لە خەندەقی ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆی کەمپی مەخموور؛ کێ کورستانی پارچە کرد؟
Sunday, May 3, 2020
کۆماس شەهبازی
سەرەتای بەهاری ٢٠١٤ ڕۆژئاوای کوردستانی گەمارۆ دراو و تەنیا.
هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە هێدی هێدی خۆیان دەگرد و پۆل پۆل کچ وکوڕی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداری ناو ڕیزەکانیان دەبوون. کانتۆنەکان تازە دامەزرابوون و هەموو شتێک نوێ بوو. کەلەجانێکی بێ وێنە لەناو گەلدا بەدی دەکرا، منداڵ، ژن، پیاو، بەساڵا چوو هەموو تێکڕا سرودی سەرکەوتنیان دەوتەوە، شتێک بەناو ترست لەنێو چاوەکانیاندا بوونی نەبوو.
گەلی کورد لە هەر سێ بەشی کوردستان بە هیوایەکی گەشەوە سەیری پارچە بچوکەکەی نیشتمانیان دەکرد. هەموو چاوەڕوان بوون و هیوایان وابوو بە سەقامگیر بوونی ئەم بەشەی کوردستان هیوای خەبات لە ڕۆژهەڵات و باکووریشدا گەشتر دەبێتەوە و دوور نییە گەلی کورد دوای سەدان ساڵ ببێتە خاوەن کیانی خۆی.
لەو سەردەمەدا کە گوتاری یەکگرتنی کوردستانی دابەشکراو کەوتبووەبەر باس، ڕۆژئاوای کوردستان لەباکوورەوە لەلایەن دوڵەتی تورک گەمارۆدرابوو، لە باشوور و ڕۆژئاواشەوە لەلایەن چەتکانی داعش و بەرەی نوسرە و هێزەکانی ڕژیمی سووریا گەمارۆدابوون. تاکە کەلێن و هیوایەک کە مابوو سنوورەدەستکردەکانی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری وڵات بوون.
لەهەر کەست دەپرسی لە گەمارۆ ناترسن؟ هەموو دەیانوت نا، پشتمان بە باشوور گەرمە مەحاڵە هەرێمی کوردستان پشتمان چۆڵ بکات.
لە ناکاو هەواڵی داخستنی سنووری سێمالکا و هاوکات لێدانی خەندەق لەنێوان سنوورە دەستکردەکانی باشوور و ڕۆژئاوای وڵات بە دەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی- پەدەکە، هەموو خەون و هیواکانی بە یەکجاری ڕووخان.
ئەو سنوورە دەستکردانەی کە هەردوو دەسەڵاتی شۆڤینی بەعسی سووریا و عێراق بە درێژایی سەدان ساڵ نەیان توانی پارچەی بکەن و تەنانەت تێلێکی تێدا بچەقێنن. بە پیلانی دەوڵەتی تورک و بەدەستی هێزێکی کوردی کە خۆی بە ئاڵاهەڵگری ناسیۆناڵیزمی کورد دەزانێت وبانگەشەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکرد سنوورەکانی سایسبیکۆی بە کرداریی پارچە کرد و برینێکی قووڵی خستە ناو جەستەی ئەنجن ئەنجنی کوردستانەوە.
گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرێکانی هەتا دێرکا حەمکۆ و هەموو شار و گوندی ڕۆژئاواوە بەئامانجی شەرمەزارکردنی ئەو کردەوەی پەدەکە کە وەک خەندەقی خیانەت و ڕسوایی ناویان لێ دەبرد خۆیان گەیاندە سەر سنوورەکان و ویستیان پێش بەو کردەوەی پەدەکە بگرن، تەنانەت لەو خۆپیشاندانانەشدا ژمارەیەک هاووڵاتی بەدەستی پێشمەرگەکانی پەدەکە برینداربوون.
لێدانی خەندەقەکەی پەدەکە لەسەر سنووری ڕۆژئاوا هاوکات بوو لە گەل کێشانی دیواری دەوڵەتی تورکیا لەسەر سنوورەکانی باکوور و ڕۆژئاوا.(دیواری شەرم)
بەدرێژایی مێژوو خەندەق وەک ڕێکارێک بۆ بەرنگاریی کردن بوو لە هێرشی دووژمن هەر لە سەردەمی ئیسلامەوە وهەتاکوو شەڕە جیهانییەکانیش دەوڵەتان بۆ پاراستنی خۆیان ئەم کارەیان کردبوو.
بەڵام ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە گەلۆ خەڵکی بێ تاوان و هەژاری ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانن چ مەترسییەک بۆ باشووری کوردستان و دەسەڵاتەکەی پەدەکە درووست بکەن؟
لە کاتێکدا ڕەفەی دەرمان خانەکان بەتاڵ ببو و هیچ دەرمانێکی تێدا نەمابوو، تەنانەت شیری وشک بۆ منداڵان دەست نەدەکەوت و ڕۆژئاوای ساوا و تازە پێ گرتوو کەتبووە گەمارۆیەکی دڕندانەوە و هەمووان چاویان لە هیمەتی باشووری کوردستان دەکرد ، پەدەکە بووە داردەستی دەوڵەتی تورک و هەموو ئەو پلانانەی کە تورکیا ئەو کات نەیدەتوانی بیکات بە پەدەکە جێبەجێی دەکرد.
من خۆم شایەتی ئەو ڕۆژانە بووم ، لەکاتی هێرشی داعش بۆشەنگال پێشمەرگەکانی پەدەکە بەخێرایی و بەبێ ئەوەی فیشەکێک بتەقێنن سواری ئۆتۆمبێلەکانیان بوون و هەڵهاتن . بێ ئەوەی بەرگری بکەن شەنگال و هەزاران ژن، منداڵ و بەسالاچوو لە ژێر چنگی چەتەکانی داعشدا هێشتەوە و هەر ئەو خەندەقەی کە خۆیان لێیان دابوو بەدەستی خۆیان پڕیان کردەوە تا بتوانن لە رێگەی ڕۆژئاواوە خۆیان دەربازبکەن.
دوای ٦ساڵ هێشتا خەندەقەکان ماون و برینەکانی ساڕێژ نەبوون، کەچی ئەمجار و دووبارە بە ئەمری دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٩ مانگە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕووستەم جوودی- مەخمووریان گەمارۆ داوە. کەمپێک کە زیاتر لە ١٢هەزار هاووڵاتی باکووری کوردستانی تێدایە کە لەدەست زوڵم و زۆری دەوڵەتی تورک ڕوویان کردووەتە باشووری کوردستان.
پەدەکە ساڵی ١٠١٤ بە بە ئەمری دەوڵەتی تورکیا بە لێدانی خەندەق و داخستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوا پێی وابوو دەتوانێت چۆک بە گەلی ڕۆژئاوا دابدات. ئیستاکەش دەیهەوێت هەمان پلانی شکەست خواردوو بۆ مەخموور دووپات بکاتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە ئازادیخوازەکان، چالاکان و گەلی تێکۆشەری کورد بۆ یەکجار لەهەمبەر سیاسەتەکانی پەدەکە بوەستنەوە و داوای لێبکەن واز لە پەلکێش کردنی هێزی دوژمن بۆسەر خاکی کوردستان بهێنێت .
وێنەگر: کۆماس شەهبازی
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە