عیسمەت بەرکان – حوڕییەت
لە تورکییەوە: ئاوارە وڵات
خەریکم لە رووی داتا و ژمارەکانەوە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیران دەڕوانم.
لە وتارەکەی پێشوومدا هەوڵمدابوو ئەمە بڵێم؛ لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ مانگ لەمەوبەرەوە(هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان) تا ئێستا ئەو ٣ ملیۆن دەنگەی بە پارتی دیموکراتیکی گەلان دراون، لە ڕووی سیاسییەوە چارەنووسی تورکیایان دیاری کرد.
هەر لە وتارەکەی دۆینێمدا نووسیبووم؛ تاکە براوەی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان هەدەپەیە، چونکە حیزبەکانی دیکە بە بەراورد لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی، دەنگەکانیان دابەزیوە. سەیرەکە لەوەدایە ئەو مەهەپەیەی کە بە یەکێک لە سەرکەوتووەکانی ئەم هەڵبژاردنەی دەزانن، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەوە تا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، ٧،٨%ی دەنگەکانی لەدەستداوە. لە ماوەی ئەو ١٤ مانگەدا دەنگەکانی ئاکەپە بە رێژەی ٦% و دەنگەکانی جەهەپەش بە رێژەی ٢،٦% کەمیان کردووە.
ویستم لەوە بکۆڵمەوە کە هۆکاری زیادبوونی ١٠٤%یی دەنگەکانی هەدەپە بۆ چی دەگەڕێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە رووی داتا و ژمارەی دەنگەکانی سندووقەکانەوە کۆم کردوونەوە لە نزیکەی ٦ ملیۆن دەنگەکەی هەدەپە، ٩٠٠ هەزار دەنگ هی دەنگدەرانی نەکوردە. ئەمەش بە گشتی دەکاتە نزیکەی ٢%ی دەنگەکان. باقیەکەی بە ٢ ملیۆن دەنگی زیادبووشەوە هی دەنگدەرانی کوردە.
لە هەر ١٠ کورد، ٦ کەسیان دەنگیان بە هەدەپە داوە
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەڵێ؛ لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەوە تا ئێستا چی روویدا؟ دەتوانم بڵێم؛ ٦٠%ی دەنگدەرانی کوردی تورکیا لەم هەڵبژاردنەدا وایان پێ باش بووە دەنگ بە حیزبەکەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد بدەن. پێشتر ئەم رێژەیە لە نێوان ٤٠% بۆ ٥٠%دا بوو، بەڵام ٥٠%ی تێنەدەپەڕاند. هەوڵدەدەم لەو ٦٠%ەش وردببمەوە.
لە ڕوانگەی "تارهان ئەردەم" خاوەن و دامەزرێنەری کۆمپانیای کۆندا(KONDA)وە کە دامەزراوەکەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشی بە درووستی پێشبینی کردبوو، لە تورکیا نزیکەی ٨ ملیۆن دەنگدەری بە رەچەڵەک کورد هەیە. پتر لە ٥ ملیۆنی ئەو دەنگدەرانە ئێستا دەنگیان بە هەدەپە داوە. ژمارەیەکی هاوشێوە لە لێکۆڵینەوەکەی "عادڵ گور"یشدا دەبینین؛ لەم هەڵبژاردنەدا ٦٠%ی دەنگدەرە کوردەکانی تورکیا، دەنگیان بە هەدەپە داوە.
باشە چۆن بوو لە ناکاو رێژەی دەنگدەرە کوردەکانی هەدەپە لە ٣ ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن هەڵکشا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لێکۆڵینەوە و داتای پێویستمان لە بەر دەست نییە. مەگەر ئەوەی کە لە ژێر تیشکی رووداوە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم ١٤ مانگەی دواییدا، هەندێک شت بڵێین. ئەگەرچی لە گۆشەی رۆژنامەکان و پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەکاندا گەلێک قسە و باس لە سەر ئەم بابەتە دەکرێن و هەندێکیان تیتاڵێک لە راستیی بابەتەکەش دادەڕن، بەڵام لە بەر ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەلمان لە بەر دەست نیە، جارێ ناتوانین قسەیەکی ئەوتۆی لە سەر بڵێین.
توانەوەی دەنگەکانی ئاکەپە لە باکووری کوردستان
تێبینی: لەم خشتەیەدا تەنها ناوی ئەو شارانە هاتووە کە هەدەپە تێیاندا یەکەم هاتۆتەوە. لەم شارانەدا سەرنجم دایە پاشەکشەی دەنگەکانی ئاکەپە.
٥ تیئۆری
بۆیە منیش بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە ئەم بۆچوونانەم تەنها ڕوانگەیەکی تیئۆرین، چەند خاڵێک دەستنیشان دەکەم کە پێموایە بوونە هۆی هەڵوەرینی ئەو ڕێژە دەنگە زۆرە لە ئاکەپە:
هۆشیاریی پەرەسەندووی کورد: سیاسەتی تورکیا سەبارەت بە سوریا و هەڵوێستی "برا مسوڵمانی"ی دەسەڵات، بە تایبەتیش لێدوانەکەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان سەبارەت بە "هەربینا کەوتنی کۆبانی"، بۆتە هۆی پەرەسەندنی هۆشیاری لە نێو کوردەکانی تورکیادا. لەوانەیە کوردەکان لە نێو خۆیاندا وایان بیرکردبێتەوە کە؛ "تورک و عەرەب یەکیان گرتووە و دەیانهەوێ لەناومان ببەن".
خەڵاتی پرۆسەی چارەسەری: بوونی مەودایەک لە نێوان هەدەپە و پەکەکە و خۆبواردنی لە توندوتیژی، یەکێک لەو بابەتانەیە کە مشتومڕێکی گەرموگوڕی لە سەر دەکرێت. بە تایبەتیش کاتێک ئەو حیزبە کەسێکی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی کۆماری تورکیا کاندید کرد و مزگێنیی وەستانی شەڕ و توندوتیژی دا، وێدەچێ کوردەکان پشتیوانییان لێ کردبێت، چونکە دەتوانین ئەو دەنگانەی بە هەدەپە دراون وەک ئەو پەیامەی دەنگدەری کورد بخوێنینیەوە کە دەڵێت: "جارێکی تر دەست بۆ شەڕ و توندوتیژی مەبەنەوە، ئێمەش ئاوا خەڵاتتان دەکەین".
ئاکەپە دەبێتە حیزبی دەوڵەت: دەنگدەری کورد زۆر لەمێژە پتر دەنگ بەو حیزبانە دەدەن کە مەودایەکیان لە گەڵ دەوڵەت و ئایدۆلۆژیای رەسمیی کۆمار هەیە. لە ساڵانی نەوەددا پارتی رەفاه هەر بەم هۆکارە دەنگێکی زۆری لەو هەرێمە بەدەستهێنا. ئاکەپەش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧دا رێژەی دەنگەکانی لەو هەرێمەدا گەیاندە چڵەپۆپەی خۆی. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بە تایبەتیش بەو بیچم و شێوازەی کە پرۆسەی ئاشتی پێ بەڕێوەدەچوو، بەرەبەرە رەخنەی ئەوە لە ئاکەپە گیرا کە ئەویش بووە بە حیزبی دەوڵەت. دەشێ ئەمەش یەکێک لەو فاکتەرە گرینگانە بێت کە بۆتە هۆی پەڕینەوەی دەنگەکانی ئاکەپە بۆ لای هەدەپە.
ئاکەپە لە هەرێمەکەدا مارژیناڵیزە بووە: پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و بە روانین لەو شارە کوردییانەی کە ئەمڕۆ هەدەپە تێیاندا یەکەم هاتۆتەوە، دەبینین ئاکەپە لە گەلێک شوێن مارژیناڵیزە بووە و لە خاڵی پووکانەوە نزیک بۆتەوە. جاران تەیب ئەردۆغان دەیگوت: "ئێمە نوێنەرایەتی کورد دەکەین". ئەمڕۆ زۆر بە روونی دیارە کە کورد تەنها یەک نوێنەری هەیە، ئەویش هەدەپەیە.
ئوممەتگەرایی بە کەڵک نەهات، رێگاچارە لە مافی هاووڵاتیی یەکساندایە: رەنگە یەکێک لە ئاکامە هەرە درێژخایەنەکانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بێت کە گوتار و دروشمی "هەموومان برای ئایینین یەکترین، ئیسلام هەموومان بە یەکەوە دەبەستێتەوە"ی رژێمی کۆدەتا سەربازییەکەی ١٢ی سیپتامبر و بەرەی ڕاستی موحافزەکاری تورکیا – بە ئاکەپەشەوە – کە ڕوو بە پرسی کورد بەکاردەهێنرا، هیچ کڕیارێکی نەبووە. ئەگەر هەڵمەتە دژە هەدەپەییەکەی ئاکەپە لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بێنینەوە بیر خۆمان کە لە سەر بنەمای ئایینی رۆنرابوو، باشتر لە هۆکار و چۆنێتی بەسەرچوونی ئەو کارتە دەگەین.