"جارێکیتر رێگا بۆ شەڕێکیتری نێوخۆیی خۆش مەکەن"
Tuesday, April 21, 2020
NNSROJ: کۆمەڵێک لە چالاکان، نووسەران، مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنووسانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئاڵۆزیەکانی هەرێمی زینی وەرتێ داوا لە " کاربەدەستان و میدیاکارانی کورد" دەکەن، بە بەرپرسیاریەتیەکی مێژووییەوە هەڵسووکەوت بکەن.
لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیە هاتووە " ئێمە پێمان وایە دەست بردن بۆ چەک لە کاتی ناکۆکی حیزبی دا، پێش هەر شتێک بێڕێزیە بە شعووری گشتی خەڵکی کوردستان، کە لە بواری مێژوویی و کۆمەڵاێەتیەوە ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە کە کێشە نێوخۆیێەکان بەشەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر بکەن."
واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە پێیان وایە کە لە هەلوومەرجگەلێکی ئاڵۆزدا راگەیاندنی کوردی بەجێی ئەوەیکە ببێتە هەوێنێک بۆ درووست بوونی دیالۆگی هەمەلایەنە، خەریکە "بەستێنی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئامادە دەکا."
شایانی باسە دوابەدوای جێگری بوونی هێزێکی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە زینی وەرتێدا، گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی و پارتی کرێکارانی کوردستان. هەردوو حزبی یەکیەتی و پەکەکە پێداگرن لەوەیکە پارتی دەیەوێت لەڕێگەی داموودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمەوە هێز لە ناوچەی نفووزی ئەو دوو حزبە جێگیر بکات.
ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات مەسروور بازانی سەرۆک وەزیرانی حکووـەتی هەرێم جێگیر کرانی ئەو هێزە بەبەووشێک لە رێوشوێنە ئەمنی و تەندرووستیەکان دژ بە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا دادەنێن، بەڵام هەردوو حزبی پەکەکە و یەکیەتی لەو بڕوایەدان کە پارتی دیموکراتی کوردستان مەبەستی جیاوازی لەم هەنگاوە هەیە.
پارتی کرێکارانی کوردستان بە ئاماژەدان بە هێرشە ئاسمانیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر زینی وەرتێ و گیانبەختکردنی سێ گریلای ئەو حزبە، پارتی تۆمەتبار دەکات کە دەیەوێت رێگا خۆش بکات بۆ سوپای تورکیا تا هێرش بکاتە سەر ناوچەی نفووزی ئەوان لە دەڤەری قەندیل و کارۆخ.
دەقی بەیاننامەکە:
جارێکیتر رێگا بۆ شەڕێکیتری نێوخۆیی خۆش مەکەن.
بۆ ڕای گشتی:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی بە دۆخێکی زۆر هەستیار و مێژووییدا تێدەپەڕن. لە کاتێکدا کە داگیرکەرانی کوردستان بەردەوامن لە پیلانگێری دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازەکەی، دێۆزمەی شەڕێکی نێوخۆیی جارێکیتر بەرۆکی ئەم گەلەی گرتووە.
شەڕی نێوخۆیی لە کوردستان مێژوویەکی درێژ و خوێناوی هەیە. هەموو جارێک دوای ماڵوێرانی و خوێنڕشتن، پەشیمانی بەدواوە بووە. بە دڵنیاییەوە پەشیمانی ناتوانێ برینەکانی شەڕ ساڕێژ بکا و خەسارەکانی بسڕێتەوە.
ئێمە پێمان وایە دەست بردن بۆ چەک لە کاتی ناکۆکی حیزبی دا، پێش هەر شتێک بێڕێزیە بە شعووری گشتی خەڵکی کوردستان، کە لە بواری مێژوویی و کۆمەڵاێەتیەوە ئەو قۆناخەیان تێپەڕاندووە کە کێشە نێوخۆیێەکان بەشەڕ و خوێنڕشتن چارەسەر بکەن.
هاوکات پێمان وایە هەر شەڕێکی نێوخۆیی خزمەت بە دوژمنانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد دەکات و دۆڕاوەی سەرەکی شەڕی نێوخۆیی خەڵکی کوردستانن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە زینی وەرتێ خەریکە روو دەدا، ئەگەر بەزوویی پێشی پێ نەگیرێ و ئەو ململانێیە بە ئاقارێکی جیا لە زمانی چەک و تووندوتێزی چارەسەر نەبێت، دەتوانێ کێشی کورد لە ناوچەکە دابەزێنێ، گەلی کوردستان لە پارتە کوردیەکان بێ هیوا و بێ متمانە بکا، هاوکات دۆستانی ناوچەیی و جیهانی دۆزی رەوای گەلەکەمان، لە پشتگری بزووتنەوەی کورد دڵسارد بکاتەوە.
بۆیە بە جددیەت و پێداگریەوە دەڵێین، دەست بردن بۆ چەک و هەڵبژاردنی زمانی تووند و تیژی بۆ یەکلا کردنەوەی کێشە حیزبیەکان، خەساری بێگەڕانەوەی بۆ سەر بزووتنەوەی کورد بە دواوە دەبێت.
ئێمە پێمان وایە راگەیاندنی کوردی کە دەتوانێ دەرفەتێک بۆ دیالۆگی هەمەلایەنە، لە سەر پرسە ئاڵۆز و ناکۆکەکان برەخسێنێت، بەپێچەوانەوە خەریکە بەستێنی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە ئامادە دەکا.
نەبوونی راگەیاندنی سەربەخۆ لە کوردستان و گرێدراوی راگەیاندنەکان بە پارتە کوردیەکانەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیەن. بۆیە بە راشکاوی داوا لە هەموو بەرنامە داڕێژەران، کاربەدەستان و میدیاکارانی کورد دەکەین، بە بەرپرسیاریەتیەکی مێژووییەوە هەڵسووکەوت بکەن.
هەر وەها داوا لە ڕای گشتی گەلی کورد، لایەنە سیاسیەکان، کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانانی بوارە جیا جیاکان دەکەین؛لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵوزیەکانی زینی وەرتێ ، هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ.
لە کۆتاییدا بەبیری هەموانی دێنینەوە کە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان، بەوپەڕی وریایی، چاوکراوەیی و بە وردبێنیەوە چاوەدێری رووداوەکان دەکەن.
فەرزانە جەلالی
فاتێمە کەریمی
عەلی مەحموود
رەحمان جەوانمەردی
خەلیل پیشنەماز
مەسعوود فەتحی
زاهێد حەنبەلی
جەهانگیر عەبدولایی
ئارام مەلکشا
تەیب تاهێری
ئیلهام جەهانگەرد
عەبباس وەلی
هەردەوێڵ کاکەیی
ئەحمەد زینی وەند
نەجمەدین غۆڵامی
ئەحمەد بازگر
کاڵێ ئاتەشی
رەشاد مستەفا سۆڵتانی
عەبدولامستەفا سوڵتانی
کامەران مەتین
بۆرزو ئەلیاسی
ئالان حەسەن نیا
رەحیم سۆرخی
گۆڵروخ قوبادی
کەمال سولەیمانی
ئێحسان حەقێقی نەژاد
تێبینی: بۆ واژۆ کردنی ئەم بەیاننامەیە کلیک بکەنە سەر ئەم لینکە: http://chng.it/Fj2c4kSs
ع.گ
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە