"ئەنجومەنی شوورا ناتوانێ بڕیار لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بدات"
Monday, August 17, 2015
NNSROJ: پارێزەرێکی کورد ڕایدەگەیەنێ کە ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ناتوانێ بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدات و دەڵێ " ئەوەی ئێستا بڵاو کراوەتەوە، سیفەتی ئیلزامییەتی یاسایی نییە و تەنها وەک ڕایەک سەیر دەکرێت."
هەڤاڵ نەژاد، یەکێک لەو پارێزەرە گەنجانەی لە نزیکەوە چاودێریی وەزعی سیاسیی باشووری کوردستان دەکات، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی شوورا دەڵێ " ئەنجومەنی شوورا، بە گوێرەی یاساکەیان، تەنها بۆیان هەیە ڕاوێژ بدەن، ئەمەش بە گوێرەی مادەکانی شەش، هەشت، نۆ"ی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨ کە ئەم دەزگایەی لەسەر دامەزراوە.
ئەنجومەنی شووورای هەرێمی کوردستان، کە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە لێدوانێکدا داوای کردووە مەسعوود بارزانی، "تاکوو هەڵبژاردنی داهاتوو، بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە" وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە.
دەركردنی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستانەوە لە سەر داوای جەعفەر ئیمنكی، جێگری سەرۆكی پارلەمانی كوردستان بووە. ناوبراو ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەردەم تەلاری پارلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، كە داوای ڕای لە ئەنجومەنی شوورا كردووە سەبارەت بە ویلایەتەكەی بارزانی.
بە گوتەی پارێزەر هەڤاڵ نەژاد، ئەنجومەن "لە حاڵێکدا دەتوانێ بڕیاری پابەندکردن بدات کە دوو لایەنی ناکۆک ناوبژیوانی بسپێرن بە ئەنجومەنی شوورا، ئەوکاتە بڕیاری ئەنجومەن ئیلزامییە، وەک لە مادەی نۆ، بڕگەی یەکەمدا دیاریکراوە."
ناوبراو دەستنیشانی کرد کە "لەبەر ئەوەی لایەنەکان ـ پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، یا ئەنجومەنی وەزیران ـ پێکەوە ناوبژیوانیان نەسپاردووە بە ئەنجوومەنی شوورا، ئەوا ئەنجومەن ناتوانێ بڕیار لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بدات، تەنها دەتوانێ ڕاوێژ بدات یانیش ڕای خۆیان دەرببڕن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەوەی ئێستا بڵاوبۆتەوە، سیفەتی ئیلزامییەت (پابەندکردن)ی یاسایی نییە و تەنها وەک ڕایەک سەیر دەکرێت."
بەگوێرەی یاسای دامەزرانی ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، ئەو ئەنجومەنە تایبەتە بە ڕادەربڕین لە بابەت ئەو یاسایانە کە وەزارەتەکان، یانیش ئەندامانی پارلەمانی هەرێمی کوردستان ئامادەی دەکەن.
ئەو ئەنجومەنە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٤ی ئەو ساڵە دامەزراوە، هەروەها ڕاوێژکارە لە کاروبارە یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستاندا. بەگوێرەی یاسای کاریان ئەم ئەنجومەنە دەڕوانێتە تانەلێدانەکان لە دادگای کارگێڕی و سەروکاری لەگەڵ ئەو دادگەیەدا هەیە."
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی شوورای هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە بەپێی مادەی دەیەم، خاڵی یەکەمی یاسای کاری ئەنجومەنی شوورا "نابێ جگە لە وەزیری تایبەتمەند یا سەرۆکی لایەنی پەیوەست نەبوو بە وەزارەتەوە کێشەکان بخرێتە بەردەمی ئەنجومەنەوە".
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە