بابەتی گەرم:

نووسەری میوان

کاریگەریی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەسەر ئابووریی ھەرێم

Sunday, July 19, 2015

ھونەر حاجی جاسم*

لە دوای ڕاپەڕینی بەھاری سالی 1991 و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێم، لە سالی 1992 وە ئابووریی ئێران تا ڕادەیێك زۆر یەکسان بووە لەگەل ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ھەر ڕێککەوتنێك، چونکە کاریگەرییەکانی سەر ئابووریی ھەرێم بەشی زۆری پابەندە بە کاروباری ناوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕێککەوتنەکانی ئەم ولاتە لە ئاستی ھەرێمی و نێوەدەولەتیدا.  

دوای پەراوێزخستنی ھەرێم لە لایەن تورکیا و رژێمی صدام لە نۆھەدەکانی سەدەی رابردوو ھەتاکو ئازادی عێراق لە نیسانی 2003، کاریگەرییەکانی ئابووریی ئێران لەسەر ھەرێم زیادتر دەرکەوتن بەھۆکاری شوێنی جوگرافی ھەرێم و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ھەردوولا و پەیوەندییە سیاسییەکانی و چەند ھۆکارێکی تریش، بۆیە ھەر رێککەوتنێك لەگەڵ ئێران کاریگەریی ھەیە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر ھەرێمی کوردستان بە ھەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤدا.

بەڵام دوای نزیکەی سێزدە سال لە دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، دواجار سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ رێکەوتنێکی بەرایی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپی 5+1 مۆرکرا، دواتر درێژ کرایەوە بۆ مانگی تەمووزی ئەم مانگە و دواجار ڕێککەوتنەکە لە 14 تەموزی ئەم مانگە مۆرکرا.

بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە داخوا ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ولاتانی 5+1، ولاتانی رۆژئاوا چ کاریگەرییەکی ھەیە بەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە؟

ڕوون و ئاشکرایە ھەموو ڕێککەوتنێکی سیاسیی ناوچەیی لەگەڵ ئێران، بە قەبارەی خۆی کاریگەریی ھەیە بەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستانەوە، چونکە ھەڵکەوتەی جوگرافی ھەرێم و نەبوونی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و گرینگیی و دەوڵەمەندیی ئێران لەڕووی ئابوورییەوە، وا دەکات بەشێوەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی ھەبێت لەسەر ئابووریی ھەرێم.

لە دوای ڕێککەوتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی گرووپی 5+1 ـ کە ھاوکات ئەندامن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەرییەکان بەدەر دەکەون. بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، ئێران نزیکەی 180 ملیار دۆلاری ئەمریکیی بلۆكکراوی بۆ دەگەرێتەوە کە پێشتر، لە سەردەمی حکومەتەکەی محمود ئەحمەدی نەژاددا، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران خرابوونە سەری. ئەم بڕیارانە وای کردبوو کە ئابووریی ئێران وا لاواز بکات کە بگاتە حاڵەتی ئیفلیج بوون.

بەڵام ئێران ئێستا یەکێکە لە ئارامترین وڵاتانی رۆژھەلاتی ناوەراست کە دەتوانێت بەھۆی ئەم سەقامگیرییە ناوەخۆییەی، گەشەپێدانێکی گەورەی ئابووری لە زۆربەی کەرتەکانیدا ببوژێنێتەوە، وە ھەروەھا ئێران خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی سروشتییە، ھاوکات دەوڵەتانی رۆژئاوا چاویان لە وەبەر‌ھێنانی راستەوخۆیە لە نێوخۆی ئەم وڵاتەدا، ئەمەش بەھۆی ئەم تایبەتمەندیانە باسمان کردن.

ئامارەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی ئابووریی ئێران دەری دەخەن کە ئەم وڵاتە دەتوانێت رۆژانە دوو ملیۆن و پێنجسەدھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات، وە ھەموو ئەو کۆمپانیانەی کە پێشتر بەھۆی ئابڵۆقەکان ئێرانیان جێھێشتبوو، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تا بگەڕێنەوە بۆ ئێران بۆ وەبەرھێنان.

لێرەدا دەتوانین گرینگترین ئەم خالانەی لە چوارچێوەی 24 خاڵەکەی ڕێککەوتنی ئێران لەگەل گرووپی 5+1 دەست نیشان بکەین کە دەبنە ھۆی بووژانەوەی ئابووریی ئێران و کەمبوونەوەی نرخی ھەڵاساون لە ناوەخۆی ئەم دەوڵەتەدا:
١.هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ هه‌موو جۆره‌كانی‌ ئابلۆقەی‌ ئابووری‌ و دارایی‌ و بانكی‌ و نه‌وت و گازی سروشتی و پترۆكیمیایی و بازرگانی‌ و کەرستەی و گواستنه‌وه و گەیاندن.
٢.هه‌ڵگرتنی‌ سزا سه‌پێنراوه‌كانی‌ سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌ورووپا  و ئه‌مریكاوه‌.
٣.ده‌رهێنانی‌ دامه‌زراوه‌ بانكییەکانی ئێران له‌ لیستی‌ گه‌مارۆكانی رۆژئاوا.
٤.دروستکردنی کەشێکی ڕەخساو بۆ ئێران له‌ بازاڕه‌كان و كه‌رته‌كانی‌ بازرگانی‌ و ته‌كنیكی‌ و دارایی‌ و وزه.
٥.لەباربردنی ھەموو ئەو بەربەستانەی له‌سه‌ر هاوكاریی‌ ئابووری‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كان لە ئاستی دەروەی ئەم ولاتە.
 ٦.ئازادكردن و پێدانەوەی ھەموو ئه‌و پارانه‌ی‌ كه‌ له‌ ماوەی ئابلۆقکەدا بلۆك كرابوون.
٧.هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و لابردنی گه‌مارۆ له‌سه‌ر كڕین و بەدەستخستنی‌ فڕۆكه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بۆ کەرتی گواستنەوە و گەیاندن.

بەڵام ئەوەی زۆر گرینگە کە ئایا ئەم حەوت خاڵە چ پکاریگەرییەکی بەسەر ئابووریی ھەرێمەوە ھەیە و کاریگەرییەکەی چۆنە؟ بۆ ئەم مەبەستە دەتوانین کۆمەلێك خالی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ دیاری بکەین.

  • خاڵە پۆزەتیڤەکان:


١-ئەم رێککەوتنە ئێران نزیك دەکاتەوە لە بازاڕەکانی نێودەوڵەتی، ئەمەش وا دەکات ھەرێم سوود ببینێت لەم دەرفەتە بۆ زیاتر چوونە ناو ئەم بازارەوە.
٢-ئێران لە پاڵ دەوڵەتی تورکیا، دەبێتە دەروازەیێکی تر بۆ ھەناردەکردن و ھاوردەکردنی کاڵاکانی لە بازارەکانی جیھانی بە تایبەت باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا لە رێگای کەنداوی فارس، چونکە ئەم دوو ناوچەیە ئێستا گەورەترین بووژانەوەی چالاکیی ئابوورییان تێدا ھەیە.
٣-کەمبوونەوەی فشارەکانی ئابووریی سیاسی ئێران لەسەر ھەرێمی کوردستان.
٤-کەمبوونەوەی پاڵەپەستۆی کرێکاری ئێرانی لەسەر کەرتە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.
٥-ھاتن و دەستواڵابوونی بەشی زۆری کۆمپانیاکانی ئێرانی بۆ ھەرێم بۆ بواری وەبەرھێنان.
٦-سوودوەرگرتنی ھەرێم لە کرانەوەی ئێران بەڕووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

  •  خاڵە نێگەتیڤەکان:

١-بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکانی ئێرانی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان. ئەمانە پێشتر، بەھۆی ئابڵۆقەی ئابوورییەوە، لە بازاڕەکانی دەرەوە نەدەفرۆشران، ئەمەش وای کردبوو بەشی زۆریان ھاوردەی ھەرێم و وڵاتانی ناوچە بکرێن.
٢-ئەگەری کشانەوەی بەشێکی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ھەریم، بەدوو ھۆکار:
       آ-زیادبوونی داھاتی نێوخۆی ئێران بۆ وەبەرھێنان بەھۆی ئەم رێکەوتنە.
       ب-بەردوامیی قەیرانی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان
٣-بەرزبوونەوەی رێژەی ھاوردەی نەوت، ئەمەش وا دەکات کە نرخی نەوت دابەزێت، وە راستەوخۆش کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی نەوتی ھەرێم ھەبێت.
٤-بەھێزبوونی جیۆئیکۆنۆمیکی ئێران یەکسانە بە بەھێزبوونی جیۆپۆلۆتیکی ئەم وڵاتە، ئەمەش وا دەکات بە خاڵی نێگەتیڤ بژمێردرێت بۆ جیۆپۆلۆتیکی وڵاتانی ناوچەکە، بەژماردنی ھەرێمی کوردستانیشەوە.
٥-ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت بۆ سەر ھاولاتیانی ھەرێمی کوردستان.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* مامۆستای زانکۆ


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷