لە پەراوێزی یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردیدا
Saturday, January 15, 2022
دیداری مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دەستەی ھەڵبژێردراوی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کورد/ سەرچاوە: kurdishdc
عارف سەلیمی
سەرەتای مانگی دێسەمبری ڕابردوو، ئەو کاتەی مژاری لە قاودانی ڤێللا هەژدە میلیۆن دۆلارییەکەی مەسروور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعوود، ڕۆژەڤی سەرەکیی میدیاکانی باشوور بوو، لە کاتێکداهێشتا باسی کۆچی بەلێشاوی گەنجانی باشوور و نقوومبوون و ڕەقیوونەوەیان لە مانش و بیلاڕووسیا لە ئارادا بوو و ئەو ڕۆژانەی خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێم بۆ سەد هەزار دینار دەرماڵەی لێبڕاویان ڕژابوونە سەر شەقامەکان، لە هەولێر لەژێر چاودێریی مەسعوود و مەسروور بارزانی، یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردی بە بەشداریی دەیان کوردی نیشتەجێی هەندەران بەڕێوە چوو.
تێچوویەکی نیو ملیۆن دۆلاری لە گەرمەی قەیرانی دارایی
وەک لە ماڵپەڕی فەرمیی "ناوەندی ڕەوەندی کوردی"دا هاتووە، کۆنگرەکە ڕۆژانی چوار و پێنجی دێسەمبەر بە سەرپەرشتیی بارەگای بارزانی و لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی هەریەک لە مەسعوود بارزانی و مەسرووری کوڕە گەورەیدا بەڕێوە چووە. ١٤٠ کەس لە بیست وڵاتی جیاوازی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا، ڕووسیا و ئۆستڕالیاوە بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە کرابوون. ئەگەر تێچووی هەریەک لەو ١٤٠ میوانە بە بلیتی فڕۆکە، هوتێل، خواردن و خواردنەوەیانەوە تەنیا دوو هەزار و پێنسەد دۆلار دابنرێت، ئەوا دەردەکەوێت کە ڕێک ئەو کاتانەی خوێندکاران بۆ دەرماڵەیەکی سەد هەزار دیناری ڕژابوونە سەرشەقامەکان، لانیکەم ٣٥٠ هەزار دۆلار تەنیا بۆ بانگهێشت و حەوانەی میوانانەکانی بارەگای بارزانی سەرف کراوە. جا ئەگەر تێچووی ساڵۆنی کۆنفڕانسەکە وهەروەها مانەوەی زیاتری بەشێکی بەرچاوی میوانەکان، کە لە وێنەکانی سەر ماڵپەڕەکەدا دەردەکەوێت لانیکەم تا هەشتی دێسەمبر ماونەتەوە، بخرێتە سەر ئەو تێچوویە، ئەوا کۆی تێچووی کۆنفڕانسەکە خۆی لە پێنسەد هەزار دۆلار و بگرە زیاتریش، دەدات.
لە پیناو بە مەرجەعکردنی بارزانی
ئەم کۆنگرەیە لەلایەن ناوەندێکەوە بە ناوی "ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە" بەڕیوە چووە. ئەو ناوەندە وەک لەسەر ماڵپەڕە فەرمییەکەیدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لەلایەن بارەگای بارزانییەوە دامەزراوە. کەسێک بەناوی "تاهیر هەورامی" سەر بە بارەگای بارزانی ئەرکی دامەزراندن و سەرپەرشتیکردنی ناوەندەکەی پێ سپێردراوە. ئامانجی ناوەندەکە وەک خۆی ئیدعا دەکات، "کۆکردنەوە و ڕێکخستنی کوردانی تاراوگەنشینی هەر چوارپارچەی کوردستان"ە. ئەو کۆنگرەیەش کە لە سەرەتای مانگی دێسەمبر لە هەولێر بەسترا، دوای دوو ساڵ ئامادەکاریی ئەو ناوەندە و گوایە هەر لە پێناو ئەو ئامانجەدا بووە. ناوەندەکە ئیدعاش دەکات کە گوایە لە ڕووی سیاسی و ئاینییەوە، بێلایەنە.
بەڵام ئەگەر سەیرێکی بەشداربووان و بانگهێشتکراوانی یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردی بکرێت (بەپێی ئەو وێنانەی لەسەر ماڵپەڕەکە بڵاو کراوەتەوە) دەبینرێت، زۆرینەی ڕەهایان، تەنانەت بە میوانەکانی مەراسیمی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەشەوە، دەستوپێوەندییەکانی پارتی و بە دیاریکراوی ئەو کەسانەن راستەوخۆ سەر بە ماڵی بارزانین.
هەروەها ئەگەر سەیرێکی ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە پەیامی پیرۆزباییان بۆ کۆنگرەکە ناردووە، (پەیامەکان لەسەر ماڵپەڕی ناوەندی رەوەندی کوردی بڵاو کراونەتەوە)، دیسان دەبیندرێت کە بێجگە لەو لایەنانەی سەر بە پارتی حیسابن، لایەنەکانی دیکەی چوار پارچەی کوردستان، بەتایبەت حزبە خاوەن پێگەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور، لانیکەم تائێستا نە پەیامیان بۆ کۆنگرەکە ناردووە و نە لە ڕاگەیەندنەکانی خۆیاندا ڕووماڵیان کردووە. لەناو حزبە ڕۆژهەڵاتییەکاندا تەنیا پارتی ئازادیی کوردستان، پاک، کە حزبێکی سەر بە پارتییە و پارتی هەوڵ دەدات لە ڕۆژهەڵات بیکاتە ئاڵترناتیڤی کۆمەڵە و دیموکراتەکان، پەیامی پیرۆزبایی ناردووە.
سەبارەت بە کۆمەڵە و دیموکراتەکان، بەپێی هەندێ سەرچاوە، هیچیان بە فەرمی بەشداریی ئەو کۆنگرەیان نەکردووە. گوایە تەنیا هەندێ ئەندامی حدکا بەپێی بانگهێشتی شەخسی و بەناوی خۆیانەوە، نەک بە نوێنەرایەتیی حزب، بەشدار بوون.
بە چرای کەسکی تورکیا، بۆ دژایەتیی پەکەکە
لە بەشی "دەربارەی ئێمە"ی ماڵپەڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردیدا هاتووە: "ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە، ڕێکخراوێکە لە ڕووی سیاسی و ئایینیەوە بێلایەنە." هەروەها ئیدعای ئەوە کراوە کە چەتری کۆکەرەوەی هەموو تاک و کۆمەڵە و ڕێکخراو و مەڵبەند و فیدڕاسیۆن و پێکهاتەیەکی تری ڕەوەندیی کوردییە لە تاراوگە". لە هەمان کاتدا یەکسەر تەئکیدیشی کردۆتەوە کە مەبەستی ئەوانەیە "بڕوای پتەویان بە خاک و نەتەوە و ئاڵای کوردستان هەیە."
بەم تەئکیدەی دوایی، بەرچاوڕوونییەک لە ئامانجەکانی ئەو "ناوەندە" ئاشکرا دەبێت. دیارە وەک چۆن پارە و بوودجە و تەنانەت بەرپرسی ناوەندەکە لەلایەن بارەگای بارزانییەوە دابین و دیاری کراوە، مەرجەعی دیاریکردنی "بڕوای پتەوی ڕێکخراو و کۆمەڵ و تاکەکان بە خاک و نەتەوە و ئاڵای کوردستان" هەر بارەگای بارزانی دەبێت. لەپێشدا پەکەکە و لایەنگرەکانی، لانیکەم لەبەر ئەوەی ئیدعا دەکرێت بڕوایان بەو ئەو ئاڵایە نییە، کە لە باشوور وەک ئاڵای کوردستان ناسراوە، ئەگەر خۆشیان بیانەوێت، جێگەیان لەم ناوەندەدا نابێتەوە.
خۆی لە ڕاستیدا ناوەندێکی لەمچەشنە بۆ کوردانی تاراوەگە، لەم کاتەدا کە پارتی لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا تەواو پاڵی بە تورکیاوە داوە، گومانی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە بۆ دژایەتیی ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەورووپا و هەندەران دامەزرابێت.
پەکەکە و لایەنگرەکانی، لانیکەم بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو چالاکترین و ڕێکخراوترین ڕێکخستنەکانی ناو کوردانی تاراوگەیان هەبووە. کەم وڵات و تەنانەت شاری ئەورووپایی هەیە کە کۆمەڵەیەکی کوردیی نزیک لەو تەڤگەری تێدا نەبێت.
ڕێکخراوەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەندەران، لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا شێلگیرانە دەستیان بە جمووجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەورووپا کردووە. هاوکات هەوڵیش دەدەن سەرنجی شەقام و دامەزراوەکانی ئەورووپا بۆسەر ئەو تاوانانە ڕابکێشن کە تورکیا ڕۆژانە لە کوردستان ئەنجامی دەدات.
ئەم چالاکیانەی پەکەکە لە ئەورووپا ئەگەرچی بە گەرموگوڕیی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو نییە، بەڵام دیسانیش تورکیای لەلایەک و پارتیی لەلایەکی دیکەوە تەواو قەڵس کردووە.
بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراو و پێشبینی کراوە ئەگەر ناوەندێکی کوردیی لەمچەشنە، بەرەبەرەکانێ و دژایەتیی ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەورووپا و هەندەران بکاتە ئامانجێکی سەرەکیی خۆی. یان تەنانەت هەوڵی ئەوە بدات خۆی وەک بەدیلێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، نیشان بدات.
تەنانەت بە لە بەرچاوگرتنی پاڵپشتیی هەمەلایەنەی پارتی لە تورکیا لەشەری دژی پەکەکەدا، جێگەی سەرسووڕمان نابیت، ئەگەر شاندەکانی سەر بەم ناوەندە لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپایی و بیانی، قسەکانی ئەنکەرە سەبارەت بە گوایە تیرۆریستبوونی پەکەکە دووپات بکەنەوە. بە ئاوڕدانەوە لە ناسنامەی ئەو کەسانەی بانگهێشتی کۆنگرەی یەکەمی ئەم ناوەندە کراون، و دواتر وەک ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەر دەستنیشان کراون، دەبیندرێت زۆربەیان لە ڕابردوودا وەک دژبەران و نەیارانی تۆخی پەکەکە ناسراون.
ئەگەر ئەمە لە بەرچاو بگرین کە پارتی هاوکات لەگەڵ ئەورووپا، لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش کەوتووەتە ململانێێەکی توند لەگەڵ پەکەکە، مەسەلەکە زیاتر ڕوون دەبێتەوە. بۆ نموونە، وەک لەم ڕاپۆرتەی ستێرک تی.ڤیدا هاتووە، پارتی ماوەیەکە لە شارەکانی باکوور بە پشتیوانیی حزبەکەی ئەردۆغان سەرقاڵی درووستکردنی ڕێکخستن و کۆمەڵەی عەشیرەییە تا بەڕەی جەماوەریی باکوور لە ژێر پێی هەدەپە و لایەنگرەکانیان دەربهێنێت. یان بەپێی زانیارییەکان، پارتی لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگەی دەستوپێوەندە ڕۆژهەڵاتییەکانییەوە سەرقاڵی رێکخستنی ژێر بەژێر و کڕینی لایەنگرە. لەو چوارچێوەشدا مووچەی مانگانەی چەند سەد دۆلاریی بۆ چەندین کەس و بنەماڵەی ڕۆژهەڵاتیی بڕیوەتەوە.
لاوازکردنی ڕێکخستنەکانی ئەورووپای حزبەکانی دیکە وەک ئامانجێکی دیکە
هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی کوردانی تاراوگە لەژێر چەترێکدا بە ناوی "ناوەندی ڕەوەندی کوردی" کە راستەوخۆ گرێدراوی بارەگای بارزانی بێت، هەروەها لێدان و لاوازکردنی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵاتی حزبەکانی دیکەی چوارپارچەی کوردستانیشە. بە دیاریکراوی، چالاکییەکانی ئەم ناوەندە دوای پەکەکە، ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و دیموکراتەکان لە ئەورووپا و پێگەیان لەناو کوردە ڕۆژهەڵاتییەکانی تاراوگە بە ئامانج دەگرێت.
حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دیاریکراوی دیموکرات و کۆمەڵەکان، دوای پەکەکە و لایەنەکانی سەر بە و رەوتە، تۆکمەترین ڕێکخستن و زیاترین چالاکییان لە وڵاتانی ئەورووپایی هەبووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو حزبانە، لانیکەم وەک لە ڕاگەیەندراوەکاندا هاتووە، بە فەرمی بەشداریی ئەو کۆنگرە و ئەو ناوەندەیان نەکردووە، دەکرێت بگوترێت کە چالاکییەکانی داهاتووی ئەو ناوەندە، ئەگەر دژی ئەجێندای ئەو حزبانەش نەبێت، بە دڵنیاییەوە خزمەت بە بەرژەوەندیی و ئەجێندایان ناکات.
"ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە" ئیدعا دەکات کە دەیەوێ ببێتە چەتری کۆکەرەوەی کوردانی تاراوگەنشینی هەر چوارپارچەی کوردستان. ئەمە بە دڵنیایی هەزاران ئەندام و لایەنگری حزبە ڕۆژهەڵاتییەکانیش دەگرێتەوە کە بەشێکی بەرچاویان بە ساڵانە نیشتەجێی هەندەرانن. هەر هەوڵدانێک بۆ راکێشانی ئەم کوردانە بۆ ناو "ناوەندی ڕەوەندی کورد"، بە واتای داماڵینی ئەو حزبانە لە جەماوەر و لایەنگرانی تاراوگەنشینیان دێت.
پارتی هەوڵێکی جیدیی هەیە بۆ ئەوەی پێی دەگوترێت سیاسەت و دیپلۆماسیی دەرەکیی کوردی، بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵ و هەیمەنەی خۆیدا بێت و وڵاتانی بیانی بێجگە لە بارەگای بارزانی هیچ لایەن و ناوەندێکی تر وەک بەردەنگی کوردان نەناسن. لە ڕاستیدا مەرجی بنەڕەتی بۆ ئەوەی بارزانی بتوانێ خۆی وەک مەرجەعی چوارپارچەی کوردستان بناسێنێت، ئەوەیە کە لانیکەم هەوساری دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەکیی چوارپارچەی کوردستان لەدەستی خۆیدا بێت. لەم سۆنگەیەوە پارتی بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات هیچ حزب و لایەنێکی دیکە، تەنانەت ئەگەر ئەو حزب و لایەنە لەم قۆناغەدا لێی نزیک بێت، لەدەرەوەی بارەگای بارزانی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا هەبێت. پارتی ئەم مەبەستەی تا ڕادەیەک لە باشووری کوردستان پێکاوە. ئێستا دەیەوێ لەسەر ئاستی چوارپارچە بیپێکێت. ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت حزبی دیموکرات (بە هەردوو باڵەکەیەوە) کە لە سەردەمی دوکتور قاسملووەوە مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپایی هەیە، یان بە تەواوەتی بچێتە ژێر کۆنترۆڵی بارەگای بارزانییەوە یان ئەوەتا ڕێکخستنەکانی ئەورووپای کە کەناڵە دیپلۆماتیکەکانی ئەو حزبەن، تەواو لاواز بکرێت. ئەمەش بە ڕاکێشانی کوردانی تاراوگەنشینی ڕۆژهەڵاتی بۆ ناو ناوەندێک وەک "ناوەندی ڕەوەندی کوردی لەدەرەوە" و دوورخستنەوەیان لە حزبە ڕۆژهەڵاتییەکان مەیسەر دەبێت.
پارتی، بەتایبەت دوای ڕیفراندۆمە بەربادەکەی بارزانی و دوای ئەوەی بەشێکی بەرچاوی لایەنگرانی تاراوگەنشینی کۆمەڵە و دیموکراتەکان، بۆی کەوتنە هەلەکەسەما، تێگەیشت کە بە درووشمی بریقەداری ناسیۆناڵیستی، دەتوانێت کڵاوی دەوڵەتی سەربەخۆیان بۆ بدوورێت. هەروەها درکی بەوەش کرد کە بەشێکی بەرچاوی کوردانی تاراوگە، بە حوکمی ئەوەی حەسرەتی پەساپۆرتێکی کوردی -جا ئەگەر بۆ بستۆکە خاکێکیش بێت- بووەتە گرێ کوێرەی سەر دڵیان، دەتوانن ببنە سەرمایەیەکی جەماوەریی گەورە بۆ پارتی و خزمەت بە خەونی "مەرجەعییەت"ی بارزانی بکەن.
پارتی لە یەک دوو دەیەی ڕابردوودا، شێلگیرانە هەوڵی داوە ئەو بەڵایەی لە باشوور بەسەر حزبەکانی شیوعی، سۆسیالیست، گۆران و یەکێتیی هێناویەتی، بەسەر حزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشووردا بیهێنێت. واتە بە ڕاکێشانی کادران، ئەندامان و بەتایبەت بەرپرسانی باڵای ئەو حزبانە، وردە وردە لە خشتەیان ببات و لە ئاکامدا جومگە هەستیارەکانی حزبەکان بخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە.
پارتی ئەمەی لە باشوور تا ڕادەیەک بەرامبەر بە یەکێتیی و لە ڕێگەی ئەو بەرپرسانەی بە پڕۆپارتییەکانی ناو یەکێتی ناسراون، بۆ چووە سەر. ئێستاش وەک لەم وتارەی شوان حەمە لە ماڵپەڕی ئاوێنەدا بە درووستی ئاماژەی پێکراوە، بە ڕاکێشانی بەشێک لە ئەندامان و کادرانی حزبە ڕۆژهەڵاتییەکان، جەماعەتێک پڕۆ پارتیی ناو حزبانەی درووست کردووە. زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتییش مرخی لە حزبی دیموکرات، بە هەردوو باڵەکەیەوە، بەستووە.
پارتی دەیەوێ حزبی دیموکراتیش، وەک حزبێکی خاوەن پێگە کە لانیکەم لە سەردەمی دوکتور قاسملووەوە ستراتیژییەکی سەربەخۆی هەبووە، بەدەردی یەکێتی و حزبە زەردهەڵگەڕاوەکانی باشوور ببات. بەواتایەکی تر هەوڵ دەدات حدک و حدکا کە چەندین ساڵە بە خشکەیی لەو ڕێبازەی دوکتور قاسملوو (پاراستنی سەربەخۆیی حزبی) لایداوە، بە تەواوەتی لە میراتی قاسملوو داماڵێت و بۆ سەردەمی ئەحمەد تۆفیقی بگەڕێنێتەوە. ئەمەشی تا ڕادەیەک لە ڕێگەی ڕاکێشانی لایەنگران و ئەندامان و تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانی باڵای هەردوو باڵەکەی دیموکراتەوە بۆ چووەتە سەر.
لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی دەیان جار سەرکردایەتیی هەردوو حزبی دیموکرات ڕایانگەیاندووە کە نابێ ئەندامان و لایەنگرانیان خۆیان لە ململانێی حزبەکانی دیکەی باکوور و باشوور هەڵقورتێنن، ئەو ڕۆژهەڵاتییە پڕۆپارتیانە بەردەوام لە کێشمەکێشەکانی ماڵی بارزانی لەگەڵ نەیارەکانیدا بوونەتە کەواسووری بەر لەشکەری مەجازیی پارتی و بارزانی.
بەڵام پێناچێت هێشتا بە تەواوەتی ئامانجەکەی پێکابێت و لانیکەم هێشتا لە تاڕادەیەک سەربەخۆیی هەندێ باڵی ناو هەردوو دیموکراتەکە دردۆنگە. "ناوەندی ڕەوەندی کوردی" وەک ئاماژەی پێ کرا، پێدەچێت ئامانجێکی ئەوە بێت بە ڕاکێشانی ئەندامان و لایەنگرانی تاراوگەنشینی دیموکراتەکان ئەم ئامانجە زیاتر بپێکێت.
بە سەرنجدان لەو کوردە ڕۆژهەڵاتیانەی بانگهێشتی کۆنگرەکە کراون و بەتایبەت ئەوانەی دواتر وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕەوەندی کوردی دەستنیشان کراون، ئەو بابەتە زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
ڕۆژهەڵات تەوەرێک لە ژێر چەتری بارزانی
بەپێی وێنەکانی سەر ماڵپەڕی ناوەندی ڕەوەندی کوردی بێت، لانیکەم دوو کوردی ڕۆژهەڵاتی لە یەکەم کۆنفڕانسی ناوەندەکەدا وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوبەر دیاریکراون و ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو ناوەندە لە بارەگای بارزانی وێنەی بەکۆمەڵیان لەگەڵ مەسعوود بارزانی گرتووە.
ئەو دوو کەسەش، هەردووکیان لە ئەندامە دابڕاو و دەرکراوەکانی حزبی دیموکراتن. یەکێکیان پەیامنێری ئەمریکای کەناڵی کوردستان تی.ڤی (زمانحاڵی فەرمیی پارتی)ە کە دوای بەشداریی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی دۆناڵد تڕامپ. بە "مێستەر کورد" ناوبانگی دەرکردووە.
ئەوی دیکەشیان ئەندام و کادرێکی تا ساڵێک لەمەوبەری حدکایە کە پێشتر لە هەولێر مامۆستای زانکۆ بووە و وەک خۆی چەند ساڵ پێش لە پۆستێکی فەیسبووکیدا لێی مکوڕ هاتوووە، کاری بۆ پاراستنی پارتی کردووە. دەگوترێت هەر بە کارئاسانیی پاراستنی پارتی پەساپۆرتی عێراقیی بۆ وەرگیراوە و وەک خوێندکارێکی عێراقی لە ڕیگەی بەرنامەی تواناسازییەکەی سەردەمی حکوومەتی بەرهەم ساڵحەوە بوورسییەی خوێندنی لە بەریتانیا بۆ تەرخان کراوە.
ناوبرا کە دەگوترێت لە حدکا دەرکراوە، تا دوو سێ ساڵ لەمەوبەر نوێنەری حدکا لە بەلژیکا بوو. بەدرێژایی دە ساڵی ڕابردوو یەکێ لەو کەسانە بووە کە زیاترین داکۆکیی لە تێرمی "ڕۆژهەڵات تەوەری"ی کردووە و لە دنیای مەجازیدا وەک یەکێ لە ئاڵاهەڵگرانی رۆژهەڵات تەوەری ناسرابوو.
ڕۆژهەڵات تەوەری تێرمێکە کە لایەنگرانی دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان، وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر نزیکبوونەوەی کوردانی ڕۆژهەڵات لە پارتی کرێکارانی کوردستان دایانتاشیوە. ڕۆژهەڵات تەوەرەکان بە دیاریکراوی ئیدعا دەکەن کە دژی دەستێوەردانی حزبەکانی پارچەکانی دیکە لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. بەڵام ڕووی ڕەخنەیان تەنیا و تەنیا لە پەکەکە و لایەنگرەکانی بووە و تا ئێستا بەرامبەر بە هەوڵەکانی پارتی بۆ ڕاکێشانی کوردانی ڕۆژهەڵات بێدەنگییان نواندووە. ئێستا یەکێ لەو ڕۆژهەڵات تەورە تۆخانە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، دژی دەستوەردانی پەکەکە لە ڕۆژهەڵات قسەی کردووە، لە ڕێگەی ناوەندی کوردییەوە بە فەرمی بووەتە کارگوزارێکی بارەگای بارزانی.
پێدەچێت لەمەودوا لایەنگرە خەمخۆرەکانی کۆمەڵە و دیموکراتەکان، زیاتر لەوەی نیگەرانی پەکەکە بن، دەبێ نیگەرانی ئەوە بن کە "ناوەندی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە" کوردانی تاراوگەنشینی ڕۆژهەڵاتی لە حزبەکانیان دوور نەخاتەوە و بە بارەگای بارزانییەوە نەیانبەستێتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە