شێعر لە سەرەتای بوونەوە لە گەڵمانە
Wednesday, February 17, 2016
بە وێنەی: ئەوین، برسییەتی، تاعوون، شەڕ ...!

ئەرسەلان چەڵەبی
جیهانی شێعر جیهانێکی پان و بەرینە، بێ سنوورە، هیچ کات هیچ ڕەوتێکی ئەدەبی یان لایەنێک و مرۆڤێک تەنانەت هیچ سیاسەتێک نەیتوانیوە شێعر لە چوارچێوەیەکی پێناسە کراو، بەرتەسک کاتەوە. شێعر ڕۆحێکی یاغی و سەرکەشی هەیە، شێعر هێڵێکی گەش و تژی لە جوانییە کە لە سەرەتای بوونەوە لە ڕاستایی ژیاندا بوونی خۆی مسۆگر کردووە. هەر لە سەرەتای بوونەوە شێعر بەردەوام زەفەری بردۆتە ناو ڕۆح و مێشکی مرۆڤەوە و بەردەوام مرۆڤی بەرەو ئاشتی و جوانییەکان دنە داوە.
هونەر بەشێکی گرینگ و کاریگەر لە سەر کۆمەڵگا و بە گشتی نەتەوەیەکە، هونەریش بە هەر هەشت بەشەکەیەوە هەموو کات بەشێک لە مێژووی نەتەوەیەکی پی دەستنیشان دەکرێ. هونەر لە ئاکامدا جگە لە هەموو ئەو پێناسانەی کە بۆی کراوە پەیوندییەکی ڕاستەوخۆی لە گەڵ کۆمەڵگای خۆی هەیە و بەردەوام بە هەموو شێوازێک لە گەڵ کۆمەڵگا تێکەڵ دەبێ و کەڵکی خۆی لی وەردەگرێ. لە درێژەی مێژوو دا هەموو کات بار و دۆخێکی تایبەت پێویستییەک لە ناو هونەر دا بەدی دێنێت کە دەبێتە هۆی هاتن و پێکهاتنی ڕەوتێکی ئەدەبی لە بەرانبەر ئەو بار و دۆخەدا. بە دڵنیاییەوە شیعریش وەکوو بەشێک لە هونەر لەوەها بار و دۆخێک و قەیرانێکدا هیچ کات بێدەنگ نەبووە و بەردەوام لە زاو و زێی خۆیدا بووە. ئەدەبیات بە تایبەتی شیعر وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە هونەر بەردەوام لە هەموو نەتەوەکانی دونیا لە گەشە و نەشە دابووە و هاوڕێی خەم و خۆشییەکانی نەتەوەیەک بووە و بگرە زۆر جاریش دەقە شێعرییەکانی نەتەوەیەک بۆتە بەشێکی گرینگی میژووی سیاسی و فەرهەنگی ئەو نەتەوەیە و وەکوو سەرچاوە لەنگەریی لە سەر گیراوە.
شیعر دەتوانێ بابەتێکی گرینگ و رەخنەگرانە بێ لە بابەت کۆمەڵگا و هەروەها بە ڕاشکاوی عورف و سوننەت و بیر و باوەڕە کۆن و هەڵەکانی ناو کۆمەڵگا لەقاو بدا، شیعر دەتوانێ زەفەر بەرێتە ناو بیر و ڕۆحی هەموو تاکێکی کۆمەڵ و هەموو کێشە و ڕەوتە نالەبارەکانی ناو کۆمەڵ زەق کاتەوە. هەر لە سەرەتاشەوە مرۆڤ شیعری وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی خۆی دەستنیشان کردووە و هەموو کات لە خەباتی نەتەوە خوازی و سیاسی نەتەوەیەک دا بە نیسبەت هونەرەکانی کە دەوری سەرەکی گێڕاوە، بەردەوام دەقگەلێکی سەرکەتووی شێعری لە هەر نەتەوەیەک بەدی هاتووە و خاڵی جێی سرنجیش ئەوەیە کە ئەو شێعرانە لە ناو یەک نەتەوە دا قەتیس نەماوەتەوە و سنوورەکانی بەزاندووە و زەفەری بردۆتە ناو ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی شێعر خۆشەویستەوە.
ئەگەر چاوێک لە مێژووی ئەدەبی و بە تایبەت شێعری وڵاتانی بیانی بکەین و بە وردی بیانخوینینەوە دەگەینە ئەو ڕاستییە کە شێعر بەردەوام لە گەڵ ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان هەنگاوی هەڵێناوەتەوە و لە گەڵ مرۆڤی هاوسەردەمی خۆی نامۆ و غەوارە نەبووە، زۆر بوون ئەو کەڵە شاعیرانەی کە لە ڕابردوو دا بوونە بەشێک لە مێژووی نەتەوەکەیان و زۆر جاریش دەقەکانییان وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی لەنگەرییان لە سەر گیراوە. نەتەوەی کوردیش لەو بوارەدا بێبەش و دەستەوەستان نەبووە و گەلێ کەڵە شاعیری باشی تێدا هەڵکەوتووە، جیا لە دەقی سەرەنجام وەک کتێبی پیرۆزی ئایینی یارسان، ئەگەر بە شێوەیەکی نووسراوە مێژوویەک لە سەر ئەو ڕەوتە باس بکەین دەتوانین لەنگەر لە سەر پەڕتووکی بە نرخ و مەزنی "مەم و زین" ی "ئەحمەد خانی" بگرین کە 400ساڵ لەمەو بەر نووسراوە، هەرچەند ئەو پەڕتووکە بەیتێکی تڕاژێدییە هەتا حیماسی و باس لە ئەوینی بە تینی مەم و زین دەکا بەڵام لەبەر ئەوەی لەو دەقە دا باسی لە نەتەوەی کورد کردووە و سەلماندوویەتی کە کورد خاوەنی کلتووری ڕەسەنی خۆیەتی، دەگەینە ئەو ئاکامە کە بە دڵنیاییەوە مەبەستی نووسەر لەو بەیتە تەنیا و تەنیا باسێکی دڵداری نییە بەڵکوو هزرێکی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی بە شێوەیەکی وردبینانە و ئەو پەریی جوانی لە دەقەکەیدا زەق کردۆتەوە، بۆ وێنە بڕواننە ئەو شەش بەیتە لە پێنووسی بە هێزی خانی کە مامۆستا عەبدوالڕەحمان شەڕەفکەندی ناسراو بە "هەژار" کردوویەتی بە زاراوەی سۆرانی:
بێگانە نەڵین کە کورد نەزانن
بێ نووسەر و هونەر و زمانن
پێمان نەڵێ وێژەرانی بیر ورد
دڵداریی نەبوو لە ناو کورد
کوا ئێوە نە دڵتەڕن نە دڵبەر
لەم ڕێگەیە نە ڕێڕەون نە ڕێبەر
بێبەش لە گڕەی لەشی و گیانی
دڵڕەش بە ئەوینی ڕاستەقانی
کورد هێندە نە گێل و گێژ و کاسن
داخم ئەوەیە بێکەسن، کەساسن
ژیر و بە دڵن گەلێک دەزانن
بێخێوییە بێسەر و زمانن
هەروەها قەڵای دمدم و خانی لەپ زێڕینی شەڕەفخانی بەدلیسی کە ئەویش لە سەردەمی خانی دا نووسراوە و دەقێکی یەگجار شاکار و بەهێزیی میژووی ئەدەبی کوردە، بە گشتی وەها دەق گەلێک کە پەیوەندی راستەوخۆی بە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلانەوە هەیە هەمووان لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە و خاڵی هاوبەشییان بە تایبەت لە ڕووی "پێکهاتەی زمانی و مانا" یەگجار زۆرە. ئەدەبی بەرگریش لە مێژووی ئەدەبی هەر وڵاتێک زۆرترین دەوری گێڕاوە و پانتاییەکی بەرینی بۆ خۆی مسۆگر کردووە.بە دڵنیاییەوە هەموو وڵاتێکیش ئەو قۆناغەی لە ئەدەبیاتی خۆیدا بووە و دەقی شاکاریشییان لەو بوارەدا هەیە. زۆر بوون شاعیرانێک کە هەر لە سەرەتاوە هێڵی شێعرییان هاوتەریبی هێڵی ڕووداوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان بووە و بەردەوام و بێ بڕانەوە تا دوایین چرکەکانی ژیانییان لەو هێڵە دانەبڕاون و ناوییان بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی ئەو وڵاتە دا ماوەتەوە.
لێرەدا بە پێویستم زانی وێڕای ناساندنی دوو شاعیری بیانی و وەرگێڕانی کۆمەڵێک لە شێعرەکانیان، دەرفەتێک بێ بۆ ئەو کەسانەی کە وا تازە هاتوونە ناو جیهانی ئەدەب و شێعرەوە و لە گەڵ ئەو شاعیرانە ئاشنا بن و بتوانن زێدەتر بەرهەمەکانییان بخوێننەوە و هەروەها دەرفەتێک بێ بۆیان کە ئەدەبی بیانی وڵاتانی دی لە ڕابردوو و تەنانەت لە ئێستاشدا بە چ شێوە و شێوازێک لە گەڵ رووداوەکان و کێشەکانی نەتەوەی خۆیان هاوبەش و هاوسەردەم بوون.
شاعیرێکی وەکوو "شاندۆڕ پێتۆفی" بە ٢٧ ساڵ تەمەن، لە مەودای ژیانێکی کورتدا لە ڕێگەی کۆمەڵگاکەی و کێشەکانی سەردەمی خۆی و خەڵکەکەی بوو بە گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستان و جیهان، شاعیرێک کە تەنیا شێعری نەنووسی و دروشمی نەدا بەڵکوو بە کردەوەش بیر و باوەڕی ناو نووسراوەکانی بە کۆمەڵگای خۆی سەلماند و هەر لەو ڕێگەیەش دا سەری نایەوە و گیانی خۆی فیدای ئازادی و مافی نەتەوایەتی گەلەکەی کرد. یان شاعیرێک وەکوو "یاڕووس لاو سایفڕێت"کە هەموو تەمەنی لە خزمەت کۆمەڵگاکەیدا بوو، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش لە بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چێک دانەبڕا و بەردەوام و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شێعر و نووسراوەکانی لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا خزمەتی بە کۆمەڵگاکەی کرد و هەموو کات وەک شاعیرێک لە هەموو قۆناغە سیاسییەکانی سەردەمی خۆیدا بێ ترس و دروشمدانێکی بێئاکام بەرەنگاری سیاسەتی دژە مرۆڤ و دژە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دەبۆوە و تا دوایین چرکەکانی تەمەنی بۆ رۆژێکێش ژیان و نووسراوەکانی خۆی لە کۆمەڵگا و کێشەکانی خەڵکی خۆی جیا نەکردەوە. بە دڵنیاییەوە رەمزی مانەوەی هەموو دەق و هونەرمەندێکیش لە ناو گەلەکەی هەر ئەو باسەیە کە ئاماژەی پێ کرا. هەر بۆیە شاعیری گەورەی یوونانی "یانیس ڕیتسووس" لە بابەت سایفرێتەوە دەڵێ:
"براکەم، بزانە کە لە ئاکامدا فێر بووین لەگەڵ یەک بدوێن، بە ئارامی و لەو پەڕی ساکاریدا، دەڵێ: سایفرێت شێعری تاقانە و نازدار نەکردۆتەوە، ئەو شێعری لە کۆمەڵگا جیا نەکردۆتەوە، لای وایە شێعر لە سەرەتای بوونەوە لە گەڵمانە، بە وێنەی: ئەوین...! برسییەتی...!تاعوون...! شەڕ...!
"یاڕووس لاو سایفرێت" لە ٢٣ی سێپتامبری ١٩٠١ی زایینی لە گەڕەکێکی کرێکاریی ناو شاری پڕاگ لە دایک بوو. سایفرێت بەردەوام تا دوایین هەناسەکانی ژیانی بێ پسانەوە باسی لە سەر چۆنییەتی شوینی ژیان لەو گەڕەکە و هەروەها ژوورە بچووکەکانی کە بە کرێ چوووبون دەکرد، مەیکەدە و مەیگێڕ و زاراوەیەکی تایبەتی ئەو گەڕەکە لە شێوەی زاراوەی گەڕەکی "کاکنی" لە لەندەن کە تایبەتی ئەو گەڕەکەیە، سایفرێت بەردەوام تا دوایین کات ئەو وێنانەی لە گەڵ خۆی بە کۆڵ دادەدا و وەکوو نۆستالۆژییەک باسی لێ دەکرد.
سایفرێت دایکێکی کاتۆلیک و ساویلکە و باوکێکی سۆسیالیستی خودانەناسی هەبوو، ئەو بەردەوام لە گەڵ هەردووکیان دەژیا و پەیوەندییەکی زۆر باش و گەرم و گوڕی پێک هێنابوو، بنەماڵەی سایفرێت هەژار بوون بەڵام هەموو حەولی خۆیان دا هەتا کوڕەکەیان بنێرنە قوتابخانەیەکی باش بۆ خویندن، بەڵام سایفڕێت خوێندنی بە نیوچڵی بەجێ هێشت و سەرقاڵی کاری هەواڵنێری و ئەدەبیات بوو، هەروەها هەموو کاتەکانی ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ نووسین و ڕاهێنانی شێعر تەرخان کرد.
سایفرێتی تازە لاو بەر لە هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم و هەروەها بەو پێیە کە چێک ئەیالەتێک بوو لە وڵاتی پاشایەتی ئۆتریش، چالاکییەکانی خۆی وەکوو شاعیرێک بە شێوەی فەرمی وەگەڕ خست. سایفرێت سەرەتای نووسینی بۆ ماوەیەک لە بیر و باوەڕەکانی پڕۆلیتاری و ئاناڕشیستی نزیک دەبۆوە، لە ساڵی ١٩١٨ کە چێک بوو بە وڵات و سەربەخۆیی وەرگرت سایفرێت بوو بە ئەندامی لایەنی چەپی سۆسیال دێموکڕات و لە ساڵی ١٩٢١ کە حیزبی کۆمۆنیست سازمان درا وەکوو ئەندامیکی فەرمی ئەو حیزبە دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد.
یەکەم کۆمەڵە شێعری سایفرێت لە ژێر ناوی "شار نوقمی فرمێسک" چاپ و بڵاو بۆوە و جێی ئاماژەیە کە ئەو پەڕتووکە بوو بە ڕەسەنترین بەرهەمی پڕۆلیتاری میژووی چەک، لەو کۆ شێعرەدا سایفرێت بەردەوام باس لە ئەوین و ئازادی و راستی و پاکی دەکا و بە دژی فەسادە سیاسییەکان دەوەستێتەوە و لە بەرابەر هەموو ئەوانەی کە بەرژەوەندی گەل فیدای بەرژەوەندی حیزب دەکەن بە شێوەیەکی شاعیرانە هەڵوێست دەگرێ و ئەو ناحەزییانەی لەقاو دەدا.
بیر و باوەڕی سایفرێت بە شۆڕش لە بڕوای ئەو بە ئاڵ و گۆڕی بارودۆخی کرێکار و ژیانی خەڵک سەرچاوە دەگرێ، نەک ئەوەی کە ئەو هۆگری دەسەڵاتی سیاسی و کوشتن و بڕین و هەڕەشە لەو چوارچێوەیە دا بێ، ئەوین و جوانی لە شیعرەکانی ئەو دا بەردەوام بە سەر نیفرەت و ناحەزیدا زاڵە و خۆ وەدەر دەخا.
لە دوای ماوەیەک هاوڕێ نوێخوازەکانی سایفرێت وەکوو، کاڕێڵ تیگە، ئێستانیسلاو نێئوومان بوونە هۆی دابڕانی سایفرێت لە ئەدەبی پڕۆلیتاری و ئاشنابوونی ئەو لە گەڵ شێوازە نوێیەکانی شێعری پێشەنگی ئەو سەردەمە، سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠ کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری لە ناو جەغزێکا کۆ کردەوە بە ناوی "دێوێتسیل" کە ناوی جۆرە گیایێکە و لە فەرهەنگی وشەکاندا بە مانای "حەوت هێز" یان "مەعجوون" خۆی دەر دەخا. ژیان و چالاکی ئەو شاعیرە لەو ساڵە بە دواوە لە گەڵ ئەو کۆمەڵە نووسەرە و هەروەها جووڵانەوەیەکی کە بە ناوی "پۆئێتیسم" تێکەڵ بوو کە مانیفێستی ئەو کۆمەڵە نووسەرە بە شێوەیەکی کورت و هەڵبژاردە بریتی بوو لەو چەند دێڕەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەکەم:
"بەر لە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ، ئەرکی سەرەکی مرۆڤ نۆژەنکردنەوەی جیهانە، پەیویستە شاعیران و بیرمەندان شان بە شانی سەربازە شۆڕشگێڕەکان هەنگاو بنێن، ئامانجی ئەوان یەکسانە، تەنیا جادەیەک بەرەو داهاتوو کۆتایی دێت، هونەری ڕابردوو، بگرە لە شێوازەکانی کووبیسم، فۆتۆڕیسم، ئۆڕفیسم یان ئێکسپێڕسیێۆنیسم، لە زاتی خۆیدا بە جوان و پەیویستی دادەنێن...،"
ئەو بیر و باوەڕە هونەرییانە لە پێناو ئامانجەکانی پڕۆلیتاری و کۆمۆنیستی دەزانی و ژیانییان بە بەشێک لە هونەر دەزانی و لایان وابوو کە هونەرەکانی کەش دەبێ بێنە ژێر سێبەری ئەو بۆچوونە، ئاواتی ئەوان پەیوەندی دانەوەی ژیان لە گەڵ بەشەکانی هونەر بوو، ئەو ساڵانە واتە دەیەی بیست دەورانی لاویی و جم و جۆڵە سەرەڕۆکان و چالاکی ئەوان بوو لە بواری شێعر و سیاسەت و ژیاندا، هەروەها بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان، کافە و چایخانەکان کۆ دەبوونەوە و بەردەوام لە مشت و مڕی سیاسی و ئەدەبی دابوون.
سایفڕێت بەردەوام لە ناو رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکان کە زۆربەیان کۆمۆنیستی بوون چالاکییەکانی خۆی پەرە پێدا و لە کۆتاییەکانی دەیەی بیست بوو بە سەرنووسەری گۆڤاریکی بەناوبانگ و بەهێزی کۆمۆنیستی، بە شوێن ئەو چالاکییانە دا پەڕتووکێکی کەی لە شێعرەکانی و هەروەها وەرگێڕانی شاعیرانی سەمبۆلیستی ڕووسییە و هەروەها شاعیرانی فەڕانسە وەکوو پۆل وێڕلێن و گیێۆم ئاپۆلینێڕی چاپ و بڵاو کردەوە و دواتر لە گەڵ "تیگەی" هاوڕێی، سەفەرێکی دوور و درێژییان لە ئۆتریشەوە تا باکووری ئیتالییا دەست پێکرد و لە ساڵەکانی ١٩٢٨ و ١٩٢٥ بەرەو ڕووسییە ڕیگەیان گرتە بەر، جێی ئاماژەیە کە سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠ لە بیر و بایەخەکانی پۆئیتیسم دوور بۆوە و مەودای لێ گرت.
لە ساڵی ١٩٢٩ سایفرێت لە گەڵ هەشت نووسەری کۆمۆنیستی کە، نووسراوەیەکییان بە دژی سەرۆکی ئەو کاتی چێک بە هۆی هەندێک کردەوەی ناشیاو بڵاو کردەوە کە بووە هۆی دەرکردنی هەموویان لە حیزب، سایفرێت بە پێچەوانەی هەموو هاوڕێکانی بۆ هەمیشە تێکەڵی حیزب نەبۆوە و بەردەوام بۆ هەمیشە وەکوو هەواڵنێر و سەرنووسەری چاپەمەنییەکان و هەروەها بڵاو کردنەوەی چەند کۆمەڵە شێعری کەو و کۆکردنەوەی شێعرەکانی سەدەی نۆزدەهەمی چێک لە دووتوێی کتێبێکدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا، سایفرێت لە کۆمەڵە شێعرەکانی خۆی شێوازی تایبەتی خۆی پەرە پێدەدا و زۆربەی شێعرەکانی کورت و ساکار و سەرڕێژ لە جوانی بوون کە ڕیتم و مۆسیقایەکی تایبەتی لە ناو خۆدا حەشار دابوو، دوای خوێندنەوەی هەستت دەکرد کە شێعری گۆرانییەکت خوێندۆتەوە. لە ساڵی ١٩٣٧ پەڕتووکی "هەشت ڕۆژ" بڵاو بۆوە، شێعرەکانی ئەو کۆ شێعرە باس لە خەفەتێک دەکا کە زۆربەی خەڵکی چێک لە ناو دڵی خۆیانا ئەو خەفەتانە دەبیننەوە. خەفەتی لە قیسچوونی یەکەم سەرۆک کۆماری چێک "تۆماس گاریگە مازاریک" فیلسووف و بیرمەندێک کە هێمای دێموکڕاسی و سەربەخۆیی و یەکەمین سەرۆک کۆماری چێک بوو. لە ساڵی ١٩٣٨ کۆ شێعری "چراکان بکووژێنەوە"ی بڵاو کردەوە کە زێدەتر یادداشتی رۆژانەی شاعیری لە خۆ دەگرت و باسی لە هەڕەشەکانی ئاڵمانی نازی و یەکگرتوویی خەڵکی چێک لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا دەکرد کە بە داخەوە دواتر بە بە هۆی سەرۆک کۆماری ئەو کاتە تەسلیم دەبن و دەست لە سنوورە نەتەوەییەکان دەکێشنەوە و بە شێوازێکی یەگجار دڵتەزێن کۆتایی پێ دێت.
لە دوای داگیرکردنی پاشماوەی وڵاتی چێک لە لایەن ئاڵمانییەکان، سایفێرت لەو ماوەیەدا سێ کۆمەڵە شێعری کەی چاپ و بڵاو کردەوە کە کاریگەرییەکی یەگجار زۆر و باشی لە سەر ئیرادە و هەستی نەتەوەیی و بەرخۆدانی خەڵکی چێک دانا، ئەو شێعرانە بە ناوەڕۆکی وڵات پارێزی و خۆشەویستی نیشتمانی دایک و خۆشەویستی بۆ پڕاگ زەفەری بردە ناو دڵی خەڵکی چێک و لە مەودای ساڵەکانی ١٩٣٩ هەتا١٩٤٥ سایفێڕت بوو بە شاعیری نەتەوەیی چێک و بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەربڵاو کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لە گەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەی خەڵک و چێک بوو، دەخوێندراوە، لە ناو هەموو ماڵێک دا نووسراوەکانی سایفێڕت وەدەست دەکەوت.
دوای رزگاری وڵاتی چێک لە ساڵی١٩٤٥، سایفێڕت چالاکییەکانی خۆی لە بواری هەواڵنێری درێژە پێدا و دوای پێکهاتنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی، خۆی لە ناو چاپەمەنییەکی داخراو و سەرڕێژ لە سانسۆڕ دا دیتەوە و لە لایەن دەڵەتەوە تۆمەتی بورژوا و دوژمنی خەڵکی لێ درا، بە شوێن ئەو کێشانەدا لە چالاکییە هەواڵنێرییەکەی دوورەپەرێزی کرد و خۆی بە وەرگێڕان و پێداچوونەوەی پەڕتووکەکان خەریک کرد.
لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کۆمەڵە شێعرێکی کە لەو شاعیرە بڵاو بۆوە و لە ساڵی ١٩٥٦ لە دووهەمین کۆنگەرەی یەکییەتی نووسەرانی چێک لە پشت تریبوونەوە رایگەیاند کە: "بەو هیوایەی ئێمە ویژدانی خەڵکی خۆمان بین، بڕوام پێبکەن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو ئێمە هیچ کە ویژدانی خەڵکی خۆمان نەبووین، بەڵکوو تەنانەت ویژدانی خۆشمان نەبووین،ئەوەی لە بەرانبەر راستی دا بێدەنگی هەڵبژێرێ، مرۆڤێکی نگریس و درۆزنە."
سایفێرت لە ساڵی ١٩٦٥ بە نووسین هەندیک شێعر و پەڕتووکی کە بە تەواوی لە شێوازەکانی ڕابردووی خۆی دابڕا و بە شێوەیەکی ساکار و دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزییەک هاتە ناو قۆناغێکی کە لە ئەدەبی ئەو وڵاتە و لە ساڵی ١٩٦٧ خەڵاتی نووسینگەی چاپەمەنی نووسەرەکانی چێکی پێ بەخشرا و هەر لەو ساڵەشدا وەکوو "هونەرمەندی نەتەوەیی وڵاتەکەی" نێودێر کرا.
لە ساڵەکانی ١٩٦٨ هەتا ١٩٧٥ شێعرەکانی ئەو شاعیرە هاتە سەر زمانی ئینگلیسی و لە ئامریکا و کانادا و بریتانیا چاپ و بڵاو بوونەوە. لە ئاکامدا لە ئۆکتۆبری ١٩٨٤ خەڵاتی ئەدەبی نۆبێلی بردەوە سرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێش کرد و لە ساڵی ١٩٨٦ ماڵئاویی لە شێعر و ژیان و چێک کرد و کۆچی دوایی کرد.
بخوێننەوە شێعرێک لەو شاعیرە:
"..."
پێنووسەکەم
ئیتر وشەکان هەڵناپەڕێنێ؛
شێعر
خامۆش و بێدەنگ دەمێنێتەوە...
بە وێنەی دڵۆپە فرمێسکیکی قەتیس بوو لە کونجێکی چاو دا.
"شاندۆڕ پێتۆفی" شۆڕشگێڕی شێعر و نەتەوە
شاندۆڕ پێتۆفی، گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستانە و لە ڕیزی گەورەترین شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی جیهان دا جێ دەگرێ، پێتۆفی، شاعیر و قارەمانێکە کە شێعر و ژیانی ئەو یەکسەر هێمای ئازادیخوازی نەتەوەیەک بووە و شێعرەکانی و ژیان و نەتەوەکەی بە شێوەیەکی لێکدانەبڕاو پێکەوە گرێدراون و نەک هەر بە تەنیا شێعرەکانی بەڵکوو هەموو ژیان و ناخی خۆی لە پێناو نیشتمان و داهاتووی نەتەوەکەی و هەروەها جیهان بە گشتی تەرخان کرد. ژیانی پێتۆفی وەکوو ژیانێکی ئاسایی شتێکی سەیر و سەمەرەی پێ نییە بەڵام بۆ ناسینی ژیانی راستەقینەی ئەو دەبێ مێژووی نەتەوەیەک پەڕ بە پەڕ هەڵدەیەوە، چۆن ژیان و بەسەرهاتی ئەو لە گەڵ نەتەوەکەی تێکەڵ ببوو.
شاندۆڕ پێتۆفی، لە یەکەمی ژانوییەی ساڵی ١٨٢٣ لە گوندێکی بچووکی مەجارستان چاوی بە دونیای ڕوون هەڵێنا، بنەماڵەێیکی لادێیی و دایکێکی ساویلکە و باوکێکی وەرزێڕ کە دواتر دووکانێکی بچووکی لە ناو گوندەکە کردەوە. دایک و بابی ئەو شاعیرە هەموو حەولی خۆیان وەگەڕ خست هەتا حەولادەکەیان دەرس بخوێنێ بەڵام بە هۆی کێشەی ئابووری و ئەستەمی ژیان بەو ئاواتەی خۆیان نەگەیشتن. ژیانی پێتۆفی لە گەڵ هەژاری و نەهاتی تێپەڕ بوو و لە تەمەنی شانزدە ساڵی بەو لاوە بەردەوام لە ناو خەبات و رەنجدا خاراو ببوو. یەکەم شێعرەکانی هەر لەو سەردەمەشەوە دەنووسرێ، لەو کاتەشدا لە قوتابخانە هەڵات و وەکوو ئەکتەری شانۆ ماوەیەکی زۆر دەربەدەری شار و دێهاتەکان بوو، هەر لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە پێتۆفی لە گەڵ رەنج و ئێش و زامی کۆمەڵگاکەی کە بە دەست دەرەبەگایەتییەوە دەیانناڵاند، زۆرتر ئاشنا بێ و پەیوەندییان لە گەڵ بگری.
پێتۆفی شۆڕشی مەزنی فەڕانسەی زۆر خۆش دەویست و بە شێوەیەکی ورد هەموو کارەساتەکانی ئەو شۆڕشەی خوێندبۆوە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر دانابوو، جێی ئاماژەیە کە کوتبووی:
"پاڕانەوەی سەر لە بەیانی من مێژووی شۆڕشی فەڕانسەیە، ئەو ئینجیلە نوێیە، ئازادی و رزگاری فێری مرۆڤەکان دەکا"
سەردەمی ژیانی کورتی پێتۆفی هاوکات بوو لە گەڵ داگیرکردنی مەجارستان لە لایەن داگیرکەرەکانی ئۆتریش، جێی ئاماژەشە مەجارستان بەر لەو بۆ ماوەی سەدە و نیوێک لە ژێر چەتری داگیرکەری تورکەکانی عوسمانی دابوو. لە سەردەمی داگیرکەری ئۆتریش دابوو کە پێتۆفی لاو و شاعیر لە مەجارستان هاتە دونیا و لە گەڵ کۆمەڵگا ئاڵۆزەکەی خۆی تێکەڵ بوو و هەروەها هەنگاوی نایە ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە.
لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە گۆڤاریکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی لە بووداپۆستی پێتەختی ئەو وڵاتە درێژەی بە چالاکییەکانی خۆیدا. شێعرەکانی پتۆفی لە هەموو شوێنێک بڵاو دەبوونەوە و شێعری "دوژمنی پاشاکان" نیشاندەری ئەوە بوو کە ئەو لاوە شۆڕشگێرە بە هەموو هێزەوە بە دژی ئیمپڕاتووری پاشاکان وێستاوە و چاوەڕوانی شۆڕشێکە عالەمێک رزگار بکا.
بە داخەوە لە هاوینی ساڵی ١٨٤٩ ئەو کات کە پێتۆفی تەنیا بیست و شەش بەهاری لە ژیانی خۆی تێپەڕ کردبوو لە شەڕێکی خوێناوی و درێژ خایەن لە بەرابەر هێزە زۆرەکانی بەرانبەردا گیانی خۆی بۆ ئازادی و شۆڕشی وڵاتەکەی بەخت کرد و کوژرا.
شێعری پێتۆفی شێعرێکی ساکار و بەچێژ بوو کە دەنگ و هاواری بە ئێشی نەتەوەیەک کە وەئاگا هاتوون تێیدا دەنگ دەداتەوە و هەروەها بەو هۆیە کە پێتۆفی لە ناو خەڵکدا بەدی هاتبوو و هەروەها خۆی بە کوڕی نەتەوەکەی دەزانی باشتر لە هەر کەسێک ئاوات و زامەکانی وڵاتەکەی لە نووسراوەکانیدا زەق دەکردەوە.
شاندۆڕ پێتۆفی، لە گەڵ شاعیرە شۆڕشگێرەکانی ئورووپا وەکوو: بڕانژە، هانڕی هاینە، شێلی و بایڕوون ئاشنا بوو و بەرهەمی هەموانی خوێندبۆوە، هەروەها بەشێک لە بەرهەمەکانی شکسپیڕی وەرگێڕابۆوە سەر زمانی مەجارستان کە لە دوای سەدەیەک وەرگێڕانێک لە وەرگێڕانەکەی پێتۆفێ باشتر بەدی نەهاتووە.
ئەگەرچی ئەو شاعیرە تەنیا حەوت ساڵ شاعیری کرد و نووسی بەڵام یەکێکە لە گەورەترین شاعیرانی مەجارستانە و نهێنی ئەو گەورەبوونە لە تێکەڵبوونی دڵی لە گەڵ خەڵکەکەی خۆی و کێشەکانی ناو کۆمەڵگاکەیدا بووە،
بخوێننەوە چەند شێعر لە شاندۆڕ پێتۆفی:
"لە خەونمدا شەڕم دی"
دوێشەو لە خەونمدا شەڕم دی
مەجارەکانییان بەرەو شەڕ هان دەدا و
بۆ بانگێشتییان بە نەریتێکی کۆن،
شمشێری خوێناوییان بۆ هەموو وڵات دەنارد.
بە بینینی شمشێری خویناوی، ڕاچڵەکان
تەنانەت ئەوانەی دڵۆپە خوێنیکیان لە دەمار دابوو
کەس بۆ پووڵ و پلە خەباتی نەدەکرد
هەموو بۆ تاجی درەوشاوەی ئازادی.
بە هەڵکەوت رۆژی زەماوەندی ئێمە بوو
زەماوەندی من، زەماوەندی تۆ، خۆشەویستەکەم
بۆ گیانبەخت کردن لە پێناو وڵاتەکەم،
یەکەم شەوی بەیەک گەیشتنمان جێ دێلم.
خۆشەویستم، ئەستەمە،
لە وەها رۆژێکدا بەرەو پیری مەرگ چوون؟...
گەر چارەنووسی وەها بوێ
وەها دەکەم، وەها کە لە خەونمدا دیتم...
"بیرەوەری"
بیرەوەری!
تۆ، تەختە شکاویی بەلەمێکی نوقمبووی
کە ڕاکێشی راکێشی شەپۆل و با
تووڕی دایە کەنا زەریا.
"ژنەکەم و شمشیرەکەم"
کۆترێ بە سەربانی ماڵەوە
ئەستێرەیەک لە ئاسماندا ئۆقرەی گرتووە و
لە ئامێزی مندا
ژنە خۆشەویستەکەم.
لە ئامێزما
بە ئەسپایی دەیبزوێنم
بە وێنەی شەونمێ بە سەر گەڵای درەختەکانەوە.
نها کە لە ئامێزمایە
چما ماچی نەکەم؟
لێوەکانم بۆ ماچ
نە لەچەرە و نە بێهێز
زۆری لێدەڵێن
بەڵام هەموو کات بە نیوەچڵی
چۆن نیوەی قسەکانمان
لە نێوان ماچەکاندا ون دەبن.
شادی ئێمە مەزنە و
چێژی ئێمە بێکۆتا
بەختەوەریمان درەوشاوە
بە وێنەی مروارییەکانی ناو ئاو
بەڵام شمشێرەکەم
حەز ناکا و
لە سەر دیوارەوە لە ئێمە ڕاماوە
بە نیگای بەسام و تووڕەیەوە.
سەرچاوەکان:
"عاشقانەکانی یارووس لاو سایفێڕت" / شێعری چێکۆسڵەواکی
وەرگێڕ: فەریدە حەسەنزادە
چاپەمەنی: "نگاە"
ساڵی چاپ: ١٣٨٤
.............................................................
شاندۆڕ پێتۆفی / شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستان
کۆکردنەوە و وەرگێڕان: مەحموود تەفەزولی، ئانگلا بارانی
ساڵی چاپ:١٣٣٢
چاپەمەنی تاران
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە