ئەمڕۆ وادەی دانوستانە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی ١+٥ کۆتایی دێ
Tuesday, June 30, 2015
NNSROJ: ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ژووئەن- ٩ی پووشپەڕ، دوایین ڕۆژی دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناسراو بە پێنج زێدە یەک لەسەر پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئێرانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەنگۆی درێژکراونەوەی وادەی دانوستانەکان لەئارادایە.
هەر بەم بۆنەوە وەفدی دانوستانکاری ئێران، پاش سەردانێکی کورتخایەنیان بۆ ئێران، گەڕانەوە ڤیەننا و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو، بەشداری لە کۆبوونەوەکاندا دەکەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە بەرەبەرەی نزیکبوونەوە لە دەرفەتی کۆتایی ئەم خولەی دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دیداری لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، چین، ڕووسیا، فەڕەنسا و ئاڵمان کردووە بەڵام تا ئێستا دیار نییە گەلۆ دانوستانەکان ئەنجامیان دەبێ یان نا.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز و فڕانس پڕێس باسیان لەوە کردووە کە مومکینە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ئەنجامێکی گونجاودا، دانوستانی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک بۆ ماوەیەکی تر درێژ دەکرێنەوە.
گرێکوێرەی ئێستای دانوستانەکان، پێداگری وڵاتانی پێنج زێدە یەک لەسەر ملکەچکردنی ئێران بە پشکنینی بنکە ئەتۆمی و نیزامییەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و مەسەلەی کات و ساتی هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتەیە.
بەرپرسانی باڵای ئێران، بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ڕازی نین کە ئاژانس ئیزنی پشکنینی ناوەندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هەبێ.
ئێران هەروەها داوا دەکات کە هاوکات لەگەڵ واژۆکرانی ڕێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و هاوپەیمانانی، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگرن.
شایانی باسە کە ڕۆژی ٢ی ئاپریلی ٢٠١٥، نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی پێنج زێدە یەک، پاش چەند ڕۆژ گفتەگۆی چڕوپڕ، لەسەر هەندێک خاڵ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران ڕێککەوتن.
وڵاتانی ڕۆژئاوای بەڵێنیان لە ئێران سەندووە کە هەژماری سانتریفیووژەکانی کەم بکاتەوە، پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەدات و بەشێک لە ناوەندە جێگەی گومانەکان دابخات و لە بەرانبەردا، گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵگیرێن و مافی ئەوەشی هەبێت کە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و لێکۆڵینەوەی زانستی هەژماریکی کەم لە ناوەندەکانی بەکاربێنێ.
ڕێککەوتنەکە، بەشێکی هەرەزۆری ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لەم بوارەدا تووشی وەستانی ناچاری دەکات و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، دەستوێڕاگەیشتنی چاوەڕوانکراوی ئێران وە بۆمبی ئەتۆمی لانیکەم بۆ دە تا پازدە ساڵ دوا دەخات.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە