بابەتی گەرم:

نووسەری میوان

سازان یەکێتیی جیاوازییەکانە؟

Friday, June 26, 2015


نەجیبە قەرەداغی

لە گوڵانی ٢٠١٥ لیژنەیەکی ٢١ کەسی بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان دامەزرا کە تەنیا چواریان ژنن و وەک پلان کراوە دەبێ کاری ئەو لیژنەیە لە ماوەی سێ مانگدا تەواو ببێت و رەشنوسی دەستوور بۆ ڕێفڕاندۆمی گەل ئامادە بێت. ئەوانەی ئەندامی ئەو لیژنەیەن هەموو کەسانی سەر بە پارتە سیاسییەکانی دەسەڵاتن یان تا ئاستی "موو نەچێت بە بەینیاندا " نزیک لە پارتەکانی دەسەلاتن، ئەم لیژنەیە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتە ئاینی، ئەتنیکی و کولتوورییە جیاوازەکانی باشووری کوردستان ناکەن؛ بەتایبەتی کاکەیی، ئیزدی، فەیلی، ئاسووری، سوریانی، تورکمان و هتد. بە تایبەتتر لە رێژەی ژناندا زۆر لاسەنگە. کاتێ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان پڕۆژەی خۆیان ڕادەستی لیژنەکە کردووە، بە کراوەیی پێیان گوتوون "پڕۆژەکەتان زۆر باشە بەڵام کۆتای لەسەدا ٤٠ بۆ ژنان کۆتایەکی بەرزە و قەبوڵ ناکرێت."
بێگومان نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوور هەم لەژێر گوشاری نێونەتەوەیی، هەم بە داخوازیی خەڵک بۆ چارەسەری پرسەکان، هەم بە گوشاری ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەندێ میدیا و رۆشەنبیر بووە بابەتی باس.
لەبەرئەوەی کە تا ئێستاش هەرێمی کوردستان لە لایەن پارتە دەسەڵاتدارەکانەوە بە عەقلیەتی حیزبی، کۆمپانیا، بنەماڵەیی و ناوەندگەلێکی کە نازانرێ ناوکیان بە کوێوە بەستراوەتەوە، بەرێوەدەبرێت، ئەو دۆخە سەرچاوەی سەرەکی گەندەلیی باشوورە، بۆ ئەوەش گەڕان بە دوای سەرچاوەیەکی تری گەندەڵیدا هەڵەیە. لە سایەی ئەو دۆخەوە قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی گەیشتۆتە ئاستی تەقینەوە و پەیڤی قەیرانیش بۆ ئەم دۆخە ئیتر کەم دێنێت.

جارێ ئەو لیژنەیەی کە دامەزراوە بۆ نووسینەی ڕەشنووسی دەستوور ناتوانێت دەستوورێک بە پێی پێویستییەکانی کۆمەلگە دابڕێژێت. ئەو رەشنووسە هەرێمی کوردستان "وەک سیستەمێکی کۆماری و پەرلەمانی" پێناسە دەکات، بەڵام ماف بە هیچ پێکهاتەیەک نادات لە نێو ئەو کۆمارەدا هەرێمی خۆسەری هەبێت. ئەوە زۆر بە ڕوونی بە واتای ناوەندێتیە.
جگە لە پەرلەمان، پۆلیس و پێشمەرگە هیچ هێزێکی تری قەبووڵ نییە، هێزی چەکداری فەرمی لەو سیستەمەدا بە چ ئینتمایەک پێکهاتەی تر دەپارێزێت؟ خۆ بە خۆ ئەو مۆدێلە سەد ساڵە لە ئێران ، تورکیا ، عێراق و سووریا بەرێوە براوە و پێکهاتە "نافەرمی" و دانپێدانەنراوەکانی تر قڕ کراون. نزیکیترینیان کۆمەڵکوژی شەنگالە. لیژنەکە هەر لە سەرەتاوە بە زیهنیەتێک گەمارۆ دراوە کە تەگەرەیە لەبەردەم داڕشتن و شێوەگرتنی سیستەمێکی دیموکڕاتی و بە تەواوی لەگەڵ سیستەمێکی ناوەندیدایە.
دەستوور گوایە دیموکڕاتی دەبێت، بەڵام لە لایەک وەک سەرچاوەی یاسادانان پشت بە ئاینێکی دیاریکراو دەبەستێت و لە لایەکی تر بانگەشەی پابەندبوون بە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ دەکات، بێ ئاگا لەوەی کە ئەو جاڕنامەیە داماڵراوە لە هەموو مۆرکێکی ئەتنیکی، ئاینی و هەر ئایدۆلۆژیایەک. زیهنیەتێک کە ئەو دەستوورە دادەڕیژێت یان لە پشت دارشتنیەتی، هێندەی دۆخەکە سەری خۆیشی لە قەیراندایە، نووسینەوەی دەستوورێک بەو عەقڵیەتەوە چی لە دەردەکەوێت؟ بێگومان قووڵبونەوەی قەیران و گێژاوێکی نوێ.
گۆران، یەکێتی و هێزە ئیسلامییەکان تەنیا لە شتێکدا لە بەرامبەر پارتی ڕادەوەستن: بە پێچەوانەی پارتی کە پێداگری لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی و لەوەشدا پێداگری لەسەر مانەوەی مەسعوود ىارزانی لە پۆستەکەی دەکات، ئەوانی دیکە پێداگری لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەکەن و دەیانەوێت بە یاسا ئەو پۆستە و سیستەمی پەرلەمانی ڕێک بخەن. بەڵام لەوە بترازێت خاوەن هیچ پڕۆژەیەکی دیموکڕاتی نین بۆ کۆمەڵگە؛ چونکە تەنیا بە دەربازبوون لە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی کێشەکان چارەسەر نابێت. بە تایبەتی لە مەسەلەی سیاسەتی دیموکڕاتیدا نەک تەنیا بۆچونێکی ڕوون لە ئارادا نییە، بەڵکوو خولانەوە بە دەوری سیستەمێکی داخراوی ناوەندیدا هەیە و کۆمەڵگەش قوربانیی یەکەمە.
کاتێ لیژنەکە ئەو دەستورە دەنوسێتەوە تاکە نیگەرانیی پارتی ئەوەیە کە مادەکانی تایبەت بە سیستەمی سەرۆکایەتی و پەیوەست بەو پۆستە دەستکاری نەکرێت. هەر لەو نیگەرانییەوەیە کە سەرۆکی هەرێم وەک مانۆڕێکی سیاسی داوای لە کۆمیسیۆنی بالای هەلبژاردن کرد لە ٢٠ مانگدا ئامادە بۆ هەلبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم، لە ڕێگەی گەلەوە، ئامادە بێت. بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە نە پارەی سپیکراوە هەیە و نە کات هەیە بۆ ئەنجامدانی وەها هەڵبژاردنێک. کۆمیسیۆنیش ئەو پێشنیارەی بەو هۆکارانە ڕەت کردەوە.
بەکارهێنانی گەل لەو مەسەلەیەدا و گەمە کردن بە سۆزی گەل یەکێکە لەو ڕێبازانەی کە هەمیشە پارتی لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردوودا بەکاری هێناوە. کاردانەوەکانیشیان لە بەرامبەر دانیشتنی پەرلەمان لە ٢٣ حوزەیراندا، زەق کردنەوەی بەشداریی کونسووڵی ولاتان لە دانیشتنەکە و کارکرن لەسەر ڕای گشتیی گەل، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.
دیارە ئەوان ئاگادار نین لەوەی کە لە پەرلەمانی هەر وڵاتێک کە بیەوێت دیموکڕاتی بێت، دانیشتنەکان نەک تەنیا بە ڕووی ڕاگەیاندندا کراوەیە، بەلکوو کراوەیە بە ڕووی میوانانیشدا، جا چ کۆنسوولی وڵاتان. ئەگەر نا چۆن بەشداریتان کرد لە دانیشتنی گفتوگۆی پێدانی چەک بە پێشمەرگە لە پەرلەمانی ئەلمانیای فیدڕاڵ؟
سیستەمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی هەر ولاتێک نەخاسمە ولاتانی ڕۆژهەلاتی ناوین راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکە و لەوە واوەتریش جیهانەوە، چونکە گەر جێیەکی وەک ناوجەرگەی رۆژهەلاتی ناوین دیموکڕاتیزە نەبێت، دەبێتە هەڕەشە بۆ ئارامیی ناوچەکە و جیهانیش. ئەو ڕاستیە لە هەلبژاردنی تورکیاش دەرکەوت و بۆ ئەوەش بوو کە زۆربەی ڕای گشتیی نێونەتەوەیی و وڵاتانی دیموکڕاتیی جیهان پشتگیریی هەدەپەیان کرد.
بەڵام لە باشوری وڵاتەکەمان، هەرێمی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان و پارتی بەگشتی لەحاڵەتی هیرشدایە بۆ سەر هەموو کەس و لایەنێک کە قسە لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی بکات.
پارتی لە تەواوی تەمەنیدا بە سالانی هەشتا و نەوەدەکانیشەوە هێندەی ئێستا کۆنترۆڵی خۆی ون نەکردووە. ئەم دۆخەی پارتی تێیدایە ژانی دووڕێیانێکە کە یان گۆڕانکاری لە عەقلیەتی و مۆدێلی کاری سیاسی خۆیدا دەکات یان بەرەو قۆناغی پاشەکشەی سیاسی دەچێت. بەداخەوە نە سەرکردایەتیی ئەو پارتە و نە ئەندامەکانیان هەست بەو مەترسییە گەورەیە لە خۆیاندا ناکەن.
خۆ لە خۆیدا هەرێمی ژێر هەژمۆنیی پارتی بە مۆدێلی نوێی کارگێڕی، سیاسی و کۆمەلاێەتی گەمارۆ دەدرێت، بۆیە تاکە رێگا بۆ لە سەرپێ مانەوە هێرش کردن نییە بۆ سەر هەر کەس و لایەنێک بەڵکوو کرانەوە و بە عەقڵانی مامەڵە کردنیەتی لەگەڵ بارودۆخ و داواکانی گەل.
پەیڤی "سازانی نیشتمانی" کە بەردەوام پارتی جەختی لەسەر دەکاتەوە هێندە پەیڤێکی لاستیکییە کە هەر کام لە پارتە سیاسییەکانی دەسەلات بەپێی تێڕوانینی خۆی بەکاری دینێت. چەمکی کۆنسەنسووس -یان سازان ، یەکێتیی جیاوازییەکانە و بە ئامانجی خزمەتکردنی گەلە، نەک گوێڕایەڵی و دەستەمۆبونی هەمووان بۆ هەژمۆنیی تێڕوانینێکی سیاسی و مۆدێلێکی بیر کردنەوە کە سەردەمی بەسەر چووە.
ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژێر ناوی سازان پێداگریی لەسەر دەکات، بە خشکەیی و لە بن گوتاری درووست کردنی دەوڵەتدا، کە خۆی لە خۆیدا گوتارێکی بەسەرچوی و پڕکێشەیە، بونیاتنانی سیستەمی ناوەندێتییە. ئەم جۆرە سازانە ٢٤ ساڵە هەموو کەسی بێ ئیرادە کردووە، لەشکرێکی لە لۆردی پارە و بێمنەت دروست کردووە.
گەل وەک مەنجەڵی سەر ئاگر دەکولێت، کەی و لە کوێ بتەقێت دیار نییە. لە مەسەلە ستڕاتیژییەکان گەڕێن، سادەترین پێویستیی ڕۆژانە، بەنزین، مووچە، ئاو، کارەبا، تەندروستی و هتد نییە. بەڵام هاوکات دونیا بۆ توێژی دەسەڵاتدار و لۆردانی پارە گوڵ و گوڵزارە. هەموو گەلیان بۆ کورسییەک خسۆتە نێو قەیرانێکی گەورەوە. زیهنیەتی پارە، کورسی و ناوەندگەرایی دۆخەکەی گەیاندۆتە ئاستی کارەسات. ڕێی دەرچوون لەم قەیرانە تەنیا لە پەرلەمانەوە نییە بەڵام ئەوەی لە ٢٣ مانگ لە پەرلەمان ڕوویدا، سەرەتایەکی گرینگە بۆ گوتنی " نا ". ئەو "نا" یە سەرەتایەکی نوێیە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷