بێهنام زارعی ڤایرۆسی نوێی كڕۆنا كە دەبێتە ھۆی نەخۆشی كۆویدی ١٩ (Covid-19) وا یەكەم جار لە شاری وۆھانی وڵاتی چین سەری ھەڵدا، ئەم ڤایرۆسە لە كەمتر لە یەك مانگ دا زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتەوە. ھەر زوو ئەم ڤایرۆسە گەیشتە وڵاتی ئێران، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران بەھۆی ئەوەی لە ساڵیادی ٢٢ی رێبەندان و یازدەھەمین خولی ھەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی ئێران نزیك دەبوونەوە ھەوڵیان دا كە ھاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ ئێران و تووشبوونی ھەندێك لە هاوڵاتیان بشارنەوە. دوای ئەوەی دەركەوت كە ئەم ڤایرۆسە گەیشتوەتە ئێران و بە گیان لە دەستانی دوو كەس، ئێران بوو بە دووھەمین وڵاتی هەڵگری ئەم ڤایروسە لە سەر ئاستی جیھان بۆ گیان لە دەست دانی تووشبوان دوای وڵاتی چین. بە ھۆی نەبوونی سیستمێكی تۆكمەی پزیشكی و ھەروەھا كەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ کەرەنتینە نەكردنی شاری قۆم كە بە ناوەندەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە ئێراندا پێناسە دەكرا، ڤایرۆسەكە لە ماوەی كەمتر لە دوو حەفتەدا سەرجەم پارێزگاكانی ئێرانی گرتەوە. لەو وڵاتانەی دیکە بڵاو بوونەوەی كڕۆنا کە پەرەی سەند، دوای کەرەنتینە كردنی شارەكان دەستیانكرد بە دژەگەن كردنی ناو شار بۆ ئەوەی پێش بە بلاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە بگرن. بەڵام لە ئێران كاربەدەستان تەنانەت لەم كارەش دا سەركەوتوو نەبوون و ھەوڵەكانیان زۆر جار دەبووە دەس مایەی گاڵتەجاڕی لە تۆڕە كۆمەڵەیەتیەكان، لەبەر ئەوەی كە دەوڵەت لەم ئەركەدا ناكاریگەر بوو و خەڵك بینیان ناتوانن بۆ پاراستی ژیانی خۆیان پشت بە دەوڵەت ببەستن لە ھەندێك لە شارەكانی ڕۆژھەلات وەكوو سنە، مەھاباد، سەقز، مەریوان، پاوە و سەردەشت گەنجان و خۆبەخشان ھەستان بە سازكردنی كەمپەینگەلێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی كڕۆنا و دژەگەن كردنی شار و دێھاتەكان. ھەموو میدیا و ڕاگەیاندنەكان ھەوڵی ئەوە ئەدەن كە خەڵک ڕێنمایە پزیشكیەكان ڕەچاو بكات و لە ماڵ نەیەنە دەرەوە، یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی ئەم نەخۆشینە ئەوەیە كە خەڵكی لە یەكتر دابڕاندوە و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی ھەرچەن بە شێوەی كاتیش بێت سست كردوە. بۆیە لە وەھا ھەلوومەرجێك دا نرخی ئەم جۆرە كەمپەینگە لە خۆی نیشان دەدات. لێرەدایە كە ئەم شێوە لە ھاوكاری و خۆبەڕێوە بردنی ناھێڵێت تەنانەت لە كاتی زۆر ئەستەم و ھەستیار دا پەیوەندی و بەھاگەلی كۆمەڵایەتی وەكوو یارمەتیدان كەمڕەنگ ببێتەوە. ئەم كارە خۆبەخشانەیە كە بە ھاوكاری خەڵك و بڕێك لە ڕێكخراوە فەرھەنگی و مەدەنیەكان لە شارەكانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێكھاتووە ھەوڵیان داوە تاكوو بتوانن بەو تواناییە كە ھەیانە یارمەتیدەری چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشیە. یەكێك لە چالاكانی مەدەنی شاری مەریوان كە خۆی لەم ھەلمەتەدا بەشدارە لە سەر چۆنیەتی پێكھینان و كارووباری ئەم ھەڵمەتە لە مەریوان دەڵێت: "كاتێك ئەم ڤایرۆسە لە ئێراندا تەشەنەی سەند و ئەو كاتەی كە میدیاكانی ئێران ھەواڵی داخرانی قوتابخانەكانیان بڵاو كردەوە ھەستمان بەوە كرد كە مەترسیەكی جیددی ھەیە كە دەبێت ئاگاداری خۆمان بین، بۆیە زۆرێك لە خەڵكی خۆبەخش و ڕێكخراوە فەرھەنگی و مەدەنیەكان دەستیان كرد بە كار و چالاكی تایبەت بە پێی تواناكانیان. زۆرێك لەم ڕێكخراوانە پێكەوە دژەگەن یان درووست كرد و بە سەر ماڵانی ناو شار، گەڕەكە پەراوێز خراوەكان و دێھاتەكاندا بڵاویان كردەوە. ھەروەھا بەشێكی تر لە چالاكان ماسكیان بەرھەم ھێنا و بە سەر ئەو كەسانەدا بڵاویان كردەوە كە مەجبوور بوون بۆ بژێوی ژیان لە ماڵەوە بێنە دەرەوە ووكوو كرێكارانی شارەداری، میوەفرۆشەكان و كرێكارنی پۆمپگەلی گاز و بەنزین. ھەروەھا بەشێكی تر لەو كەسانەی كە لە ھەڵمەتەكەدا بەشدارن ھەستان بە دژەگەن كردنی گەڕەك و كۆڵانەكان بە تایبەتی ئەو گەڕەكانەی كە پراوێز خراون لە بەر ئەوەی جێگای ژیانی كەسانێكە كە لە چین و توێژەكانی كەم داھات و خوارەوەی كۆمەڵگان و ھەوڵیش دراوە لە باری زانستیشەوە ئاگاداریان بكەینەوە كە چۆن خۆیان بپارێزن." لەم ھەل و مەرجەی كە تەشەنە سەندنی كڕۆنا لە دنیا پێكی ھێناوە پزیشكان و پەرەستاران فشارێكی زۆریان لە سەرە و بە واتایەكی تر لە خەتی پێشەوەی بەرەنگار بوونەوەن. ئەم چالاكە مەدەنیەی خەڵكی مەریوان ئاوا دەدوێت: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە خەڵك لەم قەیرانەدا دووچاری كەمترین زیان ببێت و ھەروەھا پەیوەندیە كۆمەڵاتیەكان لەناو نەچێت و بگرە بەھێزتریشی بكەین. بەم شێوە ئەم پەیامە بە یەكتر دەدەین كە ھەموومان پێكەوە دەتوانین سەركەوتووبین. لەم دۆخەدا بەشێكی تری لە ئامانجەكانمان ئەوەیە كە فشارێكی زۆر كە لە سەر پزیشكان و پەرەستارانیش ھەیە تا ڕادەیەك كەم ببێتەوە. دەتوانین شێوەی كاری ئەم ھەڵمەتە خۆبەخشانە لە شارەكانی ڕۆژھەڵات و بە پێی پێداویستی و تواناكانیان له ھەندێك خاڵدا ئاوا بخەینه بەرچاو. لە شاری مەھاباد دوای ئەوەی دەزانن ڤایرۆسەكە چۆن مەترسی درووست دەكات لە سەر ژیانی مرۆڤ خێرخوازێكی ئەو شارە دوو ئامێر درووست كردنی كۆلۆر بۆ دژەگەن كردن دەكڕێت و بە بڵاو كردنەوەی بانگەوازێک داوای یارمەتی دەكات لە خۆبەخشان بۆ ئەوەی بتوانن بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببنەوە. ھەربەو شێوەیە خۆڕسك چالاكان لەوێدا یەك دەگرنەوەو كار و چالاكی خۆیان دەستپێدەكەن. 'ئامانج ماورانی' یكێك لە چالاكانی خۆبەخش لە مەھاباد دەڵێت: "ئێمە بەم ئامێرە دژەگەن درووست دەكەین و تیمەكانی دژەگەن كردن بە تەراكتۆر گەڕەك و كۆڵانەكان خاوێن دەكەنەوە، ھەندێك تر لە ھاوڕێیانمان بە شاردا دەگەڕێن و ھەر ماڵێك یەک قوتوی ١/٥ لیتری دژەگەنی پێدەدەن كە لەگەڵ ئاو تێکەلدەكرێت و بەشی یەك مانگ دەكات. ھەروەھا ئەگەر بنەماڵەیەك كەسێكیان تووشی كڕۆنا ببێت یا بەو ھۆیەوە گیان لە دەست بدات ئێمە ئاگادار دەكرێنەوە و دەچین ماڵەكەیان بە خۆڕایی بۆ دژەگەن دەكەین." لە شارەكانی تریش ئەم شێوە لە ھاوكاری و خۆبەڕێوبەریە دەبیندرێت. بۆ نموونە لە شارەكانی سنە، پاوە، سەردەشت و سەقز چالاكان ھەستاون بە دژەگەن كردنی شار و گوندەكان و ھەرووھا دابەشكردنی خواردەمەنی بە سەر ئەو بنەماڵانەدا كە لەم ڕۆژانەدا كار و كەسابەتیان تووشی كێشە بووە. پێشتریش لە ڕۆژھەڵاتی نموونەی ئەم ھەڵمەتانە بیندراوە، بۆ نموونە بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی كرماشان، بۆ خەڵكی لوڕستان كاتی ھاتنی سێڵاو و ھەروەھا كۆ كردنەوەی یارمەتی مڕۆڤیانە بۆ خەڵكی كۆبانێ و شەنگال بەڵام ھەڵمەتی ئەمجارە جیاوازە، تەنیا رێکخراوە ناحکوومیەکان نین كە كار دەكەن بەڵكوو بەشێكی زۆر لە خەڵك خۆبەخشانە خەریكن یارمەتی یەكتر ئەدەن، كۆمیتەی گەڕەكەكان لە سنە و مەریوان نموونەیەكی ھەرە بەرچاوی ھاوكاری و خۆبەڕێوبەری خەڵكە. چالاكانی مەدەنی و خۆبەخشانی مەھاباد و مەریوان پیان وایە كە ئەم ھەڵمەتگەلە تا ڕادەیەك توانیویەتی بۆشایی و كەمتەرخەمی لایەن و سازمان و دام و دەزگا پەیوەندیدار پڕ بكاتەوە و ھاوكاتیش ڕۆحێكی یەكیەتی و یەكگرتنی لە ناو خەڵكدا پێكھێناوە. بەڵام ھاوكات پێیان وایە كە دابین نەكردن و نەبوونی سەرچاوەی ماڵی، دەتوانێت كێشە بۆ ئەم ھەڵمەتانە درووست بكات. 'ئامانج ماورانی'چالاك و خۆبەخشی مەھابادی دەڵێ: "خەڵك ھەرچەندە لە توانایدا ھەیە یارمەتیمان دەكات بۆ نموونە پیرەپیاوێك دە جووت دەستكێشی بۆ ھێناوین بۆ خۆ پاراستن و ھاو كات ھاووڵاتیەكی تر ژمارەیەكی زۆر قوتوی ١/٥ لیتری بۆ كڕیوین. " ھەروەھا پێشتر كە باس كرا نموونەی ئەم ھەڵمەت و ھاوكاریانە لە ڕۆژھەڵات بە تایبەت لەم چەن ساڵەدا زۆر بووە و ئەزموونێكی سەركەوتووشیان ھەبووە. یەكێك لە چالاكانی مەدەنی خەڵكی مەریوان لەم بارەیەوە دەڵێت: "ھیوادارم ھەموو شارەكانی تری ڕۆژھەڵاتیش ئەم كار و ھەڵمەتانەی كە دەست پێكراوە بیكەنە نموونە بۆ خۆیان و ئەوانیش بتوانن ئاوا ھەڵمەتگەلێك دەستپێبكەن. ھەروەھا بتوانن ئەم ھەڵمەتانە پێكەوە گرێ بدەن بۆ یەكگرتوویی خەڵك تاكوو كاتی قەیرانەكان بتوانین بە شێوەیەك كار بكەن تا خەڵك كەمترین زەرەر و زیانی وەبەر كەوێت. " ھەروەھا ڕوویەكی تر لە یارمەتی و خۆبەڕێوبەری لە شاڕەكانی ڕۆژھەلات دەتوانین لەو ھەوڵانەدا ببینین كە بەشێك لە خاوەن ماڵ و دوكانەكان كرێی ئەم مانگەیان بەخشیوە بە كرێچیەكانیان و گوتوویانە كە بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ئوم ڤایرۆسە و نەخۆشینی كۆویدی١٩ ئەم مانگە لەو پووڵەی كە دەبوا وەریانگرتبا خۆش دەبن. بە پێی ئەو ھەواڵانەی تاكوو ئێستا بڵاو كراوەتەوە، دۆزینەوەی دەرمانی تایبەت بۆ چارەسەر كردنی ڤایرۆسی كڕۆنا لانیكەم دوو مانگی تر كات دەبات. پێویستە خەڵك بە جێبەجێ كردنی ڕێنماییە پزیشكیەكان خۆیان بپارێزن. ھەروەھا تا ئەو جێگەی بۆیان دەكرێت ھاوكار و یارمەتیدەری یەكترین بن بۆ ئەوەی بتوانن ئەم كۆسپەش تێپەڕێنن.
هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی
یوونس رهزایی
4/16/2016 10:19:00 AM
مەحموود بۆزئەرسڵان / ئەلمۆنیتۆر وەرگێڕانی: NNSROJ
3/17/2016 4:07:00 AM
سیمای باوی رۆشنبیر-ژورنالیست لە کوردوستاندا ئیتر لە سیمای فرۆشیارەکانی ئەو مۆڵانە ئەچێت کە دوای هەر هەورەتریشخەیەک وەک قارچک سەرهەڵدەدەن و بەردەوام لە زیادبووندان.
4/14/2016 8:08:00 AM
ئهگهر له ساڵانی پێش هێرشی داعیشدا له باشووری كوردستان دهستهواژهی وهك "واسیته" و "خاڵ" و "تهعینات"، شویێنی "ئازادای" و "یهكسانی" و "داد"یان گرتبۆوه، ئهوا ئهمڕۆكه ئهوانه چیتر بۆ بهدهستهێنانی شوێن...
4/12/2016 4:10:00 PM