بابەتی گەرم:

پارلەمانتارانی هەدەپە سوێندی یاساییان خوارد

Tuesday, June 23, 2015

NNSROJ: 
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی ژووئەن، خولی بیست و پێنجەمی پارلەمانی تورکیا بە سوێندخواردنی فەرمیی پارلەمانتاران و بە بەشداری ئەردۆغانی سەرکۆمار، ئەندامانی کابینەی حکوومەتی کاربەڕێکەر و نوێنەری دەیان وڵاتی بیانی دەستی بە کارەکانی کرد.

سەرەتا بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی یەکەم کۆبوونەوە، “دەنیز بایکاڵ”ی ٧٧ ساڵان، سەرۆکی پێشووی پارتی کۆماری گەل وەک بەتەمەنترین و “دیلەک ئۆجالان”ی ٢٨ ساڵان، نوێنەری هەدەپەی ڕحا وەک گەنجترین پارلەمانتار، بۆ دیوانی سەرۆکایەتیی کاتیی پارلەمان دەستنیشان کران.

دوابەدوای دەستنیشانکرانی دیوانی سەرۆکایەتیی پارلەمان، سوێندخواردنی نوێنەری حیزبەکان دەستیپێکرد و تا کاتی ئامادەکردنی ئەو هەواڵەش درێژەی هەیە.

لە خاڵە گرینگەکانی دانیشتنی ئەمڕۆ، سوێندخواردن و هەڵسوکەوتی پارلەمانتارانی هەدەپە بوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مێدیاکانی تورکیا بە مەراقەوە باسیان لە سیناریۆ جیاوازەکانی پێوەندیدار بە چۆنییەتی سوێندخواردنی هەژماریک لە نوێنەرانی هەدەپە بۆ وێنە “فەلەکناز ئوجا، لەیلا زانا” و هەروەها هەڵبژێرانی چاوەڕوانکراوی “دیلەک ئۆجالان” بۆ سەرۆکایەتیی پارلەمانیان دەکرد.

دەنگۆی ئەوە بڵاوببۆوە کە “فەلەکناز ئوجا”، نوێنەرە ئێزیدییەکەی ئامەد، بەم هۆیە کە لەدایکبووی ئاڵمانە و زمانی داییکی کوردی و ئاڵمانییە، بە تورکی سوێند ناخوا. دەنگۆیەک کە لە لایەن هەدەپە ڕەتکرابۆوە.

ئوجا ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە هێمای تاوس، سیبمولی ئایینی ئێزیدییەکانی لە یەخەی دابوو، سوێندنامەکەی لە ڕووی نووسراوەیەک بە تورکی خوێندەوە.

تا ئێستا، جگە لە سێ کەس کە بەهۆکاری ئیزنپێدراو بەشداری دانیشتنەکە نەبوونە، زۆربەی پارلەمانتارانی بەدەپە، سوێندیان خواردووە.
لەیلا زانا یەکێکی تر لە پارلەمانتارانی کورد بوو کە زیاتر لە هەموو نوێنەرانی هەدەپە، فۆکووسی لەسەر بوو و شرۆڤەی لەسەر نووسرا.

ناوبراو ساڵی ١٩٩١ی زایینی، لەگەڵ ١٧ هاوخەباتی تری لە پارتی ڕەنجی گەلان[HEP]، تابۆیەکیان شکاندبوو و بە هاوکاریی حیزبێکی سۆسیالدێمۆکراتی تورکی، بۆ یەکەم جار بە نوێنەرایەتیی کوردان هاتبوونە ناو پارلەمانی تورکیا.

زانا لە ڕێووڕەسمی سوێندخواردنی ئەو خولەی پارلەماندا، ئاڵایەکی کەسک و سوور و زەردی لە یەخە و قژی دابوو و تەنیا بەهۆی زیادکردنی “ئەو سوێندەی بۆ برایەتی گەلی تورک و گەلی کورد دەخۆم” لە سوێندنامەکە، مافی حەسانەی پارلەمانتاری لێ سەندرایەوە و سێ ساڵ دواتر قۆڵبەست و ڕەوانەی زیندان کرا. زانا بەهۆی ئەو کارەی، بە تۆمەتی پرۆپاگەندە بۆ پەکەکە و جیاییخوازی و هەوڵدان بۆ پارچەکردنی تورکیا بە شازدە ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

زانا ئەمجار، وەک ساڵی ٢٠١١، بە شێوەی ئاسایی سوێندی خوارد.

هەواڵەکانی پێوەندیدار بە ئاکامی هەڵبژاردن

خاڵێکی تری دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کە مایەی سەرنجی مێدیاکانی تورکیا بوو، نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانیی تورکیا لە لایەن نوێنەرانی هەدەپە بوو.

هاوکات پێکهاتەی گەنج، فرەڕەنگ و پێکهاتە و زۆربوونی ڕێژەی ژنان لەناو فڕاکسیۆنە ٨٠ کەسییەکەی هەدەپەدا، خاڵێکی گرینگی تر بوو کە لە مێدیاکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەنگی داوەتەوە.

هەدەپە بە ٣٢ نوێنەری ژن، کە دەکاتە سەدا ٤٠ی پارلەمانتارانی، بەتەنیا ڕێژەیەکی زیاتری لە کۆی هەر سێ حیزبەکەی تری نوێنەری ژن هەیە [کۆی رێژەی ژنانی جەهەپە، مەهەپە و ئاکەپە ٣٧.٢٪یە].

هەدەپە بە هەڵکشانێکی ٤٨٪ی، پێوانەی زیاترین هەڵکشانی لە ئاستی کورسی و هەژماری دەنگیشدا لە بەروارد لەگەڵ خولی پێشووی پارلەمان و لە بەروارد لەگەڵ حیزبەکانی تریش بە دەستە.

سێ ژنە پارلەمانتاری هەدەپە، واتە “تووبا خەزەر، ئەنیسە گونەیلی و دیلەک ئۆجالان”، لە ڕیزی گەنجترین نوێنەرانی پارلەمانی تورکیادان.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ژووئەن و چوارشەممە ١ی جولای، سەرۆکایەتیی پارلەمان هەڵبژێردرێ و هەدەپە لە ئێستاوە ڕایگەیاندووە کە “دەنگیر میر مەهمەت فرات”، نوێنەری مەرسینی هەدەپە لە پارلەمان بۆ ئەو پۆستە کاندید دەکات. فرات لە دامەزرێنەران و بەرپرسانی پێشووی ئاکەپەشە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷