بابەتی گەرم:

بۆ یەکەم جار سەرۆکوەزیری تورکیا سەردانی ناوەندی هەدەپەی کرد

Wednesday, July 15, 2015

NNSROJ
: بە مەبەستی ڕازیکردنی هەدەپە بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی هاوپەیمانیدا، ئەحمەد داوودئۆغڵوو، بۆ یەکەم جار، سەردانی ناوەندی ئەو حیزبە لە ئانکارای کرد.

ئەحمەد داوودئۆغڵوو، سەرۆکوەزیری کاربەڕێکەری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان[AKP]، دوای دانوستان لەگەڵ جەهەپە و مەهەپە، پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، لە یەکەم خولی دیدارەکانیدا، سەردانی ناوەندی پارتی دێموکراتیکی گەلان[HDP] لە ئانکارای کرد.

ناوبراو کە لەگەڵ وەفدێکی پایەبەرز لە پارلەمانتاران و ڕاوێژکارانی حیزبەکەی سەردانی هەدەپەی کردبوو، لە لایەن هاوسەرۆکانی هەدەپە “فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش” و پارلەمانتارانی ئەندامانی وەفدی ئیمراڵی، ئیدریس بالووکەن، پەروین بوڵدان و سڕڕی سوڕەیا ئۆندەرەوە پێشوازیان لێکرا.

کۆبوونەوەی دوو لایەن نزیک بە دوو کاتژمێری خایاندووە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە، پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی و پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد خراونەتە بەر باس و گفتگۆ.

سەرۆکوەزیری تورکیا بە هەدەپەی ڕاگەیاندووە کە بوونیان، ئەویش بە ٨٠ کورسییەوە لە پارلەمانی تورکیا گرینگی و کاریگەریی لەسەر پانتای سیاسیی وڵات و پڕۆسەی چارەسەری هەیە و ئاکەپە ئەمە هەم بۆ هەدەپە و هەم بۆ تورکیا بە شانس دەزانێ و لە دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت پەراوێزیان ناخات.

داوودئۆغڵوو، پاش کۆبوونەوەکە بە مێدیاکانی تورکیای ڕاگەیاند کە هەڵوێستی هەدەپە لە بەروارد لەگەڵ ڕۆژە سەرەتاییەکانی پاش هەڵبژاردن گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە.

بە گوتەی داوودئۆغڵوو، دەمیرتاش، بە نوێنەرایەتیی هەدەپە لەم کۆبوونەوەدا، پێداگری لەسەر سێ خاڵی “قۆناخی چارەسەریی پرسی کورد، دێموکراسی و دادپەروەری” کردووە.

مێدیاکانی تورکیاش لەمبارەوە رایانگەیاندووە کە هەدەپە نۆزدە خاڵی لەژێر ئەو سێ مەرجە سەرەکییەدا کۆکردۆتەوە و بە ئاکەپەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هاوپەیمانییەک پێکبهێنن و ئەو مەرجانە لەبەرچاو بگرن، لە دەرەوەی هاوپەیمانییەکەوە پشتیوانیتان لێدەکەین.

هەدەپە تا ئێستاش پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بەشداری لە حکوومەتی هاوپەیمانیی ئاکەپەدا نەکا بۆیە کە ئەمە یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی بوو و جگە لەوەش بەرنامە و داخوازییەکانی لەگەڵ دنیابینی ئاکەپە جیاوازیی زۆریان هەیە.


هەدەپە و هەڵبژاردنی حەوتی ژووئەن
سەرباری ئەوە، هەدەپە ڕایگەیاندووە کە پشتیوانی لە حکوومەتێکی هاوپەیمانیی نێوان ئاکەپە و حیزبی دووهەمی ئۆپۆزیسیۆن واتە جەهەپە دەکات.

پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست، مەهەپە، ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ ئاکەپە ناچێتە ناو هاوپەیمانییەوە و ئامادەش نییە لە هیچ هاوپەیمانییەکدا جێ بگرێ کە هەدەپەی تێدابێ بەڵام وەک هەدەپە، پێی باشە کە جەهەپە و ئاکەپە حکوومەت پێکبهێنن.

ئەگەر تا نزیک بە مانگێکی تر داوودئۆغڵوو نەتوانێ حکوومەت پێکبهێنێ، هەڵبژاردنی پارلەمانی لە تورکیا دووبارە دەبێتەوە.
م.م.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷