بابەتی گەرم:

مایکڵ رۆبن

ئێران و قەتڵ لە ڤیەننا

Friday, July 17, 2015
مایکڵ ڕۆبن*- کامێنتری مەگەزین
لە ئینگلیزییەوە: ئێن‌ئێن‌ئێس‌رۆژ

بیست و شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، سی کاربەدەستی ئێرانی، لە ئاپارتمانێکدا لە ڤیەننا لەگەڵ سی سیاسەتمەداری کورد کۆبوونەوە تا کۆتایی بە شەڕێکی درێژخایەن بێنن. کاتەکە هیوابەخش بوو بۆیە کە ساڵێک بەر لەمە، ئایەتوڵا خومەینی مردبوو و عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی -کە لە لایەن زۆرێک لە چاودێرانی شارەزای ئێران، وەک کەسایەتییەکی میانڕۆ و پڕاگماتیست دەناسرا- لە بەرەبەرەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئێراندا بوو. ڕەفسەنجانی دوو حەوتوو دواتر، بە وەدەستهێنانی ٩٦ لە سەدی دەنگەکان، وەک براوەی هەڵبژاردن ڕاگەیاندرا. هاوکات لەگەڵ ئەمانە، شەڕی ئێران-عێڕاقیش نزیک بە ساڵێک بوو کۆتایی هاتبوو و زۆربەی دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان چاوەڕوانیان دەکرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەمەودوا تەرکیز لەسەر سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ئەو وڵاتە دەکات.

بەڵام ئەوان لە هەڵەدابوون. لە ١٣ی جولای ١٩٨٩دا، دانوستانکارە ئێرانییەکان چەکەکانیان دەرهێنا و د. عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نوێنەری حیزبەکە لە ئەورووپا و کوردێکی عێڕاقیی ناوبژیوانکەریان تیرۆر کرد. زەحمەتە مرۆڤ بتوانێ -دەنگی- شەڕەتەقەیەک لە ئاپارتمانێکی ناوەڕاستی ڤیەننادا بشارێتەوە. پۆلیسی ئوتریش گەیشتە شوێنەکە بەڵام دانوستانکارە ئێرانییەکان، هیچ بەرپرسیارێتییەکیان وەستۆخۆ نەگرت. پۆلیسی ئوتریش، پاش وەرگرتنی ئیفادەیان، محەمەدجەعفەر سەحراڕوودی، مستەفا ئاجوودی، پارێزگاری ئەوکاتی کوردستان و ئەمیر بوزورگیانی ئازاد کرد و بەڵێنی لێوەرگرتن کە ئەگەر پێویست بێ، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبەردەست بن. بەڵام ئەوان خێرا گەڕانەوە تاران.


زیاتر سەبارەت بە د. قاسملوو
تەنیا چەند ڕۆژ دواتر بوو کە پرسیار لەسەر ئیفادەی کاربەدەستە ئێرانییەکان سازبوون. چ بەڵگەیەک نەدۆزراوە کە نیشان بدا کەس یا کەسانێک ویستبیان بەزۆرەملی بچنە ناو ئاپارتمانەکە. دوو لە قوربانییەکان، دانیشتبوون کاتێک تەقەیان لێکرابوو و سەرجەم قوربانییەکان، بۆ ئەوەی -بکوژان- لە مەرگیان دڵنیا بن، تیری خەڵاسیان لە سەر دابوو.

زانیارییەکانی پزیشکی دادوەری، ئاکامگیری یەکینەی دژەتیرۆری پۆلیسی ئوتریش دەسەلمێنێ کە قوربانییەکان نەک لە لای دەرگاوە بەڵکوو لەو شوێنەوە تەقەیان لێکراوە کە کاربەدەستە ئێرانییەکانی لێ دانیشتبوون. تەنانەت شوێنی -کەوتنی- پووکەکانیش دەستێدابوونی دانوستانکارە ئێرانییەکانی دەسەلماند.

پۆلیسی ئوتریش -دواتر- داوای ڕادەستکردنەوەی سێ ئێرانییەکەی کرد بەڵام تاران ڕەتیکردەوە هیچ کام لەو کەسانە ڕادەستی ئوتریش بکات و بگرە سەرۆکی تیم-ی تیرۆر-ەکە، واتە سەحراروودی پلەی بەرز کرایەوە و بوو بە سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای قودس. ئەو پلەبەرزکردنەوە و هەروەها ئاستی باڵای وەفدە دانوستانکارەکە، نیشانی دا کە تیرۆرەکە، کردەوەیەکی خۆسەرانە نەبووە بەڵکوو لە لایەن کاربەدەستانی پایەبەرزی ئێرانەوە پلانی بۆ داڕێژراوە.

گەلۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرزی ئاسایشی نیشتمانیی کات -واتە هەمان حەسەن ڕووحانی کە سەرۆککۆمار ئۆباما وەک شەریک حیسابی بۆ دەکا- نەبوو کە هاوئاهەنگیی تیرۆری لەم چەشنەی دەکرد؟ ئەمڕۆ لە بیست و شەشەمین ساڵوەگەڕی یەک لە کردەوە هەرە قێزەونەکانی ئێران- بە تایبەت کردەوەی ڕێبەریی باڵای ئێران عەلی خامنەیی و حەسەن ڕووحانی- بڕیارە لە ڤیەننا، مامەڵەیەک لەسەر بنەمای “متمانە”کردن بە ئێران ئەنجام بدرێ. مامەڵەیەک کە نیشان دەدا ئێران چۆن بە پەرەپێدانی تیرۆریزم و سەرسەختی سەرکەوتووە و لە بەرانبەردا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا چەندە لاسەنگ بووە!



"مایکڵ ڕوبن"*، لێکۆڵەری "ئەنیستیتۆی ئەمێریکەن ئینتەرپرایز"ه. زۆربەی لێکۆڵینەوەکانی تەرخان کردووە بە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەتی کار لەسەر ئێران، عێراق، تورکیا و کۆمەڵگای کوردستان دەکات. ناوبراو هەروەها ماوەیەکیش ڕاوێژکاریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بوو و لە زانکۆکانی کوردستانیش وانەی وتۆتەوە. ڕۆبن هەر ئێستا لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەمریکا، بە تایبەت لە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنستیتۆی ئامەژپێکراو و کامێنتری مەگەزیندا وتار بڵاودەکاتەوە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷