بابەتی گەرم:

بارزانی: ئەگەر تا ۲۰ی ئووت لایەنەكان رێكنەكەون، هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم

Monday, June 29, 2015

NNSROJ
: سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا ڕەخنەی لە دانیشتنەكەی ۲۳ی ژووئەنی پەرلەمانی كوردستان گرتووە و ڕاشیگەیاندووە کە ئەگەر تا ۲۰ی ئووت-ئاب، لایەنەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم نەگەنە رێككەوتن، هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت.

مەسعود بارزانی لە پەیامێكدا كە ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم دەقەكەی بڵاوكردۆتەوە بیری خستۆتەوە کە "بەر لە دوو ساڵ، بە نامەیەک بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، داوام لێ كردن كە لەگەڵ حیزبەكاندا مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە تەفاهوم یەكلایی بكەنەوە. پێش چەند مانگێكیش هەمدیسان لەگەڵ حزبەكان دانیشتم و داوام لێ كردن زوو چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە".

سەرۆكی هەرێم بە ئاماژەدان بە چەند هەوڵێكی لە پێناو ئەوەی پرسەكانی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم بە ڕێگەی سازان یەكلایی بكرێنەوە، ڕەخنەی لە خوێندنەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ پڕۆژە یاساكانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم گرتووە.



کۆبوونەوەی ٢٣ی ژووئەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم
ناوبراو ڕایگەیاندووە، "ئەوەی رۆژی ۲۳/۶/۲۰۱۵ لە پەرلەمان ڕوویدا، مەترسییە لەسەر بنەما و پڕەنسیپی تەوافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون".

بارزانی لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە "لەبەر بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەكەمان داوا لە حیزبەكان دەكەم، دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی تەسک و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و هەروەها ڕەچاوكردنی هەلومەرجی ناسک و هەستیاری ئێستا كە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕەنسیپی تەوافوق و سازان."

مەسعود بارزانی لەبەشێكی پەیامەكەیدا باسی لەوەكردووە، ئەركێكی نیشتمانی دەكەوێتە سەر هەموو لایەنەكان تا پێش ۲۰/۸ بگەنە ئەنجامێك كە، دەتوانن بە سازان ڕێكبكەون. ئەگەریش لایەنەكان بەپێی پڕەنسیپی تەوافوق و سازان نەجووڵانەوە، ئەوكات منیش هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم.

دەقی پەیامەكە بەم شێوەیە:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم كە، بەر لە دوو ساڵ، بە نامەیەك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، داوام لێ كردن كە لەگەڵ حزبەكاندا مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە تەفاهوم یەكلایی بكەنەوە. پێش چەند مانگێكیش هەمدیسان لەگەڵ حزبەكان دانیشتم و داوام لێ كردن زوو چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە.

لەماوەی ڕابردوودا هەموو كارە سەرەكییەكانم لە ڕێگەی تەوافوق و ڕاوەرگرتن ئەنجام داوە و ڕێزیشم لە سازان و ڕێككەوتنی لایەنەكان لەناو خۆیاندا گرتووە و یارمەتیم داون ئەو سازانەیان شێوەیەكی یاسایی وەربگرێت. یاسای ژمارە ۴ـی ۲۰۱۵ـی پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی دەستوور، وێڕای ئەوەی كە تێبینیمان لەسەری هەبوو، لەبەر بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان ئیمزام كرد. پێشتریش ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە بە كۆدەنگیی لایەنەكان و دەنگی ۹۶ پەرلەمانتار پەسەند كرابوو، هەر لەپێناو سازان و ڕێكەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان نەخرایە ریفراندۆم.

ئەوەی رۆژی ۲۳/۶/۲۰۱۵ لە پەرلەمان ڕوویدا، مەترسییە لەسەر بنەما و پڕەنسیپی تەوافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سەرۆكایەتیی پەڕلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون. ئێستاش، لەبەر بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەكەمان داوا لە حزبەكان دەكەم، دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی تەسك و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و، هەروەها ڕەچاوكردنی هەلومەرجی ناسك و هەستیاری ئێستا كە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕەنسیپی تەوافوق و سازان. چونكە تەنیا بە سازان، پرسە نیشتیمانی و سەرەكییەكان بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە قابیلی چارەسەرن.

كوردستان بەرەو قۆناغێكی زۆر جیاواز و گرنگ دەڕوات. ئەمڕۆ زیاتر لەهەموو كات پێویستیمان به یەكڕیزیی و‌ رێككەوتن و سازانە. ئەوەی لەڕووی یاساییەوە پێویستە، من لەلای خۆمەوە كردوومە. ئەركێكی نیشتمانی دەكەوێتە سەر هەموو لایەنەكان تا پێش ۲۰/۸ بگەنە ئەنجامێك كە، دەتوانن بە سازان ڕێكبكەون. ئەگەریش لایەنەكان بەپێی پڕەنسیپی تەوافوق و سازان نەجووڵانەوە، ئەوكات منیش هەڵوێستی خۆم ڕادەگەیێنم.

هاوكات، داوا لە پەرلەمانتاران و حكوومەت و حزبە سیاسییەكان دەكەم بە قووڵیی بیر لە چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكان و شەڕی داعش و پرسی ژیان و بژێویی خەڵك، بەتایبەتیی پێشمەرگەكان بكەنەوە و بایەخی شایستەی پێ بدەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
۲۹ی ۶ی ۲۰۱۵

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷