بابەتی گەرم:

محەممەد سێپێهری

چۆن نەتەوەیێکی بەهێز درووس دەکرێ؟

Thursday, April 16, 2020


بۆ سەرکەوتن دەبێ ناسنامەی نەتەوەیی لە دەروونەوە ساز بکرێت

بەڕای زۆربەی دەروونناسان و کۆمەڵناسانی گەورەی جیهانی بونیادنانەوەی نەتەوەیەک پێویستی بە داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەییە لە نۆوە. ئەمەش وەکوو فاکتورێکی سەرەکی کاریگەر لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەبیندرێت، لە کاتێکدا وڵاتانی وەکوو ئەفغانستان و عێراق بەتایبەت لەدوای هێرشی سۆڤیەت و ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتانە، نەبوونی ئەم فاکتۆرە تووشی قەیرانگەلێکی کردوون. ئەوەی منی هاندا بۆ نووسینی ئەم دێڕانە، ئەوەبوو کە ئەوڕۆ کوردستان و نەتەوەی کورد پێویستی جیدی هەیە بەم ڕاستیە و ئەم پێداویستیەش ئەوڕۆ لە هەموو کاتێک جددیترە.

بە پێی وتە و توێژینەوەی پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی، هێزێکی دەرەکی کە بە شەڕ هاتتبێتە وڵاتێکەوە و دەسەڵات و سیستمی پێشووی ڕووخاندبێ، تەنانەت ئەگەر بتوانێ لە هەموو هیزی ئەمنی، پۆلیس و ئەرتەش تاکوو دەگاتە دەسگاکانی خۆ بەڕیوەبەری و ئابووری دامەزرێنێ، هێشتا ناتوانێ نەتەوەیێکی بەتوانا بونیانبنێ. واتە هەڵگرتنی هەنگاوی زۆرتری پێویستە کە دەبێ ئەم هەنگاوانە تێکڵاوی هەستەکانی ناسنامەی نەتەوەیی هاوبەش بێ. کە وابوو ئەم ڕاستیە لەسەر ئەو شتانە دادەمەزرێن کە بناخە سەرەکیەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەیە و دەرەوەی ئەو کۆمەڵگە هاوردە ناکرێ، هاوکات خەڵکێک و نەتەوەیێک بە تەواوی پێکەوە دەبەستێتەوە. سەرەکیترینی ئەو بنەمانە بریتین لە کولتوور، زمان و مێژووی هاوبەش. بۆ وێنە ئەگەر باسی هەوڵەکانی ئەمریکا و یەکیەتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بکەین، دەبینین ئەگەرچی لەو وڵاتە هەردوو هێزەکە بەدوای دامەزراندی نەتەوەی بەهێز بوون، بە هۆی لەبەرچاو نەگرتنی فاکتۆرە هاوبەشەکان شکستیان هێناوە و ناچار پاشەکشانەیانکردووە. دەتوانین چاوێک بە مێژووی سەردەمی پاش عوسمانی بخشێنین کە دەبێتە تورکیەی نوێ یا کۆماری تورکیەیە. کاتێک کە کەماڵ پاشا ناسراو بە ئاتاتورک هەستی نەتەوەیی نوێی لەو کۆمەڵگە (مەبەستم بۆ تورکەکانە نەک نەتەوەکانی کەی ئەو وڵاتە) جووڵاند و توانی بە بەکارهێنانی دوو تایبەتمەندی نەتەوەی تورک (واتە تورک بوون و موسوڵمان بوون)، لە بەرژوەندی ئەو کۆمەڵگە، نەتەوەیکی بەهێز دامەزرێنێ. تا ئەو ئاستەی کە تورکی شکست خواردووی دوای داڕمانی حکومەتی عوسمانی، بەسەر هەموو دوژمنانیا زاڵ دەبێ و لەدواییش دا بە سۆزەوە بانگی دەکرد: "چەن بەختەوەرە ئەوکەسەی کە دەڵێ تورکم".

ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو سەلمێندراوە ئەوەیە کە ئەو نەتەوانەی کە گەورە و هاوکات بەربڵاو و لێک دابڕاون، ماندوو بوونێکی زۆریان پێویستە تا ناسنامەی نەتەوەیی لە سەرەتاوە بۆ مەبەستی سەربەخۆیی بنیاد بنێنەوە. بۆ وێنە وڵاتێکی وەکوو نایجێریا بە ۱۹۰ میلیۆن کەس دانیشتووەوە زۆربەی مێژووی نوێی ئەو وڵاتە لێوانلێوە لە شەڕی ناوخۆیی بەجۆرێک کە ناسنامەی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بەرەو لەناوچوون دەڕوا. هۆکاری ئەمەش ئەتوانێ نەبوونی هێڵیکی گشتی بێ بەناوی ناسنامەی نەتەوەیی کە ئەو گرووپە جۆراوجۆرانە لە دەوری کۆ ببنەوە و بتوانن بەرژوەندی وڵاتەکەیان بپارێزن. لە لایێکی دیکەوە دەبینین وڵاتێک وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەگەرچی زۆرتر لە ۳۵۰ میلیۆن دانیشتووی هەیە کە لە وڵاتانی جۆرواجۆری جیهانەوە هاتوون، بەڵام بە ماندوو بوونێکی زۆر توانیویانە هەموو ئەو نەتەوانە بە دەوری کۆمەڵێ "ئایدیای" دیاریکراو دا کۆ بکەنەوە. لە ئاستێکدا، هەر وەک لە ناوەکەی دا دیارە، ئەم کۆمەڵە ئایدیا بووە بە جۆرێک ناسنامەی نەتەوەیی بۆ ئەو کۆمەڵگە.

پسپوڕان دەڵێن چەن ڕیگەی جۆراوجۆر هەیە بۆ درووسکردنی/سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ/بەسەر گەل و نەتەوەیەک کە بریتین لە گۆڕینی سنوورەکان، گۆڕینی دیمۆگرافی و ڕێژەی دانیشتوانی ناوچە یان شار و هەرێمێک، لە کۆتاییش دا ئەسیمیلەکردنی خەڵک لە ڕوانگەی کولتووریەوە. ڕەنگە یەکێک لەم شێوازانە یان هەموویان بگیردرێتە بەر بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەیەک دا درووست بکرێت، یان بە دەسکرد بە سەریان دا بسەپێندرێت. بۆ وێنە داڕمانی یەکیەتی سۆڤیەت و دەرکەوتنی فیدراسیۆنی ڕووسیە نموونەی بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەییە بە شێوازی "گۆڕینی سنوورەکان". کاتێک باس لە سەردەمی پاش سۆڤیەت دەکرێت، باس لە دەرکەوتن و سەقامگیری "ئایدیای "رووسیەی بچووک" دەکرێ. واتە بەجێگەی بەفیڕۆدانی سەرمایەی مرۆیی و هیزی نیزامی لە شوێن و وڵاتانی دیکە، ئەم سەرمایە و گەنجەیان لە ماڵ و وڵاتی خۆیان خەرج کردووە. ئەوان سنوورەکانیان بچووک کردەوە بەڵام نەتەوەیکی بەهێزتریان بۆنیاد ناوە. هەروەها نموونەیکی دیکە، وڵاتانی باڵکانە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کە بە شێوەیکی نامرۆڤانە هەڵمەتێکی پاکتاوی ڕەگەزیان لە دەیەکانی ۱۹۹۰ لە کاتی شەڕ دا ئەزموون کرد. هەروەها لە وڵاتێکی وەکوو چین، کەمینەیێکی بچووک کە بە  "هان" دەناسرێن و لە باکووری ڕۆژاوای ئەو وڵاتە دەژیان، بە کۆمەڵکۆژی و پاکتاوی ڕەگەزی تا ڕادەیکی بەرچاو دەستیان بە سەر هەموو وڵاتی چین دا گرتووە. بەم پێیە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی دابەشکراوە ئەمڕۆکە و پێشتریش لە کوردستانی سوور، هەموو ئەم شێوازانە، واتە گۆڕینی سنوورەکان (لە ڕێگەی شەڕ و ڕێکەوتنگەلی جۆراوجۆر)، گۆڕینی دیمۆگرافی و ڕێژەی دانیشتوان (لە تورکیە، ئێران، سووریە، عێراق و لە ئازەربایجانیش) هاوکات بە ئەسیمیلە کردنی کولتووری خەڵک (لە هەموو ئەو وڵاتانەی ناوم بردوون) هەوڵی لەناوبردی نەتەوەی کورد دراوە، تا وەکوو ناسنامەیکی نەتەوەیی یەکدەست و نوێ بسەپێنن. ئەمرازەکانیشیان بریتی بوون لە نووسینەوەی نوێی مێژوو بۆ ئەم نەتەوە، سەپاندنی کولتوور و زمانی سەردەست هەروەها لە ناوبردنی ئاسەوارە مێژوویەکان. بۆ وێنە تا ساڵانی دوور لە تورکیە بە کوردیان دەوت "تورکی کێوی"، تەنانەت دەوڵەتی ئەسەدیش دەڵێ کورد میوانە لە سووریە و دانیشتووی ئەسڵی ئەوێ نین. زۆر جاریش کورد بەرەنگاری شاڵاوی داگیرکەری بووەتەوە و پێشیان بە لەناوچوونی یەکجاری خۆیان گرتووە، کە چی ئەمجار دوژمنان هەوڵیان داوە کۆمەڵگەیەکی چینایەتی درووست بکەن تاکوو بە لاواز نیگاهێشتنی کورد، پڕۆسەی لە ناوچوونی ئەم نەتەوە ئاسانتر بکەن. شایانی باسە کە دابەشبوونی کورد بە سەر وڵاتان وای کردووە کە کورد لە هەرکام لەم وڵاتانە کەمینە بێت، ئەمەش پێگەی کوردی لەو وڵاتانە لاواز کردووە. بەڵام بەهۆی ستراتیژیک بوونی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ململانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەرفەتێکی بە کورد داوە کە بە تێکۆشان و خەباتێکی خوێناوی، ڕیگە لە لەناوچوونی یەکجاری خۆی بگرێ. سەرەڕای ئەمانەش پڕۆسەی ئەسیمیلاسیون لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، تەنانەت لەم دواخرانەش دا لە باشوور گەییشتوەتە ئاستێکی ترسناک.

فاکتۆرێکی گرینگی دیکە لە بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەیی دا "خەسارناسی میژوویی"ە. وتەیێکی بەناوبانگی ماکیاڤەلی (Machiavelli) هەیە کە دەڵێ: "سەقامگیری ئێستاکەی ئەوروپا دەسکەوتی "تاوانێکی گەورە"یە کە پێشتر ڕووی داوە". شەڕگەلێکی گەورە وەکوو شەڕی ناوخۆی سویس، دابەش بوونی هیند و پاکستان، جینۆسایدی ئەرمەنیەکان لە تورکیە، کۆمەڵکۆژی خەڵکی باشووری کوردستان و کیمیابارانی حەلەبچە و جینۆسایدی ئێزدیەکان بە دەستی داعش، تەنانەت لەناوبردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا ناسراو بە "سوورپێستەکان" نموونەگەلێکی بەرچاون بۆ پشتڕاسکەرەوەی ئەم تێڕوانینەیە. ئەم وتەیەم باس کرد تا وەبیری بێنمەوە کە "ڕۆژانی گەش لە دوای ڕۆژانی ڕەش دێن، بیرمەندانی ئەوروپا و هەموو ئەو شوینانەی دنیا کە بە سەقامگیری گەییشوون لە مێژووی خۆیان تێگەییشتوون و تێکۆشاون کە بە وەلانانی هەڵەکانی باوک و باپیریان نەتەوە/وڵات یان کۆمەڵە وڵاتێکی بەهێز پێک بێنن، ئەگەرچی مێژوویەکی خوێناویشیان بووە. کەسانێک وەکوو بیسمارکیان تێدا هەڵکەوت کە توانی ئاڵمانیەکان یەک بخات. یان لە لوبنان کەسێک وەکوو ڕەفێق حەریری دەستی بە تێکۆشان کرد و توانی شەڕی ناوخۆی ۱۵ ساڵەی ئەو وڵاتە کۆتایی پێ بێنێ و بنچینەی وڵاتێکی ئاوەدان و بە هێز دابنێت.

لەم نووسراوە بە کورتی باسکرا کە بونیادنانی نەتەویکی بەهێز پێویستی بە چیە و ئێمەی کوردیش وەکوو نەتەوەیەک چۆن لە پڕۆژەیکی سەدان ساڵە دا لاوازکراوین. ئاواتی هەر تاکە مرۆڤ و کۆمەڵێکە کە نەتەوەیکی بەهێزی ببێ و بتوانێ نەک بە سەر قەیرانەکانی دا سەربکەوێ، بەڵکوو تێکۆشان بکات و بەدەوام بەرەو پێش بڕوات. ئێمەی کوردیش ڕەنگە بەهۆی ساڵانی درێژی چەوسانەوە لە لایەن دوژمنانمانەوە، ئەم ئاواتە لە ناخمانا بە گوڕتر لە هەر نەتەویەک بێت. ئێمە دەزانین چیمان دەوێ بەڵام نازانین چۆن بەدەستی بێنین. دەزانین کە:

-وڵاتێکی سەربەخۆمان نیە و یاسای داگیرکەرمان بەسەر دا سەپاوە (تا ڕادایەک باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لەم بابەتە جیاوازن) هەر بۆیە وڵاتێکی سەربەخۆمان دەوێ.
-بە سەر ۴ وڵات بە ۴ کولتوور و خواست و ستراتیژی جۆراوجۆر دابەش کراوین. بۆیە دەمانهەوێ یەکبگرین و پێکەوە ژیان بکەین.
-ڕووبەڕووی ئەسیمیلە کردنەوەیەکی کاریگەر بووینەتەوە و دەمانهەوێ ناسناوەی نەتەوەییمان بپارێزین.
- گەندەڵی حیزب، ڕیکخراو و کەسایەتیە کار بەدەستەکان ڕەوتی بەرەو پێشڤەچوونی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی ئاستەم کردووە و دەمانهەوێ لە سیسەتی عەشیرەیی و بنەماڵەیی بەرەو سیاسەتی نەتەوەیی بڕۆین.
- سەرکەوتنی ناوبەناوی دەوڵەتانی داگیرکەر لە کوشتن و ڕفاندی ڕێبەرانی کورد دا، هەروەها لاوازکردن و لەپێخستنی کاتی بزاڤی کوردی لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان دا خاڵێکی لاوازی دیکەیە کە بەداخەوە هێنێک جار بە یارمەتی خودی کورد بەڕێوە چووە. بۆیە دەمانهەوێ کەسانیێکی نەتەوەپارێز و وڵات خۆشەویست بونیادبنێین.

ئەمانە بەشێک لە خاڵە لاوازەکانی ئێمەن، بەڵام دەبێ ئەوە ڕچاو بکەین کە ئامانجی سەرەکیمان گەییشتن بە سەربەخۆییە، بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی دەبێ نەتەوەیکی بەهێزمان هەبێ. بۆ ئەوەی نەتەوەیکی بەهیزمان هەبێ دەبێ نانسنامەی نەتەوەییمان لە نوێ لە سەر بناخەیەکی پتەو بونیاد بنێینەوە. بۆ بونیادنانەوەی نانسنامەی نەتەوەیی، دەبێ ڕێبەر و ڕووناکبێر و هەوەها میلەت بە تاکەکەسی و بە کۆمەڵ، بۆ پەروەردە بوون و پەروەردەکردن هەوڵ و تێکۆشانێکی شێلگیر بکەین.

 


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷