پاش چوار ساڵ؛ باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران دەکرێتەوە
Saturday, August 22, 2015
NNSROJ: بڕیارە سبەی یەکشەممە ٢٣ی ئاگۆست، باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دووبارە بکرێتەوە و دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
فیلیپ هامۆند، وەزیری دەورەوی بریتانیا، بەو مەبەستە و بۆ ئەنجامدانی هەندێک دیداری تر لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، بە هاورێی شاندێکی پایەبەرزی سیاسی و ئابووری، ئەمڕۆ شەممە سەردانی دەچێتە تاران.
هامۆند و محەمەدحەسەن حەبیبوڵازادە، کارگێڕی نوێنەرایەتیی ئێران لە لەندەن، بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵوێزخانەکەدا دەکەن.
چوار ساڵ پێش، بریتانیا، وەک بەشیک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییە گوماناوییەکەی، مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتەی قەدەخەکرد و ئەمەش تووڕەیی توندڕۆ ئێرانییەکانی لێکەوتەوە.
ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی چوار ساڵ پێش[١٣٩٠ی هەتاوی/ نۆڤامبری ٢٠١١]، پۆلێک لە خوێندکارە بەسیجییەکانی زانکۆکانی تاران، هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران، ئاڵای باڵوێزخانەیان هێنایە خوار و بەشیک لە شوێنەکەیان ئاگرتێبەردا.
ئەم هێرشە، پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی دوو وڵاتی دابەزاند بەڵام دوابەدوای ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی ناسراو بە پێنج زێدە یەک و هەڵگیرانی هەنگاو بە هەنگاوی گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکان، پێوەندییەکانی تاران و لەندەن خەریکە ئاسایی دەبنەوە.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە