بابەتی گەرم:

شێرکۆ جیهانی

تورکیا لە شەڕی داعشدا، دەوری پاکستان لە بەرابەر تاڵیبان دەبینێ؟

Friday, December 12, 2014
شێرکۆ جیهانی

لە شەوانی ڕابڕدوودا لە کاناڵی بی بی سی فارسی، چاوم بە بەرنامەیەکی داکیومێنتی لە سەر شەڕی ئامریکا لە بەرابەر ئەلقاعیدە و تاڵیبان لە وڵاتی ئەفغانستان کەوت. لەو داکومێنتەدا ژمارەیەک لە کاربەدەستانی چەکداری ئامریکا کە بە خۆیان لە شەڕەکاندا بەشدار بوون باسیان لە مژارێکی گرینگ، واتا چۆنیەتی "پێوەندییەکانی پاکستان" لە گەڵ ئامریکا، ئەلقاعیدە و تاڵەبان دەکرد. بە گوێرەی قسەکانی ئەمان و بە شاهیدی هێندێک لەکۆنە ئەندامانی تاڵەبان کە خۆیان بە دەستەوە دابوو، پاکستان کە خۆی وەکوو دۆست و هاوبەرەی ئامریکا لە شەڕی دژ بە تاڵیبان و ئەلقاعیدە ناساندبوو، زۆر جاران بە کردەوە کڵاوی لە سەر ئامریکاییەکان ناوە و یارمەتی سەرۆکی ئەلقاعیدە "ئوسامە بێن لادەن" و چەکدارانی تاڵیبانی داوە!

وەک دەزانرێ ئامریکا لە سەردەمی داگیرکرانی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەت، لە ڕێگای پاکستانەوە یارمەتی لۆژێستیکی دەگەیاندە دەستی تاڵیبان و چەک و خۆراکی پێ دەدان. هەر لەو سەردەمەوە بوو کە پاکستان پێوەندییەکی گەرم و گوڕی لە گەڵ تالیبان پێک هێنا و بوو بە پشتیوانی ئەو ڕێکخراوەیە. پاکستان هاوکات لە پارێزگای سەربەخۆیی خوازی "کەشمیر"ی هیندوستان، بۆ لاوازکردنی دوژمنی سەرەکی خۆی "هیندووستان" یارمەتی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدات. هەڵبەت ئەو یارمەتییانە هێندێک جار توندڕەوە ئیسلامییەکانی "بەلووچستان"ی ئێرانیش دەگرێتەوە کە لێرەدا مەبەستی پاکستان نەک وەدەستهێنانی مافی گەلی بەلووچە لە ئێران (چوونکە زۆرینەی خاکی بەلووچستان کەوتووەتە نێو خودی پاکستان و لەوانیش نیگەرانە) بەڵکوو مەبەستی فشار هێنانە بۆ دەوڵەتانی جیران! 

بەو پێیە دەتوانین بڵێین کە پاکستان وەک هێلانەیەکی سەرەکییە بۆ خۆرێکخستن و پێگەیاندنی چەکدارە توندڕەوە ئیسلامییەکان. بەڵام لە بەرئەوەی کە بەردەوام زۆرینەی کاربەدەستانی ئامریکایی و بە تایبەتیش کەسانێکی وەک ژێنێڕاڵ “پەرویز موشەڕەف" دۆستایەتی خۆیان لە گەڵ ئامریکا ڕاگەیاندووە و پێیان وابووە کە دەتوانن لەو دۆستایەتییە لە دژی هیندوستان (کە ئامریکاش بە رەقیبی خۆی دەزانێت) کەڵک وەربگرن، هەر بۆیەش پاکستان دەمامکی دژایەتیکردن لە گەڵ ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکانی لە ڕووخساری خۆی داوە! ئەمەش بە تایبەت لە کاتێکدا زۆرتر کەوتە بەرچاو کە ئیتر سۆڤیەت لە ناوچەکە نەمابوو، بگرە ئامریکا بە خۆی ئەفغانستانی داگیر کردبوو. هەروەها دوای کارەساتی یازدەی سێپتامبر و هاتنی ئەلقاعیدە بۆ ئەفغانستان، پاکستان هەستی بە جددی بوونی مەسەلەکە و هەستیارتر بوونی ئامریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانی خۆی لە ئامریکا ڕاگەیاند.

بەڵام بە گوێرەی گووتەی ژمارەیەک لە فەرماندە ئامریکاییەکان و ئەو سیخوڕ یان ئەسیرانەی کە باسیان لە پێوەندییەکانی تاڵیبان و پاکستان کردووە، پاکستان فارس گووتەنی "یک بام و دو هوا" دەوری گێڕاوە و نە ویستوویەتی ئامریکا لە خۆی بڕەنجێنێ و نە ویستوویەتی تاڵیبان و سەرکردەکانی ئەلقاعیدە لەناو بچن! هەر بۆیە لە گەمەیەک کە چەندین ساڵە درێژەی هەیە، بە ڕواڵەت هێندێک جار لە سنوورەکانی خۆیەوە تەقەی لە چەکدارانی تاڵیبان کردووە و لە گەڵ یەکتر بەشەڕ هاتوون، بەڵام لەو لاشەوە یارمەتی لە وێنەی خۆراک و پۆشاک و چەکی بۆ ناردوون و تەنانەت بریندارەکانی لە نەخۆشخانەکانی خۆیدا بۆ دەرمان کردوون. لەوەش زیادتر جاری واهەبووە کە ئۆردووگای چەکداری لە ناو خوودی خاکی پاکستان پێداون لە کاتێکدا کە لە ناو ئەفغانستاندا ئامریکای هاوپەیمان خەریکی بۆمباران کردنی چەکدارانی تاڵیبان بووە!

ئەگەر چاوێک بە پێوەندییەکانی تورکیا و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ناو سوریە لە وێنەی "جبهەالنصره” و "داعش"دا بخشێنین، سیاسەتێکی هاوشێوەی پاکستان دەبینین. تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئامریکایە، هەر بۆیە دەبێ لە شەڕی دژ بە گرووپە ئیسلامییەکان یارمەتی ئامریکا و ئوروپا بدات. بەڵام لە هەمانکاتدا تورکیا دوژمنی بەشار ئەسەدە و لە خودایەتی کە ڕۆژێک زووتر ئەو دەوڵەتە بڕووخێ و دەسهەڵاتی سوننی سەربەخۆی بهێنێتە سەر کار.

لە هەمانکاتدا زۆر نیگەرانی سازبوونی حکوومەتێکی کوردی سەر بە پەکەکەیە و نیگەرانە لە سازبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان. لەم نێوەدا تورکیا (کە چەندین ساڵە حیزبێکی ئیسلامی وەک ئاکەپە حکومەتەکەی گرتووەتە دەست) لە لایەک لە هێندێک ناوچەی وەک "مێرسین" ئۆردوگای چەکداری دەدات بە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان (جیا لە ئەرتەشی ئازاد یارمەتی "جبهەالنصر"یش دەدات)، چەک و خۆراک و پارە و جلوبەرگیان بۆ دابین دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە بە ڕواڵەت خۆی لە بەرەی ئامریکا و ناتۆ دەخاتە بەرچاو! بەڵام ئایا ئامریکا کە لە پاکستان بە هەڵەکانی خۆی زانی و گومانی خستە سەر کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، ئەمجارەیان گومان لە تورکیا ناکات کە بە شێوەی نهێنی پشتیوانی لە داعش بکات؟ داعشێک کە لقی پێشووی ئەلقاعیدەیە و بە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێکخراوەکانی مرۆڤکوژی ناوچەکە دەناسرێت! تەنانەت ئەم هەڵسەنگاندنە وڵاتانی "قەتەر" و "عەرەبستانی سعوودی"یش دەگرێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر "سەلەفی" و "وەهابی"یان هەیە و پێشینەی پشتیوانیکردن لە توندڕەوە ئیسلامییەکانیان هەیە. ئایا تورکیا لر شەڕی داعیشدا، دەوری پاکستان نابینێ لە بەرابەر تاڵیبان؟

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷