کۆگفتگۆی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان - کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KODAR)
Tuesday, February 18, 2020
دوابەدوای بەرز بوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان و سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ هەوڵی داوە لە رێگەی ئاڕاستە کردنی پرسیار لە سەرجەم حزبە چالاکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شرۆڤە و روانگەی ئەم حزبانە بە نیسبەت ئەم رووداوانە و هاوکات بەرنامەیان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە زیاتر شی بکاتەوە. لە پێنجەمین وتووێژ لە زنجیرە وتووێژەکانی ئایەندەی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسیارەکان ئاڕاستەی "مەزڵووم هەفتەن" ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایهتی كۆدار کراوە؛ ئەم دیدارە پێش تیروری "قاسم سولێمانی و ابومهدی موهەندس" و دەرنەنجامەکانی ئەنجامدراوە .
لە کۆتای مانگی خەزەڵوەردا گرانبوونی لەناکاوی نرخی بەنزین بە بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، ناڕەزایەتی برینی هەموو گەلانی ئێرانی لێکەوتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی توند و بێ بەزەیانە بەرهەڵستی خەڵکی نارازی بوویەوە. لە ئاکامی توندوتیژی دام و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکاندا دەیان هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا. سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیراون یا بۆ لێپێچینەوە پەلکێشی ناوەندە ئەمنییەکان کراون. ئێستا دۆخێکی نا یاسایی و ئەمنی تر لە جاران لە ڕۆژهەڵات حاکمە.بۆچی کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و تەنانەت ئێرانیش سنووردار بوو به شێوەگەلی زارەکی و نووسراو و چالاکی لە باشووری کوردستان و تاراوگە. هەندێ کەس لەم ڕەهەندەوە ناڕەزایەتیان هەبوو. با لەم ڕوانگەیەوە چاو لێبکەن. ئەی فەلسەفەی بوونی هێزی پێشمەرگە/گریلا و تەنانەت حزبەکانی رۆژهەڵات چیە، ئەوە نییە دەگوترێت پێشمەرگە و گریلا پارێزەری تاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانه، ئەی بۆچی ئیمکان یا ویستی ئەمەی نییە؟ ڕوانگەی ئێوە بە نیسبەت ئەم پرسە چییە؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە وەک پژاک باوەڕمان بە خەبات و تێکوشانی سیاسی گەلی خۆمان هەێە لە رۆژەڵاتی کوردستان و ئێمە بە ڕوانگەێەکی چریکی چاو لە ڕووداوەکان ناکەین، خەباتی ڕێکخستنی و خەباتی سیاسی و خەباتی سەربازی لە قۆناغی خوی دا دەتوانێت دەستکەوتی گونجاو بۆ خەڵک بەدەست بهێنێت، لەو ڕوانگەوە ئێمە پێمان واێە گەریلا وەک هێزی چەکداری ئازادی و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە هەندێک غوناغ دا ئەگەر گەلەکەمان بە پێویستی بزانن. موداخلەی ڕووداوەکان بکەن، ئێمە وەکوو پژاک حیزبێکی سیاسی ئیدولۆژیکین و هێزی پاراستن لە قوناغی گونجاو دا دەتوانێت موداخلە بکات ئەگەر لە بواری سیاسی و نیزامی دا بە گونجاوی بزانێت و قوناغێک پێویستی بە موداخلەی نیزامی و سەربازی هەبێت، ئەم قوناغەمان بە گونجاو نەزانی کە موداخلەێەی سەربازیمان هەبێت چونکە دەتوانێت ببێتە هۆی بە لاڕێدا بردنی ئەو خەباتە و وەختێک ئەگەر بە گونجاو بزانرێت، گەریلا ئامادەێە بۆ پاراستنی دەستکەوت و کەرامەتی گەلەکەمان.
ئایا پێتان وانییە ڕووداوەکانی خەزەڵوەر دەرخەری ئەوەبوو کە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتیی لە دۆخێکی لاوازدایە و ئامادەی ئەوەی تێدانییە لەکاتی پێویست موداخلەی بارودۆخی ناوخۆ بکات؟
مەزڵووم هەفتەن: بە گشتی ئوپوزسیونی کۆماری ئیسلامی ئێران لاوازە و ئەوە بابەتێکی شاراوە نییە بەڵام من لەو بڕواێەدام کە بەشێک لە ئەحزاب و ڕێکخستنەکان کاریگەری لەسەر بە ئۆرگانیزە کردن و بە پێش بردنی خۆپیشانەکاندا هەبووە و ئەوەش ئەگەر بە وردی لێی بکۆڵینەوە ئەو بابەتانە بەر چاو دەکەون و بە پێی ڕاپۆرتێکی شورای ئەمنیەتی ملی ئێران باس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردوستان دەکات بۆ بەشی ئێران باس لەوە دەکات ئەوانەی کە پێشەنگی خۆپیشانەکانیان کردووە قشری فەقیر و کەم دەرامەتی کۆمەڵگا بوون و سەبارەت بە هەرێمەکانی کرماشان و ئیلام و کوردوستان باس لەوە دەکات کە پێشەنگانی خۆپیشاندانەکان لاێەنگرانی پژاک بوون و لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکرێت کە لێکۆڵینەوە لەو مژارە بکرێت کە ئاێا پژاک بە رێکخستن کراو ئەو کارانەی کردووە؟ یان لەو ناوچانە خەڵک خۆرسک ئەوانەێان کردووە؟ و هۆکاری ئەوەی کە خەڵک بەرەو پژاک سەمپاتی پەیدا کردووە هۆکارەکانی چین و پێویستە لەسەر هۆکارەکانی بە جدی لێکۆڵینەوە بکرێت و پێشی پێ بگیرێت، ئەوە نیشان دەدات کە تێڕوانینی جمهوری ئیسلامی لەسەر ئۆپۆزسیون و حیزبەکان جیاوازە.
ئێوە خاوەن هێزی گریلان بە بەردەوامیش دەورەی نوێ پەروەردە دەکەنەوە و گریلاکانیش دەگوترێت لە ئامادەباشیدان و بەشێکیشیان لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستاندان. بەڵام رێک لە کاتێکدا کە هاوڵاتیان چاوەڕێ یارمەتی و کاردانەوە بوون، لە کاتێکدا کەبێ ڕحمانە درانە بەر گوللە و کوژران،هیچ کاردانەوەیکی کردەییتان نەبوو، هۆکارەکانی چی بوون؟
مەزڵووم هەفتەن: بەرپرسیارەتی و کاری سیاسی بە ئێحساساتەوە کار ناکرێت و زەربەی زۆرتر دەدات تاکوو ئەوەی دەستکەوتی بۆ گەل هەبێت، ڕاستە لە قوڵایی خاکی ڕۆژهەڵات گەریلا بوونی هەێە، بەڵام لە بواری سیاسی پێویستە لە وەختی خۆی دا بکەوێتە مەیدانەوە، ئێمە پێمان واێە لەو قوناغەدا چالاکی نزامی گەریلا یارمەتی دەری خەباتی ئەو سەردەمە ناکات و ئەبێتە خەسار بۆ گەلەکەمان.
ئایا ئەم بێ هەڵوێستیە لە سەر ئاستی حزبەکانی رۆژهەڵات و هاوکات ئێران، خۆی دەرخەری دۆخی قەیراناوی ئۆپۆزیسیۆن نییە؟
مەزڵووم هەفتەن: ڕاستە ئۆپۆزسیون یەکگرتوو نین و لاوازی هەێە بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندیەکی بە قەیراناوی بوونی ئۆپۆزسیون نییە، ڕاستە ئەگەر ئۆپۆزسیون بیتوانیباێت کوالسیۆنێک پێک بهێنێت بەهێزتر لەو قوناغەیدا دەیتوانی لەبەرابەر کۆماری ئیسلامی دا هەنگاو هەڵێنیت.
لە ساڵی ڕابردوودا باس و خوازی پەیوەندیدار بە گفتوگۆی نێوان هەندێک حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیری ڕێکخراوەیەکی نۆڕوێژی زۆربوون. دیارە حزبەکەی ئێوەلانی کەم ئەندامی ناوەندی هاوکاری نییە و دەگوترێت لەم وتووێژانە بەشدار نەبوونە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم وتووێژانە کاریگەریان بووە بەسەر ئۆپۆزیسیۆنی کوردەوە بۆ نەبوونی کاردانەوەی پێویست؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە لەو قوناغەدا هیچ عەلاقەێەکمان بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا نییە و هیچ کاتیش چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا نەبووە. بە تەجروبەی هەیئەتی نمایەندگی خەڵکی کورد لە ساڵی ١٣٥٨ ئێمە پێمان واێە یەکگرتوویی هەموو پوتانسیەلەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان دەتوانن نوێنەراێەتی خەڵکی کورد بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەگینا دەرفەت بۆ دەوڵەت دەڕەخسێت کە ناکۆکی بکەوێتە نێو ئەحزابی کورد و دەوڵەت لە قازانجی خوی کەڵکی لێ وەرگرێت.
لەو ساڵانەی دواییدا چەندین بەرەی سیاسی با هاوکاری حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێندران، یەک لەوانە کە هێشتاش چالاکە، ناوەندی هاوکارییە، ئێوە کار و چالاکیەکانی ناوەندی هاوکاری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مەزڵووم هەفتەن: پژاک یەکێک لە هێزە سەرەکیەکانی گوڕەپانی ساحەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردوستانە و هەر هاوپەیمانی و یان هەر هاوکاریەک بە بێ بوونی پژاک ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.
بۆ نەبوونەتە ئەندام لەو ناوەندە، ئەمە پەیوەندی بەو ناکۆکیانەوە هەیە کە لە نێوان حزبەکانی رۆژهەای کوردستان هەیەێ بەایبەت ئەوەیکە بەشێک لەو حزبانە ئێوە بەفەرمی وەکوو حزبێکی رۆژهەڵای ناناسێن؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە شەرعیەت لە هیچ کەس و حیزبێک وەرناگرین، تێکۆشانی ئێمە لە ساحەی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان سەلمێنەری ئەوەێە کە بە کردەوە جدیەتتی خۆمانمان نیشان داوە بە گەلەکەمان.
لە ساڵی ٢٠١٤ ئێوە و هەندێ رێکخراوی نزیک لە پارتەکەی خۆتان "کۆمەڵگای دێموکراتیک و ئازادیڕۆژهەڵاتی کوردستان" (کۆدار) دامەزراند، ئایا ئەم ناوەندەش هەمان رۆڵی ناوەندی هاوکاری هەیە و لەو سۆنگەیەوە دەبێ سەیر بکرێت یان جیاوازن؟ هاوکات ئەم پرسیارەش دێتە پێشەوە کە لە ئایا لە کاتی دامەزراندنی کۆدار لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییان لەو دەسپێشخەرییەی ئێوە کردووە؟ ئەگەر نە هۆکارەکەی چیە؟
مەزڵووم هەفتەن: کۆدار نە ناوەندی هاوکاری ئەحزابە و نە حیزبی سیاسیە، کۆدار سیستمێکی بەڕێوەبردنێکی کۆمەڵگاێە کە وەک تەرحی پێشنیاری بۆ دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان کاری لەسەر کراوە و حیزبی ئێمە ئەندامی ئەو سیستەمەێە و هەر حیزبێک کە بیەوێت دەتوانێت ببێتە ئەندام لە ناو کۆدار دا.
لە کوردیدا دەڵێ دەستەڵات تاسەر نییەبۆ کەس. لە ئەگەری ڕوودانی ئاڵووگۆڕیکیتر یان لاوازبوونی دەستەڵات یا ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە داهاتوودا، پلان و ستراتیژتان چییە؟ یەکەم هەنگاوەکان چی دەبن؟
مەزڵووم هەفتەن: با ئەو ڕۆژە بێت هەنگاوە کردەیەکانی پژاک دەردەکەون.
ژمارەی ئەم حیزبانەی کە هێزی پێشمەرگە/گەریلایان هەیە کەم نین. ئایا ئەگەر بەمشێوەیە بچنەوە شار کێشە ناخوڵقێت؟ هەوڵتان داوە بۆ پێکهێنانی هێزی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە؟
مەزڵووم هەفتەن: ئەگەر هەر حیزبە بە ملیشیای خۆێەوە بچێتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردوستان بێگومان کێشە دەخوڵقێنرێت لەسەر هەمان ئەساسیش پژاک پێشنیارێکی دە خاڵی بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خستووەتە بەردەست. ئێمە پێمان واێە بە تایبەت لە بواری نیزامی ڕۆژهەڵآتی کوردوستان پێوێستی بە یەک هێزی نیزامی یەکدەست هەێە و ئەو هێزە نیزامیەش ئەرکی پاراستنی گەل و دەستکەوتەکانی ئازادی گەل دەبێت و لە ململانێ و کێشەی سیاسی حیزبەکان موداخلە ناکەن.
مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی دڵخوازی ئێوه بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە، هیچ ئامادەکاریەکتان کردووە بۆ ئەو مەبەستە یان هێشتاش لەسەر کاغەزە؟
مەزڵووم هەفتەن: کۆدار وەک سیستمێکی دیموکراتیک بۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردوستان دەتوانێت ئاڵترناتیو بێت و ئەوە بەشێکە لە پڕۆژەی ئێمە بۆ مودیریەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و لە پرۆسەی ئازاد کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان لەسەر ڕێالیتەی سیاسی و کۆمەڵاێەتی دەکرێت بەشێوازی جیاوازتریش کار بکرێت، ئامانجی ئێمە کۆمەڵگا بتوانێت خۆی بە ڕێکخستن بکات و خۆی بەڕێوە بەرێت.
ڕۆژئاڤا یا باشوور؟ ڕۆژهەڵات دەبێتە کامەیان؟
مەزڵووم هەفتەن: کارەکتری سیاسی کۆمەڵاێەتی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان جیاوازی هەێە لەگەڵ باشوور و ڕۆژئاوای کوردوستان و بە پێ ئەو کارەکتەرە شێوازی خۆ بەڕێوەبەری دیموکراتیک بە شێوازی ڕۆژئاوای کوردوستان دەتوانێت خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، تەجروبەی باشووری کوردوستان لە گەندەڵی و مافیایی و دزی زیاتر هیچ دەسکەوتێکی ئەرێنی بۆ خەڵکی ئێمە لە باشووری کوردوستان نەبووە جا بۆێە مۆدێلی باشوور ناتوانێت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردوستان گونجاو بێت.
ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوا چ دەرسێکیان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێیە؟
مەزڵووم هەفتەن: لە هەردووک لا ئێمە وەک پژاک لە هەر دو ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای کوردوستان کەڵک وەر دەگرین و بە بوارەکانی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ دەێان نرخێنین و هەر وەک عەرزم کردن لەسەر ڕێالیتەی سیاسی کۆمەڵاێەتی ڕۆژهەڵاتی کوردوستان پلانڕێژی دەکرێتەوە.
ئایا پاڕتەکانی باشووری کوردستان بەربەستن لەبەردەم چالاکی سیاسی و چەکداری ئێوە؟ بە فەرمی هیچیان لەم بووارەوە پێ ڕاگەیاندوون؟ بە تایبەت دووایی ڕووداوەکانی ئەم دوواییە؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە وەک پژاک لە قەید و بەندی هیچ حیزبێکی سیاسی دا نیین و پێمان خۆشە پەیوەندی تەندرووستمان لەگەڵ هەموو لاێەناکان هەبێت بەڵام هیچ ئەمر و نەهێک لە هیچ هێزێکی سیاسی قبوول ناکەین جگە لە گەلی خۆمان.
لە ڕوانگەی ئێوه جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ ناوچە گەلێک لە خۆ دەگرێت و مەیدانی خەباتی ئێوە چ ناوچە گەلێکن؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە وەکوو پژاک هەر لە سەڵماس و ماکۆ هەتا دەگاتە ئیلام و بەختیاری بە جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردوستانی دەزانین و ئەوە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی خۆمانی دەزانین و لەهەمان کاتدا و بە پێ پارادیگمای ئازادی لەگەڵ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی ئێران خۆمان بە دۆست دەزانین و هاوکاری تێکۆشانی ئازادی ئەوانیش دەبین.
ئەگەر ئەوەی لە ساڵی ۲۰۰۳ لە عێراقدا ڕوویدا لە ئێران دووبارە بێتەوە، هێزێکی هاوپەیمانیی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران پێکبێت و بیهەوێت حکومەت لەڕێگای سەربازییەوە بگۆڕێت. ئەوە چ کاردانەوەیەکتان دەبێت. وەکوو هێزەکانی باشوور، یارمەتی هاوپەیمانییەتی دژی ئێران دەکەن؟
مەزڵووم هەفتەن: ئێمە لەو باوەڕەداین کە دەستێوەردانی دەرەکی لە ناوچەکە چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت، هاوکات ئێمە ئەم زۆڵم و نایەکسانیی رژیمە داگیرکەرەکان قەبووڵ ناکەین، هەر بۆیە ئێمە بۆ جۆمان خاوەن پلان و پرۆژەی چارەسەرین. ئێمە لایەنگری هیچ کەسێک نین و پشتیوانی کەسێکیش ناکەین لەبەر ئەوەیکە ئێمە بۆ خۆمان لەم مەسەلەیەدا لایەنێکین خاوەن پرۆژە، لایەنی گەل و دیموکراسین. بێگومان ئەگەر شەرت و مەرجی جیاواز دەرکەوێ ئێمە بەگوێرەی پرەنسیپەکانی خۆمان هەڵسووکەوت دەکەین و پرۆژە و پلانی خۆمانمان هەێە.
بۆچوونتان سەبارەت بە گوشار و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران چییە؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئابلۆقە ئابوورییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووه؟ ئەگەر ئەم گوشارانە بەردەوام بن چاوەڕێی چ ئەنجامێک دەکەن؟
مەزڵووم هەفتەن: بێگومان کاریگەری گەمارۆوەکان هەیە و لە هەندێ بواردا کاریگەریان زۆر جدییە، بەتایبەت لەبواری ئابووریدا کاریگەری بووە لەسەر وەزحی خەڵکەوە. ئەڵبەت هەرچی ئەم وەزحە زیاتر بەردەوام بێت ئاستەنگی و کێشەی جدی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر رژیم داخواز و ئیرادەی گەل بە ئەساس وەرنەگرێت ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرفراوان و سەرهەڵدانی خەڵک. بەڵام بەپێچەوانەوە دەتوانێت دەتوانێت پێش بە سەرهەڵدانی رەوشێکی وەها بگرێت.
بەرنامەتان بۆ سیاسەت کردن لە سەر ئاستی ئێران چیە، گەر بمانەوێت لە چوارچێوەی ئێراندا بمێنینەوە خۆ هەر دەبێ سیاسەتێکی گشتیشتان هەبێت، یان ئەو مەیدانه بە مۆڵکی هێزەکانیتر دەزانن؟
مەزڵووم هەفتەن:لە پرۆژەی کۆدار لەسەر ئەم بابەتە بە وردی نرخاندن و هاوکات پڕۆژەش پێشکەش کراوە، ئێمە پێمان واێە خەباتی ڕەوای کورد دەتوانێت یارمەتی دەری خەباتی ئازادیخوازی گەلانی دیکەش بێت، پارادایمی ئازادی بە ڕوانگەی ئیتنیکی چاو لە تێکۆشان و خەبات ناکات بەڵکوو بۆ کۆمەڵگاێەکی ئازاد و داد پەروەر تێکۆشان دەکات و هەموو گەلانی ناوچەکە دەتوانن لە چوارچێوەی پارادیگمای کۆنفدرالیزمی دیموکراتیک وەکوو نەتەوەی دیموکراتیک هاوکار و پشتیوانی یەکتر بن.
ئەوەیکە لەم ساڵانەدا بەرچاو کەوتووە، زۆرینەی ئەو هێزانە کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وێنا دەکەن، لە باشترین حاڵەتیدا خۆیان لە قەرەی مافی نەتەوەکانیتر نەداوە و بەشێکیشیان بە ڕاشکاوی دژایەتی خۆیان راگەیاندووە، لە مافی خوەندن بە زمانی دایکییەوە بگرە تا مافی خۆ بەڕێوەبردن و دانیپێیانان بە مافی نەتەوەکانیتر.، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ بەشێکی ئەم هێزانە هەیە، بەرنامەتان بۆ چارەسەری ئەم پرسانە چیە؟
مەزڵووم هەفتەن:پژاک بۆ مافی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردوستان تێکۆشان دەکات و ئامادەێە لەگەڵ هەر هێزێکی سێکولار و ئازادیخواز و دیموکراتیک هاوکاری بکات و لەگەڵ زێهنیەتی شوینیستی و نەتەوەپەرەستی موبارزە دەکات.
کاردانەوەتان بە نیسبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئێران و ئەنجومەنی شار و گوندەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟ بایکۆت یا بەشداری مەشروت؟
مەزڵووم هەفتەن: پێشینەی پارلمانی ئێران نیشانی داوە کە شکڵێکی کارتۆنی و ئۆبژێکتیڤی دەستی ویلایەتی فەقیهداێە و هیچ ئیرادەێەکی نوێنەراێەتی گەلانی ئێرانی تێدا بەدی ناکرێت و بایکوتی ئەکتیڤ بە گونجاوترین گوزینە لەو مەرحەلەێەدا دەزانم بەڵام لەسەر ئەو مژارە پێویستە چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕەسمی پژاک بین.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە