کەمال چۆمانی*
ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی هـ ٥+١ فۆبیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان تۆختر کردۆتەوە. ترس لە ئێران ناواقیعییە; نابێت نەبوونی یەکێتیی هێزەکان و سیاسەتێکی تۆکمە و ستراتیژی نیشتیمانیی لە هەرێمی کوردستاندا، وامان لێبکات لە ڕێککەوتنەکە بترسین، بەڵکو دەبێت ڕێککەوتنەکە هانمانبدات بۆ دۆخی دوای ڕێککەوتنەکە خۆمان ئامادەبکەین.
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا، لە تویتێکدا دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی هـ ٥+١ نووسی: "ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی هـ ٥+١ هەواڵێکی گرنگە بۆ ئابوریی تورکیا. پێدەچێت گەشەیەکی گەورە بە بازرگانیی و وەبەرهێنانی نێوان هەردولا بدات."
هەرچەندە بۆ تورکیا ڕێککەوتنەکە هێندەی زیانی هەیە هێندە قازانجی نییە چ لەڕوی ئابورییەوە و چ لەڕوی سیاسییەوە، بەڵام کاردانەوەی ئەرێنیی وەزیری دارایی تورکیا نیشانیدەدات ئەو وڵاتە بە ستراتیژ و پلانەوە خۆی بۆ دوای ڕێککەوتنەکە ئامادەکردوە، یان دەیەوێت ئامادەبکات. تەنانەت ئەگەر لە زیانی ئەوانیش بێت، دەبێت هەوڵبدەن ببێت بە قازانجیان. گەلۆ چما ئیشی سیاسەتمەداران و حکوومەت چییە؟
لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات، بەپێچەوانەوە، زۆریان لە ئێستاوە ئەو ڕێککەوتنە بە موئامەرە لەسەر باشوور و ڕۆژهەڵات دەزانن. بەر لە هەرشتێک، دەبێت بزانین لە باشووردا پارتی ئەو گوتارە پێشدەخات و ئێمەش دەکەوینە ژێر ئەو کاریگەرییە. دەبێت بزانین پارتی تەنها حیزبێکە نەک تەواوی حکوومەت، ئەوەی زیانی پارتی بێت مانای وانییە زیانی هەرێم و حکوومەت بێت. جگە لەوە، دەبێت پرسیاربکەین، لە گەماڕۆخستنە سەر ئێران، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و برایانمان لە ڕۆژهەڵات چ قازانجێکیان کرد؟ مەگەر ئێران زیاتر بەرەو دیکتاتۆریی و دڵڕەقیی نەڕۆییشت؟ مەگەر خراپیی بژێوی ژیانی کوردان خەبات و تێکۆشانی سەختتر نەکردن؟ مەگەر تا ئێستاش 'هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران' بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی بێگوناهی ئێران و چالاکان بەکارنەهاتووە؟
لە دوای ئازادیی عێڕاقەوە، هەمیشە هەرێم گرەوی لەسەر خراپیی پەیوەندییەکانی نێوان سوننە و شیعە کردوە. تەنانەت زۆر لە بەناو خوێندەواری حیزبی و خۆ-بە-ناسیۆنالیست زان، دڵیان بەو کوشتارەی نێوان شیعە و سوننە خۆش بوو، تا ئاگری شەڕی سوننە و شیعە ئێمەشی سوتاند. سیاسەتکردن لەسەر لاوازیی و گرفتاریی رکابەر و نەیارەکانی خۆت، دواجار هەر شکستە چونکە هیچ نەیارێکی سیاسیی بۆ هەمیشە لە گرفتاری نامێنێتەوە. ئەوەشمان بیرنەچێت، بۆ هەرێمێکی سەقامگیر و پڕ ئاشتیی، پێویستمان بە دراوسێی سەقامگیر و پڕ ئاشتییش هەیە.
ئێمە دەکرێت لە ئەزمونی دیکەوە فێربین. دوای هاتنە سەر حوکمی پارتیی داد و گەشەپێدان، تورکیا پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ قۆناغی نوێ، زۆر باش خۆی ئامادەکردبو، بۆیە هەر گۆڕانێک لە تورکیا رویدابێت، پەکەکە بە قازانجی وەرگێڕاوە. پەکەکە هەمیشە پشتیوانیی نزیکبوونەوەی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بوە چونکە تورکیایەک کە دۆستی یەکێتیی ئەورووپا بێت، بۆ مەسەلەی مافی مرۆڤ و پێشخستنی دیمۆکراسیی چاکترە.
چەند خاڵێک بە کورتی دەخەمەڕو لەسەر کاریگەریی ڕێککەوتنەکە و چۆنییەتی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ڕێککەوتنەکە:
- بەر لە هەرشتێک، ئێران وڵاتێکی دیکتاتۆرە. مافی مرۆڤ لەوپەڕی خراپی دایە. ئازادییە کەسییەکان و گشتییەکان هەمیشە لەژێر هەڕەشە دان. دۆخی ئازادیی رادەربڕین و دیمۆکراسی لە ئێران بەبەراورد بە ناوچەکە لە خراپترین دۆخ دایە. مافی نەتەوەکانی دی جگە لە فارس و پشتیوانانی ڕژێم بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، لە خراپیدا بەراورد ناکرێت. بەو پێیەی پارچەیەکی کوردستان لە بندەستی ئێران دایە، بۆ کورد، وەک تاک، ئەو ڕێککەوتنە گرنگە چونکە دەکرێت پەنجەرەیەک بکرێتەوە کە تێیدا کۆماری ئیسلامیی دونیا فراوانتر ببینن و چیتر لە پێشکەوتنی دیمۆکراسیی دوانەکەون.
- ڕێککەوتنەکە وا نەکات یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەوە زیاتر خۆی لە ئێران نزیکبکاتەوە دژ بە پارتیی دیمۆکراتیی کوردستان. دەبێت یەکێتییش بە پەیوەندییەکانیدا بچێتەوە و هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی نیشتیمانیی هەبێت بۆ رێکخستنی پەیوەندییە هەرێمییەکان، بەتایبەتتر لەگەڵ تورکیا و ئێران. نە ئەوەندە خۆنزیککردنەوەیەی یەکێتیی لە ئێران سودبەخشە و نە ئەوەندە خۆدورگرتنەوەی پارتییش. لە ئێستاوە یەکێتییەکان ئەو ڕێککەوتنە بە سەرکەوتنی یەکێتیی بەسەر پارتییدا دەخوێننەوە.
- لەڕوی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان سوودێکی گەورە دەکات، وەبەرهێنان گەشەدەکات، لانیکەم لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای سلێمانی. جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاریی زیاتر دەبێت.
- ئەو ڕێککەوتنە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان نابێت چونکە لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی پڕۆژەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، ئەوەی هەیە ڕێتەریکی پفدراو و بێبنەمایە. سەربەخۆیی پەیوەستە بە هەرێم و کورد خۆیەوە نەک ئەوانیترەوە. ئێران لەوپەڕی گرفتارییدا بە ویستی خۆی هێزەکانی باشووری لە بەرانبەر یەکتر و لە بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێناون، لە بەهێزیدا ئەو ترسەی نییە کە هەرێم دژ بە ئێران بوەستێت. پێشتر هەرێم وای دانابو کە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێم بکرێتەوە و بەمە جڵەوی هەژمونی ئێران بکات. بۆیە ساویلکەییە پێمانوابێت دەوڵەتی سەربەخۆ بە ئانکارا و تاراندا ڕەتدەبێت. بێگومان، هەرگیز چاوەڕێناکەم نە بەغداد، نە ئانکارا و نە تاران قبوڵی دەوڵەتی سەربەخۆ بکەن، بەڵام کاتێک کورد ئەو ویستەی هەبێت و ئامادەییشی هەبێت، کەس ناتوانێت رێی لێبگرێت. ئەگەر تورکیا بیتوانیایە، دەمێک بو ڕێی لە سەرکەوتنەکانی رۆژئاڤا دەگرت.
- تەمەنی داعش کورتتر دەبێت بەوپێیەی ئەمریکا و ئێران پێکەوە هاوکار دەبن لە روبەڕوبونەوەی ئەو هێزە تێرۆریستەدا. هەرچەندە ئێران بۆ خۆی پاڵپشتیی تێرۆر دەکات، تەنانەت تێرۆری دەوڵەتیش ئەنجامدەدات، بەڵام دەکرێت لە بەرەی دژە تێرۆریش بێت، وەک لە عێراقدا.
- ڕێککەوتن لەسەر داهاتوی سووریا ئاسانتر دەبێت. ئێران پێدەچێت رازیبێت بە لابردنی بەشار و گەییشتنە ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئەسەد نەمێنێت بەڵام هاوپەیمانەکانی ئێران لە سووریادا پشتگوێنەخرێن و خاوەن بڕیار بن.
- کورد لە باشوور، رۆژئاڤا و باکوور لە قۆناغێکی پێشکەوتون. ناکرێت لە ئێران کورد لەو دۆخەدا بمێنێتەوە. هێزەکانی ڕۆژهەڵات بێهیوا دەبن لەوەی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران و بەناچاری خۆیان ڕێکدەخەنەوە. ڕادەی ملدانی ئێران بۆ چاکسازی و دانوستان لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەست دەبێت بە بەهێزیی لایەنەکانەوە چ لەڕوی عەسکەرییەوە و چ لەڕوی جەماوەرییەوە. بەداخەوە ئێستا لەوپەڕی لاوازی دایە. بەڵام ئەمە کۆتایی دونیا نییە، ئەگەر هێزە کلاسیکییەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن جۆرێکی تر سیاسەت پێشبخەن، ئەوا لە ناوخۆی ئێراندا هێز و گروپی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی گەشەدەکەن و فشار لەسەر رژێم دروستدەکەن. لە ئێستادا بەرەی یەکگرتوی کورد، هەرچەندە لاوازیش بێت، بۆ خۆی فشارێکە.
- لە ئێستادا چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران چوونەتەوە چیاکانی کوردستان. بە نزیکبونەوەی پەیوەندییەکانی پارتی و ئێران، من ترسی ئەوەم هەیە حکوومەتی هەرێم مامەڵەیەک لەگەڵ ئێران بکات و ئەو هێزانە لە چیاکان بهێندرێنە خوارەوە. ئێمە ئەزمونێکی زۆر ناخۆش و پڕ کارەساتمان هەیە لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دوای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو یەكێتی و پارتی هۆکارێک بون بۆ لاوازکردن و بەکەمپنشینکردنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چوونەوەی حدکا و ئەوانی تریش لە داهاتوودا بۆ چیاکان، گرنگییەکی تایبەتی دەبێت ئەگەر بتوانن هەبوونێکی ڕاستەقینە پیشان بدەن. تا ئێستا یەکێتی قبوڵی نەکردوە لە سنووری ئەو هیچ جموجۆڵییەک دروست ببێتەوە.
- بۆ ئێران، هەرێمی کوردستان وەک بەغداد گرنگە چونکە هەرێم سنوورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئێراندا هەیە. هەرێمیش بازاڕێکی گرنگە بۆ شتومەکی ئێرانیی. هەرێم پشتێنی نێوان سوننەی عێڕاق و ئێرانە. ئێران ئەگەر بیەوێت شیعە لە بەغداد بەبەهێزیی بمێنێتەوە، دەبێت باڵانس لەنێوان کورد و شیعەدا ڕابگرێت. هاوپەیمانێتیی شیعە و کورد بۆ ئێران گرنگە بۆئەوەی نەزمی سیاسەت لە عێراق لە دژی ئێران نەبێت. ئەگەر ئێران دژایەتیی کورد بکات و سەنتەر بەهێزبکات دژی هەرێم، ئەوا هەرێم بەناچاری زیاتر لە تورکیا و سوننە نزیکدەبێتەوە. ئەوکات دیدی پارتیی دیمۆکراتیی سەردەکەوێت بەسەر دیدی یەکێتیی و ئەوانەش کە هێڵی سێیەم لە پەیوەندیی ناوچەییدا داوادەکەن. بیرمان نەچێت، ئێران لە هەرێمدا تەنها لەگەڵ پارتی کێشەی هەیە نەک لەگەڵ هێزەکانی دی. دۆخی پارتییش خراپە، ئەمە وادەکات بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ تورکیادا بچنەوە.
- گرنگە لە ئێستادا هێڵی سێیەم لە سیاسەتی ناوچەییدا جێبگرێت. ڕەخنەگرانی پەیوەندیی نێوان پارتی و تورکیا لە لایەک و ئێران و یەکێتیی لە لاکەی تر پێیان وایە دەبێت پەیوەندییەکان لەڕێی حکوومەتی هەرێمەوە بن و نابێت حکوومەتی هەرێمیش ببێتە دژ یان دۆستی تەنها تورکیا یان ئێران. بەڵکو دەبێت هاوسەنگیی لەنێوان ئێران و تورکیادا رابگیرێت.
- پەیوەندیی نێوان شیعە و کورد دەبێت توندتر بکرێت. لە ئێستادا پرسی هەڵپەسێردراو لەنێوان بەغداد و هەولێر هەن و گرنگە چارەسەریی ئەو پرسانە ببنە وەسیلەی توندکردنەوەی پەیوەندیی نێوان شیعە و کورد.
- گرنگە ئێمە هەرێم لە ناوچەکەدا کەم نەبینین، ئەوەی وا دەکات هەرێم هێزێکی بچوک و ناکاریگەر بێت سیاسەتی ناوخۆی هەرێمە. جیۆپۆلەتیک و جیۆگرافیا و بازاڕی هەرێم و نەوتی هەرێم هێزی گەورەن، بەڵام عەقڵی گەورەی دەوێت بتوانێت وەگەڕیانبخات. بە پارتی بەتەنها ئەمە ناکرێت.
- کۆنگرەی نەتەوەیی لە هەر رۆژێک زیاتر ئێستا گرنگە. ئەو کۆنگرەیە دەبێت ستراتیژێک دیاریبکات و لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژەدا مامەڵە بکات. ئێرانێکی بەهێز کوردستانێکی بەهێزیشی گەڕەکە.
* لە ژمارەی رۆژی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە رۆژنامەی هاووڵاتیی بڵاوکراوەتەوە