بابەتی گەرم:

سەرباری درێژکردنەوەی وادەی دانوستانەکان، ئێران و ئەمریکا شیر و تیر لێکدەسوون

Tuesday, June 30, 2015

NNSROJ: 
وادەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی کۆمەڵەی ۵+۱ بۆ یەک حەوتوو درێژکرایەوە، هاوکات سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە چاوەڕاوانکراوەکە لە لایەن رۆژئاواییەکانەوە، دەگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی بەرنامە ئەتۆمیەکەیان، سەرۆکی ئەمریکاش جەخت لەوەدەکاتەوە، کە ئەگەر ڕێککەوتنەکە تاران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دوور نەخاتەوە، واژۆی ناکەن.

رۆژی سێشەممە ٣٠ی ژووئەن، دوا وادەی بەردەم ئێران و کۆمەڵەی ۵+۱ بوو بۆ ئەوەی دەقی ڕێککەوتنی نێوانیان لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی واژۆ بکەن، بەڵام هەر دوولا، کە لە ڤیەننا کۆببوونەوە کۆک بوون لەسەر ئەوەی یەک حەوتووی تر ماوەی دانوستانەکان درێژ بکەنەوە.

سەبارەت بە دانوستانەکان و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لەوەها ئەگەرێکدا پێویستە هەردوولا پێوەی پابەند بن، بەڵام گەر بێت و لایەنی بەرامبەر پێشێلی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بکات، دەوڵەتەکەی ئامادەیی ئەوەی تێدایە کە زۆر خێراتر لەوەی بیری لێدەکەنەوە بگەڕێینەوە بۆ رێڕەوی جارانی بەرنامە ئەتۆمییەکان.

ڕووحانی باسی لەوەشکرد، گەیشتن بە ڕێککەوتن لە چوارچێوە دانوستانەکانی ژنێڤ و لۆزان شتێکی دوور لە چاوەڕوانی نییە، بەو مەرجەی لایەنی بەرامبەر دەستبەرداری زیدەخوازیەکانی ببێت.

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکاش، دەربارەی دانوستانەکان وتی: گەر دانوستانکارەکان دڵنیا نەبنەوە لەوەی سەرجەم ڕێگەکانی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە بۆمبی ئەتۆم بنەبڕکراوە، هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نابێت.

ناوبراو وتیشی: ئامانجی ئەمریکا و لایەنەکانی تری دانوستانکار لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە نەهێڵن ئەو وڵاتە ببێتە خودانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر تاران پابەندی دەقی ڕێککەوتنەکە نەبێت، ئەوا "چەندین کێشە دێنە ئاراوە"، بێ ئەوەی ئاماژە بەو کێشانە بدات.

هەر سەبارەت بە دانوستانەکان، فرانک واڵتر شتاین مایەر، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاند: ئێران و وڵاتانی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی پێویستیان بە ویستێکی بەهێزی سیاسی هەیە، باسی لەوەشکرد، ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە دەبێت ئەوەندە روون بێت، کە پێویستی بە شرۆڤە نەبێت و هیچ لێکدانەوەیەکی جیا هەڵنەگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە لە ئەگەری گەیشتنی ئەو دوو لایەنە بە ڕێککەوتن، پێویستە لە زووترین کاتدا سوودی ڕێککەوتنەکە بە ئێرانیەکان بگات، کە ئاماژەیەکە بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ و سزا نێودەوڵەتیانەی بەهۆی سوربوونی تاران لەسەر درێژەدان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی بەسەریدا سەپاوە.

ئێران و وڵاتانی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک (کە لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاڵمان پێکهاتووە) رۆژی ٣٠ی ژووئەنیان وەک دوا دەرفەت بۆ واژۆکردنی دەقی ڕێککەوتنی کۆتایی دیاری کردبوو، بەڵام وەک ڕاگەیەنراوە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەو وادەیە هەر دوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی حەوت رۆژی تر دانوستانەکان درێژ بکەنەوە.

سەرباری لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی، بەڵام گەشبینیەکی شاراوەش لەو لێدوانانەدا هەیە، بەوەی باس لە "ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو"دەکەن و پێدەچێت ئەم جۆرە لێدوانانە لەم ئان و ساتەدا لەلایەکەوە بۆ ڕازیکردن و دڵنیایی بەخشین بێت بە نەیارانی دانوستانەکان (لە ناوخۆی وڵاتەکانیان و لە ناوچەکە) و لە لایەکی تریشەوە، دوایین هەوڵەکانیانیان بێت بۆ چەسپاندنی زیاترین خواستەکانیان لە دەقی کۆتایی ڕێککەوتنەکە، بەڵام بۆ ئەوەی بزانین کاملا براوە دەبێت، یان وەک ئەوەی بەرپرسانی تاران چەندین جار پێداگریان لەسەر کردووە ڕێککەوتنی "دووسەر براوە" دێتە ئاراوە یان نا، دەبێت تا رۆژی سێشەممە ۷ی جوولای چاوەڕێ بین، هەڵبەت ئەگەر جارێکی تر وادەکە درێژنەکرێتەوە.
م.ئەلف.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷