داوود ئازادفەر
کورد لە پاش “ڕێککەوتنی ڤییەن"
Thursday, July 16, 2015
داوود ئازادفەر
پاش دوانزدە ساڵ مشتوومڕی وڵاتانی ۱+۵ کە ئەمریکا لە سەرەوەی هەموویانە، لە شاری "ڤییەن" لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پێکهاتن. هەرچەند ئێستە زوویە باس لەوە بکەین، بەڵام ئەگەر هەر دوولا پابەندی ڕێککەوتن و بەڵێنە ئاشکرا و شاراوەکانیان بن، لە ئایندەیەکی نیزیکدا سەرجەم هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە دەگۆڕێ و ئابووری ئێران لە پاش یەک دەیە گەمارۆی پشتشکێن، تووشی هەڵکشانی خێرا دەبێ و تارانیش بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو بازاڕە جیهانییەکان.
هەر چەند بە فەرمی نازانرێت کە لە بیست مانگی هەڤدیتنی لایەنەکانی ئێرانی و وڵاتانی ۱+۵ - جیا لە بەرنامەی ناوەکی، لە سەر چ مژارێکی دیکە ڕاوەستان و ڕێککەوتن کراوە بەڵام، لەو سۆنگەیەوە کە بەرنامەی ناوەکی ئێران بە سیاسەتی موداخلەکردنی تاران لە وڵاتانی [عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن] کە لە ڕوانگەی نێودەوڵەتیی سەرەڕای بە فەرمی باسنەکردنی بە یەکدی گرێدراوە- ئەگەر ئێران لە سیاسەتی هیلالی شیعە ئێستای پاشەکشە نەکا، وێناچێ “ڕێککەوتنی ڤییەن” پێشوەچوونێکی ئەتۆی ئیجرایی بەخۆیەوە ببینێ.
لەو گەمەیەدا ئێران دوو ڕێگای لەبەردەم واڵایە. یەکەمیان جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانە کە لەو حاڵەتدا شەمەندەفەری ڕووداوەکانی عێراق و سووریا ڕووی تێدەکا، دووهەمیان کە لە رێگەی یەکەم گریمانەیەکی بەهێزترە، بووژانەوە و بەهێزبوونی ئابووریی وڵاتەکەیەتی. هاوشێوەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئابووری کە تورکیا لە ساڵەکانی ۲۰۰۷ تا ۲۰۱۲ بەخۆیەوە بینی.
ئێستا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا ئەو ڕێککەوتنە بە نیسبەت کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چ کاریگەرییەکی هەیە، ئەشێت بۆ وڵامدانەوەی بە دوو بەشی کورد لە ناوخۆی کوردستان و پارتە کوردەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی دابەشی بکەین چوونکە لە واقیعدا ساڵهایە کۆمەڵگا و پارتە کوردییەکان لە یەکتر دابڕاوەن و بۆشایەکی قووڵیان لە نێوانیاندا هەیە.
یەکەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە پاش بەلوچستان هەژارترین ناوچەی ئێرانە، بە لاچوونی گەمارۆکان لەگەڵ بەشەکانی تری ئێران کە لەو چەند ساڵەدا سیستەمی جڤاکییەکەی تا نیزیک ڕووخان چووە، هەناسەیەکی نوێ هەڵدەکێشێ و دەتوانێ لە درێژماوەدا بۆ کردەوە و دژکردەوەی سیاسیی خۆی ڕێکبخات و هتد.
دووهەم: لەو چەند ساڵەدا ڕەنگبێ لە پەنجەکانی دەستێک کەمتر بن ئەو کەسانە کە بەردەوام باسیان لە ونبوونی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و وتوویانە بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان- ئەو دەڤەرە لە "غیابی عەقڵی سیاسی"دا بەسەردەبات. کێ پێیخۆشە یا نا کەیفی خۆیەتی بەڵام، دەبێ ئەو حەقیقەتە بەدەنگێکی بەرز بگووترێ کە ئەوەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر ناسیۆنالیزمێکی فاڵئاسا لە سەفەرەدایە و بچووکترین کاریگەری لە سەر هیچ یەک ڕووداوەکانی کۆمەڵگاکەی نییە، نە تەنیا ناوی سیاسەت نییە بەڵکوو زۆر لە مێژیشە بەو تێفکرینە کۆڵەوارە کە پێیوایە سیاسەتی تەنیا ماجەراجوویەکی چەندساڵ چەند تەقەیەک بە "کڵاشینکۆف" یا سووڕانەوەی لە داڵانەکانی مێژوودا و یۆتۆپیایە، لە چەمکی شۆرشگیریش لایداوە.
عەقڵییەتێک کە بە دابڕانی لە "جوگرافیا و زەمان" بە کردەوە لە جێگای نوێبوونەوە و ڕێفۆرم لە مەنتق و تێڕامانی سیاسی و خوێندنەوەی درووست بۆ هاوکێشە سیاسییەکان بە تایبەت لە دوای تێکچوونی سۆڤییەت و شۆرشی دیجیتاڵ، لەو خەونەدا دەژیت کە پێی وایە لە پاش ئەفغانستان و عێراق ئەمجارە نۆبەی ئێرانە و ئەو دەگەڕێتەوە سەر تاج و تەختی حکوومەت لە سنە و مهاباد و کرماشان. هەر ئەو خەونە ناعەقڵانییە کە هەر چەند ساڵ جارێک لە چەند چرکەدا ڕیسەکەی لێدەبێتەوە خووری.
ئەگەر سیاسەت و عەقڵی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان غایب نەبوایە و لە مانا واقعییەکەی سیاسەت تێگەیشبایە- لە پاش ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە ڕاپۆرتێک لە ساڵی ۲۰۱۱ ئاماژەی بەوە دەدا کە ئێران یەکەمین تاقیکاریی خۆی لە ساڵی ۲۰۰۳ لە ناوچەیەکی نیزیک "مەریوان" ئەنجامداوە، گەڵۆ لە جێی ئەوەی کەم تا زۆر بچێتە ناو کێشەیەکی نێودەوڵەتی کە دەیتوانی لانیکەم وزەیەکی نوێی پێبخشێ- ئێستە گەورەترین دڵڕاوەکەی دەبوو بەوە کە لە فڵان سنوور کێ و چەندە پارەی گوومرک و سەرانە لە کاروانچی و کۆڵبەرێک وەرگیرێت؟
کورد گوتەنی ئەو هەویرە ئاو زۆر هەڵدەگرێت و پێویستی هەنووکەیی بە خەسارناسیی جددی هەیە و ئەگەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانە، کە بە دڵنییایەوە ئیرادەیەکی گشتی سیاسی گەرەکە و بەدووریش نییە وەک زۆرجار بینراوە کە ڕەخنەگران لە لایەن هەندێک کەس و لایەنیش تووشی ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتیش بن ڕاوەستان بکرێت، هەم دەتوانێت هەلێکی زێرین بێ بۆ وەرزێکیی تازەی سیاسەتکردن، هەمیش بۆشایی نێوان کۆمەڵگا و پارتەکانی بە مکانیزمێکی سەردمیانە پێ پڕبکرێتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە