بابەتی گەرم:

ئیبراهیم شێخ شه‌ره‌فی

سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە تورکیا

Saturday, June 20, 2015
ئیبراهیم شێخ شەرەفی

کورد بەربەستی هەڵبژاردنی بڕی، گەلۆ تورکیا بەربەستی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت دەبڕێ؟

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەنی ڕاگەیاند. بە پێێ ئەو ئەنجامانە؛ لە کۆی گشتی دەنگدەران کە نزیکەی ۵۶ ملیۆن و نیو بووە، ۴۷ ملیۆن و نیو دەنگدەر چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و و بەم پێیەش رێژەی بەشدار بوون لە دەنگداندا %۸۰ ی تێپەڕاندووە. لەو ڕێژەیەش نزیکەی ملیۆنیک و سێسەد هەزار دەنگی نەژمێردراوی تێدابووە و سەرەنجام دوای لێک جیاکردنەوەی دەنگەکان ۵۵۰ کورسیەکەی پەرلەمانی تورکیا بەم شێوەیە دابەش بوونە بەسەر پارتە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردن؛

پارتی داد و گەشە پێدان AKP؛ ۲۵۸ کورسی
پارتی کۆماری گەل CHP؛ ۱۳۲ کورسی
پارتی دێموکراتیکی گەلان HDP؛ ۸۰ کورسی
پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست MHP؛ ۸۰ کورسی

بۆ یەکەم جار لە مێژووی تورکیادا کورد توانی وەک پارتیکی سیاسی بچیتە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە. پارتی دێموکراتیکی گەلان، بە بەدەستهێنانی ٪١٣.١٢ی ڕێژەی دەنگەکان کە سەرووی ٦ میلیۆن دەنگە، سەرکەوتنێکی بێ وێنەی بەدەستهێنا و بەم پێیەش بە ٨٠ ئەندام پەرلەمان بەشداری لە ٢٥ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا دەکات. پارتی داد و گەشەپێدان دوای چاردە ساڵ، بۆ یەکەم جار لە دەسەڵات هاتە خوارەوە و لەم خولەی پەرلەماندا سەرەڕای بەدەستهێنانی ڕێژەی  ٪٤٠.٦ی دەنگەکان، ڕێژەی پێویستی بۆ پیکهێنانی حکوومەت بەدەست نەهێنا. ئەوە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی گشتی ساڵی ۲۰۰۲دا ئاکەپە بە بەدەستهێنانی % ٣٤ی دەنگەکان توانی بۆ یەکەمجار بە تەنیا دەسەڵاتی وڵات بگرێتە دەست. وەک ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ، موراد یەتکین ئاماژەی پێ کردبوو؛ "ئاکەپە لە پێناوی پرۆژەی سەرۆکایەتییەکەی ئەردۆغان و بە پێداگری لە سەر هێشتنەوەی بەربەستی ٪١٠ی نادادپەروەرانەی هەڵبژاردن [و نەگۆڕینی ئەو یاسایە لە ماوەی دەسەڵاتداریدا]، ناچار بوو سەرەڕای بەدەستهێنانی سەدا ٪٤٠،٨ی دەنگەکان، زۆرینەی ئەو مەجلیسە لەدەست بدات کە پێشتر بە %٣٤ ی دەنگەکان بەدەستهێنابوو." 

دواجار ئاکپارتی لە ماوەی ۱۴ ساڵی دەسەڵاتداریدا، ئەو یاسایەی نەگۆڕی و مەبەستی سەرەکیش لە هێشتنەوەی تا دوایین دەورەی حکومڕانی ئاکەپە، سەرخستنی پرۆژەی ئەردۆغان بوو بۆ گۆڕینی سیستەمی وڵات بۆ سەرۆکایەتی. بەڵام وەک یەتکین-یش ئاماژەی پێکردووە، ئەنجام شتێکی تەواو پێچەوانەی حەز و پلانی ئاکپارتی لێ کەوتەوە.

سیناریۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی تورکیا
دەنگدەرانی تورکیا مافی پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکلایەنەیان نەدا بە هیچ کام لە پارتە بەشدارەکانی هەڵبژاردن. بەو پێیەش هەر لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن مەسەلەی حکوومەتێکی هاوبەش کەوتە بەر باس و هەر لە ڕۆژانی یەکەمی دوای هەڵبژاردنەوە و تاکو ئەمڕۆش گفتووگۆ و لێکدانەوە و سیناریۆی جیا جیا لە نێوان پارتە سیاسیەکاندا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەش لە ئارادایە پارتەکان مەرجە سیاسیەکانی خۆییان ئاشکرا کردووە.

لە یەکەم دەرکەوتنیان لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن دەرگەی هاوکاری و حکوومەتی هاوبەشیان بەڕووی ئاکەپەدا داخست، بەڵام هەر کام لەو پارتانە شەرت و مەرجی خۆیان بۆ بەشداری لە حکوومەتی داهاتوودا ڕاگەیاند. ئێستاکە دوای تیپەڕینی نزیکەی دوو هەفتە بەسەر هەڵبژاردندا، پارتە براوەکانی هەڵبژاردن نەختیک نەرمتر دەڕواننە هاوکاری نێوان یەکتری.

لە دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، وا دەردەکەوێ کە پێکهینانی حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست-مەهەپە، یەکێک لە سیناریۆ ڕێتێچووەکانە. هەرچەندە سەرۆکی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی لە یەکەم لێدوانی دوای هەڵبژاردندا گریمانەی پێکهێنانی حکوومەتی لەگەڵ ئاکەپە بە دوور زانی، بەڵام لە ئەگەری بەشداری یان هەر هاوکاریەکی مەهەپە بۆ حکوومەتێکی هاوبەش لەگەڵ ئاکەپەدا سێ شەرتی ئەو پارتەی بەم شێوەیە ڕاگەیاند؛

پرۆسەی چارەسەری دەبێ کۆتایی پێ بهینیرێ،
سەرۆککۆمار دەسەڵاتەکانی سنوردار بکرێنەوە و
دۆسیەی تایبەت بە گەندەڵی و بەرتیلی ۱۷-۲۵ ی دیسامبەری ۲۰۱۳ ڕەوانەی دادگا بکرێت.
 
بەڵام ئەمڕۆ و دوای تێپەڕینی دوو حەوتوو بەسەر هەڵبژاردندا، نەرمی نواندن لە هەڵوێستی مەهەپەدا بەدیدەکرێ. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ئەمرۆ ڕایگەیاند کە؛ "ئەگەر ئاکەپە مەرجەکانی ئێمە قبوڵ بکات، شتێک بەناوی "ئاکەپە-ی ئەردۆغان" بوونی نامێنێ! ئێمە ئامادەی هاوکاری و پشتیوانین. هەر نەبوو، ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەوە پێمان وایە ۱۵ی نۆڤەمبەر رێکەوتیکی گونجاوە!"

بە پێی ئەو بانگەشانەش بێت کە ئەمرۆ رۆژنامەی "پۆستە"ی تورکی بڵاوی کردوونەتەوە، گوایە رێکەوتن لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە لە ئارادایە و بە پێی ئەو رێککەوتنەش مەهەپە بەرامبەر بە؛ وەرگرتنی هەشت وەزارەت، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان، ناردنی چوار وەزیرە تێوەگلاوەکە لە دۆسیەی گەندەڵی بۆ دیوانی باڵای وڵات و گۆرینی ناوی "پرۆسەی ئاشتی" بۆ "پرۆسەی بەدیموکراسیبوون" دەچێتە ناو حکوومەتی هاوبەشەوە لەگەڵ ئاکەپە.

ئەگەر ئەم سیناریۆەیە سەربگرێ؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە داخوا ئاکەپە بە تەواوەتی پشت لە کورد دەکات و ڕووی سیاسەتەکانی خۆی بەر بە نەتەوەپەرستەکان وەردەگێڕێ؟ داخوا ئەو کوالیسیۆنە "ئیسلامی-نەتەوە پەرستە" تا چەند تورکیا پەلکێشی هەڵگیرسانەوە شەڕی دوبارە لەگەڵ پەکەکە دەکاتەوە؟ لەو باوەڕەدام کۆمەڵگای تورکی لە دوای پشوویەکی درێژی چەند ساڵە لە ئاشتیدا، توانا و مەیلی بەرەوە جارێکی تر هەڵگیرسانەوەی شەری تیدا نەبێت. دواجار، گونجاوترین رێگە بۆ درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی، یان وەک ئەوەی ئیدعای بۆ دەکرێ بۆ بەردەوامی "پرۆسەی بە دیموکراسی بوون" ئەوەیە کە مەسەلەکە بە فەرمی بخرێتە چوارچێوەی کاری پەرلەمانەوە. لەم رێگەیەوە، هەم دەتوانرێ مەهەپە ڕازی بکرێ و هەمیش وڵات لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی دووبارەی شەر دوور بخرێتەوە. 

باخچەلی نایهەوێ ببێت بە سەرۆکوەزیری حکوومەتێکی هاوبەش لەگەڵ جەهەپە
پارتی کۆماری گەل لە یەکەم لێدوانی دوای هەڵبژاردنەکان و لە ڕێگەی وتەبێژی پارتەکە هالوک کۆچەوە، ئامادەیی پارتەکەی بۆ "گرتنە دەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات" و ئامادەیی سەرۆکی پارتەکە "کەمال کڵچدارئۆغڵوو"ی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاند. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە جەهەپە ئەو حکوومەتە لەگەڵ کێ پێک دەهێنێ؟ سەۆکی پارتەکەش ڕایگەیاند کە تورکیا نابێ بێ حکوومەت بمێنێتەوە. کڵچدارئۆغڵوص بە نوێنەری ئانکارشی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێن تورک گوتووە کە، "تابلۆی دوای هەڵبژاردنەکان ئاشکرایەو پەیامی خەڵک ئەوەیە کە دەبێ پارتە سیاسیەکان دانیشن و کێشەکانی وڵات چارەسەر بکەن، بەڵام لەو تابڵۆی دانیشتن و چارەسەریەدا ئاکەپە بوونی نییە!" ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو بەسەر هەڵبژاردندا، سەرۆکی جەهەپە بە ڕۆژنامەی "سۆزجوو”ی گوتبوو کە، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی داوایان لێ کردوون کە، "لەگەڵ دزان دانیشتن و پێکهاتن نەکەن" و بەشیکی تریش وتوویانە کە "گەر قسە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش بێت، ئەوا دەبی ئەو حکوومەتە هاوبەشە لەژێر سەرۆکایەتی جەهەپەدا پێک بهێنرێ!" بەم پێیە هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە جەهەپە نیەتی پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەشی لەگەڵ ئاکەپەدا نییە. 

هەر لە بنەڕەتدا، یەکێک لەو جەمسەرانەی ئەو دوو جەمسەریەی تورکیا لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی ئەردۆغان توشی بووە و تێکەڵەیەکە لە جەماوەری ئازادیخواز، سێکۆلار، کەمالیست و چەپەکانی تورکیا و بەشی هەرەزۆریشی پشتیوانی جەهەپە دەکات، وا بە هاسانی ڕێگە بە جەهەپە نادات ببێتە هاوپەیمانی ئاکەپە. وادە و بەڵێنەکان و دروشمی هەڵبژاردنی جەهەپە "وەرن دەنگ بدەن با ئەوان بڕۆن!" پێچەوانەی ئەو کوالسیۆنەیە.

هەر بۆیە دواجار جەهەپە پێشنیارێکی سەرنجراکێش و "خۆش"ی بۆ مەهەپە خستەر ڕوو. کەمال کڵچدارئۆغلوو سەرۆکی جەهەپە ئامادەیی پارتەکەی ڕاگەیاند بۆ دانی پۆستی سەرۆک وەزیران بە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، لە بەرامبەر پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەشی نێوان جەهەپە و مەهەپە. سەرۆکی جەهەپە لە دیداری لەگەڵ سەرنوسەر و ڕۆژنامەنووسانی "سۆزجوو" باسی لە پلانی پارتەکەی کرد بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەشی نێوان مەهەپە و جەهەپە و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی سێزدە ساڵەی ئاکەپە و گوتی؛ "ئەگەر باس چارەنووسی وڵات بێت، من ئامادەی فیداکاریم، با ئەو (باخچەلی) بێت و ببێت بە سەرۆکوەزیر!".

بەڵام باخچەلی ئەو پێشنیارەی ڕەت کردەوە. باخچەلی لە لێدوانێکدا بۆ هەمان رۆژنامە گوتی؛ "ئیمە ناکەوینە دوای حەز و حیساباتی ورد و بچووکەوە!"، بەو مانایەی کە پێدانی پۆستێکی لەو جۆرە مەهەپە ناخاتە کەلکەڵەی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش لەگەڵ جەهەپە. چونکە دەوڵەت باخچەلی دەزانێ ئەگەر بە پۆستێکی ئەوتۆ و حکوومەتێکی هاوبەش لەگەڵ جەهەپە ڕازی بێت، دواجار وەک سەرۆکوەزیری ئەو حکوومەتە ناچارە بچێت لە دەرگای هەدەپە بدات. ئەوەش شتێکی مەحاڵە و یەکێک لە بەربەستە سەرکیەکانی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش لە دەرەوەی ئاکەپەیە!

بەڵام باخچەلی مەیلی پارتەکەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەش لەگەڵ ئاکەپە نیشان دا. باخچەلی دەڵێ: "ئەگەر ئاکەپە مەرجەکانی ئێمە قبوڵ بکات، شتێک بەنێوی "ئاکەپە-ی ئەردۆغان" بوونی نامێنێ! ئێمە ئامادەین دەستی هاوکاری بۆ ئەو هەوڵە درێژ بکەین. هەر نەبوو، ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەوە پێمان وایە ۱۵ی نۆڤەمبەر رێکەوتیکی گونجاوە!"

بە کوردیەکەی، باخچەلی بەشداریکردنی لە حکوومەتێک لەگەڵ ئاکەپەدا گەلێک لا پەسەند ترە لە بوون بە سەرۆکوەزیری حکوومەتێک کە پێویستی بە "پشتیوانی هەدەپە بێت.

هەدەپە و ڕۆڵی لە پێکهینانی حکوومەتی نوێدا
هەدەپە وەک یەکێک لە لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن، مەیل و نەرمی نواندی زیاتری پێوە دیارە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی تر. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ئاهەنگی جەماوەریی هەدەپە بە بۆنەی سەرکەوتنی بێوێنەی پارتەکەیان لە ئیستانبووڵ ڕایگەیاند کە؛ "خەڵک بەر لە ئێمە ئەرکی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ داوەتە دوو پارتی تر، بابزانن ئەوان ئەو کارەیان پێ دەکرێ یان نا؟ خۆ ئەگەر هیچکام لەوان ئەو کارەیان پێ ئەنجام نەدرا، هەدەپە ئامادەیی تەواوی بۆ وەئەستۆگرتنی ئەو ئەرکەی هەیە و هێز و توانا و کادرۆی پێویستی بۆ ئەوەیە هەیە." ئەو پەیامە هەیەجان و جۆش و خرۆشی سەرکەوتنی پێوە دیار بوو، چونکە هەر بەر لە هەڵبژاردن، دەمیرتاش خۆی ڕایانگەیاندبوو کە ئەوان ئامادەیی ئەو ئەرکەیان نییە و بەرنامە و ئامانجیان بوون بە ئۆپۆزسیۆنێکی ئەکتیڤە لە خولی داهاتووی پەرلەمان. ڕاستە هەدەپە لایەنی هەرە سەرکەوتووی ئەم هەڵبژاردنەیە، بەڵام کاتێک باس لە پێکهینانی حکوومەتی هاوبەش دەکرێ، هەدەپە دەتوانێ بە دوو جۆر رۆڵی لە پێکهێنانی ئەو حکوومەتدا هەبێت؛

یەکەم؛ بەشداریکردن لە حکوومەتێک بە سەرۆکایەتی ئاکەپە
بە دوور دەزانرێ کە هەدەپە هەڵوێستێکی ئاوا وەرگرێ و لەگەڵ ئاکەپەدا بەشداری حکوومەتێکی هاوبەش بکات. مەسەلەی حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان هەدەپە و ئاکەپەدا چەندی بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتی و کێشەی کورد لە باکووری کوردستان گرینگ بێت بەڵام هەوڵێکی ئاوای هەدەپە، بەر لە هەموو شتێک مسداقیەتی ئەو پارتە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. گەر هەدەپە پشتیوانی ئاکەپە بکات، بەرامبەر بەشێکی زۆری ئەو وادە و بەڵێنانەنی بە دەنگدەرانی دابوو بێبەڵێن دەردەچێ. هەم ئەو دەنگانەی لە ئاکەپەوە هاتوون بۆ هەدەپە و ڕەنگدانەوەی خەڵکی نارازی باکووری کوردستان لە ئاکەپەن و هەم ئەو "دەنگە ئەمانەتی"یانەی دراون بە هەدەپە(با ڕێژەیەکی کەم و دیاریکراویش بن)، بڕوایان بە ڕاستگۆیی دەمیرتاش کرد کاتێک بەردەوام و بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن دڵنیای دەکردنەوە کە "لە ژێر هیچ هەل و مەرجێکدا پشتیوانی ئاکەپە ناکەن!". ئەوەیە یەکێک لەو فاکتەرانە بوو کە وایکرد هەدەپە بتوانێ ئەو سەرکەوتنە مەزنە بەدەست بێنێت و بەربەستی هەڵبژاردن ببڕێت. کەوابوو بەشداری هەدەپە لە حکوومەتێکی هاوبەش لەگەڵ ئاکەپە، هەرچەندە بۆ داهاتووی پرۆسەی ئاشتی گرینگ و چارەنووسسازیش بێت، رێگەی تێ ناچێ.

دووهەم؛ بەشداریکردن لە حکوومەتێکی بێ ئاکەپە
کاتێک باس لە حکوومەتێکی هاوبەش لە دەرەوەی ئاکەپە بکرێت، هەدەپە ڕۆڵێکی کاریگەرتر دەگیڕێت. چونکە بە بێ دەنگی هەدەپە ئەو حکوومەتەی بڕیار بێ دامەزرێ، دەنگی تەواو بەدەست ناهێنێت. ئەوەش هەمان سیناریۆی حکوومەتێکی هاوبەشی نێوان جەهەپە و مەهەپەیە. بەزانینی ئەو ڕاستیەش کە مەهەپە ئەو تەکلیفەی جەهەپەی "ئەمڕۆ" ڕەتکردووەتەوە و بە پشتیوانی هەدەپە ڕازی نییە، لە کاتی ئێستادا ئەم سیناریۆیەیان و هێزی ئەو کارتەی هەدەپە لاوازە. واتە ئەگەر مەسەلەی ئەو بانگەشانەی باسکراوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەش لە نێوان ئاکەپە و مەهەپە ڕاست بن، هەدەپە و جەهەپە دەتوانن ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر بگێرن لە بەرامبەر حکوومەتی داهاتوودا. بەڵام ئەگەر ئەو رێککەوتنە سەر نەگرێ و داوودئۆغڵوو لەگەڕی یەکەمی پیکهێنانی حکوومەتدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوکاتە جارێکی تر سیناریۆی پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوبەش لەلایەن جەهەپەوە دێتەوە بەرباس و ئەو کاتەیە کە کارتەکەی هەدەپە دووبارە بەهای بەرز دەبێتەوە. تەنانەت حکوومەتێکی هاوبەش لە نێوان ئەو سێ پارتەی ئۆپزسیۆن ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژیش حوکمڕانی نەکات، وەک پرۆفیسۆر باسکن ئۆران ئاماژەی بۆ کردووە، دەتوانێ "کابینەی ڕێفۆرم" بێت و لە ماوەیەکی کورتدا بەشێک لەو یاسایانە بگۆرێت کە حکوومەتی پێشوو لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیدا سەپاندبوونی و پاشانیش ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات. 

دواجار ئەگەر سەرجەمی ئەو هەوڵانە سەرنەگرن و وادەی یاسایی کە ٤٥ رۆژە بەسەر بچێت، ئەو کاتە بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە ئیجباری.

لاپەڕەی تایبەت بە کورد و هەڵبژاردنی گشتی لە تورکیا

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷