دەستگیرکردنی خوێندکاران و چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامه
Sunday, January 10, 2021
NNSROJ: بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم یازده خوێندکار و چالاکڤانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگواستراون.
ناو و شوێنی دەستبەسەرکرانی ئەم یازدە کەسە بەم شێوەیەیە؛ فەرزاد سامانی و سۆهەیب بادروج لە کەرەج، شەپۆل خزری، دەریا تاڵەبانی، سالاری ڕەهەوی، سیروان نوری و ئەفشین مام ئەحمەدی لە مەهاباد، بەهمەن یوسف زاد، فەرهاد حەسەن زاده و فەرەیدوون حەسەن زاده لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەردەشت و دانا سەمەد لە مەریوان.
چالاکێکی مەدەنی لە شاری مەهابادەوە وێڕای پشتراستکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەربوونی پێنج چالاکی مەدەنی لە مەهاباد بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژی ڕاگەیاند:" کاتژمێر شەشی بەیانەی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکانی شاری مەهاباد بە جلی مەدەنییەوە بەشێوەی هاوکات هەڵیان کووتاوەتە سەر ماڵی پێنج چالاکی مەدەنی و دووایی گەڕان و پشکنین ماڵەکانیان، لەگەڵ خۆیانیان بردوون". بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە تا ئێستا بنەماڵەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە شوێن مانەوە و هۆکاری دەستبەسەربوونی منداڵەکانیان لەبەر دەست نییە.
فەرزاد سامانی و سۆهەیب بادروج دوو خوێندکاری کۆمەڵناسی زانکۆی خارەزمی شاری کەرەج بوونه، کە لەلایەن هێزێکی ئەمنی نەناسراوە دەستبەسەر کراون.
یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی خارەزمی کەرەج لەم پەیوەندییەدا بە ناوەندی نوچە و شرۆڤەی ڕۆژی گوت:" کاتژمێر یازدەی بەیانەی شەممه ٢٠ ی بەفرانبار، هێزێکی ئەمنی بە جلی مەدەنییەوە سەرەتا گەمارۆی بینای خەوگەی زانکۆیان دا. پاشان هاتنە ژوورەوە و سامان و سوهەیبیان ڕفاند".
ئەو خوێندکارە لەگەڵ ئەوەی هەڵکووتانە سەر نوستنگەی زانکۆ و دروستکردنی ترس لەلایەن هیزە ئەمنییەکان بە نا یاسایی لە قەڵەم دەدات، دەڵێت :"ئێمە نازانین ئەو هێزانه کێ بوون و سەر بە چ دامەزراوەیەک بوون. هەروەها خۆیان پاراست لەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە ئێمە بدەن. تەنانەت هێزە ئەمنییەکانی زانکۆش دەڵێن لە ئاگاداری هیچ نین و هیچ زانیارییەکان لەلانییە".
هەروەها چالاکێکی مەدەنی شارۆچکەی ڕەبەت لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژدا پشتراستی کردەوە کە ڕۆژی شەممە سێ کەس چالاکی مەدەنی لەلایەن هیزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. دەگوترێ ئەم سێ کەسە لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی گوندی سێسێری سەردەشت بوونه.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند گەنجێگی سەردەشتی لە بانگەوازێکی ئینتێرنەتیدا توانیبوویان چەند سەد جڵد کتێب، لە خێرخوازان وەربگرن و کتێبخانەیەکی بچووک بۆ منداڵانی گوندی سیسێر دروست بکەن.
هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری مەریوان چالاکێکی ژینگە پاریزی بەناوی دانا سەمەدی دەستبەسەرکراوە.
ئ.ب
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە