بابەتی گەرم:

راپۆرتی تایبەت؛ ناجی شەریفی زیندەشتی، کارتێلی هێرۆیین یان قۆنتەراتچیی میت و سپای پاسداران

Friday, December 18, 2020

ناجی شەریفی زیندەشتی


عەممار گوڵی
وەرگێڕان لە فارسیەوە: عارف سەلیمی

ئەم ڕۆژانە، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لەسەر چۆنییەتیی ڕفاندن و گەڕاندنەوەی بەرهەڵستکارێکی کۆماری ئیسلامی لە تورکیاوە بۆ ئێران، ناوی "ناجی شەریفی زیندەشتی"، سەرکردەی گرووپێکی مافیایی نێودەوڵەتی کەوتە ناو ڕاگەیاندنە فارسی و تا ڕادەیەک کوردییەکانەوە. چەند مانگ لەمەوبەر "حەبیب ئەسیوەد" سەرۆکی پێشووی "بزووتنەوەی ئەلنەزال"ی عەرەبی کە داوای سەربەخۆیی بۆ عەرەبەکانی هەرێمی ئەحواز لە ئێران دەکات، دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوول بێسەروشوێن بوو. چەند ڕۆژ دواتر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی حەبیب ئەسیوەدیان ڕفاندووە و گەڕاندوویانەتەوە ئێران. لە ڕاپۆرتەکەی واشینگتۆن پۆستدا کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بڵاو کرایەوە هاتەوە، گرووپەکەی "ناجی شەریفی زیندەشتی" ئەو کەسەی ڕفاندووە و لە ئێران ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی کردووە.

ڕاگەیاندنە کوردی و فارسییەکان ڕەنگە ناوی ناجی شەریفی زیندەشتییان زۆر نەبیستبێت. بەڵام ئەو ناوە بۆ ڕاگەیاندنەکانی تورکیا لەمێژە ئاشنایە و لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە هاوکات لەگەڵ دادگای ئەندامانی تۆڕی نهێنیی "ئەرگەنەکۆن"دا کەوتووەتە ناو ڕاگەیاندنە تورکییەکانەوە.

لەم ڕاپۆرتە دوور و درێژەدا هەوڵ دراوە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیاندنە تورکییەکان و هەندێ سەرچاوەی تر، ئاوڕێک لە ژیان، بەسەرهات و چالاکییەکانی ڕابردووی ناجی شەریفی زیندەشتی، قاچاخچیی نێودەوڵەتیی مادە هۆشبەرەکان، بدرێتەوە.

ناجی شەریفی زیندەشتی نەوەی "عومەرخانی شکاک" (زیندەشتی) و کوڕی "برایم شەریفی زیندەشتی" ناسراو بە "گۆرۆیێ عەمەرخان"ە. عومەرخانی شکاک دەوروبەری سەد ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی عەشیرەتی "کارداری" سەر بە هۆزی گەورەی شکاک بوو. لە هەردوو شۆڕشی سمکۆی شکاک (سەرۆکی عەشیرەتی عەبدۆیی، لقێکی دیکەی هۆزی گەورەی شکاک) و پێشوا قازی محەمەددا بەشداری کردووە. بەڵام هەردووجارەکە لە کاتی تەنگانەدا پشتی لێیان کردووە و پاڵی بە دەوڵەتەوە داوەتەوە.

برایم شەریفی زیندەشتی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، لەگەڵ کوڕێکی بەناوی "فەرهەنگ"، برایەکی بەناوی "فەرزەندە" و برازایەکی بەناوی "محەمەد" بەشداری ناو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کورستانی ئێران (حدکا) بوون. ساڵی ١٩٨٣ هەرچوار ئەندامەکەی بنەماڵەی زیندەشتی لە شەڕێکدا لەگەڵ سپای پاسداران لە گوندی "ئەنزەل" سەر بە ناوچەی سیلوانای ئورمییە شەهید بوون. ناجی شەریفی زیندەشتی ساڵی ١٩٧٤ لە ئورمییە لەدایک بووە. لەکاتی گیانبەختکردنی باوک، برا، مام و ئامۆزاکەیدا بەدەستی تەمەنی ٩ ساڵان بووە. 


لە راستەوە: فەرزندە شەریفی، براییم شەریفی، فەرهەنگ شەریفی

ناجی زیندەشتی دوای گیانبەختکردنی باوکی لەلایەن "پەروێز"ی برا گەورەیەوە سەرپەڕشتی دەکرێت و تا تەمەنی ٢٠ ساڵان واتە تا ئەو کاتەی زەواج دەکات، زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەیەوە لەبەردەست نییە. پێناچێت تا ئەو کاتە لە کاری تاوانکاریی و قاچاقی مادە هۆشبەرەکانەوە گلابێت.

دەوروبەری ساڵی ١٩٩٥ یان ١٩٩٦ لە ڕێگەی خزمەکانییەوە لەودیوی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دەست بە تڕانزیتی مادە هۆشبەرەکان و بە دیاریکراوی هێرۆیین بۆ ناو خاکی تورکیا دەکات. ئیتر وردە وردە وەک قاچاخچییەکی بەرچاوی مادە هۆشبەرەکان ناوبانگ دەردەکات. یەک دوو ساڵ دوای تێوەگلانی لەو کارە، پۆلیسی ئێران دەست بەسەر بارێکی گەورەی هێرۆییندا دەگرێت. دوای لێکۆڵینەوەکان، ئاشکرا دەبێت کە بارەکە هی ناجی شەریفی زیندەشتی و کەسێکی بەلووچ بەناوی "ئیسفەندیار ڕیگی"یە. ئیسفەندیار و ناجی لە ماڵەکەی ناجی لە ئورمییە قۆڵبەست دەکرێن و دوای ماوەیەک بە سزای لەسێدارەدان حوکم دەدرێن. بەڵام هەردووکیان بە پارە و بەرتیل، بەرپرسانی پۆلیس و دادوەری دەکڕن و لە پلانێکی هەماهەنگدا لە کاتی گواستنەوەیان لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی دیکە هەڵدێن. لەکاتی هەڵاتنیاندا سەربازێکیش دەکوژن.
ناجی زیندەشتی و ئیسفەندیار ڕیگی دەربازی تورکیا دەبن. ناجی لە تورکیا دەمێنێتەوە و ئیسفەندیار لەوێوە ڕوو لە پاکستان دەکات.

زانیارییەکی ئەوتۆ لەبارەی کارەکانی ناجی شەریفی زیندەشتی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ هەتا ٢٠٠٧ لەبەردەست نییە. تەنیا ئەوندە نەبێت کە دەگوترێت لەو ساڵانەدا زیاتر لەگەڵ مافیاییەکی نێودەڵەتیی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان کە سەرکردەکەی کەسیکی تورکیایی بەناوی "ئۆرفی چەتین کایا"یە، کاری کردووە. ناجی شەریفی لەگەڵ ئیسفەندیار ڕیگی و کوردێکی دیکەی خەڵکی ئورمییە بەناوی "پەروێز کشاوەرز" بە هابەشی باری قاچاخ لە ئێران و بەلووچستانەوە بۆ تورکیا دەگوازنەوە.
 


ئوورفی چەتین کایا


هاوکاریکردنی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکانی ئەمریکا "دی.ئی.ئەی"

یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٧ ناوی ناجی زیندەشتی کەوتە ڕاگەیاندنەکانی تورکیاوە. لەو ساڵەدا بارێکی ٧٥ کیلۆیی هێرۆیین لە گەڕەکی "بیووک چەکمەجە"ی ئەسەتەمبووڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ماوەیەکی کورت دوای دۆزینەوەی ئەو بارە قاچاخە و دانپێدانانی ئەو کەسانەی لەگەڵ بارەکە گیرابوون، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر حەشارگەی خاوەنی بارەکە کە هەمان ناجی شەریفی زیندەشتی بوو. هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی هەمان ساڵ ناجی شەریفی زیندەشتییان قۆڵبەست کرد. بەڵام هێشتا ناسنامەی ڕاستەقینەی لای پۆلیس ئاشکرا نەکرابوو. بەڵگە و پێناسی بەناوی "کەماڵ شەریفی سیدانی" بۆ خۆی درووست کردبوو.

گیرانی کەماڵ سیدانی یان هەمان ناجی زیندەشتی ڕێگە بۆ هاوکاریی ناوبراو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا خۆش دەکات و بەمشێوەیە هەنگاو بە هەنگاو پێگەی خۆی لەناو ئەو دامودەزگایانەدا پتەو دەکات. ئەو ساڵە، دۆسیەی بەناوبانگی "ئەرگەنەکۆن" گۆڕەپانی سیاسیی تورکیای هەژاندبوو. ئەرگەنەکۆن تۆڕێکی نهێنی و گەورەی گرێدراوی ڕێکخراوە ناسیۆناڵیستە تورکەکان و سوپای تورکیا بوو کە لە چەندین تاوانی گەورەوە گلابوو و قاچاخی مادە هۆشبەرەکان بەشێکی بچووکی تاوانەکانی بوو. ئەو ساڵە حکوومەتەکەی ئەردۆغان لەگەڵ هاوپەیمانەکەی ئەو سەردەمەی واتە جەماعەتی فەتحولڵا گولەن، هەوڵیان دەدا سوپا بەتەواوی بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. دۆسیەی ئەرگەنەکۆنیش لەو چوارچێوەیەدا دەرفەتێک بوو تا نەیارەکانیان و کەماڵیستەکان لە سوپا، پۆلیس، دەسەڵاتی دادوەری و چەندین دامەزراوەی دیکە پاکتاو بکەن.

ناجی زیندەشتی بەڵێنی هاوکاری بە پۆلیس و دادوەرانی دۆسیەی ئەرگەنەکۆن دەدات. ئەو وەک "شاهێد"ێکی نهێنی بەناوی خوازراوی "تەرازوو"ەوە لە دادگە دژی هەندێ لە ئەندامانی ئەو تۆڕە نهێنییە مافیاییە شایەتی دەدات. شایەتیدانەکەی بە قازانجی پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپە و هاوپەیمانەکەی ئەو سەردەمەی واتە جەماعەتی گولەن تەواو دەبێت. ناجی زیندەشتی لە دادگە زۆربەی دەستوپەیوەندییەکانی "جەماڵ نایەر"  لەناو پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری ئاشکرا کرد.


جەماڵ نایەر

جەماڵ نایەر ئەوکاتە سەرۆکی گشتیی مافیای مادە هۆشبەرەکانی تورکیا و ماوەیەک شەریکی "ئورفی چەتین کایا" سەرکردەی ئەو گرووپە مافیاییە بوو کد ناجی کاری بۆ دەکرد.

شایەتینامەکانی ناجی زیندەشتی لە دادگە ئەوەیان پشتڕاست دەکردەوە کە لانیکەم بەشێک لە سیستەمی دادوەریی تورکیا دەستی لەگەڵ مافیا تێکەڵە. ناجی زیندەشتی ڕایگەیاند کە "ئەرکان چاناک" سەرۆکی دادگەی چوارەمی جەزایی ئەستەنبوول پەیوەندیی لەگەڵ جەماڵ نایەر هەیە و لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پارەی لێ وەردەگرێت.

ئەو کاتە کەسێک بەناوی "زەکەریا ئۆز" سەردۆزگەری دۆسیەی ئەرگەنەکۆن بوو و ئێستا بە تۆمەتی ئەندامەتیی لە جەماعەتی گولەن لە زیندانە. زەکەریا ئۆز بە پشتگیریی حکوومەتەکەی ئەردۆغان (هاپەیمانی ئەو سەردەمە گولەن) و پشتبەستن بە شآیەتیدانی ناجی زیندەشتی، ژمارەیەک لە دادوەرانی دادگەکانی ئەستەمبوول و گەورە شارەکانی تورکیای بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ مافیا، خستە زیندانەوە یان لەسەر کار دەرکرد.

ناجی زیندەشتی لە بەرامبەر ئەو شایەتیدانە و لە ئەنجامی رێککەوتنێک لەگەڵ زەکەریا ئۆزدا دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد کرا و دەستی بە چالاکییەکانی، ئەمجارە بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی بەشێک لە دەوڵەت و دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا، کردەوە.

ئەمەش دەبێتە وەرچەرخانێکی گرینگ لە ژیان و چالاکییەکانی ناجی زیندەشتیدا و ناوبرا بە باشی کەڵکی لێ وەردەگرێت و هەوڵ دەدات پێگە ونفووزی خۆی لەناو تۆڕە مافیاییەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیدا بباتە سەرەوە.


زەکەریا ئۆز

ناجی شەریفی زیندەشتی دواتر نکۆڵیی لەوە دەکرد کە دژی کەس یان تاقمێک شایەتیی دابێت. بەڵام دوای زیاتر لە دە ساڵ، کاتێ کە مۆری نهێنی لەسەر بەڵگەنامەکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەرگەنەکۆن لابرا و بەڵگەنامەکان کەوتنە دەرەوە، ناوی ناجی زیندەشتیش وەک یەکێ لە شایەتحاڵان لەناو بەڵگەنامەکاندا بینرایەوە. ئەمجارە ناوبرا ئیدعای کرد کە تەنیا بەڵگەنامەکانی واژۆ کردووە و هیچ ڕۆڵێکی لە داڕشتنی ناوەڕۆکیاندا نەبووە.

هەروەک ئاماژەی پێ درا، ناجی زیندەشتی لە ڕێگەی ئەو پەیوەندیانەی لەناو دەوڵەت و سیستەمی دادوەریی تورکیادا درووستی کردبوو، هەوڵی دەدا لە بازاڕی تڕانزیتی مادە هۆشبەرەکاندا ڕۆڵ و پێگەی خۆی بەهێز بکات. بۆ ئەو مەبەستەش تەنانەت لەڕێگەی ئەو پەیوەندیانەوە لەگەڵ فەرمانگەی "بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکان"ی ئەمریکا، "دی.ئی،ئەی"،  دەکەوێتە گفتوگۆوە. باس لەوە دەکرێت کە زیندەشتی لانیکەم دوو جار لەگەڵ کارمەندانی "دی.ئی.ئەی" گفتوگۆی کردووە. جارێکیان ناڕاستەوخۆ و لەڕێگەی "جیهان کانسز" سەردۆزگەری لەسەرکار لادراو و دواتر هەڵاتووی تورکیا (بەهۆی لایەنگریی جەماعەتی گولەن) و جاری دووەمیش ڕاستەوخۆ بە ناوبژیوانیی 'مەتین تۆپۆز" کارمەندی کۆنسولگەریی ئەمریکا لە ئەستەمبووڵ. مەتین تۆپۆز دوای کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ ماوەیەک کەوتە زیندانەوە. بەڵام دواتر لەژێر گوشاری ئەمریکادا ئازاد کرا.

لەو دیدار و گفتوگۆیانەدا، کارمەندانی فەرمانگەی دی.ئی.ئەی داوای لێدەکەن پەیوەندی لەگەڵ "جومعەخان" گەورە بەرهەمهێنەری مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان و پشتیوانی سەرەکیی گرووپی تاڵیبان درووست بکات و زانیاریی لەسەر کۆ بکاتەوە.


جومعە خان

هەندێ سەرچاوەی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە هاوکاریی ناجی زیندەشتی لەگەڵ فەرمانگەی "دی.ئی.ئەی" لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە دەستی پێکردووە و تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بووە. لەو ماوەیەدا ناجی زیندەشتی دەبێتە یەکێ لە بەهێزترین و خاوەن نفووزترین بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی تورکیا و بێ ئەوەی ئاستەنگێکی ئەوتۆی بۆ درووست ببێت، لەژێر چاودێریی ڕژیمی تورکیادا درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.

بارە هێرۆیینە دوو تەنییەکەی ئەسینا و هاوپەیمانیی باوەپیارەکان

مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بارێکی زەبەلاحی دووتەنیی هێرۆیین پێش ئەوەی بە ناو بازاڕەکانی ئەورووپادا بڵاو ببێتەوە، لە چەند شوێنێک لە نزیک بەندەری ئەسینا دەستی بەسەردا گیرا. هێزە ئەمنییەکانی یۆنان بە هاوکاریی فەرمانگەی "دی.ئی.ئەی"ی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەسرداگرتنی بارەکە دەیان کەسی دیکەشیان قۆڵبەست کرد. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ئەو بارە هی برایانی "ئونغان"ە. ئاشکرابوونی ئەو بارە زنجیرە پێکدادانێکی خوێناویی لەنێوان تۆڕە مافیاییەکانی ئەستەمبووڵ و تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا.

هەتا ئێستا زانیارییەلی ئەوتۆ لەبارەی چۆنییەتی ئاشکرابوونی ئەو بارە زەبەلاحە نییە. سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە "برایانی ئۆنغان" (ئیلهان و ئۆرهان)، ناجی زیندەشتی، پەروێز کشاوەرز ( لە تورکیا ناوی خۆی گۆڕیبوو بە چەتین کۆچ) و ئیسفەندیار ڕیگی، هەریکەو پشکێکیان لەو بارە زەبەلاحەدا هەبووە. بەرپرسیارەتیی گواستنەوەی بارەکە لە تورکیاوە بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ بەڵکان لە ئەستۆی ئیسفەندیار ڕیگی دەبێت.



لە راستەوە: ئورهان ئۆنغان ئیلهان ئۆنغان، پەرویز کشاوەرز

ئیسفەندیار لە کاتی هورۆژمی پۆلیس لە بەندەری ئەسینا، لەو وڵاتە دەبێت. بەڵام پێش ئەوەی پۆلیس بگاتە سەری، خۆی قوتار دەکات و دەگەڕێتەوە تورکیا. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی ڕۆژی ڕاگەیاندووە کە ئیسفەندیار ڕیگی دوای گەڕانەوە بۆ تورکیا، چاوی بە ناجی شەریفی زیندەشتیی کەوتووە و لەو دیدارەدا ناوبراوی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە ئەوە ئەو بووە ڕاپۆرتی بە پۆلیس داوە. ئیسفەندیار ڕیگی چەند ڕۆژ دوای ئەو دیدارە بزر دەبێت و ماوەیەک دواتر تەرمەکەی بە کوژراوی لە کەنارئاوەکانی دەریای مەڕمەڕە دەدۆزرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئورهان ئۆنغان و ئیلهان ئۆنغانیش لە ڕێگەی دەستوپەیوەندییەکانیان لەناو پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی تورکیادا، و هەروەها قسەکانی ئیسفەندیار ڕیگی (پێش کوژرانی)، دەگەنە ئەو قەناعەتەی کە ناجی شەریفی زیندەشتی هەمان ئەو کەسە بووە ڕاپۆرتی بارەکەی بە پۆلیس داوە. پەروێز کشاوەرزیش کە لە تورکیا مە مەتین کۆچ ناسراوە، دوای ئەوەی هەواڵی کوژرانی ئیسفەندیار ڕیگی دەبیسێتەوە و ئاگادار دەکرێتەوە کە ناجی زیندەشتی بارەکەی لای پۆلیس ئاشکرا کردووە، بۆ ئەوەی تۆڵە لە زیندەشتی بکاتەوە، لەگەڵ برایانی ئۆنغان ڕێکدەکەوێت. بەواتایەکی تر سێ کارتێلی گەورە پێکەوە فەرمانی کوشتنی ناجی زیندەشتی دەردەکەن.

 ئارەزوو لە شوێنی باوکی 

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٤ ئۆتۆمبیلێکی پۆرشە/ جیپی شاسی بڵند لە شەقامی "هادی کۆی" لە گەڕەکی "بیوک چەکمەجە"ی ئەستەمبووڵەوە بەرەو زانکۆی "باخچە شەهیر" لێدەخۆڕێت. ئۆتۆمبێلەکە لە بەرامبەر ئاپارتمانەکانی "پاڵمیە" لە پشتی چرای سوور ڕادەوەستێت و چاوەڕێی کەسکبوونی چراکە دەبێت. هاوکات ئۆتۆمبێلێکی سپی جۆری ڕێنۆ مۆدێلی سیلوو لەوبەر شەقامەکەوە، وەستاوە و چاوەڕێی میوانە بەختڕەشەکانی دەکات. یەکسەر دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلە جیپەکە لەپشت چرای سوور ڕادەوەستێت، دوو کەس لە ئۆتۆمبێلە ڕینۆکەوە دادەبەزن و بەرەو جیپەکە دەچن. سەرەتا بە چەکی بێدەنگ هەر چوارتایەی جیپەکە پەنچەر دەکەن. دواتریش لە پەنجەرەی لای شۆفیڕەوە چەند جار لەسەر یەک تەقە لە جامەڕەشەکانی ئۆتۆمبێلەکە دەکەن. شۆفیرەکە هەوڵدەدات هەڵبێت. بەڵام سەد میتر ئەولاتر ئۆتۆمبێلەکە بە بارهەڵەگرێکدا دەکەوێت و ڕادەوەستێت.


ئارەزوو شەریفی زیندەشتی

دوای وەستانی دووبارەی ئۆتۆمبێلەکە، چەکدارەکان خۆیان دەگەیەننە سەری و ئەمجارە تەقە لە جامی پشتەوەی دەکەن. پەلاماردەران دوای ئەوەی دڵنیا دەبن کە تێکڕای سەرنشینەکانی ناو جیپەکە کوژراون، هەڵدێن. ئەمە هەمان ئەو  تۆڵەسەندەوەیە بوو کە برایانی ئۆنغان و چەتین کۆچ، بۆ کوشتنی ناجی زیندەشتی، پلانەکەیان داڕشتبوو.

دوای هەڵاتنی چەکدارەکان، پۆلیس و ئەمبوڵانس دەگەنە شوێنی ڕووداوەکە و کوژراو و برینداران لە ئۆتۆمبێلەکە دەهێننە دەرەوە. بەڵام ناجی شەریفی زیندەشتی لەناو ئەو ئۆتۆمبێلەدا نەبوو. لەباتی ئەو کچەکە تەمەن نۆزدە ساڵانەکەی "ئارەزوو شەریفی زیندەشتی" و شۆفیرەکەی "دووریم ئۆزتونج" بە ئامانج گیرابوون.

ناجی شەریفی زیندەشتی، دە خولەک دوای ڕووداوەکە خۆی دەگەیەنێتە ئەو شوێنە و بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێ کە ئامانجی ئەو پەلامارە ئەو بووە. پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا سەرەتا گومانی ئەوە دەکەن کە ناجی زیندەشتی بەهۆی شایەتیدانی لە دۆسیەی ئەرگەنکۆندا و لەلایەن ئەرگەنەکۆنەوە بە ئامانج گیراوە. بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە هێرشەکە لەلایەن برایانی ئۆنغان و چەتین کۆچەوە پلانی بۆ دانراوە.

زیندەشتی لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی کچەکەیدا بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت: "بکەری ئەو ڕووداوە قاچاخچییە نێودەڵەتییەکانن. من لەبارەی ئەوانەوە هەندێ زانیاریم بە پۆلیس دابوو. پێدەچێت ئەم ڕووداوە لەلایەن تۆڕێکی نێودەڵەتیی مادە هۆشبەرەکەنەوە پلانی بۆ دانرابێت. ئێمە لەسەر ئەو کەسانە هەندێ زانیاریمان بە دەوڵەت دابوو. دەمانزانی ئەمە ڕوودەدات. من هەڕەشەم لێ کرابوو و دەوڵەتم لێی ئاگادار کردبووەوە. من چاوەڕێی هێرشێکی لەو چەشنە لەدژی خۆم بووم. بەڵام پێموانەبوو پەلاماری منداڵەکانم بدەن."


ئۆتۆمبێلەکەی ناجی شەریفی زیندەشتی

ناجی زیندەشتی بێ ئەوەی ناوی کەسێک بهێنێت، ئیدعا دەکات کە ئەوانەی لەپشت ئەو هێرشەوە بوون، چەندین ناسنامە و پەسپاپۆرتی جۆراجۆریان هەیە و بەردەوام لە نێوان وڵاتانی ئەورووپایی وتورکیا لە هاتوچۆدان. پێدەچێت مەبەستی زیندەشتی لەم قسانەی "ئورهان ئۆنغان" و "ئیلهان"ی برای بووبێت. ئورهان ئۆنغان خەڵکی ئەرزەڕووم بوو و پێش ئەوەی لە کاری مادە هۆشبەرەکانەوە بگلێت، سەقاڵی قاچاخی ئۆتۆمبێل بوو. ئۆرهان ئۆنغان جارێکیان لە گرتووخانە لەگەڵ "ئۆرفی چەتین کایا" هاوبەند دەبێت و بە یارمەتیی ئەو تۆڕی قاچاخی خۆی ئاوا دەکات و پەرەی پێدەدات.

 

دەزگا ئەمنییەکانی ئەورووپا نازناوی "ڕۆح"یان بە ئۆرهان ئۆنغان دابوو. چونکە بە لانیکەم بە پێنج پەساپۆرت و ناسنامەی جیاوازی تورکی، هۆڵەندی، بەلژیکی و سێربی هاتوچۆی دەکرد.

شوێنپێی خوێن لە کەنارەکانی پاناماوە هەتا بەندەری دوبەی

ناجی شەریفی زیندەشتی و هاوپەیمانەکانی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەکانیان ئامادە دەکەن. تاقمی زیندەشتی و خودی خۆیشی لە هیچ هەنگاوێک بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر نەیارەکانی وهەروەها دۆزینەوەی ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ لە کوشتنی کچەکەیەوە گلابوون درێغی ناکەن. ئەندامانی گرووپەکەی زیندەشتی، چەند مانگ دوای کوژرانی ئارەزوو زیندەشتی، ئاگادار دەبن کە ئەو دوو کەس بەناوەکانی "حاجی عوسمان سەزەن" و "تورگای ئاکار" لەسەر ڕاسپاردەی ئورهان ئۆنغان پلانی هێرشەکەیان داڕشتووە. عوسمان سەزەن و تورگای ئاکار کە خۆیان سەر بە باندی "عەزیز" و "فکری سارا" بوون، سێ مانگ دواتر، واتە لە ڕۆژی ٢٤ی دێسەمبری ٢٠١٤ لە گەڕەکی "بیوک چەکمەجە" لەلایەن باندی مافیایی "وەدات" و "سەدات شاهین"ەوە دەکوژرێن. 



تەرمی عەلی ئەکبەر ئاکگوون لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی

دوو ڕۆژ دواتریش "عەلی ئەکبەر ئاکگوون" ناسراو بە "فوتباڵیست" کە ئەندامی گرووپەکەی ئۆرهان ئۆنغان و ڕێکخەری هێرشەکە بوو، لە ناوچەی "ئەستەنییە" لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە. چەند کاتژمێر دوای کوژرانی "عەلی ئەکبەر ئاکگون"، وەدات شاهین و "فەردی تۆپاڵ"ی پاسەوانی هەر لە ئەستەمبووڵ لەلایەن باندی باندی "ساراڵ"ەوە دەکوژرێن.

بەمشێوەیە زنجیرەیەک کوشت و کوشتار لەناو گرووپە مافیاییەکانی ئەستەمبووڵدا دەست پێدەکات کە لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا وێنەی نەبووە.

تۆڵەکردنەوە و پێکدادانی ناوخۆیی نێوان باندە مافیاییەکان سنوورەکانی تورکیاش تێدەپەڕێنێت. زیندەشتی و هاوپەیمانەکانی، ڕێکخستنەکانی نەیارەکانی زیندەشتی لە سەرتاسەری جیهان دەکەنە ئامانج. "عەلی ئەکبەر ئاکگوون" پێش کوژرانی، یەکێ لە ناسراترین بازرگانەکانی مادە هۆشبەرەکان لە هۆڵەندا بوو و تۆڕێکی نهێنیی بەرفراوانی لەو وڵاتە ئاوا کردبوو. ڕۆژی ٣١ی دێسەمبری ساڵی ٢٠١٤ "ئۆکان فیدان" یەکێ لە کەسە نزیکەکانی "عەلی ئەکبەر ئاکگون" لە شاری ئەمستێردام پایتەختی هۆڵەندا کوژرا. 


فەردی تۆپال، ڤەدات شاهین

مانگێک دوای کوژرانی ئاکگونیش لە بەرواری ٢٤ی ژانیوەریی ٢٠١٥ "سەجاک بورگەر" کەسی یەکەمی ناو ڕێکخستنە نهێنییەکەی ئاکگون کە هەڵاتبووە وڵاتی پاناما، لە کەنارئاوە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.  هەروەها لانیکەم چوار کەسی دیکەی ئەندامی تۆڕەکەی ئاکگون هەر لە ساڵی ٢٠١٥ لە هۆڵەندا کوژران و ئەندامێکی تریش لە وڵاتی دانیمارک بە سەختی بریندار کرا.

پەروێز کشاوەرز یان هەمان "چەتین کۆچ" لە ساڵی ٢٠١٥ ئاگادار دەبێتەوە لەوەی کە دەستوپێوەندییەکانی ناجی زیندەشتی پلانیان بۆ کوشتنی ئەویش داڕشتووە. ناوبراو بۆ پاراستنی گیانی خۆی، دەچێتە ئیمارات و لە دوبەی لە گەڕەکێکی ڕاقی کە ئاستی سیکیوریتیی لەسەرەوەیە نیشتەجێ دەبێت. بەڵام بەوحاڵەشەوە زیندەشتی دەست لە شۆپاندنی هەڵناگرێت و سەرەنجام حەشارگەکەی دەدۆزێتەوە. 

لە بەرواری چواری ئاداری ٢٠١٦دا هێزەئەمنییەکانی ئیمارات تەرمی چەتین کۆچ بە کوژراوی و لەکاتێکدا کە ئاسەواری نۆ فیشەک بە جەستەیەوە بوو، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەدۆزنەوە. لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئیمارات ئاشکرای دەکات کە مەتین کۆچ (پەروێز کشاوەرز) لەلایەن گرووپێکی نیشتەجێی هەمان ئەو گەڕەک و بینایەوە لەژێر چاودێریدا بووە.


ئوکان فیدان

زیندەشتی بۆ کوشتنی کۆچ دوو قاتڵی کۆلۆمبیایی و هیندی بە ناوەکانی "گارسیا ئارۆلۆ" و "هارپریت ماهجۆ" بەکرێ دەگرێت. 

بکوژەکان ڕۆژێک پێش کوشتنی کۆچ دەگەنە دوبەی و چەند کاتژمێر دوای هێرشەکەش یەکسەر ئیمارات بەرەو وڵاتی کەنەدا بەجێ دەهێڵن. هەوڵەکانی ئیمارات بۆ داواکردن و گەڕاندنەوەی ئەو دوو بکوژە، لەلایەن کەنەداوە بێ ئەنجام دەبێت. دوای ماوەیەکی کورت ئاشکرا دەبێت کە "گارسیا ئارۆڵۆ"ی کۆلۆمبیایی کوژراوە. هەتا ئێستا هیچ سەرەداوێک لەبارەی بکوژە هیندییەکەوە لەبەردەست نییە. هەندێ زانیاری باس لەوە دەکەن کە ئەویش بەشێوەیەکی تەمومژاوی کوژراوە.

دەگوترێت باندەکەی ناجی زیندەشتی هەروەها برایەکی چەتین کۆچیان لە تارانەوە ڕفاندووە و کوشتووە. تەرمی برایەکەی پەروێز کشاوەرز چەند مانگ دوای ڕفاندنی لە تاران، لە دەوروبەری شاری وان لە باکووری کوردستان دۆزرابووەوە.

لە دانیشتنی دادگەدا پێشبینیی مەرگی خۆی کرد
  
برایانی ئۆنغان بەهۆی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها ئەنجامدانی چەندین تاوانی دیکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و پۆلیسی ئەنتەرپۆلەوە داواکراو بوون، دوای ئەوەی دەزانن کە ئەندامانی گرووپەکەیان و هەروەها چەتین کۆچی شەریکیان کوژراون، خۆیان دەشارنەوە. ئەندامانی باندەکەی زیندەشتی لەکاتی گەڕان بەدوایاندا ئاگادار دەبن لەوە کە ئورهان ئۆنغان لە هۆڵەندا خۆی شاردووەتەوە. بەڵام پێش ئەوەی دەستیان پێێ بگات، پۆلیسی هۆڵەندا دەیبینێتەوە و قۆلبەستی دەکات. پۆلیسی هۆڵەندا ئۆرهان ئۆنغان ڕادەستی تورکیا دەکات. بەرپرسانی تورکیاش بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین تاوان و هەروەها فەرمانی کوشتنی ئارەزوو شەریفی زیندەشتی دەستبەسەری دەکەن.



بەڵام هیچ سەرەداوێک لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی ئیلهانی برای نییە. لە بەرواری ١١ی نیسانی ٢٠١٧ ئیلهان ئۆنغان لە ڕێگەی پارێزەرەکەیەوە، "قوتبەدین کایا"، سکاڵایەک لە دادگای ئەستەمبووڵ تۆمار دەکات. لە سکاڵانامەکەدا ئیدعا دەکات کە ناجی زیندەشتی قاتڵێکی خەڵکی بۆسنیا و نیشتەجێی هۆڵەندای بۆ کوشتنی ئەو بەکرێ گرتووە. بەگوێرەی ئەو ئیدعایە، قاتڵە بۆسنیاییەکە لەبری کوشتنی ئیلهان ئۆنغان بەڵێنی ٢٠٠ هەزار دۆلاری پێدراوە. سەد هەزار دۆلاری پێشەکی پێدراوە و سەد هەزار دۆلاریش بڕیارە دوای تەواوکردنی کارەکە وەرگرێت. پارێزەرەکەی ئیلهان ئۆنغان بە پۆلیس و سەردۆزگەریی ئەستەمبووڵ دەڵێت کە قاتڵە بۆسنیاییەکە بۆ ئەو کارە دوو قاتڵی تورکی دامەزراندووە و ئەو دوو کەسە لە هۆتێلێکدا لە ناوچەی "پەندیک"ی ئەستەمبووڵ نیشتەجێن. کایا هەروەها ئیدعا دەکات کە ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەداران، هێزەکانی پۆلیس و کەسانی خاوەن نفووز لەو کارەوە گلاون.

چیرۆکەکە هەر بەمە کۆتایی نایێت. لە یەکێ لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئورهان و ئیلهان ئۆنغاندا، قوتبەدین کایا پارێزەری ئیلهان کایا بە ڕاشکاوی دەڵێ کە لەوانەیە هەتا دانیشتنی داهاتووی دادگا لەژیاندا نەمێنێت. کایا لەو دانیشتنەدا دەڵێ: ڕەنگە من نەتوانم لە دانیشتنی داهاتووی دادگەدا ئامادە بم. چونکە لەانەیە یان بکوژرێم یان ناچاربم بۆ پاراستنی خۆم کەسێک بکوژم."


قوتبەدین کایا

دە ڕۆژ دوای ئەو قسانە، قوتبەدین کایا، کاتێ کە لەگەڵ ژن و منداڵەکەی لە ڕیستۆرانتێکی گەڕەکی "یەشیل کۆی"ی ئەستەمبوول نانی دەخوارد، تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ئەو ڕووداوە، پۆلیس و دادگە سەرەنجام دەچنە سەر ناجی شەریفی زیندەشتی. پێنج مانگ دوای کوژرانی قوتبەدین کایا، لە نیسانی ساڵی ٢٠١٨ دا ناجی شەریفی زیندەشتی، هاوژینەکەی و شەش ئەندامی دیکەی باندەکەی، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی پۆلیسدا قۆڵبەست کران. هاوکات چەند پۆلیسیش بە تۆمەتی هاوکاریکردنی زیندەشتی قۆڵبەست کران.

کووپێک چا لەگەڵ ڕاوێژکارەکەی ئەردۆغان

هەروەک لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێ کرا، ناجی شەریفی زیندەشتی پەیوەندیی لەگەڵ روزۆرێک لە سیاسەتمداران و کەسانی خاوەن نفووز و دەسەڵاتی تورکیا هەبووە. هەر لەبەر ئەو پەیوەندیانەش توانیبووی سەرەڕای هەموو ئاستەنگییەکان، درێژە بە چالاکییەکانی بدات. ئەو پەیوەندیانە دوای گیرانی ئەمجارەی لەلایەن پۆلیسەوە بوونە فریادڕەسی و دوای ماوەیەک ئازاد کرا. زیندەشتی کاتێ کە لە نیسانی ٢٠١٨ قۆڵبەست کرا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێ تۆمەتی قورسی وەک قاچاخی مادە هۆشبەرەکان، قاچاخی مرۆڤ، پێکهێنانی تاقمی تاوانکاری و هەروەها پلان داڕشتن و فەرمانی کوشتنی نەیارەکانی کرایەوە.

کەچی بەم حاڵەشەوە تەنیا شەش مانگ لە زیندان مایەوە. پێشتر هاوژینەکەی و هەندێ لە ئەندامانی گرووپەکەی چەند ڕۆژ دوای گیرانیان ئازاد کرابوون. خۆی و سێ کەسی دیکەشی لەسەر ڕاسپاردە و تەنانەت بە گوشاری کادیرێکی پلەبەرزی ئاکەپە لە مانگی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ ئازاد کران. هەرچەند تەنیا چەند کاتژمێر دوای ئازادبوونی زیندەشتی، سەردۆزگەریی ئەستەمبووڵ جارێکی تر حوکمی گیرانی بۆی دەرکردەوە، بەڵام هیچکات نەیانتوانی بیگرنەوە.


لە لای چەپەوە: ناجی شەریفی زیندەشتی، بۆرهان کوزو

سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا ئاگادار دەکرێتەوە کە ئەو کەسە خاوەن نفووز و دەسەڵاتەی دەستی لە ئازادکردنی ناجی زیندەشتیدا هەبووە، "بورهان کوزو" نوێنەری پێشووی پەرلەمان لەسەر ئاکەپە و هەروەها ڕاوێژکاری حقووقیی ئەردۆغان بووە.

بورهان کوزۆ کە ماوەیەک لەمەوبەر بەهۆی نەخۆشیی کۆڕناوە گیانی لەدەست دا، پێش مردنی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی "خەبەر گڵۆباڵ" گوتبووی کە "عالیە ئۆزون" بەرپرسی ئەوکاتەی ئاکەپە لە ناوچەی بەشیکتاش زیندەشتیی بەو ناساندووە. کوزۆ بەم چیرۆکەکە بەمشێوە دەگێڕێتەوە: "ناجیی لەگەڵ خۆی هێنایە ڕێستۆرانتی نوسرەت. منیش لەوێ بووم. کووپێک چاییمان پێکەوە خواردەوە. لێمپرسی چیت دەتەوێ چیت بۆبکەم؟ وتی من خەڵکی ئێرانم. دایکم خەڵکی هەکارییە. نیوەم تورکیاییە. دۆخی داراییم باشە و دەمەوێ لێرە لە تورکیا سەرمایەگوزاری بکەم. ئەگەر ببمە هاوڵاتی ئاسانکاریی زیاترم بۆ دەکرێت."

بورهان کوزۆ دەڵێ بۆ ئەوەی ناجی زیندەشتی ببێتە هاوڵاتیی تورکیا هەوڵی داوە و واستەی بۆی کردووە. بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە سەرۆکی فەرمانگەی وەڵاتینامەی تورکیاوە دەگرێت. کۆزو لە پاساوی ئەو هەوڵدانەیدا گوتوویەتی کە ئەو پەرلەمانتار بووە و بە ئەرکی خۆی زانیوە پشتگیریی سەرمایەگوزاری لە وڵاتەکەیدا بکات. بەڵام بەم حاڵەشەوە پڕۆسەی پێدانی وەڵاتینامە بە ناجی شەریفی زیندەشتی تووشی ئاستەنگ دەبێت و بەهۆی ئەوەی ناکۆکی لەسەر تێچووی کارەکەوە ناگاتە ئەنجام.

ڕاوێژکاری حقووقیی ئەردۆغان سەبارەت بە واستەکردن بۆ ئازادکردنی زیندەشتی لە زیندان و یارمەتیدانی بۆ ئەوەی دەربازی ئیران بێت، گوتوویەتی: "ئیلکەر داغلی" پارێزەری زیندەشتی هاتە لام. لە کۆلیژی یاسا خوێندکارم بوو. سەبارەت بە دۆسیەکەی زیندەشتی وتی نۆ مانگە لە زیندانە و تا ئێستا هیچ دادنامەیەک لەبارەی دۆسیەکەیەوە نەخراوەتە ڕوو. تەلەفۆنم بۆ دادوەرەکەی کرد و ڕەوشەکەم بۆی شی کردەوە. دادوەر وتی لێیدەکۆڵمەوە. من دەمزانی ئەو کەسە ناجی شەریفی زیندەشتییە. کاتێ کە هەڵات و گەرایەوە ئێران لە ڕێگەی میدیاکانەوە زانیم کە سەرکردەی گرووپێکی مافیاییە.


بۆرهان کوزو لە کەناڵی  Haber Global 

لەسەرووی هەموو ئەوانەش، دەگوترێت بە ملیۆنان دۆلار بەرتیل بە بەرپرسانی دادوەریی دۆسیەی زیندەشتی دراوە. هەروەها دادوەری بەرپرسی دۆسیەکەش شاهێدیی داوە کە بورهان کوزۆ گوشاری بۆ هێناوە و بە پشتبەستن بەو پلە حکوومییەکەی وەک ڕاوێژکاری ئەردۆغان، تەماحی خستووەتە بەردەمی و هاوکات هەڕەشەی لێکردووە. سەرەڕای ئەوەی بورهان کوزۆ ئێستا ئیتر لە ژیاندا نەماوە، دۆسیەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ئاکەپە و لە ناویاندا، عالیە ئۆزون هێشتا کراوەیە.

پەردەی کۆتایی، شەقامی بەغدا


دەگوترێت کە ناجی شەریفی زیندەشتی دوای ئازادبوونی لە زیندان، دەستبەجێ لە ڕێگەی باندەکەیەوە لە تورکیا دەردەچێت و دەگەڕێتەوە ئێران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەست لە تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی کچەکەی هەڵناگرێت. لە سێ سەرکردەی مافیایی کە فەرمانی کوژرانی ئەویان دەرکردبووە، ئیلهان ئۆنغان خۆی حەشار دابوو. مەتین کۆچ یان هەمان پەروێز کشاوەرز کوژرابوو. ئۆرهان ئۆنغانیش لە زیندان بوو.

ئێوارەی ڕۆژی ٧ی نیسانی ساڵی ٢٠١٩ پۆلیس ئاگادار دەکرێتەوە کە هاوڵاتییەک لە شەقامی بەغدای گەڕەکی "کادیکۆی"ی ئەستەمبووڵ بە زەبری فیشەکی کەسانی نەناسراو کوژراوە. هێزەکانی پۆلیس دەگەنە شوێنەکە و بەسەر جەنازەی ئیلهان ئۆنغاندا دەکەون. ئەو ئیلهان ئۆنغانەی ناوی لە لیستی سووری پۆلیسی تورکیادا بوو و ئەنتەرپۆل بەدوایدا دەگەڕا، چەندین ساڵ بوو، بێ ئەوەی کەس کاری پێی بێت، لە گەڕەکی دەوڵەمەندنشینی "کادیکۆی" ژیانی بەسەر دەبرد. ئیلهان ئۆنغان ئەو ڕۆژە کاتێ کاتێ لە ماڵەکەی دەرکەوتووە، بە بەرچاوی ژن و منداڵەکەیەوە کوژرابوو.


تەرمی ئیلهان ئۆنغان لەپێش ماڵەکەیدا

بیست ڕۆژ دواتر، پۆلیس توانی بکوژەکان بدۆزێرەوە و قۆڵبەستیان بکات. لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەریانخست کە کەسێک بەناوی "تولگا هاکان" کە کەسی هەرە نزیکی ئیلهان ئۆنغان بوو، پلانی کوشتنەکەی داڕشتووە. تولگا هاکانیش یەکێ لەو کەسانە بوو کاتی خۆی دەستی لە کوشتنی کچەکەی ناجی زیندەشتیدا هەبوو. پێدەچێت ناجی زیندەشتی لەبریی یارمەتیدانی بۆ کوشتنی ئیلهان ئۆنغان لە خوێنی خۆش بووبێت.

لە باوەشی میتەوە بۆ داوێنی سوپای پاسداران

لە ساڵانی ڕابردوودا هەرکات ناوی زیندەشتی دەبووە مانشێتی میدیاکانی تورکیا، لە پەرواێزیشدا ئاماژە بە پەیوەندیی نهێنی و ئاشکرای ئەو لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دەکرا. دۆسیەیەیەکی هەرە گرینگ کە یەکسەر بە ناوی زیندەشتییەوە گرێدراوە، دۆسیەی کوژرانی "سەعید کەریمیان" بەڕێوەبەری کەناڵە تەلەفزۆینییەکانی "جەم تی.ڤی"یە. سەعید کەریمیان ساڵی 2019 لەگەڵ شەریکە کوەیتییەکەیدا لە ئەستەمبوول کوژران.

پۆلیس لە ڕێگەی گوێهەڵسخستن لە مۆبایلەکەی زیندەشتی و هەروەها ئەو کەسەی دوو هەفتە دوای کوژرانی سەعید کەریمیان قۆڵبەست کرابوو، بۆی دەرکەوت کە ناجی شەریفی زیندەشتی فەرمانی کوشتنی سەعید کەریمیانی دەرکردووە. 


مەسعوود مەولەوی

بەرپرسانی دادوەریی تورکیا هەروەها لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەستی زیندەشتی هەروەها لە پشتی کوژرانی "مەسعوود مەولەوی" ئەندامێکی پلەباڵای هەواڵگریی ئێران و هەروەها بەرپرسێکی پێشووی وەزارەرتی بەرگریی ئەو وڵاتەش بووە.

دوای کوژرانی مەسعوود مەولەوی بەرپرسانی ئەمنیی تورکیا بکوژەکەیان لە ڕێگەی تاوتوێکردنی کامێراکانی چاودێرییەوە ناسییەوە. ماوەیەک دواتر "عەبدولوەهاب کوچاک" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست کرا.

لێکۆڵینەوەی زیاتر و بەتایبەت بەرواردکردنی "دی.ئێن.ئەی"ی ئەو کەسەی لە شوێنی کوژرانی "قوتبەدین کایا" (پارێزەرەکەی ئیلهان ئۆنغان) لەگەڵ "دی.ئێن.ئەی"ی بکوژی مەسعوود مەولەوی دەرکەوت کە بکوژی هەردووکیان عەبدولوەهاب کوچاک بووە.

بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی تورکیا پێیانوایە کە کوژرانی سەعید کەریمیان و مەسعوود مەولەوی لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران جێبەجێ کراوە و بە قازانجی هەردوولا بووە. ناجی شەریفی بەو قەتڵانە ڕێگەی پێدراوە بێ هیچ گرفتێک بگەڕێتەوە ئێران.


ناجی شەریفی زیندەشتی لە نێو رێورەسمی ناشتنی دایکی 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی ڕۆژی ڕاگەیاندووە کە هاوکاریی نێوان ناجی شەریفیی زیندەشتی و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دوو بواری دۆزینەوەی بکوژی بەکرێگیراو بۆ کوشتنی بەرهەڵستکاران و هەروەها قاچاخی مادە هۆشبەرەکان بەمەبەستی دابینکردنی بەشێک لە بوودجەی سپای پاسداران لەخۆ دەگرێت. ناجی شەریفیی زیندەشتی هەروەها دەڵاڵی نێوان دەزگا هەواڵگریییەکانی ئێران و باندە مافیایی و تاوانکارەکانی ئەورووپا بووە.

پلیکانەکانی دەسەڵات

بەسەرهاتی ململانێی نێوان باندە مافیاییەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٩ و سێ مانگ دوای کوژرانی "ئیلهان ئۆنغان"، دانیشتنێکی دیکەی دادگەی "ئورهان ئۆنغان"ی برای بەڕێوە چوو. ئۆرهان ئۆنغان لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئامادەی دادگاییەکە دەبێت و لە وڵامی پرسیارەکانی دادوەردا دەڵێ گرووپێک بەناوی گرووپی "ئەستەمبووڵ" کە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی "جەماعەتی گولەن"ی هەیە، بەشێوەیەکی بەربڵاو دزەی کردووەتە ناو دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا.
ئۆرهان ئۆنغان دەڵێ ئەو گرووپە بە پێدانی ملیۆنان دۆلار بەرتیل، کارەکانی لە دادگاکان ڕایی دەکات. دەگوترێت کە لە میانەی قسەکانی ئورهان ئۆنغاندا، ئامێرەکانی تۆمارکردنی دەنگ و ڕەنگ لە دادگە یەکەسەر لەکار دەکەون و تەواوی قسەکانەشی کە پێش لەکارکەوتنی ئامێرەکە تۆمار کرابوون، دەسڕدرێتەوە. هەتا ئێستا بەرپرسانی دادوەریی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە نەداوە.


بەرات ئالبایراک

کەسانی نزیک لە ئۆرهان ئۆنغان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گرووپی "ئەستەمبوڵ" گرووپێکی سەر بە "بەرات ئالبایراک" و گرووپی "پلیکان"ە. دەسەڵات و نفووزی گرووپی پلیکان تا ئەو ئاستتە دزەی کردووەتە ناو دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەوە کە تەنانەت ڕێگری لە بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستووریی تورکیاش دەگرێت. ئەو گرووپە چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنی لەبەردەستدایە و تەنانەت ڕوحم بە بەرپرسانی ناو ئاکەپەش ناکات و بۆ ئەوەی جومگەکانی دەسەڵات تەواو بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە هەموو کارێک دەکات. بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر "سولەیمان سۆیلۆ" وەزیری ناوخۆی تورکیا و ڕکابەری بەرات ئالبایراک یان ئەحمەد داوودئۆغڵوو سەرۆک وەزیری پێشووی تورکیا، ئەو کاتەی هێشتا ڕیزەکانی ئاکەپەی بەجێ نەهێشتبوو، بە ئامانج گیرابوو.

کەواتە، گرووپی ئەستەمبووڵ بەهۆی ئەو دەسەڵات و نفووزەی لە ناو سیستەمی دادوەریی تورکیا هەیەتی، نەیهێشتووە ناجی شەریفی زیندەشتی دادگایی بکرێت و بۆ ئەوەی سکانداڵ و ئابڕووچوونێکی دیکە هاوشێوەی ڕووداوی "سوسوورلۆک" نەیەتە ئاراوە یەکسەر لە تورکیا دەریپەڕاندووە.

هەروەک لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتە تێروتەسەلەدا ئاماژەی پێ کرا، ئەمڕۆژانە ناوی ناجی شەریفی زیندەشتی لەلایەن بەرپرسانی حکوومیی تورکیاوە دزەی کردووەتەوە ناو ڕاگەیاندنە جیهانییەکان و لە ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆستدا وتاری لەسەر نووسراوە. 

هێنانەبەرباسی دووبارەی ناوی ناجی شەریفی زیندەشتی و تۆمەتبارکردنی بەوەی دەستی لە ڕفاندنی حەبیب ئەسیوەد بەرهەڵستکاری ئێرانیدا هەبووە، ڕەنگە پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی و پڕۆسەیەکی ئاسایی سیستەمی دادوەرییەوە نەبێت. بەڵکوو زیاتر پەیوەندیی بە دەمەقاڵەی ئەمدواییەی نێوان بەرپرسانی ئێران و تورکیا بێت کە دوای خوێندنەوەی پارچە شێعرێک لەلایەن ئەردۆغانەوە لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان خوێندرایەوە. لە شێعرەکەدا گلەیی و گازەندە لە دووپارچەبوونی ئازەربایجان و ئەوەی کە بەشێکی دەکەوێتە ناو سووورەکانی ئێرانەوە کرابوو.


حبیب فرجالله چعب

هەروەها هۆکارێکی دیکەی ئاشکراکردنی ئەو دۆسیەیە لەلایەن تورکیاوە، ئەویش لەم ئان و ساتەدا، بۆ ئەوە بووبێت کە بەشێک لەو تۆمەتانەی لەبارەی هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ئاراستەی حیزبی دەسەڵاتداری ئاکەپە کراوە، کاڵ بکاتەوە و وایت نیشان بدات کە ئەوە گرووپێکی مافیاییە لە کوشتن و ڕفاندنی بەرهەڵستکارانی ئێرانیدا هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیران دەکات، نەک دەوڵەتی تورکیا. هاوکات بە ڕای گشتیش نیشان بدات کە گوایە بە پێداگرییەوە بەرەنگاری باندە مافییەکانی ناو تورکیا دەبێتەوە.

ڕەنگە ئەو گەمارۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەمریکا بەسەر تورکیایدا سەپاند و دەستبەجێ لەلایەن ئێرانەوە شەرمەزار کرا، ئێران و تورکیا، دوای دمەقاڵەیەکی کورتخایەن، جارێکی تر لە یەکتر نزیک بکاتەوە و ناجی شەریفیی زیندەشتیش بتوانێ شتێکی لێ هەڵکڕێنێت. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دان و ستاندنە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە هێندە چاوەڕواننەکراو نییە.


        

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷