حەققی ئۆزداڵ- ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: ئێنئێنئێسرۆژ
گرینگترین خاڵێک کە زۆر کەس بە مەراقەوە لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن چاوەڕوانی دەکرد، ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە بوو. پارتی دێمۆکراتیکی گەلان[HDP]، بەربەستی سەدا دەی هەڵبژاردنی تێکڕووخاند و بە وەدەستهێنانی زیاتر لە ٦ میلیۆن دەنگ، واتە سەدا ١٣ی کۆی دەنگەکان و بردنەوەی ٨٠ کورسی، لاپەڕەیەکی نوێی لە سیاسەتی تورکیادا هەڵداوە. سەرکەوتنی هەدەپە لە ئاکامی یەکگرتن و هاوکاریی نێوان بزوتنەوەی سیاسیی کورد و کۆمەڵێک گرووپ و بزوتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی تورکیا و هەروەها پشتیوانی هەژمارێکی زۆر لە گرووپ و لایەنە فێمێنیست، ئێکۆلۆژیست، لایەنگرانی ئێڵ جی بی تییەکان، عەلەوی، ئەرمەنی، ئێزیدی و سوریانییەکان و هتد هاتە ئاراوە. ئەو هەڵکشانەی هەدەپە، شوێندانانی گرینگی لەسەر داهاتووی سیاسیی نزیک و دووری تورکیا دەبێت.
گومان لەوەدا نییە کە لەمەودوا، لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی وردتر و هەمەلایەنە لەسەر هۆکارەکانی بەدەستهێنانی ئەو ڕێژە دەنگەی هەدەپە دەکرێ بەڵام دوو خاڵی گرینگ و سەرەتایی هەن کە دەکرێ وەک گرینگترین هۆکارەکانی ئەو هەڵکشانە مایەی سەرسوڕمانەی هەدەپە لێکی بدەینەوە.
یەکەم: بەشێک لە دەنگی کوردەکان کە پێشووتر دەچووە ناو گیرفانی حیزبی تری وەک ئاکەپە، ئەمجار بە هەدەپە درا و ئەمەش کۆتایی بەو بانگەشە سیاسییەی ئاکەپە هێنا کە دەیکوت “ئێمە مەزنترین حیزبی کوردی”ین.
دووهەم: دەکرێ بڵەین کە گرووپیک لە گەنجانی شارنشین لە ڕۆژئاوای تورکیا، لەم هەڵبژاردنەدا پشتی هەدەپەیان گرت. ئەم توێژە دەستیان وە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازە ئەوڕۆییەکانی پێوەندیگرتنی گشتیی ڕادەگات و بە تایبەت پاش “بەرخۆدانی گەزی” بوونە سیمبۆلی بزوتنەوەکە، ئەمجار پشتیوانیان لە هەدەپە کرد و سەرنجی زۆرێک لە دەنگدەرانیشیان بەرەو هەدەپە ڕاکێشا.
- بەربەستی لە سەدا ١٠ی هەڵبژاردن چییە؟
- ئاکامی هەڵبژاردنیی گشتیی تورکیا
هەدەپە، بە دەنگی ئەو دوو لایەنە، بەربەستی هەڵبژاردنی ڕووخاند. جگە لەوە، هەندێک ڕووداو کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت ئەو پێشهاتانەی کە بەر لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن قەومان، تەوژمێکیان خوڵقاند کە ئاکامەکەی زیادبوونی دەنگەکانی هەدەپە بوو. دە پێشهاتەی هەرە گرینگ کە دەکرێ وەک گریمانە بۆ سەرکەوتنی هەدەپە حیسابیان لەسەر بکەین بریتین لە:
١. سەندنەوەی مافی پارلەمانتاری لە خەتیب دیجلە
بەر لە خولی پێشووی هەڵبژاردنی پارلەمانیی تورکیا لە ساڵی ٢٠١١دا، سەرەتا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، مافی کاندیدکرانی لە خەتیب دیجلە زەوت کرد بەڵام پاش خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکانی باکووری کوردستان، کۆمیسیۆن بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و لە ئاکامدا، خەتیب دیجلە، بە دەنگی خەڵکی ئامەد سەرکەوت. چەند ڕۆژ دواتر، دادگای پێداچوونەوەی تورکیا بڕیاری مەحکوومکرانی دیجلە بە زیندانی پەسەند کرد و لە ئاکامدا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ٨٦ هەزار دەنگی خەتیب دیجلەی بەتاڵ کردەوە و مافی پارلەمانتارێتی لە ناوبراو سەندەوە. کۆمیسیۆن دەنگەکانی دیجلەی خستە گیرفانی “ئۆیا ئەرئۆنات” کە شەشەمین کاندیدی ئاکەپە لە ئامەد بوو و ناوبراوی ڕەوانەی پارلەمانی تورکیا کرد. بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا نەک تەنیا لە ئامەد بەڵکوو لە سەرانسەری تورکیا دەنگی دایەوە. لە کوردستان -تەنانەت هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ناو ئاکەپەش- ئەمەیان وەک “دزی”ی دەنگی خەڵک قبووڵ کرد. باوەڕ بە دزران-هەرچەند ناڕاستەوخۆ-ی دەنگەکانی بەدەپە، دەنگدەری کوردی دڵگران کرد.
٢. کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی
شەش مانگ پاش هەڵبژاردنی ١٢ی ژووئەنی ٢٠١١، کوژرانی ٣٤ هاووڵاتیی مەدەنی لە ڕۆبۆسکی، تووڕەیی سەرجەم تورکیای لێکەوتەوە بەڵام هەوڵدانی ئەردۆغان-سەرۆکوەزیری ئەوکات- بۆ پەرەدەپۆشکردن و لەبیربردنەوەی کارەساتەکە بە قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی قوربانیان، هەوڵنەدان بۆ دەرخستنی تاوانبارانی ڕووداوەکە و لەمانە گرینگتر “سپاسکردنی هێزە چەکدارەکان” بە بۆنەی ئەنجامدانی ئۆپێراسیۆنەکە، بوو بە مایەی سەرسوڕمان. ئەوکات هیچ هەنگاوێک بۆ سووککردنی خەمی ڕۆبۆسکی نەهاویشترا و دەنگدەری کورد، ئەو داخ و کەسەرەی تاسەر سندووقی دەنگدان لەبیر نەکرد.
٣. “کۆبانێ کەوت، دەکەوێ”
لە مانگی سیپتامبری ٢٠١٤وە، کۆبانێ کەوتبۆ بەر هێرشی هەمەلایەنەی داعش. لەکاتێکدا کە یەپەگە و هێزە کوردییەکان، بە کەمترین دەرفەت و ئیمکان، گیان لەسەر دەست، پێشیان بە داعش گرتبوو، ئەردۆغان کە تازە بووە سەرکۆمار، لە یەکەم سەفەری ناوخۆیی تورکیایدا لە کەمپی پەنابەرانی سووریادا لە عەنتەپ کوتی “کۆبانێ کەوت، دەکەوێ” و بە ئاماژەکردن بە شەڕڤانانی یەپەگە کە خەریک بوو شارەکەیان دەپاراست کوتی “چەندەی دژ بە داعشین، ئەوەندەش دژ بە پەکەکەین”. ئیتر فکر ناکەم پێویست بکا بێژین ئەو قسانەی ئەردۆغان چ شوێندانەرییەکیان لەسەر دەنگدەری کورد هەبوو.
٤. نەورۆزی ٢٠١٥، ستارتێکی ورەبەخش بۆ هەڵبژاردن
٢١ی مارسی ٢٠١٥، جەژنی نەورۆزی ئامەد کە بە بەشداری سەدان هەزار کەس بەڕێوەچوو و تێیدا پەیامی ئۆجالان سەبارەت بە “دانانی چەک” خوێندرایەوە، وەک دەستپێکی ورەبەخشی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەدەپە وابوو. بەشداریکردنی بنەماڵەی کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە لە خۆپێشاندانەکانی گەزیدا گیانیان لەدەست دابوو، خاڵێکی مایەی سەرنج و پەیامێکی تری گرینگی ئەو جەژنە بوو.
٥. لیستەیەکی سەرکەوتوو
لە سەرەتاکانی مانگی ئاپریلدا، ناوی کاندیدەکانی حیزبەکان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا بوون. گرینگترین ڕەقیبی هەدەپە لە کوردستان، ئاکەپە بوو کە لیستی کاندیدەکانی کێشەی زۆری لێ ساز بوو. تەنانەت وای لێهات کە لە باتمان و ئامەد هەندێک لە کاندیدەکانی ئاکەپە خۆیان لە هەڵبژاردن کشاندەوە. لە بەرانبەردا هەدەپە لیستەیەکی ئامادەکردبوو کە خواستی زۆرێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تێیدا ڕەنگی دابۆوە. لە ئاڵتان تانەوە بگرە تا جەلال دۆغان و دەنگیر میرمەهمەت فرات، لە خودا کایاوە بگرە تا گارۆ پایلان، تورگوت ئۆکەر و عەلی کەنعان ئۆغڵوو، گەلێک کاندیدی تێدابوو کە نوێنەرایەتیی زۆر کەمینەی نەتەوەیی و ئایینی و چین و توێژی کۆمەڵگایان دەکرد و لەناو کەوانەی “ژیانی هاوبەش”، سەرکەوتووانە لێک کۆکرابوونەوە.
٦. “ناتکەین بە سەرۆک”
پێموایە شرۆڤەی زۆری ناوێ! سەلاحەدین دەمیرتاش. ڕۆژی ١٧ی مارسی ٢٠١٥، لە دوا کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی حیزبەکەی لە پارلەمانی تورکیادا، بە تاقە جوملەیەک، وەڵامی سەرجەم ئەو ڕەخنانەی داوە کە لایەنە چەپ و سۆسیال دیمۆکراتەکانی تورکیا لە هەدەپەیان دەگرت.-ئەوکات هەدەپە بەوە تۆمەتبار دەکرا کە ڕێککەوتنی ژێربەژێری لەگەڵ ئاکەپە هەیە تا لە بەرانبەر هەندێک هەنگاو لە چوارچێوەی پڕۆژەی چارەسەریی پرسی کورددا، هەدەپە لە گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیادا لە پارلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و بەخشینی دەسەڵاتی زیاتر بە ئەردۆغان، پشتیوانی لە ئاکەپە بکات- بەڵام دەمیرتاش، لە کورتترین کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی حیزبەکەیدا، ڕوو لە ئەردۆغان، تەنیا گوتی لە “تۆ ناکەین بە سەرۆک”. جوملەیەک کە کاردانەوەی یەکجار زۆر بەرفراوانی لە مێدیای تورکیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و نیگەرانییەکانی گەلێک کەسی لە هەدەپە ڕەواندەوە.
٧. “پرسی کورد بوونی نییە” و “ئەمانە زەردەشتین”
سەرکۆمار ئەردۆغان، زۆر بەر لە هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردبوو. ناوبراو شار بە شار دەگەڕا و لە میتینگەکاندا بەشداری دەکرد و -ناڕاستەوخۆ- بانگەشەی-بۆ ئاکەپە- دەکرد. هەدەپەش ئامانجی سەرەکیی ئەردۆغان بوو و ناوبراو بەردەوام هێرشی دەکردە سەر ئەو حیزبە. ئەردۆغان لە ١٥ی مارس، لە میتینگێکدا وتی “سەری گەڕ و بنی گەڕ، پرسی کورد! ئەرێ پرسی کوردی چی؟ لەچیت کەمە برای من؟ چی دیکەت دەوێ؟ ئاخر بۆ خاتری خودای چ جیاوازییەکت لەگەڵ من هەیە؟ هەموو شتێکتان هەیە ئیتر”. لە ٢٨ی مانگی مەی لە میتینگێکی تردا لە ئاکسەرای، بە ئاماژە بە هەدەپە دەیکوت “ئەوانە خوانەناسن، ئەوانە زەردەشتین”.
ئەو قسانەی ئەردۆغان، ڕێک کاریگەری پێچەوانەی لەسەر دەنگدەری کورد دانا. شتێک کە ئەوڕۆژانە گۆشەنووسەکانی نزیک ئاکەپە، پەیتا پەیتا دانی پێ دەنێن.
٨. ئاڵای تورکیا لە میتینگەکانی هەدەپەدا
لەکاتێکدا کە هەدەپە بەردەوام لە لایەن نوێنەرانی پارتی دەسەڵاتدارەوە، بە “جیاییخواز” تۆمەتبار دەکرا و بە “حیزبی کوردی”ی کە نەیتوانیوە ببێتە “حیزبی تورکیا” وەسف دەکرا، ئاڵای تورکیا لەناو ئاپۆڕای بەشدارانی میتینگەکانی هەدەپەدا دەبینرا. تەنیا لە ئیزمیر و موغڵا و ئایدین و سامسون و شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیاش نەبوو بەڵکوو تەنانەت لە شارەکانی باکووری کوردستان وەک چەولیک، ئامەد، شڕناخ و وان و هتدیش ئاڵای تورکیا دەهاتە بەرچاو. ئەمەش بەتایبەت کاریگەریی لەسەر ڕەزامەندی دەنگدەرانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە هەدەپە هەبوو.
٩. فاکتەری دەمیرتاش، زمانی “گەزی”
لێدوان، دیمانە و ئاخافتنە پڕ لە باوەڕبەخۆبوون و هاوکات توانجە شۆخی ئامێزەکانی، وەڵامدانەوەی وردی بە هەر چەشنە پرسیارێک لە بەرنامەکاندا، سیمای کەسایەتییەکی ڕاستوێژی لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لای دەنگدەران ساز کرد. بەم شێوە دەمیرتاش بوو بە یەکێک لە فاکتۆرە گرینگەکان لە سەرکەوتنی هەدەپەدا. شێوازی ئاخافتنی ناوبراو، شۆخییەکانی و کایەکردنی وەستایانەی بە وشەکان، شێوازێک بوو کە لە زمانی گەنجەکان و بەشداربووانی خۆپێشاندانەکانی گەزی دەچوو. هەر بۆیەش زۆرێک لەو گەنجانەی گەزی، کە هەڵگری ئەو زمانە و ئەو پاشخانە بوون، لە شەقامەوە بگرە تا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردنی هەدەپە بوو.
- سەلاحەدین دەمیرتاش کێیە؟
١٠. هێرشەکانی سەر هەدەپە
لە مانگی ئاپریل لە ئاگری، لە مانگی مەی لە ئادانا و مەرسین و بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە سەدان شوێن لە چوار گۆشەی تورکیا، ئەندامان، لایەنگران، سەیارە، ناوەند و بنکەی هەڵبژاردنی هەدەپە کەوتنە بەر هێرش. لەو هەڵبژاردنەدا، هەدەپە زۆرترین تەگەری خرایە بەر، زیاترین هێرشی کرایە سەر بەڵام هێرشەکانی سەر هەدەپە، لە مانگی ژووئەندا لەتام چوونە دەر. لە چەولیک، شۆفیری سەیارەیەکی هەدەپە گوللەباران کرا. لە ئەرزەڕووم سەیارەیەکی تری هەدەپە بە شۆفیرەکەیەوە ئاگر تێبەردرا. ٥ی ژووئەن لە ئامەد، لەکاتێکدا کە سەدان هەزار کەس بەشداری میتینگی هەدەپەیان کردبوو، دوو بۆمب تەقینەوە و ئامەد لە لێڕەواری قەتڵوعامێک گەڕایەوە. لە ئاکامی ئەو تەقینەوانەدا هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسیش بریندار بوون. سەرباری ئەوەش هەدەپە و لایەنگرانی توندوتیژیان لەخۆ نەنواند، نەهاتنە ناو شەقامەکان و نەیانهێشت کە ئامانجی ئاژاوەگێڕان بێتە دی و لە جێگەی ئەوە، دەنگدەران، لەسەر سندووق وەڵامی گێرەشێوێنەکانیان دایەوە.
لاپەڕەی تایبەت: هەدەپەی و هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن