ئەنوەر سۆڵتانی

کتێبی سازمانی ئینقیلابی و کوردستان

Thursday, November 19, 2020



لە ساڵانی دەیەی ١٩٦٠ دووبەرەکییەکی ئایدیئۆلۆژیک لە وڵاتانی سوسیالیستیدا تەقییەوە کە سەرەتا و بنەماکانی چەند ساڵێک بوو بە چاو دەبینران و لە ئەنجامدا کۆمەڵگای وڵاتانی سوسیالیستی بەسەر لایەنگرانی یەکیەتی سۆڤیەتی و چیندا دابەشکران. ئەگەر ناتەبایی و دژکارییەکان لەناوخۆی ئەو دوو وڵاتەدا هۆکار و بنەمای ئابووری، سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی هەبوو، لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، کە دیکتاتۆری و نەبوونی ئازادی دەرەتانی بە خەڵکەکەی نەدەدا تەنانەت بەشێکی کەمیش لە ئەدەبیاتی سیاسیی چین و یەکیەتی سۆڤیەتی بخوێننەوە و جیهانبینی و ڕوانگەی فەلسەفی-عەقیدەتییان بناسن، حزبە کومونیستە نەریتییەکان بە ماوەیەکی کەم دوو شەققە بوون و ژمارێکی بەرچاو لە لاوانی خوێنگەرم و خوازیاری کردەوەی شۆڕشگێڕانە، ئاڵای مائۆئیسم بەسەر شانەوە، ڕیزی خۆیان لە حزبە نەریتییەکان جیاکردەوە کە بە ڕێڤیزیۆنیست و ڕیفۆڕمیست و تەنانەت سوسیال-ئیمپریالیستیان دەناسین. دیارە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا حیسابەکان تا ڕادەیەکی زۆر جیاواز بوو و کەمتر وابوو کەسانێک بە بێ بیرکردنەوە و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بە شەوێک ببێت بە مائۆئیست، وەک بە ڕۆژێکیش نەببوو بە کومۆنیست!

حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعیی عیراقیش، بە ئەندام و لایەنگرانی کوردەوە، لەو گۆڕانگارییانە بەدوور نەمانەوە. تەنانەت حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراقیش، وەک دوو حزب و دوو بەرەی ناسیۆنالیستی، بە ئەندام و لایەنگرانی چەپ و ڕاستەوە، ئەو دیوارە شکاوەیان بەسەردا ڕووخا و تووشی دووفاقەیی هاتن. ئەگەر بزووتنەوەی چەکدارانەی ساڵانی ١٩٦٨ و ٦٩ ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دووبەرەکییە و پشتکردنە حزبە نەریتییەکە بزانین، دەتوانین دووبەرەکی نێوان باڵی بارزانی و جەلالی لە ساڵانی ١٩٦٤ تا ٦٦یتەمەنی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)یشوەک دەرەنجامی ناڕاستەوخۆیئەو دیاردە جیهانییە بگرینە بەرچاو، باوەکوو زۆریش ناڕاستەوخۆ نەبوو!

بەداخەوە لاوازبوونی لایەنی تێئۆریک و خەریک بوون بە شەڕی چەکدارانەوە، بزووتنەوەی چەپ و نەتەوەیی کوردی لە ناوخۆوە ڕزاندبوو وئامادەی شوێنهەڵگرتن لە تەئسیری ڕاستەوخۆی بیری حزبە چەپەکانی گەلانی باڵادەست لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردبوو. هەربۆیەش ڕێبەران و تیئۆریسیەنانی باڵی شۆڕشگێڕ لەناو حزبی توودەی ئێران و حزبی شیووعی عیراقی و حزبی کومۆنیستی تورکیاداتوانییان بەیارمەتی وەرگرتن لە "تیئۆریی شۆڕگێڕانەی"ی باوی ئەو ساڵانە، کە کورد تێیدا کۆڵ و ناتەواو بوو، فەزای فیکریی خۆیان بەسەر کوردستاندا بسەپێنن و ئەو ڕەوتە هەر لە دەیەی شەستی سەدەی پێشووەوە بە بەردەوامی مایەوە تا گەیشتۆتەئەمڕۆ، کەتێیدا بیری "حیکمەتی"نەک هەر لە ڕۆژهەڵات، بەڵکوو لە باشووریش بەسەر بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورددا،زاڵە و خەباتکارانی نەتەوەیی کوردی خستۆتە تەنگژەیەکی ترسناکەوە.

سەرەتای ئەو کارتێکەرییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی دەیەی شەستی سەدەی پێشوو کە "سازمان انقلابی" لە ناو بەشێک لە لاوانی ئەندام و لایەنگری حزبی توودەی ئێراندا سەریهەڵدا و ئەو ئەندامانەی حزب کە لە دەرەوەی ئێران دەژیان  و خوازیاری "کار و کردەوەی شۆڕشگێڕانە" لە ناوخۆی ئێران بوون، دەرفەتی هاودەنگی و هاوکاریی لاوانێکی شۆڕشگێڕی کورد، وەک نەمران ئیسماعیل شەریفزادە و مەلا ئاوارەیان لە ناو حزبی دیمەکراتی کوردستانی ئێراندا قۆزتەوە-"کومیتەی شۆڕشگێڕ"ی حدکاش بە هەمان بیر و هزرەوە لە بەژنی حزبەکە جیاببووە و دەیویست ببێتە لوکۆمۆتیڤی شۆڕش و قەتاری خەڵکی چەوساوەی کورد لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان بەشوێن خۆیدا بکێشێت- ئەو تیئۆرییەی وا بە کۆتایی ژیانی قارەمانانەی چێ گیوارا لە ئەمریکای لاتینیش تووشی نشوست هات.

هەرچۆنێک بێت، پەیوەندییەکان بەستران و بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە ئەودەم ئەندامانی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکرات لە عیراق و لە پەراوێزی شۆڕشی ئەیلوولدا دەژیان، "سازمان انقلابی" هاوکاتکەوتە پەیوەندیی لەگەڵ باڵی جەلالیی شۆڕشی ئەیلوول و بەشێک لە ئەندامانی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ڕێزەکانی ئەواندا مانەوە و کار و خەبات و خزمەتیان کرد- کار و خزمەتێک کە هاوڕێ بوو لەگەڵ ڕژاندنی بیر وبۆچوونی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بۆ ناو دەمارەکانی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان.

کتێبی "سازمانی ئینقیلابی و کوردستان" لەڕێگەی هەندێک بیرەوەری و هەڤپەیوین و یادداشت و هەڵبژاردەی کتێبەوە،مێژووی کار و هەڵسووڕانی ئەو ڕێکخراوە ئێرانییەی لە ناو بزاڤی نەتەوەیی گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستۆتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کتێبەکە مامۆستا حەسەنی قازی ئامادەی کردووە. کاک حەسەن کە لێرەدا وەک ئامادەکارێکی ساکاری کتێبەکە دەردەکەوێت، لە ڕاستیداچ وەک لایەنگری بەکردەوەی کومیتەی شۆڕشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی هەڵسووڕاوی کۆنفێدراسیۆنی جیهانیی خوێندکارانی ئێرانی لە ئوروپا، لەجەرگەی گەلێک لەو ڕووداوانەدا بوو کە لە کتێبەکەدا باسیان لێوەکراوە و بەوپێیە، شارەزای ڕەوتی کارەکان و ناسیاوی گەلێک لەو کەسایەتییانەیە وا کتێبەکە پێمانی دەناسێنێت، بەڵام  بەشێوەی هەمیشەیی، دەوری خۆی لە ڕووداوەکاندا کەمڕەنگ پیشانداوە و زیاتر وەک کەسێکی لاوەکی،تەنیا بەسەرهاتەکانی بۆ خوێنەر گێڕاوەتەوە.لەئەنجامدا، زانیاریی ناو کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر دەستی ئەوەڵ و هی ناوخۆی ڕەوتەکەن، هەربۆیەش دەکرێ پشت بە ڕاستی و دروستییان ببەسترێت.

مامۆستا حەسەن سەربازێکی وونی شەڕگەی بەشێکی بەرچاو لە هەموو ئەو کێشە ئایدیۆلۆژیکەیە، کە لە کتێبەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، سەربازێک کە خەباتی هاوسەنگەرەکانی گرنگتر لە کارەکانی خۆی دەبینێت و لە ئەنجامدا خۆی دەخاتە سێبەری ئەوانەوە. خوێنەری کورد کە لە سی چل ساڵی ڕابردوودا دەیان بیرەوەریی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانی بزاڤی نەتەوایەتی کوردی خوێندۆتەوە، لە هەموویاندا ڕاویی ڕووداوەکان واتە خاوەنی بیرەوەرییەکانی وەک قارەمانێک بینیوە کە لە سەنتەری هەمووکردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بووە، هەرگیز هەڵەی نەکردووە و تەنیا نەیار و ناحەزەکانی ئەو بوون کە تاوانبار و بەرپرسی شکست و نەهامەتییەکان بوون؛ هەر بۆیەش دوور نییە پێی سەیربێت ئەگەر ببینێ لێرەدا قارەمانی دێوقڕان نەک ڕاوی خۆی، بەڵکوو کەسانی دیکەن! بەڵام خوێنەری شارەزای بەسەرهاتەکانی ئەو ساڵانە، ئەگەر ناسیاوییەوکی کەم و زۆری لەگەڵ ژیان و کەسایەتی و قەڵەمی مامۆستا حەسەن هەبێت،دەتوانێ بەباشی پەی بە ڕاستییەکان بەرێت. گەلی کورد دوای ئەو هەموو شکست و نشوست و دووبەرەکی و شەڕی ناوخۆییەی وا لە ماوەی حەفتاساڵی ڕابردوودا تووشی هاتووە، ئێستا دەبێ بگەڕێتەوە سەربنەما و بنچینەکانی سەرەتایی و چاو بۆ هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خۆی بگێڕێت. کتێبی مامۆستا حەسەن دەکرێ سەرچاوەیەکی جێگەی باوەڕ بۆ ئەو گەڕانەوە و ڕوانینە بێت. ئەمڕۆ سەردەمی دروشمی قەبە و لافیتەی گەورە نەماوە و کاتی بەخۆداچوونەوە و بیرکردنەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکانە.

کتێبی مامۆستا حەسەن لە لایەکەوە ڕێزگرتنە لەو ئەندامە ئێرانییانەی"سازمانی ئینقیلابی" کە لە ناو کورد و بزاڤی نەتەوایەتی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کار و خەباتیان کرد،[1] لە لایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری خوێنەرە بۆ تێگەیشتن لە ڕەوتی سەرهەڵدان و هەرەس هێنانیکومیتەی شۆڕشگێڕی حدکا، کۆمەڵەی ڕەنجدەران[2]، یەکیەتی نیشتمانی و بەگشتی، بەشێک لە مێژووی بیری چەپ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هەڵسەنگاندنی کتێبەکە دەرفەت و کاری زیاتری پێویستە و شیکردنەوەی بابەتەکانی دەکەوێتە ئەستۆی کەسانی شارەزای مێژووی ئەو ساڵانە. بەداخەوە من بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی کوڕۆناوە تەنیا ئەم چەند دێڕەم پێ نووسرا.

"سازمانی ئینقیلابی و کوردستان"، ئامادە کردن و وەرگێڕانی حەسەن قازی، چاپی یەکەم، چاپخانەی مورتەزەوی، ئاڵمان، ٢٠٢٠، ڕووبەرگ کاری هونەرمەند ناسر قازی زادە، ٦٥٥ لاپەڕە
کوردی. ISBN: 978-3-9822262-7-9

[1] گەرچی هەندێکیان وەک خانبابا تهرانی، دواتر هەڵوێستیان گۆڕی و بە قورس و قایمی لە بەرەی دژایەتی بزاڤی نەتەوایەتی گەلی کورددا وەستان.

[2] و تەنانەت لە ڕێگەی ئەوەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.


سەرچاوە: Bokan


پەیوەندی‌دار:

سازمانی ئینقیلابی و کوردستان ئامادە کردن و وەرگێڕان حەسەن قازی

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە