بابەتی گەرم:

شەڕی هەرزەکار و کاڵفام بە سپۆنسەریی ڕەنگزەردەکان سەرنجێک لەسەر کودەتاکەی ناو میرنشینی تاڵەبانی

Saturday, July 17, 2021



عارف سەلیمی

ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەناو ئەندامانی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی یەکێتی، تاڵەبانی و شێخ جەنگییەکان ڕوویدا بە هەموو پێوەرێک کوودەتا بوو. وەکوو هەموو کودەتاکان، ئاڵوگۆڕی کتوپڕ و لەناکاوی دەسەڵات، بە پشتبەستن بە زەبری هێز بوو. وەک مەریوان وریا قانع ئاماژەی پێداوە، کوودەتایەکی ناو کۆشک بوو. لاهووری شێخ جەنگی کە تا ڕۆژی پێش کوودەتاکە، لانیکەم لە دەرەوەی یەکێتی و لای زۆرینەی کادرانی ئەو حزبەش، وا نیشان دەدرا کەسی یەکەم و خاوەن دەسەڵاتی زۆنی سەوزە، لە ئانوساتێکدا لە عەرشی ئەعلاوە کەوتە سەر ساجی عەلی. لەم کوودەتایەدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی، شەڕە دەنووکەی باڵەکان، بە زەبری هێز یەکلایی کرایەوە، هەڵبەت  ئەگەر یەکلایی  کرابێتەوە. لاهوور شێخ جەنگی که پێش کونگرەی چوارەم بانگەشەی ئەوەی دەکرد باڵباڵێن ناهێڵێت و یەکێتی دەکاتە دەنووک و دوای کۆنگرەش وای دەنواند کە ئەو دەنووکە خۆیەتی، بووە سووتماکی باڵەکان.

ئەم کوودەتایە، لە هەمان کاتدا بە یارمەتیی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتیی، بە دووپینگی پارتی، دنەدانی تورکیا و چرای سەوزی ئێران، گەیشتووەتە ئەنجام. بەتایبەت لەو سۆنگەیەوە کە سلێمانی بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو حەوشەی پشتەوەی ئێرانییەکان بووە، بەبێ مبارەکەی تاران مەحاڵ بوو سەر بگرێت. بۆ چەندەمین جار لە دوای ٣١ ی ئاب، پاسدارێکی ئێرانی بوو بە فریادڕەسی ماڵباتی تاڵەبانی. 
ئامانجی کوودەتاکە یەکلایی کردنەوەی ململانێی نێوان دوو ئامۆزا، کاڵفامێک و هەرزەکارێک بوو کە خۆیان بە هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندبوو. ململانێکە تا ئێستا پێدەچێت بە قازانجی کاڵفامەکە یەکلایی بووبێتەوە. لەم کودەتایەدا  ڕەنگزەردەکانی ناو یەکێتی (گەڵا کەسکە زەردهەڵگەڕاوەکان) ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو.

کاڵفام و هەرزەکار
بافڵ تاڵەبانی کە تا پێش نەخۆشکەوتنی مام جەلال دەنگ و ڕەنگێکی ئەوتۆی نەبوو، بێجگە لەوەی کاڵفامە سەرشێتێکی هەژدە عەیاریشە. سەرشێتییەکەی بە سەرنجدان بە جووڵە، قسە  ئەدا و ئەتوارەکانی بەرچاو و عەیانە.

هەڵسووکەوتەکانی بافڵ تاڵەبانی لە هەڵسوکەوتەکانی عودەی کوڕی سەدام حسێن دەچێت و دەتوانین بڵێین ئەتوارێکی سەرشێتانەی هاوشێوەی ئەوی هەیە. بڕیارە لەناکاوەکانی، وەک ناساندنی خۆی بە سەرۆکی یەکێتی و دەستبەسەردا گرتنی میدیاکانی لاهوور شێخ جەنگی بێ ئەوەی بۆ مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیی حیزبەکەی بگەڕێتەوە، تەنیا لە بڕیاری لەناکاوی دیکتاتۆرەکانی وەک سەدام حسێن یان عودەی کوڕی دەچێت.

ئەو وێنە و دیمەنانەی، بەتایبەت لەم یەک هەفتەیەدا لێی بڵاو کراوەتەوە، وێناکەری کاڵفامییەکەیەتی. لە دیمەنەکانی دانانی بەرپرسانی نوێێ "دژە تیرۆر" و "دەزگای زانیاری"، شێوەی منداڵێکی تەمەن یازدە ساڵانی باوک دەوڵەمەند دەدات کە تازە بە تازە لەگەڵ برادەرە کۆنەکەی شەڕی بووە و لە داخی ئەو چووە برادەرێکی تازەی گرتووە و دیقە دیقە بە برادەرەکە کۆنەکەی دەداتەوە.

بڕیارە لەناکاوەکانی ئەم چەند رۆژەی و هەروەها ئەو قسە و باسانەی لەبارەی هەڵسوکەوتی ساڵانی ڕابردووی باس کراوە، مرۆڤ دەخاتە یادی نێرۆن ئیمپەراتوورە شێتەکەی ڕۆمای دێرین کە هەم دایکی کوشت و هەم ئاگری لە شار بەردا. هیچ دوور نییە بافڵیش شەوێک لەناوکاو میزاجی تێکنەچێت و "شارە حەیاتەکە" نەسووتێنێت. 

ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەم بەڵایەی بەم کتوپڕییە بەسەر لاهوور شێخ جەنگیدا هاتووە، هەرزەکاریی سیاسیی بێت. لاهوور لەو گەنجە سیاسیانەی ناو بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی میرانخانەی هەرێمی کوردستان بوو کە لە پڕێکدا بووبووە کوڕێک. بە تایبەت دوای کۆنگرەی چوار، هەم لەناو حیزبەکەیدا و هەم لای دانیشتووانی زۆنی سەوز وای نیشان دەدا دەسەڵاتی بەڕ و بەحری ئەو زۆنە لای ئەوە. ئەمەش ئەوەی لەخۆبایی و تووشی غروورێکی هەرزەکارانە کردبوو. 

وەک گەنجێکی شازدە حەڤدە ساڵان کە بە بزەی لێو یان چاوداگرتنێکی خۆشەویستەکەی وا دەزانێ شەش دانگی دڵی بەدەست هێناوە، پێی وابوو ئیتر بۆ هەتا هەتایە وەسڵەتی لەگەڵ کورسیی دەسەڵاتی حیزبەکەی کردووە. وای دەزانی دەسەڵاتەکەی ئیتر بەسەر حیزب و جەماوەری یەکێتیدا مسۆگەرە. بەهۆی ئەو خۆشەویستییە جەماوەرییەی، کە هەتا ئێستاش دیار نییە حەقیقی بوو یان تەنیا لە ئاستی لایکەکانی ناو فەزای مەجازی بوو، وایدەزانی ئیتر قەت پاشەقولی لێ ناگیرێت، چ بگات بەوەی پشتی لە عەرز بدرێت. ئەویش لەناو ئەو حیزبەی بە درێژایی مێژووی بە باڵباڵێن و شەڕی نێوان جەمسەرەکان هێناویەتی.

لاهوور ئەوندە لەخۆبایی بووبوو، کە چیتر لەناو سەرکردایەتیی یەکێتیی، تەنانەت لە ناو بڕبڕەی هێزەکەشیدا ( دژە تیرۆر و دەزگای زانیاری) منەتی بە کەس نەمابوو. لەگەڵ بەرپرسانی ناو جومگە هەستیارەکانی یەکێتیدا، هەڵسوکەوتێکی ئاغاواتانەی هەبوو. لاسایی ئەو هەڵسوکەوتەی دەکردەوە کە بنەماڵەی بارزانیی لەگەڵ بەرپرسە کارتۆنییەکانی پارتی هەیانە. هەر ئەم بێمنەتی و لەخۆبایی بوونە بڕبڕەی پشتی شکاند. هێشتا زووە بگوترێت لاهوور وانەی لەم شکستەی وەرگرتووە یان نا. بەڵام بەحوکمی ئەوەی کەسێکی وردبینە، ئەگەر وانەی وەرگرتبێت و ئەگەر لەم کودەتایەدا بە یەکجاری نەسووتێت، دەتوانێ لە داهاتوودا سەرئێشەیەکی گەورە، تەنانەت ڕەنگە گەورەتر لە نەوشیروان مستەفا، بۆ میرزادەکانی تاڵەبانی و تەنانەت بارزانی درووست بکات. وەک دەگوترێت، ئەو دەردەی مرۆڤ نەکوژێت، بەهێزتری دەکات.

ڕەنگزەردەکان: مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و ئێستاش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

زۆربەیان لەو کەسانەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت دوای نەخۆش کەوتنی مام جەلال بە پڕۆ پارتییەکانی ناو یەکێتی ناسرابوون. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کە ئێستا خۆی چووەتە بەرەی ئەوان، پێشتر چەند جارێک بە ڕەنگ زەرد یان زەردهەڵگەڕاوەکان ناوی بردوون. دیارترینیان مەلا بەختیار و شێخ جەعفەرن.

دەگوترێت مەلا بەختیار، وەک چەندین جاری دیکە، ڕۆڵی بەکۆی عەوانی گێڕاوە. بەکرشەیتان ئەو کارەکتەرەی ناو چیرۆکی مەم و زینە کە بە نانەوەی دووبەرەکی و دووزمانی دەبێتە هۆی پێکنەگەیشتنی خاتوو زین و کاکە مەم. بەپێی ئەفسانەیەکی زارەکی، دوای مردنی مەم و زین دەچێتە سەر قەبرەکەیان لە نێوانیان ڕادەوەستێ. لەو کاتەدا هاوڕێییەکی مەم، خەنجەرێکی لێدەدات و دەیکوژێت. خوێنی بەکرد شەیتان لەنێوان قەبری مەم و زیندا دەڕژێت و لەو خوێنەی دڕکە زەردەیەک دەڕوێت، کە پێی دەڵێن دڕوو/دڕکی مەم و زین. مەلا بەختیار لەم ساڵانەی دواییدا، بەکر ئاسا، لانیکەم سێ جار ڕێککەتنامەی نێوان یەکێتیی و گۆڕانی (بە قازانجی پارتی) تێکداوە یان زەبری کاریگەری لێداوە. ئێستاش بەهۆی ئەم بەکۆییەی (دەگوترێت هەفتەیەک پێش کودەتاکە لە دیداری مەلا بەختیار لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا پلانی بۆ دانراوە)، دیار نییە هاوپەیمانییەکەی ئەمجارەی گۆڕان و یەکێتی بە چ ئاقارێکدا دەچێت.

شێخ جەعفەر تا پێش ئەم کوودەتایە، لەناو جەماوەری یەکێتیدا، یەکێ ڕوخسارە ناشیرینەکان بوو. بەخۆی و میلیشیا چەکدارەکەیەوە (ناوی کۆماندۆی لێناوە)، لە سەرۆک مافیایەک دەچوو کە بە ڕێکەوت ڕێی کەوتووەتە ناو دنیای سیاسەتەوە. 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیش کە لانیکەم تا ئێستا وای دەنواند گوایە هەڵگری میراتی هەڵوێستی "دژە بارزانی"ی باوکییەتی، لەدوای ئەم کودەتایە، بەنیسبەت بنەماڵەی بارزانی و هەروەها خوشکەزاکانی ئەوپەڕەکەی دەبێتە هاوشانی لیزا فەلەکەدین کاکەیی. ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی ١٩٦٤ەوە، دوای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان مەلا مستەفا و باڵی مەکتەب سیاسی، هەتا ساتی مەرگی خۆی وەک نەیارێکی سەرسەختی کولتووری عەشیرەیی و بنەماڵەپەرستیی بارزانییەکان وێنا کردبوو. ئەو تەنانەت زیاتر لە مام جەلال، نوێنەری سەرهەڵدێریی "شار" لەدژی عەشیرەت بوو. لانیکەم تا پێش ئەم کوودەتایە وا نیشان دەدار کە ئەم میراتەی ئیبراهیم ئەحمەد بۆ منداڵەکانیشی گواستراوەتەوە. بە تایبەت هەردوو کچەکەی، هێرۆ و شاناز، وایان دەنواند هەڵگری میراتەکەی باوکیانن. دوای ئەم کوودەتایە کۆتایی بەم میراتەی ئیبراهیم ئەحمەد دێت و ئەو وەجاخە سیاسییەی بە یەکجاری دەکوژێتەوە. لەم بەروارە بەدواوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەر شتێک لەدژی پارتی و ماڵی بارزانی بنووسێت، پوولێکی قەڵب ناهێنێت.

دوای لاهوور شێخ جەنگی و براکانی و لایەنگرانی، لە داهاتوودا گەورەترین زیان بەر ڕەنگزەردەکانی ناو یەکێتی بەتایبەت شێخ جەعفەر، مەلا بەختیار، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەوێت. لەمەودوا ئیتر ئەوان وەک "کەس"ی پلەدار لەناو یەکێتی نامێننەوە. ئەو پەڕەکەی وەک فازڵ میرانی، زەعیم عەلی و عەلی عەونی، یان دەبێ ببنە "بچووک"ی کوڕەکانی تاڵەبانی یان ئەوەتا بچنە هەولێر و بە کوڕەکانی بارزانی بڵێن "ئەزبەنی".

هەتا ئێستا ئەگەر ڕەنگزەردەکان لەناو یەکێتیدا پێگەیەکیان هەبووە، بە دووپینگی پارتی بووە. ئێستا کە کوڕانی تاڵەبانی و میراتگەرانی ئیبراهیم ئەحمەد تۆختر لەوان زەرد هەڵگەراون، ئیتر بە هەر لەونێک سەیری بکەیت، لای بارزانیش و لای تاڵەبانییەکانیش کەڵکێکی ئەوتۆیان نامێنێت. بەحوکمی سیاسەتی سەرشێتانەی بافڵ هیچ دوور نییە، شێخ جەعفەر، کە ئێستا فیسکەی سمێڵی دێت، لە ئانوساتێکدا نەکرێت سەرەونخوون نەکرێت یان مەلا بەختیار جارێکی تر لەسەر لۆفەکانی مەسیف، بە زۆر لە ئۆتۆمبیلەکەی دانەبەزێندرێت.

دوای ئەم کوودەتایە چرای بنەماڵەی کۆسرەتیش لە کزی دەدات، درەنگ یان زوو دەسەڵاتی سەربازییان لێ دەسەندرێتەوە و ئەوپەڕەکەی، ئەگەر گوێڕایەڵی میرزادەکان بن، دەبنە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و دەرمانفرۆشی شارەکە.


پەیوەندی‌دار:

لە پەراوێزی یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردیدا

لە خەندەقی ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆی کەمپی مەخموور؛ کێ کورستانی پارچە کرد؟

"جارێکیتر رێگا بۆ شەڕێکیتری نێوخۆیی خۆش مەکەن"

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

لەبەردەم زریان نابێ دیوار هەڵچنى، دەبێ چارۆکە هەڵدەی

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷