رێبوار مه‌عرووف زاده
حیزب به رێکخراوێکی سیاسی ده‌وترێ که له کۆمه‌لێک که‌س پێکهاتووه که بۆ کۆمه‌لێک ئامانجی هاوبه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن و له‌هه‌مبه‌ر چۆنییه‌تی و ستراتژی گه‌یشتن به‌و ئامانجانه تاڕاده‌یه‌کی زۆر له‌گه‌ڵ یه‌کتر کۆکن. له پڕاکتیکدا حیزب بریتیه له کۆمه‌لێک که‌س که بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌وڵ ده‌ده‌ن و ئاماده‌ن له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌کتر هاوکارێیهکی تووندوتۆلی رێکخراوه‌یی بکه‌ن. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه که له نێو حیزبی سیاسی هاوکات له‌گه‌ڵ مڵملانێ له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه، یان له ئێستادا و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حدک‌دا هاوکات له‌گه‌ڵ خه‌بات دژی کۆماری ئیسلامی، ململانێی نێوخۆیی بۆ هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له به‌رێوه‌بردن و ئاراسته‌به‌خشینی حیزب ده‌بینرێ. ململانێی نێوخۆیی له حیزبێکی سیاسی‌دا شتێکی ئاسایی و ته‌نانه‌ت پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی که‌سی باشتر له ئاستی به‌ریوه‌به‌ری حیزب و بیرۆکه‌ی باشتر بۆ به‌رێوه‌به‌ری حیزب بێته ئاراوه.
ململانێی نێوخۆیی له نێو حیزبه‌کانی گه‌وره‌ی جیهانیش وه‌ک بابه‌تێکی ئاسایی و پێویست سه‌یر ده‌کرێ. بۆ نموونه له ساڵی ۲۰۰۸ هیلاری کلینتۆن له‌گه‌ڵ ئوباما بۆ پۆستی سه‌رۆککۆماری ملمڵانێی کرد و کێشانه‌وه‌که‌شی هه‌ر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌سه‌ڵات بوو- دواتر له کابینه‌ی ئوبامادا بۆ ماوه‌یه‌ک بوو به وه‌زیری ده‌ره‌وه. له ساڵی ۲۰۱۰، برایانی میلیبه‌ند، ئێد میلیبه‌ند و ده‌یوید میلیبه‌ند، بۆ وه‌رگرتنی رێبه‌ری حیزبی رێکار که‌وتنه ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌کتر و ئێد ۵۰.۶۵% ده‌نگه‌کان و ده‌یوید ۴۹.۳۵% ده‌نگه‌کانی ده‌سته‌به‌ر کرد. له ئاکامدا ئێد میلیبه‌ند، برای بچووک، بوو بۆ سه‌رۆکی حیزبی کرێکار.
هه‌ر بۆیه حیزبایه‌تی گۆره‌پانی ململانێ، وێککه‌وتن و تێکهه‌ڵکێشکردنی به‌رژه‌وه‌ندیی تاکه‌که‌سی ئه‌ندامه‌کانه و هه‌وڵدان له لایه‌ن هه‌ر کام له ئه‌ندامان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له به‌ڕێوه‌به‌ری حیزب، بابه‌تێکی ئاسایی و ئهڕینییه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ململانێی نێوخۆیی خزمه‌ت به زیندوویه‌تی فیکری و ته‌شکیلاتی حیزب بکا، بوونی کۆمه‌لێک پڕه‌نسیپی نێوخۆیی و دێموکراسی نێوخۆیی پێویسته. له‌و وتاره‌دا به ڵهبهرچاوگرتنی خۆئاماده‌کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بۆ کۆنگره‌ی ۱۶، باسێک له‌سه‌ر چه‌ند خالێکی پێره‌وی نێوخۆیی ئه‌و حیزبه ده‌که‌م. به هۆی ئه‌وه‌ی حیزبایه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان تاراده‌یه‌کی زۆر هاوشێوه‌یه، ڕه‌خنه‌کانی ئه‌و وتاره ڕووی له هه‌موو حیزبه‌کانی ئه‌و پارچه‌یه.
تاکرهوهی و تاکپه‌ره‌ستی
له مادده‌ی ده‌هه‌می پێره‌وی نێوخۆیی حدک‌دا هاتووه که: "تاکپه‌ره‌ستی و سه‌ره‌رۆیی له هیچ پله‌یه‌کی ته‌شکیلاتی رێگای پێ نادرێ و لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌کرێ." ئه‌و خاڵه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که له حیزب‌دا بریاره‌کان به‌رهه‌می بیرکردنه‌وه‌ی گرووپی یه و هیچ که‌س سیاسه‌تێک به‌رێوه نابا که ره‌زامه‌ندی ئه‌ندامانی حیزب و به‌لانیکه‌م ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌بێ. به‌ڵام مێژووی حیزبی دێموکرات نامۆ نییه به تاکڕه‌وی و ده‌ورانی ئه‌حمه‌د تۆفیق، دووهه‌مین سکرتێری حیزبی دێموکرات، ڕه‌نگه ترۆپکی ئه‌و ده‌ورانه بێ. له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی هیچ که‌س به‌ده‌ر نییه له مه‌یل بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ڵام ئه‌وه کۆمه‌لێک پڕه‌نسیپی نێوخۆیییه که وا ده‌کات زۆربه‌ی ده‌ستڕۆیشتوویی سیاسی، دیپلۆماسی و به‌رێوه‌به‌ریی حیزبێک له ده‌ستی که‌سێکدا زه‌وت نه‌کرێ. له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیدا ده‌بێ متمانه و پشت به مکانیزم و پڕه‌نسیپه‌کان ببه‌سترێ نه‌ک به تاکه‌کان.
یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی وایکرد حیزبی دێموکرات له دوای شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوو تووشی چه‌شنێک له نسکۆ و ته‌نانه‌ت قه‌یران له ئاستی فیکری، سیاسی، دیپلۆماسی و رێبه‌ری بێ، ئه‌وه بوو که د. قاسملوو بۆ ۱۸ سال سکرتێر و که‌سی یه‌که‌می ئه‌و حیزبه بووه. د. قاسملوو له سالی ۱۳۵۰ هه‌تا ساڵی ۱۳۶۸، پێش له شۆرشی ئێران، له کاتی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت له تاران، له کێشه‌کانی دوای کۆنگره‌ی ۴، شه‌ری چه‌کداری له دژی ڕێژیم، شه‌ری نێوان کۆمه‌ڵه و دێموکرات، کێشه‌کانی دوای کۆنگره‌ی ۸ و ... وه‌ک سکرتێری حیزب ئاماده‌بوون و رۆلی هه‌بووه. ئه‌و ماوه دوورودرێژه‌ی سکرتێریی د. قاسملوو ئه‌گه‌رچی له لایه‌ک به هۆی بلیمه‌تی و ژیریی تاکه‌که‌سی ئه‌و بوو به‌ڵام له لایه‌کی دیکه به هۆی ئه‌وه بوو که وه‌ک سکرتێری حیزب له باری حقووقییه‌وه له سیاسه‌تی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی حیزب وه‌ک که‌سی یه‌که‌م ده‌وری ده‌گێرا. ئه‌گه‌ر د. قاسملوو له دوای دوو ده‌وره سکرتێری به‌رپرسیاره‌تییه‌کی دیکه‌ی جگه له سکرتێری حیزب هه‌با، ده‌رفه‌ت بۆ که‌سانی دیکه‌ش ده‌ڕه‌خسا که به یارمه‌تی و چاودێریی که‌سێکی ژیر و به ئه‌زموون وه‌ک د. قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکرات بن نه‌ک له نه‌بوونی ئه‌ودا. به گشتی له سه‌رده‌می د. قاسملوودا به هۆی نه‌بوونی مکانیزمێک بۆ پێش‌گرتن به وه‌رگرتنی پۆستی سکرتێری له لایه‌ن که‌سێکه‌وه بۆ چه‌ندین ده‌وره له دوای یه‌کدا وایکرد مه‌ودای توانای سیاسی و رێبه‌ری له نێوان د. قاسملوو و سکرتێره‌کانی دیکه به‌رچاو و به‌رجه‌سته بێ. ئه‌گه‌رچی حیزبی دێموکرات له سه‌رده‌می د. قاسملوو زیاتر به هۆی بیرتیژی و بیرفروانی تاکه‌که‌سی ئه‌و له زیندوویه‌تی فیکری، سیاسی و دیپلۆماسیانه به‌هره‌مه‌ند بوو به‌ڵام بنه‌مای کاری رێکخراوه‌یی له مۆدێلی حیزبایه‌تی دوکتور قاسملوو لاواز بوو- به‌ستێنێکی رێکخراوه‌یی گۆنجاو بۆ هاوسه‌نگی زیاتری فیکری، سیاسی و ته‌شکیلاتی نێوان ئه‌ندامانی رێبه‌ری نه‌ره‌خسا.
جگه له بوونی مکانیزمێک بۆ پێش‌گرتن به وه‌رگرتنی پۆستی سکرتێڕی بۆ چه‌ند ده‌وره به دوای یه‌کدا له لایه‌ن یه‌ک که‌س، بنه‌مای کاری رێکخراوه‌یی حیزبێک به‌وه به‌هێز ده‌بێ که باس و مشتومری فیکری و سیاسی ڕۆژانه و به‌رده‌وام له نێوان ئه‌ندامانی حیزب هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ساخبوونه‌وه و هاوئاهه‌نگی فیکری و سیاسی له نێو حیزب‌دا دروست بێ. تاکڕه‌وه‌ی له حیزبێکدا هه‌ر ئه‌وه نییه که بریاری تاکه‌که‌سی بده‌ی به‌ڵکوو ده‌کرێ له بواری فکری، سیاسی و ئه‌قلانییه‌تی خه‌باتکردنیش تاکره‌وی هه‌بێ. کۆمه‌ڵێک باس وه‌ک وتووێژ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، چۆنیه‌تی ناوهێنان و ڕوانین بۆ ئه‌و کوردانه‌ی هاوکاری رێژیم ده‌که‌ن، خراپبوونی سووتانی هۆتێل تارای مهاباد له که‌یسی مردنی فه‌ریناز خوسره‌وانی و ... له لایه‌ن سکرتێری حدک هاته ئاراوه به بێ ئه‌وه‌ی پێشتر باسکردن و ساخبوونهوهیهکی فیکری-سیاسی له ریزه‌کانی ته‌شکیلاتی ئه‌و حیزبه هاتبێته ئاراوه. هه‌ر بۆیه ئه‌و ته‌وه‌رانه له ئاستی یه‌ک دوو لێدوانی سکرتێری حدک کۆتایی پێهات و نه‌بوون به به‌شێک له ئه‌ده‌بیات و ئه‌قلانییه‌تی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ته‌نیا ته‌وه‌رێک که له دوو ده‌وره سکرتێری کاک خالید عه‌زیزی بوو به جێی باس و رێکه‌وتنی گشتی ئه‌ندامانی حیزب، ڕۆژههڵاتتهوهری بوو. ڕۆژههڵاتتهوهری کاردانه‌وه‌یه‌ک بوو به په‌راوێزکه‌وتن و له ڕۆژهڤکهوتنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ پارچه‌کانی دیکه. ڕۆژههڵاتتهوهری به هۆی ئۆرگانیزهبوونی له ئاست ئۆرگانه‌کانی حدک- به هۆی نه‌بوونی به پڕۆژه له به‌شه‌کانی ڕاگه‌یاندن، ته‌شکیلات و دیپلۆماسی له ئاستی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌و حیزبه. به واتایه‌کی دیکه ئێستا هه‌موو ئه‌ندامانی حدک (ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی حیزبه‌کانی دیکه) باسی ڕۆژههلاتتهوهری ده‌که‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی مانای ڕۆژههڵاتتهوهری له کاری ڕاگه‌یاندن، ته‌شکیلاتی، سیاسی و دیپلۆماسی حیزبێک چییه، ناروون و نادیاره. گۆتاری ڕۆژههڵاتتهوهری نه‌یتوانی رێگه‌ی ته‌شکیلاتی، سیاسی و دیپلۆماسی نوێ به‌ره‌وڕووی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان بکاته‌وه و بیانباته نێو قۆناخێکی نوێ خه‌بات و ژیانی سیاسی.
سکرتێری حیزب
له مادده‌ی شازده‌هه‌می پێره‌وی نێوخۆیی حدک‌دا هاتووه که: "هیچ که‌س له دوو ده‌وره‌ی به دوای یه‌کدا وه‌ک سکرتێری گشتی هه‌ڵنابژێردرێ." ئه‌و خاڵه بۆ ئه‌وه دانراوه که پێش به‌وه بگرێ که سکرتێری حیزب، به‌رێوه‌به‌ری حیزب قۆرخ بکا و به‌مشێوه‌یه قۆرسایی و ده‌سه‌ڵاتی تاکێک به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی گشتی ئه‌ندامانی حیزب زال بێ. ئه‌و خاله بۆ ئه‌وه دانراوه هه‌موو ئه‌ندامان له هه‌ر پله‌یه‌کی ته‌شکیلاتی بن، له به‌ستێنی حیزب و وه‌ک به‌شێک له حیزب بناسرێن و حیزب به حیزبی فلان که‌س ناوزه‌د نه‌کرێ و نه‌ناسرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و خاله له درێژخایه‌ندا له خزمه‌ت به‌هێزکردنی حیزب دایه چونکه یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌کییه‌کانی حیزب بریتییه له‌وه‌ی ته‌مه‌ن و به‌رده‌وامی حیزب له ته‌مه‌ن و به‌رده‌وامی هه‌ر یه‌ک له ئه‌ندامانی زیاتر بێ- مانه‌وه و به‌رده‌وامی حیزب به مانه‌وه‌ی که‌سێک نه‌به‌سترێته‌وه.
ئهقلانیهتی بۆلشۆڤیکی له حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
پۆستی سکرتێری له مێژووی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش هه‌میشه پۆستێکی هه‌ستیار و قهیرانخۆلقێن بووه. کێشه‌ی پۆستی سکرتێری له حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌شێکه له کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌تر که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌و حیزبانه به ئهقلانیهتێکی بۆلشۆڤیکی حیزبایه‌تی و سیاسه‌ت ده‌که‌ن. حیزبه‌کانی دێمۆکرات و کۆمەڵە وه‌ک دوو ڕه‌وتی سه‌ره‌کی له کاناڵیزه‌کردنی وزه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌ره‌ڕای جیاوازی له ڕوانین و هه‌لوێسته‌کانیان، خاوه‌نی یه‌ک پێکهاته و ستراکتێری سیاسین. هه‌ر دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە له بواری فۆرم و سکلێتی حیزبایه‌تییه‌وه وه‌ک حیزبێکی بولشۆڤیکی له‌قه‌له‌م ده‌درێن. ستراکتێری بولشۆڤیکی له خوێندنه‌وه‌یه‌کی کلاسیکی بۆ کۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه ده‌گڕێ که کۆمه‌ڵگه به سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش ده‌کا. له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا کۆمه‌ڵگه له دوو گرووپ پێكهاتووه، گرووپێک توانای بیرکردنه‌وه و فیکری هه‌یه و گرووپه‌که‌ی دیکه‌ش رۆلی جێبه‌جێکار و فه‌رمانبه‌ری هه‌یه. هه‌ر ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه له کۆمه‌ڵگه، له ستراکتێری حیزبیشدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه و حیزبی بۆلشوڤیکی به سه‌ر رێبه‌ری و به‌ده‌نه‌دا دابه‌ش ده‌بێ. رێبه‌ری هێزی فێکری و بڕیارده‌ره به‌لام به‌ده‌نه هێزی جێبه‌جێکار، گوێگر و فه‌رمانبه‌ره. ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ماددی، سیاسی و ته‌نانه‌ت ڕۆشنبیری له چه‌نگ رێبهریدا سه‌نترالیزه و قۆرخ ده‌کرێ، تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌حزابی بۆلشۆڤیکییه. له حیزبی بولشۆڤیکیدا رێبه‌ری ده‌بێ هه‌م نووسه‌ر و روشنبیر بێ هه‌م چالاکی سیاسی. به واتایه‌کی دیکه "زه‌ینییه‌تی و خه‌ونی بوون به لێنین" -کۆکردنه‌وه‌ی رێبه‌رێکی سیاسی و رێبه‌رێکی تیۆری-فێکری له یه‌ک که‌سدا- له حیزبه بۆلشۆڤیکییهکاندا هه‌میشه زه‌ینییه‌تێکی ئاماده و زیندوو بووه. چل ساڵ خه‌باتی دوکتور قاسملوو، نیوسه‌ده تێکۆشانی ماموستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده ئاوێنه‌ی بالانوێنی "خه‌ونی به لێنین بوون"، واته کۆکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیر له یه‌ک که‌سدایه.
ئه‌و ئه‌قلانییه‌ته بۆ کۆمه‌ڵگه و حیزبایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ئێستادا نایه‌ته‌وه چونکه کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تاراده‌یه‌ک مۆدیرن بووه- واته چێدیکه به خوێندنه‌وه‌ی دوو کتێب له بواری فه‌لسه‌فه، کۆمه‌ڵناسی، سیاسه‌ت، ئابووری و ... ناتوانی له هیچ کام له‌و بوارانه‌دا خۆت به پێشره‌وی خه‌ڵک بزانی. کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌یه‌ی ۶۰ نه‌ماوه که که‌سێک هه‌ر به حوکمی خوێنده‌واربوونی له چاو به‌شێکی زۆر له کۆمه‌ڵگه وه‌ک بیرمه‌ند و میرزا له‌قه‌له‌م بدرێ. کۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زۆر ئالۆزتره له جاران و چێدیکه ناکرێ له خوێندنه‌وه‌یه‌کی ساده‌دا به‌سه‌ر دوو خه‌ڵکی بریارده‌ر (هێزی بیرمه‌ند) و فه‌رمانبه‌ر (هێزی جێبه‌جێکار) کۆرت بکرێته‌وه. ئێستا ناکرێ قسه‌یه‌کی تازه و رۆلێکی کاریگه‌رت له هیچ بوارێک‌دا هه‌بێ، ئه‌گه‌ر له بواره‌دا پسپۆری و به‌دواداچوونت نه‌بێ. حیزبی سیاسیش له ئێستا ده‌بێ سه‌یری سیاسه‌ت وه‌ک کارێکی پسپۆرانه بکا و ته‌نیا له بواری سیاسی هه‌وڵ بدا نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک بکا. ئه‌گه‌ر حیزبی سیاسی هونه‌رمه‌ند، شاعیر، ناوه‌ندی منداڵپارێزی، رێکخراوی ژنان، لاوان و خوێندکاران و ... نه‌بێ، نابێ گله‌یی لێ بکرێ و بۆی وه‌ک لاوازی له قه‌له‌م بدرێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبێکی سیاسی ده‌یان شرۆڤه‌کاری سیاسی و دیپلۆماتی شاره‌زا به چه‌ند زمانی زیندووی جیهانی نه‌بێ که له پرۆسه‌ی بڕیاردان له‌و حیزبه‌دا به‌شداری بکه‌ن، ده‌بێ له بنه‌ره‌تی بوونی ئه‌و حیزبه ڕه‌خنه بگیردرێ. دروست نییه هه‌ر که‌سێک که ته‌مه‌نی له سه‌رووی ۱۸ ساڵ بوو، که‌سیشی نه‌کوشتبێ و به گشتی خۆشناو بێ، که ئاودیوی باشووری کوردستان بوو بتوانێ ببێته ئه‌ندامی ته‌واو وه‌ختی حیزب. حیزبی سیاسی ئه‌رکی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه ئاراسته ببه‌خشێته جه‌ماوه‌ر. حیزبی سیاسی ده‌بێ که‌سانێک به‌رێوه‌ی به‌رن که توانای شرۆڤه‌کردنی سیاسی، توانای نووسین و دهرىرینی هه‌یه، به‌ڵام ئایدیا، پڕۆژه و بهرنامهکلانی هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان بگرێته‌وه. حیزبی سیاسی پێویسته هه‌موو چین و توێژه‌کانی کومه‌ڵگه له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا به‌شدار بکا نه‌ک ئه‌وه‌ی حیزبی سیاسی شوێنی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه بێ. حیزبی سیاسی جێگه‌ی خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌وار، به‌ساڵاچوو و نه‌خۆش نییه، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه‌ش ده‌توانێ له خه‌باتدا به‌شداری بکا.
پۆستی سکرتێری و دێموکراسی نێوخۆیی
له لایه‌کی دیکه هه‌رچه‌ند حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر بوونی دێمۆکراسی نێوخۆیی ده‌که‌ن به‌ڵام به کرده‌وه ده‌بینین بازنه‌ی رێبه‌ری له‌و حیزبانه‌دا بازنه‌یه‌که به ئاسانی ئالاگۆری به‌سه‌ردا نایه‌ت. ئه‌و سه‌نترالیزه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له نێو ئه‌حزابی بۆلشوڤیکی هه‌ر به باڵاده‌ستی ئیدئۆلۆژیک و هێندێک جار گاڵته‌ئامێزی رێبه‌ری به‌سه‌ر به‌ده‌نه‌دا کۆتایی نایه، به‌ڵکوو ئه‌و حیزبانه به‌ده‌ست کێشه‌ی دانان و لابردنی که‌سی یه‌که‌م ده‌نالێنن. ئاکامی هه‌بوونی دێمۆکراسی نێوخۆیی له حیزبێکدا به کرده‌وه ده‌بێ ئه‌وه بێ که له نێو هێزی مرۆیی ئه‌و حیزبه‌دا هاوسه‌نگی هه‌بێ. له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێمۆکراتیکدا کارێک بوونی نییه که ته‌نیا یه‌ک که‌س توانای ئه‌نجامدانی هه‌بێ. به‌ڵام له حیزبه بولشۆڤیکییهکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان سکرتێر هه‌تا له ژیاندا بووه سکرتێر بووه، لاچوونی سکرتێریش جیابوونه‌وه و کێشه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه.
خشته‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان پێ ده‌لێ که له‌و حیزبانه‌دا هیچ سکرتێرێک به شێوه‌یه‌کی دێموکراتیک و له کۆنگره‌دا لانه‌بردراوه، ئه‌گه‌ریش شتێکی ئاوا رووی داوه، ئه‌وه ئه‌و حیزبه نه‌گه‌یشتوته کۆنگره‌ی داهاتووی خۆی، تووشی ئینشعاب و لێکترازان هاتووه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان هه‌یه که له کۆنگره‌ی داهاتووی خۆیاندا بۆ یه‌که‌م جار به شێوه‌یه‌کی دێموکراتیک سکرتێره‌که‌یان بگۆرن و یارمه‌تی پته‌وتربوونی دێموکراسی نێوخۆیی بده‌ن.
حدک و پۆستی سکرتێری
له ئێستادا حدک به‌ره‌و گرتنی کۆنگره‌ی ۱۶‌ی خۆی ده‌روا و سکرتێری ئه‌و حیزبه واته کاک خالید عه‌زیزی ماوه‌ی سکرتێری ته‌واو ده‌بێ و به پێی پێره‌وه‌ی نێوخۆیی ناتوانێ خۆی بۆ جارێ سێهه‌م بۆ پۆستی سکرتێری کاندید بکا. یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی حدک له دوای جیابوونه‌وه‌ی ساڵی ۱۳۸۵ ئه‌وه بوو که توانی له دوای کۆنگره‌ی ۱۴، که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی نوێ روو به خه‌ڵک بناسێنێ. ئه‌گه‌رچی کاک خالید عه‌زیزی له سالی ۱۳۸۵دا بۆ به‌شیک له ئه‌ندامانی حیزب ناسراو بوو به‌ڵام ئه‌و کات چ له ئاستی به‌رێوه‌به‌ری نێوخۆیی و چ ڕوو به فه‌زای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران رۆلێکی به‌رجه‌سته‌ی نه‌بوو. که‌سانێک وه‌ک دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی، ماموستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده و کاک مسته‌فا هیجری پێش له‌وه‌ی ببن به سکرتێر، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی بوون و تاراده‌یه‌کی زۆر ناسراو بوون. هه‌ر بۆیه بوونی کاک خالید عه‌زیزی به سکرتێری حیزب بۆ خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران- ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌ندامانی حیزب، چه‌شنێک له تازه‌گه‌ری سیاسی بوو. بوونی خالید عه‌زیزی به سکرتێری حدک نیشانه‌ی زیندوویه‌تی ئه‌و حیزب و توانای حدک له ناساندن و دروستکردنی که‌سایه‌تی سیاسی نوێ بوو. له ئێستادا ره‌نگه که‌سانێک باس له‌وه بکه‌ن که ئێستا که خالید عه‌زیزی ناسراوه، باشتر وایه ئه‌و بۆ جاری سێهه‌م ببێته‌وه سکرتێری حدک. ئه‌گه‌ر ئه‌م جاره پێره‌وی نێوخۆیی بگۆرن و کاک خالید بۆ جارێ سێهه‌م ببێته سکرتێر، بۆ چوار ساڵی دیکه و بۆ جاری چواره‌م چ ده‌که‌ن؟ له درێژخایه‌ندا ئه‌گه‌ر قۆرسایی حیزبێک ئه‌وه‌نده به که‌سێک ببه‌سترێته‌وه که بۆ گۆرینی ئه‌و ده‌سته‌وه‌ستان بێ، ئاخۆ نیشانه‌ی لاوازی و بێ که‌سی ئه‌و حیزبه نییه؟
دوو ده‌وره ماوه‌یه‌کی گۆنجاوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌رنامه‌یه‌کی هه‌بێ بتوانێ به‌ره‌وپێشی ببا و ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی گۆرانێکی ئه‌وتۆ بێنێته ئاراوه، رێگه به که‌سانی دیکه بدا. حدک له ۸ ساڵی ڕابردوودا گۆرانێکی ستراتژی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه. هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له باشوور نێشته‌جێ بوو، ئێستاش له باشوور نێشته‌جێیه.
هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئاماده‌بوونی ڕاسته‌وخۆ و ئاشکرای نه‌بوو، ئێستاش ئاماده‌بوونێکی ڕاسته‌وخۆ و ئاشکرای نییه. سیستمی حیزبایه‌تی حدک واته ئۆرگانه‌کان و شێوه‌ی به‌رێوه‌به‌ری حیزب به به‌راورد به ۸ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گۆرانێکی جیددی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. حدک له بواری فیکری، سیاسی، ته‌شکیلاتی و ته‌نانه‌ت نیزامی به به‌راورد به ۸ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گۆرانێکی به‌رچاوی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ئه‌گه‌ر دوکتور قاسملوو له سه‌رده‌می خۆێدا به هێنانه ئارای کورته باس (سۆسیالیزمی دێموکراتیک) و په‌سندکردنی له کۆنگره‌ی ۶ له بواری فیکری-سیاسی و به کردنه‌وه‌ی ده‌رگای رێکخراوی ئهنترناسۆنالی سۆسیالیست له بواری دیپلۆماسی، گۆرانێکی به‌رچاوی به حیزبی دێموکرات هێنا و رێبهربوونی خۆی سه‌لماند به‌ڵام کاک خالید عه‌زیزی له‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو که قۆناخێکی نوێ له خه‌بات و کاری سیاسی له حیزبی دێموکراتی کوردستان بێنێته ئاراوه. سکرتێر ته‌نیا به‌وه هه‌ڵناسه‌نگێندرێ که که‌سێکی ڕووح سووک، خۆشه‌ویست و قسه‌زان بێ. سکرتێر به حیزبه‌که‌یه‌وه هه‌لده‌سه‌نگێندرێ، به‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ که ئه‌و حیزبه‌ی ئه‌و که‌سی یه‌که‌می بووه توانیبێتی له بواری فیکری، سیاسی، ته‌شکیلاتی و دیپلۆماسی گۆڕانێکی جیددی ئه‌رێنی به‌سه‌ر خۆیدا بێنێ.
ڕه‌نگه له سه‌رده‌مێکدا که لاچوونی که‌سی یه‌که‌می حیزبه‌کانی کوردستان بۆته گرفتێکی سه‌ره‌کی زۆربه‌ی حیزبه‌کان، ئه‌گه‌ر سکرتێرێک خۆی له کۆنگره‌یه‌کی دێموکرات بۆ هاتنه‌ئارای که‌سی دیکه ده‌ستپێشخه‌ر بێ، ئه‌وه گرینگ‌ترین کارێک بێ که ئه‌و سکرتێره بتوانێ ئه‌نجامی بدا و له‌و رێگه‌یه‌وه هانی به‌ره‌پێشبردنی دێموکراسی نێوخۆیی له حیزبه‌که‌ی و یارمه‌تی هاتنه‌ئارای که‌لتوورێکی سیاسی دێموکراتیکتر له نێو فه‌زای سیاسی کوردستان بدا.
ئاکام گیری
ململانێی نێوخۆیی له حیزبێکدا زیندوویه‌تی سیاسی و ته‌شکیلاتی به‌و حیزبه ده‌به‌خشێ. دێمۆکراسی نێوخۆییش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ململانێی نێوخۆیی به‌ستێنێکی دێموکراتیک و ته‌ندروستی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر حیزبێک چه‌ند جێگره‌وه و ئالترناتیوی بۆ سه‌رجه‌م پۆسته‌کانی نه‌بێ و له گۆرینی سکرتێره‌که‌ی ده‌سته‌وه‌ستان بێ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه به ئه‌قلانییه‌تی کون له ئامرازێکی نوێ-حیزب- که‌ڵک وه‌رده‌گرێ.
سه‌رچاوه‌کان
به‌رنامه و پێره‌وی نێوخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، په‌سندکراوی کۆنگره‌ی ۱۵
بزربوونی سیاسه‌ت، عه‌دنان حه‌سه‌نپور، وب سایت شخصی عدنان حسن پور
فروز و فرودهای چپ در در کردستان و ایران، گفتگو با صلاح ا‌لدین مهتدی
چه‌پ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، رێبوار مه‌عرووف زاده، له سایتی زاگرۆس پۆست له ۳۰July, ۲۰۱۴ بڵاو بۆته‌وه.
خه‌بات، حیزب و گه‌ل، رێبوار مه‌عرووف زاده، له سایتی "بزووتنه‌وه‌ی کۆماریخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ۷/۱۰/۲۰۱۳ بڵاو بۆته‌وه.
Ed Miliband elected new Labour leader by Toby Helm published on ۲۵ September, ۲۰۱۰ on www.theguardian.com