرگە پارێزەری تاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ئەی بۆچی ئیمکان یا ویستی ئەمەی نییە؟ ڕوانگەی ئێوە بە نیسبەت ئەم پرسە چییە؟

مەنسوور مروەتی:
 یەکەم ئەوەی کە ئەو خۆپیشاندانە و خۆپیشاندانەکانی هاوشێوەی کە ئەم چەند ساڵەی رابردوو هاتووتە ئاراوە خۆپیشاندانی ئارام و مەدەنییانەی خەڵکن کە کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە کە بەرەوتوندوتیژییان بەرێ و ئەو توندوتیژییانە بخاتە ئەستۆی خەڵک، تەنانەت جاری وا هەبووە کە هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسیەکانی خۆیان خزاندووتە ناو خەڵکەکەو دەستیان کردوە بە شکاندنی درگا و شیشەی ئیدارەکان و بانکەکان بۆ ئەوەی بڵێن ئەوە خەڵکە ئەو کارانە دەکا، بۆ ئەوەی هەم ناڕەزایەتی مەدەنیانەی خەڵک بەلاڕێدا بەرن و هەم بەهانە بۆ خۆیان ببیننەوە کە دەستیان ئاوەڵاتر بێ بۆ سەرکوتی خەڵک. ئەو جۆرە بەرخوردەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان زۆر بە زەقی لە چاو شوێنەکانی دیکەی ئێران دیارە، دابەزینی پێشمەرگەش بە شێوەی چەکدارانە لەوەها حاڵەتێکدا بێ گومان یارمەتی بە دۆخێک دەکا کە کۆماری ئیسلامی خوازیاریەتی، هەربۆیە ئەو حاڵەتە زەرەروزیانەکەی بۆ خەڵکی کوردستانە و بە قازانج نیە.

ئایا پێتان وانییە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر دەرخەری ئەوەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتیی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئامادەی ئەوەی تێدانییە لەکاتی پێویست موداخلەی بارودۆخی ناوخۆ بکات؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە زۆر جار ئەوەمان وتووە کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەهێزی ئەودا نیە، بە پێچەوانە ئەوە لە بێ هێزی و پرش و بڵاوی ئۆپوزسیۆنی ئێرانیدایە. ئەو بێ هێزی ئۆپوزسیۆنەش بە جۆرێک زەربەی لە خەباتی ئێمە داوە دەنا لە کوردستان حیزبەکان بە شێوەی مەیدانی حزووریان هەیە وتوانایی بەڕێوەبردن و ئیدارەی کۆمەڵگای خۆیان هەیە.

ئێوە لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگرن و هێزتان هەیە. خۆوڵاتیان لە دەرئەنجامی نارەزایەتیدا بێ ڕحمانە درانە بە گوللە و کوژران. بەڵام پێشمەرگە کاردانەوەی نەبوو. هۆکارەکانی چی بوون؟

مەنسوور مروەتی:
 وەکوو لە پرسیاری یەکەمدا جوابم دایەوە بەو دۆخە ئەمنیەتیەی کە بەسەرکوردستاندا زاڵ کراوە، ناردنەوەی پێشمەرگە لەوەها حاڵەتێکدا بە قازانجی خۆپێشاندران نیە و زەرەری لە قازانجەکەی زیاترە بۆ خەڵکی کوردستان.  

لە ساڵی ڕابردوودا باس و خوازی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی نێوان هەندێک حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و  کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیری ڕێکخراوەیەکی نۆڕوێژی کەمنەبوون. ئێوەش بەشداربوون. ئەنجام و ئاکامی گفتوگۆکان چی بوون و ئایا تا ئێستاش بەردەوامن؟ ئەگەر بەردەوامن چاوەڕێی چ ئەنجامێکن؟ هەروەها کۆماری ئیسلامی و شاندی ئێوە لە چ ئاستێکدا بەشداری گفتوگۆکان دەبێ و یا بووە؟

مەنسوور مروەتی:
 ئەوەی کە تا ئێستا هەبووە تەنیا چەند دانیشتنێکی سەرەتایی بووە و نەگەیشتوەتە قۆناغی وتووێژی جیددی یا وەک دەکوترێ دانوستان. ئێمە هەمیشە وتووێژمان وەک پڕەنسیپ چاو لێکردوە و رەدمان نەکردووتەوە بەڵام ئەوەی دەبێ لەسەر پرسی وتووێژ جیددی بێ و بەکردەوە هەنگاو بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەهێشتنی کۆسپەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە هەڵگرێ کۆماری ئیسلامی ئێرانە. 

بەکردەوە کاردانەوەیەکتان بە نیسبەتی ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبوو. وەکوو موداخلەی چەکداری. ئایا دەرئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە بوو؟ 

مەنسوور مروەتی:
 وەک هەموو لایەک و بە تایبەت بیروڕای گشتی دەیزانن کاریگەریی ئێمە لە سەر کۆمەڵگای کوردستان حاشای لێ ناکرێ ، نموونە مانگرتنی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ساڵی پار، یا لە زۆر بۆنەو و رووداوی دیکەدا. بەڵام لە پرسیارەکانی پێشتردا عەرزم کردن کە بۆچی بەشێوەی چەکدارانە لەو رووداوانەدا حزوورمان نەبووە، نە خێر ئەوە پێوەندیی بە گفتوگۆکان نیە. 

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار کرانە ئامانجی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی حکومەتی ئێران. تەقینەوەی شەوی یەڵدا و بۆردومانکردنی بارەگاکانتان لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستاندا. کاریگەری ئەم ڕووداوانە لەسەر سیاسەتی ئێوەچین؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی دانوستاندنی نێوان ئێوە و ئێران لە ئارادایە.

مەنسوور مروەتی:
 سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە بە پێی بارودۆخەکان کەڵک لە هەموو شێوەکانی خەبات وەربگرێ. یەکێک لەو شێوازانە ئەوە بوو کە ئێمە هەوڵمان داوە کە کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و بە هەموو چین و توێژەکانیەو رووبەرووی کۆماری ئیسلامی بکەینەوە و چاو لە چاوی دیکتاتۆر داوای مافەکانی خۆیان بکەن. ئێمە رێگامان نەداوە کە کۆماری ئیسلامی لە قاڵبێکی خەباتدا قەتیسمان بکاتەوە و ئەو سیاسەتەی ئێمەش بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا وڵامدەر بووە و بە ئیعترافی کۆماری ئیسلامی کێشەی جیددیی بۆ ئەوان دروست کردوە، بۆیە هەروەک لە راگەیاندراوی سپای پاسداران دوای مووشەکبارانەکەی ١٧ی خەرماناندا هاتووە ئەوان دەیانهەویست ئەو حیزبە وبە تایبەت سەرکردایەتیەکەی بە تەواوی لە ناوبەرن کە بە خۆشیەوە بۆیان نەچووە سەر.

لە کوردیدا دەڵێ دەستەڵات تاسەر نییەبۆ کەس. لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵووگۆڕیکیتر یان لاوازبوونی دەستەڵات یا ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا، پلان و ستراتیژتان چییە؟ یەکەم هەنگاوەکان چی دەبن؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە حیزبێکی تازە دامەزراو نین کە بەرنامەمان بۆ خەڵک روون نەبێ، حیزبی دیموکرات ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کەمیش بەڵام خاوەنی ئەزموونی پرشنگداری کۆماری کوردستانە و دیارە کە بە تەمای چییە و بەرنامەی چییە. لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا ئەسڵ بۆ ئێمە رزگاریی رۆژهەڵاتی کوردستان و دابین کردنی مافەکانی خەلکی کوردستانە لە هەر قەوارەیەکی سیاسیدا کە ئەو کات بۆ ئێمە و خەڵکەکەمان گونجاو بێ.

ئامانج لە دامەزراندنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی بوو؟ لە داهاتوودا ئەم ناوەندە چ ڕۆڵێکی دەبینێت؟ هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی باقی حیزبەکانی دیکەش ببنە ئەندامی ناوەندی هاوکاری؟

مەنسوور مروەتی ؛
 دامەزرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان وڵامدانەوە بە داوای بەردەوامی خەڵک بۆ پێکەوە کار کردنمان و هەروەها هەست بە پێویستیی پێکەوە بوونمان لەم دۆخەی ئێستای کوردستان و ئێراندایە. 

ناوەندی هاوکاری هەم زەرفییەتی ئەوەی تێدایە و هەم خۆی بەڕەسمی ڕایگەیاندوە کە پێویستە ئەم فۆڕمە لە هاوکاری و کاری ڕێکخراوەیی بەکۆمەڵی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرفراوانتر بکرێتەوە. بۆیە دەکرێ حیزب و لایەنەکانی دیکەش خۆیان لەو چوارچێوەیەدا ببیننەوە، هەڵبەت دەبێ هاوڕاییان لەگەڵ ستراتیژی و ئامانجەکانی ناوەند هەبێ.

سیاسەتتان بە نیسبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران چییە؟ لەگەڵ یەکگرتنەوەن؟ بە چ شێوەیەک؟ چ هۆکار گەلێک ڕێگربوونە لەبەردەم یەکگرتنەوەتان؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە حدکا بە هاوخەباتی خۆمان دەزانین و ساڵانێکی دورودرێژیش پێکەوە لە یەک حیزبدا هاوڕێ و هاوخەبات بووینە، بێگومان باوەڕمان وایە کە یەکگرتنەوەمان زۆر زیاتر لەم دۆخەی ئێستا یارمەتی بە رەوتی خەباتی بزووتنەوەی کوردستان دەدا بەڵام یەکگرتنەوەیەک کە لە ئەزموونی زیانباری رابردوو دەرس وەرگرین و هەمووان لەو حیزبەدا هەست بە ئارامی بکەین و دوور بین لە کێشە نەرێنیەکانی رابردوو.

هەندێک دەڵێن ئەگەر حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بڕی بەکارهێنانی دەستەواژەی "لەتبوون" قەناعەتی بە ئینشعاب هێنابا، هەروەها ئاڕم و ناوێکی دیکەی هەڵبژاردبا باشتر دەبوو. پڕۆسەی گفتوگۆکان بۆ یەکگرتنەوە دوور و درێژ و بێ ئەنجام بوونه. ئەم وزەیە بۆ کاری دیکە تەرخان کرابا باشتر نەبوو؟ بۆ ئەوەندە پێداگرن کە حیزبی دیموکرات لەت بووە؟

مەنسوور مروەتی:
 هیچ کام لەوانەی باست کرد ناتوانن کێشەی جیددی بن لە رەوتی یەکگرتنەوەماندا. گرینگ ئەوەیە کە هەست بە گەورەیی و جێگە و پێگەی حیزبی دیموکرات لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بکرێت و هەموومان پێکەوە بە کردەوە هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە هەڵگرین. دەنا هەر ناوێک لە سەر ئەو دابڕانە دابنرێ هیچ لەو وەزعەی حیزبی دیموکرات ناگۆڕێ.

دەنگۆی ئەوەیە هەیە کە هەندێ سیمای ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ئەم باوەڕەن کە نابێ پەژاک لە داهاتوودا حزوری چەکداری هەبێت. ئەمە تا چەندە ڕاستە؟ هەڵوێستی ئێوە بە نیسبەتی پەژاک و سیاسەتی ئەم حیزبەوە چییە؟ وە ئایا ناوەندی هاوکاری ئاڵترناتیڤی کۆدارە؟

مەنسوور مروەتی:
 دەنگۆی وام نەبیستوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان لەو ماوە کەمەی دامەزران و کارکردنیدا توانیویەتی بە وڵامدانەوە بە داخوازیی بەرحەقی خەڵکی کوردستان ببێتە ئادرەسێکی دیار و لە هەموو لایەکەوە رووی تێدەکەن و سەنگ و قورسایی خۆی هەیە.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە ناوەندی هاوکارییشدا پێمان وایە کە حیزبەکانی پارچەکانی کوردستان نابێ دەست لە کاروباری هیچ پارچەیەکی دی وەربدەن کە هێز و لایەنی سیاسیی بەرپرسیاری خۆی هەیە. پژاک یا هەر هێزێکی دیکە چ لە ئێستادا و چ لە داهاتوودا ئەگەر گرێدراوی ‌هێز و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان نەبێ و بە شێوەی سەربەخۆ پێناسە، کار چالاکی و ئەجێندای خۆی هەبێ و کێشە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دروست نەکا دەکرێ هاوکارێکی باشی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران بێ.

ژمارەی ئەم حیزبانەی کە هێزی پێشمەرگە/گەریلایان هەیە کەم نین. بۆچی تا ئێستا هەوڵ نەدراوە هێزێکی هاوبەش پێکبهێندرێ. ئایا ئەگەر بەمشێوەیە بچنەوە شار کێشە ناخوڵقێت؟ 

مەنسوور مروەتی:
 باسێکی وا لە ئارادا هەیە و ئێمەش پێمان باشە ، ئەگەر سەربگرێ بێگومان  یارمەتیدەری ئەوە دەبین کە هێزی پێشمەرگەی حیزبەکان لە قاڵبی هێزێکی یەک دەستی نیشتمانیدا رێک بخەین.

مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی ئێوه بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە، هیچ ئامادەکاریەکتان کردووە بۆ ئەو مەبەستە یان هێشتاش لەسەر کاغەزە؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە لە ئێستا و لە هەلومەرجی ئێستای ناوچەکە و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتیک بە مودیلێکی سیاسی باش دەزانین.

ڕۆژئاڤا یا باشوور؟ ڕۆژهەڵات دەبێتە کامەیان؟ 

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە لە گەڵ رێز بۆ خەباتی خوشک و برایانمان لەو دوو بەشەی کوردستان هەوڵ دەدەین ئیلهام لە هەوڵە باشەکانیان بۆ ئیدارەی وڵات وەربگرین و ئەزموونە نیگەتیڤەکانیش لە رۆژهەڵات دوبارە نەکەینەوە.

ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوا چ دەرسێکیان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟

مەنسوور مروەتی:
 ئەزموونی باشوور و رۆژاوا پێمان دەڵێن کە ئەگەر پێکەوە بین و هیچمان هەوڵ نەدەین مەیدانەکە بۆ خۆمان قۆڕخ بکەین دەتوانین ئاسایش و ئارامی و پێشکەوتن بۆ خەڵکی خۆمان دەستەبەر بکەین.

ئایا پاڕتەکانی باشووری کوردستان بەربەستن لەبەردەم چالاکی سیاسی و چەکداری ئێوە؟ بە فەرمی هیچیان لەم بووارەوە پێ ڕاگەیاندوون؟ بە تایبەت دووایی ڕووداوەکانی ئەم دوواییە؟

مەنسوور مروەتی:
 نەخێر ئەوان بەربەستی بەردەم خەباتی ئێمە نین بەڵام باشووری کوردستان دۆخی تایبەتی خۆی هەیە و دەبێ هێزی هەموو پارچەکانی کوردستان کە کەڵک لەم بەشە وەردەگرن بۆ درێژەدانی خەباتیان رەچاوی بارودۆخەی ئێرەش بکەن. 

لە ڕوانگەی ئێوه جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ناوچە گەلێک لە خۆ دەگرێت و مەیدانی خەباتی ئێوە چ ناوچە گەلێکن؟ 

مەنسوور مروەتی:
 بەداخەوە کورد لە ئێران کۆچ و دوورخستنەوە وای لێکردوە کە حەشیمەتێکی زۆری بۆ دەرەوەی کوردستان دوور خراونەتەوە، بۆ وێنە کوردەکانی خوراسان. هەر بۆیە هەر جێگایەک لە ئێران کە کوردی لێ نیشتەجێ بن بە جێگای چالاکیی خۆمانی دەزانین. بەڵام چوار پارێزگای کوردستان واتە ئیلام ، کرماشان، سنە و ورمێ  لە ئێستادا جوغرافیای کوردستان پێک دێنن.
 
ئەگەر ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراقدا ڕوویدا لە ئێران دووبارە بێتەوە، هێزێکی هاوپەیمانیی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبێت و بیهەوێت حکومەت لەڕێگای سەربازییەوە بگۆڕێت. ئەوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت. وەکوو هێزە باشوور، یارمەتی هاوپەیمانییەتی دژی ئێران دەکەن؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە نەمانی کۆماری ئیسلامی بە باشترین چارەسەر و بژێرە بۆ چارەسەری پرس و قەیرانەکانی ئێران دەزانین کە لە سۆنگەی ئەم ڕێژیمەوە بەرۆکی خەڵکی گرتوە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە زیاتر جەخت لە سەر هێزی جەماوەری خەڵکی ئێران دەکەینەوە و هەموو کاتێکیش گوتومانە کە کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ پشتی ویست و داواکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بگرێ.

 لە گەڵ ئەوەشدا بێگومان فاکتەری دەرەکی ئەگەر لە ڕاستای پشتیوانی لە بزووتنەوە نێوخۆییەکانی خەڵکی بێ بەگرینگی دەزانین.

بۆچوونتان سەبارەت بە گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران چییە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئابلۆقە ئابوورییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووه، ئەگەر ئەم گوشارانە بەردەوام بن چاوەڕێی چ ئەنجامێک دەکەن؟

مەنسوور مروەتی:
 ئەوە ڕاستە کە ئەو گەمارۆیانە بە ڕوویەکدا بووەتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و لەو سۆنگەیەوە فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵکی بێدەرەتان هاتوە، بەڵام هەم کۆمەڵگەی جیهانی و هەم خەڵکی ئێران دەزانن کە بەرپرسایەتیی ئەم دۆخە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە و بەهۆی سیاسەتی چەوت و قەیرانخوڵقێنیی ڕێژیمە کە بەداخەوە ئەوە خەڵکن باجەکەی دەدەن. بۆیە باشتر وایە کە گەمارۆکان ئەوەندەی دەکرێ فارس گوتەنی "هوشمەند" بن کە  پتر دەسەڵات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپەیوەندیەکانیان بکاتە ئامانج.

بەرنامەتان بۆ سیاسەت کردن لە سەر ئاستی ئێران چیە، گەر بمانەوێت لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە خۆ هەر دەبێ سیاسەتێکی گشتیشتان هەبێت، یان ئەو مەیدانه بە مۆڵکی هێزەکانیتر دەزانن؟

مەنسوور مروەتی:.
 ئێمە لە گەڵ ئەوەی کە ئەولەویەتمان رۆژهەڵاتی کوردستان و خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانە بەڵام پێمان وایە کە هێشتا چارەنووسمان بە جۆرێک بە هەموو ئێرانەوە بەسراوە بۆیە لەو پێوەندیەدا غافڵ نین و لە هەوڵی هاوکاری و هاوپەیمان لە گەڵ لایەنە ئێرانیەکاندا هەین.

ئەوەیکە لەم ساڵانەدا بەرچاو کەوتووە، زۆرینەی ئەو هێزانە کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وێنا دەکەن، لە باشترین حاڵەتیدا خۆیان لە قەرەی مافی نەتەوەکانیتر نەداوە و بەشێکیشیان بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان راگەیاندووە، لە مافی خوەندن بە زمانی دایکییەوە بگرە تا مافی خۆ بەڕێوەبردن و دانیپێیانان بە مافی نەتەوەکانیتر. ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ بەشێکی ئەم هێزانە هەیە، بەرنامەتان بۆ چارەسەری ئەم پرسانە چیە؟

مەنسوور مروەتی:
 ئێمە لە گەڵ ئەوەی کە هەموو هەوڵمان بۆ دیالۆگ و دانیشتن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە گەڵ هەموو لایەکە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران بەڵام گرینگ بۆ ئێمە مافەکانی خەڵکی کوردستانە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەوانە بە دۆست و هاوکاری خۆمان دەزانین کە باوەڕیان بە مافەکانی خەڵکی کوردستانە و بۆ چارەسەریی ئەو پرسە ئامادەن کە هاوکارمان بن.

کاردانەوەتان بە نیسبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئێران و ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟  بایکۆت یا بەشداری مەشروت؟

مەنسوور مروەتی:
 لەم قۆناغەی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی مەشرووعیەتی  هەم لەنێوخۆی وڵات و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر لە هەمیشە کەوتووتە ژێرپرسیار و، لە لایەکی دیکەشەوە رێگا بە هیچ کەسێکی دڵسۆز و خەڵکی نادا کە لە فیلترەکانی خۆپاڵاوتن دەرچن و لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا بە دەنگی راستەقینەی خەڵک بچنە مەجلیس بۆیە پێمان وایە کە بایکۆتی ئەو بەناو هەڵبژاردنە باشترین بژاردەیە.


پەیوەندی‌دار:

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور فاتمە کەریمی لەمەر کتێبەکەی: " جێندر و میلیتانتیسم لە کوردستانی ئێران، ژنانی کوردی کۆمەڵە ١٩٧٩- ١٩٩١"

یادێک لە تێکۆشەری بەوەج شەهید قەرەنی کەریمی

ڤایرۆسی كڕۆنا و خۆبەڕێوبەری جەماوەریی ڕۆژھەڵاتی كوردستان

کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KODAR)

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷