لە پای قسەی تێکۆشەرێکی فەرهەنگی سەردەمی جمهووری کوردستان یای مەزن کوبڕای عەزیمی
Sunday, April 4, 2021
NNSROJ: ئەم وتووێژە لە ئێوارەی جومعە ٤-ی فێڤرییەی ١٩٩٤ [ ١٥-ی ڕێبەندانی ١٣٧٢-ی هەتاوی] یانی زیاتر لە ٢٧ ساڵ لەمەو بەر لە ستۆکهۆڵم لە ماڵە حاجی کوبڕا خانمی عەزیمی بەڕێوە چووە. ڕەحمەتی حاجی قادری ئیفتیخاری ش لەو مەجلیسە دا بوو و بە سوێوە گوێی لە وڵامی یای کوبڕا گرتبوو بۆ پرسیارەکانی ئێمەی بە پرس، ئەمیری حەسەنپوور، زاگڕۆسی خوسرەوی و حەسەنی قازی. ناوەرۆکی کاسێتی دەنگی ئەو هەڤپەیڤینە لە دوای کۆچی دوایی وی و ئەمیری حەسەنپوور بڵاو دەبێتەوە. ئێمە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٣ و سەرەتای ١٩٩٤ لە تەک مامۆستا ئەمیر لە ئەڵمان و سوێد چەندین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کەسانێک ئەنجام دا کە لەنزیکەوە ئاگایان لە ئەزموونی سەردەمی جمهووری کوردستان هەبوو و ئەو وتوێژانە لە سەر کاسێتی دەنگ ئاستە دەکران و ئەوانەمان لە دوو نوسخە دا پاراست. بە داخەوە سێ لەو کەسانەی قسەمان لەگەڵ کردن یای مینای قازی، کاک جەلیلی گادانی و یای کوبڕای عەزیمی و ئەمیری حەسەنپوور خۆی ئێستا لە نێومان دا نەماون. من وەک وەفایەک بۆ مامۆستا ئەمیر و بۆ ئاگاداری زیاتری خوێنەرەوەی کورد لەبڕگەیەک لە مێژووی سیاسی کوردستان هیوادارم بتوانم ناوەرۆکی هەموو ئەو کاسێتانە بەرە بەرە دابەزێنم، کە ئەوە یەکەمیانە.
ئەو چاوپێکەوتنە لەگەڵ یای کوبڕای عەزیمی، لە تەک گشت ئەو وتووێژانەی لەگەڵ لە پاش بەجێ ماوانی کۆمار دا کراون جیاوازێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، یای عەزیمی بێ پێچ و پەنا وڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە و هەرچەند جار جار قسەکانی ڕەخنەگرانەن، بەڵام ڕووشێنەرانە نین و هەر وەها کەڕامەتی شەخسی گشت ئەو کەسانەی باسیان لێوە دەکا لە بەر چاو گرتووە و چەند نموونەش کە باری ژیانی شەخسی کەسان لەو سەر وبەندی دا هاتوونەتە گۆڕێ ڕووداوی ئەوتۆن کە کاتی خۆی هەموان پێیان زانیوە بۆیە گێڕانەوەیان وەنەبێ وەزەندێک بە ناو و کەرامەتیان بگەیێنێ. وەک دەر دەکەوێ وتوێژ و پرسیارەکان بە ڕێچکەیەکی سیستێماتیک دا نەچوون، لەگەڵ خۆمان هێندێک بڕاوەی ڕۆژنامەی " کوردستان" و وێنەمان برد بوو کە بە دەم وتووێژەکەوە ئاماژەیان پێ دەکرێ. لە دابەزاندن دا حەول دراوە هەموو شت وەک خۆی و ئاوا بێ کە ٢٧ ساڵ لەمەو بەر ئاستە کراوە و هیچ دەسکارییەک لە ڕاوێژی سابڵاغی یای کوبڕا و پرسیارکاران دا نەکراوە. لەم دوو کاسێتە دەنگییە دا لە هێندێک شوێن وشە و ڕستەکان جوان ئاستە نەکراون و ئەو شوێنانە بە ..... دیاری کراون. هیوادارم بە بڵاو کردنەوەی ئەم وتوێژە ڕەوانی یای کوبڕا عەزیمی شاد ببێ کە لە ٢١-ی ئاوریلی ٢٠٢٠ لە ستۆکهۆڵم لە تەمەنی ٩٥ ساڵی بە جێی هێشتین هەر ئەو شارەی لەوێ چاومان پێی کەوت. لێرە دا پێم خۆشە سپاسی سیمین ئیفتخاری بکەم بۆ ئەوەی چەند وێنەی یای کوبڕای عەزیمی دایکی لە بەر دەست نام کە لەگەڵ ئەو بابەتە بڵاوی بکەمەوە.
بۆ داگرتنی فایلی PDFی کۆی وتووێژەکە دەتوانن کلیک بکەنە سەر وێنەکەی خوارەوە
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە