بابەتی گەرم:

بەختیار سەجادی

زمانی کوردی و بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست

Thursday, April 23, 2020


دەمەوێ هێدی هێدی دەست بکەم بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێ نووسین و یاداشتی ئەم چەند ساڵەی دواییم سەبارەت بەو مژارەی سەرەوە. ئەو دەرئەنجامانەی بە دەستم هێناون هێندە ڕاچەڵەکێنەرن کە تووشی تۆقان و واق‌وڕمانمان دەکەن و ئەوەندە هەواڵی ناخۆشیان تێدایە کە مرۆڤ حەز ناکات باسیان بکات. ڕەنگە کەسانێک بەر لە من ئەو بیرۆکەیەیان لا گەڵاڵە بووبێت و نەیان‌وێرابێ بیدرکێنن، یان لەوانەیە بە تەواوەتی لە بیریان کردبێت و بڕیاریان دابێت تاهەتایە واز لەم پرسە ‌بهێنن.

بەڵام من حەقیقەتەکە دەدرکێنم. دەشزانم چەندە تاڵە، بەڵام چار‌ نییە و دەبێ هەر بوترێ: دەوری زمانی کوردی لە ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی بیر و زانست لە جیهانی ئەمڕۆدا سفرە. واتە، تەنانەت کز و لاوازیش نییە بەڵکوو هەر لە ئارادا نییە. ناوەرۆکی ئەم وتەیە هیچ پێوەندییەکی بەو وتە چەندپاتەوبووەی کۆمەڵێ توێژەری نەریتەوانەوە نییە کە هەردەم بە شاگەشکەییەوە ئاماژە بۆ دەوڵەمەندی و ڕەسەنایەتی و پیرۆزیی زمانی کوردی دەکەن. ڕەنگە من باشتر لە زۆر کەس بزانم زمانی کوردی چەندە دەوڵەمەندە و پێشتریش بە نووسین لەم پرسەم کۆڵیوەتەوە، بەڵام ئەمە هیچ پێوەندییەکی بەو پێوەرانەوە نییە کە بۆ دیاری‌کردنی دەوری زمانێک لە بەرهەم‌هێنانی زانستیدا دانراون.

لە کۆی ئەو خشتە و زانیاری و بەڵگانەی شیم کردوونەتەوە زۆربەی زمانەکانی دنیا ئامادەن و هەر کامیان خاوەنی پلە و ئاستی تایبەت بە خۆیانن لە ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی بیر و هزر و زانستدا. زمانی کوردی نەک هەر لە خوارەوەی ئەو ڕیزبەندیانەدا نییە، بەڵکوو هەر لە ئاراشدا نییە. بە واتایەکی ڕوونتر، زمانی کوردی لە سەرجەم بنکەگەلی زانیاری و دەیتابەیسە بڕواپێکراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا لە گۆڕێدا نییە.

ئینگلیسی بەردەوام وەک زمانی یەکەمی بەرهەمهێنانی بیر و زانست لە جیهانی ئەمڕۆدا پێگەیەکی قایمی بۆخۆی مسۆگەر کردووە کە لە هەموو داتاکاندا زیاترە لە نەوەد لەسەد. لە پلەی دووەمدا و بە جیاوازییەکی یەکجار زۆرەوە چاومان بە زمانی چینی دەکەوێت کە لە نێوان سێ بۆ چوار لەسەدە. دەوری هەر کام لە زمانگەلی ئاڵمانی، فەڕانسەیی و سپانیایی تۆزێک لە یەک‌لە‌سەد زیاترە. هەندێ زمانی وەک ژاپۆنی، ڕووسی، پۆرتغاڵی و ئیتالیایی کەمتر لە یەک ‌لەسەدیان بەرکەوتووە.



لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، تورکی لەم ڕووەوە زمانی یەکەمە. زمانی فارسیش لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەشەی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و دە پلە پێشکەوتووە؛ واتە، لە پلەی بیست‌و‌پێنجەوە گەیشتۆتە پانزە و ئێستا ئاسی "سێ سەدەم لەسەد"ی تۆمار کردووە. تا ڕادەیەکی کەمتر لە چاو تورکی و فارسی، عەرەبیش لەم ڕووەوە پێشکەوتووە. سەیر لەوەدایە تورک و فارس هەر کام بە یەک دەوڵەتەوە توانیویانە لەم ڕووەوە لە عەرەبەکان بە بیست و دوو دەوڵەتەوە زیاتر و باشتر سەربکەون.

ژمارەی کتێب و وتاری کوردی لەو ناوەندانەی ئەو داتایانە تۆمار دەکەن سفرە. ئەو ناوەندانە ئەرکی نوانەسازی و ئاماژەکاری و متمانەپێوی بۆ نووسراوە زانستییەکان بەڕێوە دەبەن. بیست ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندێکی وەک ئێلزەڤیێردا ژمارەی بەڵگە زانستییەکان بە زمانی فارسی کەمتر بوو لە ۴۰ کتێب و وتار، ئێستا گەیشتۆتە ۲۰۰۰. ژمارەی نووسراوەی کوردی، بە کتێب و وتارەوە، لە ناوەندەکانی ترشدا وەک وێب‌ئاڤ‌ساینس ۆ ئای‌ئێس‌سی دیسانەوە هەر سفرە. ئەم زانیارییانە بە گوێرەی بەڵگە زانستییە تۆمارکراوەکانی زمانە جیاجیاکان لە سکۆپوسدا ڕیزکراون کە ناوەندێکە تایبەت بە نوانەسازی و ئاماژەکاری و متمانەپێوی بۆ وتارە زانستییەکانە. لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تریشدا، ڕەوشەکە هەر وایە.

ئێمەی کورد هێندە دوورین کە تەنانەت ناشزانین هاوواتای کوردیی چەمک و زاراوە و تێگەهە پێوەندیدارەکان بەم پرسەوە چین (وەک «نمایەشدگی استنادی»، «شاخص آنی»، «میانگین شاخص تاثیر در موضوع» و هتد). لە کوردیدا تەنانەت هاوواتایەکمان بۆ «ژورناڵ» نییە، چونکە گۆڤار یان کۆوار هەمان مەگەزێنە و وەک دەزانرێ ژورناڵ و مەگەزێن جیاوازیی زۆریان لە نێواندایە.

کورد زیاتر لە سەد ساڵە بایەخ دەداتە مەگەزێن، کەچی ژورناڵە کوردییەکان ژمارەیان لە قامکەکانی دەست تێناپەڕێ و هیچ کامیشیان لە لایەن هیچ ناوەندێکی ناوخۆیی، هەرێمی یان نێودەوڵەتییەوە نوانە نەکراون. هەر بۆیەش، هیچ ژورناڵێکی کوردیمان نییە خاوەنی IF بێت. لە پاڵ ئەمەشدا، تا ئەم ساتە هیچ سیستەم و ڕێسایەک بۆ پێوان و نوانەسازیی ژمارە و چۆنییەتی ئاماژەکان و بەکارهێنانی ناوەرۆکی وتارە کوردییەکان دانەنراوە تا بەو پێیە ئاستی کاریگەریی ئەو ژورناڵە هەڵبسەنگێندرێ. هیچ لێژنەیەکیش لە هیچ کوێی دنیا بۆ ئەم مەبەستە پێک نەهێنراوە.



کەس تا ئێستا ئەم پرسەی بە جیدی وەرنەگرتووە، لەم هەلومەرجە ئاخ هەژێنەدا، تازە بە تازە هەندێ بە ناو ڕۆشنبیر باسی پشت‌گوێ خستنی کوردی و خوێندن بە ئینگلیسی دەکەن لە قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا. واتە، نەک هەر هەوڵی چارەسەری کێشەکە نادەن، بەڵکوو دژی ڕەوتەکەش لە جووڵەدان.

زۆربەی نووسەران و شاعیرانی کوردی دانیشتووی کوردستان و هەندەران زانیارییان لە بارەی ناوەندەکانی نوانەسازی بۆ نووسراوە زانستییەکان نییە و سەبارەت بەم پرسەش هیچیان نەدرکاندووە. زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیرانی کورد تەنانەت یەک نووسینیشیان لە ژورناڵە ئای‌ئێف‌دارەکان بڵاو نەکردۆتەوە. ئەوان لە جیاتی بایەخدان بە وتاری ژورناڵی نوانەکراو، چاپی کتێبیان بە لاوە گرنگ بووە و ئەویش کێشەی تایبەتی خۆی هەیە بە حوکمی ئەوەی ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی دەستەی هەڵسەنگێنەریان نییە. هاوکات، توێژەری کوردی خاوەن وتار لە ژورناڵە نوانەکراوەکاندا زۆرن؛ ئاخۆ بیریان لەوە کردۆتەوە ئێمەش وەک نەتەوەکانی تر ببینە خاوەنی ژورناڵی لەو چەشنە بەڵام بە زمانی کوردی؟

تێبینی: ئەم بابەتە لە فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە


پەیوەندی‌دار:

دەلاقەیەک بەرەو فەلسەفەی سیاسیی زمانی دایکی

رەچەڵەک و مێژووی زمانی کوردی

بەربینگی زمانی کوردی بەربدەن

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین سەبارەت بە بارودۆخی زمانناسیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی لە تورکییە

پێشنیارێک بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

بەڵگەیەکی ساواک سەبارەت بە چلۆنایەتی کووژرانی سمایل شەریفزادە و هاوڕێیانی


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز یان فێرمۆن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سیاسەتمەدارانی کورد لە دادگاکانی بێلژیک، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی

یەک‌شەممە ۱۱رەشەمە۱۳۹۸/ ۱۶:۱۴