بابەتی گەرم:

شێرکۆ جیهانی

عەداڵەت، عەداڵەت، ئەتۆ لە کوێی؟

Monday, September 21, 2015

شێرکۆ جیهانی

نووسەری تورک عەزیز نەسین چیرۆکێکی سەرنجراکێشی هەیە کە تێیدا پیاوێک بۆ یەکەمین جار لەگەڵ ژنەکەی لە گوندەوە هاتوونە شاری ئیستانبوڵ. ناوی ژنەکەی عەداڵەتە و وەک دەزانین ئەو جۆرە ناوانە قەدیم لە سەر ژنان دادەندران. بە هۆی ئەوەی کە یەکەمین جارە شارێکی وا گەورە و ڕەنگین بە چاوی خۆیان دەبینن، سەریان سووڕماوە، ژنەکە شێت و شەیدای دووکان و بازاڕەکە بووە و هەر جارە دەچێتە نێو دووکانێکەوە. شار قەرەباڵغە و لەو نێوەدا، پیاوەکە هاوسەرەکەی لە نێو حەشیمەت و بازاڕەکەدا لێ ون دەبێت. پیاوەکە دەپەشۆکێ و نازانێ چ بکات. لە تاوان دەست دەکات بە بانگکردنی ژنەکەی و وەک بڵێی لە مەزرایە هاوار دەکات: "عەداڵەت، عەداڵەت، کچێ هۆی عەداڵەت ئەوە تۆ لە کوێی؟"

بەڵام نەخێر، عەداڵەت لە هیچ کوێ دیار نییە. پیاوەکە بۆ ئەملاو ئەولا ڕادەکا و دیسان چاو دەگێڕێ و هەڕا دەکات. هاوکات بە سەبک و شێوازی گوندەکەیان ڕوو لە خەڵکی دەکات و، وەک بڵێی هەموو خەڵکەکە هاوسەرەکەی دەناسن، لێیان دەپرسێت: "ئەرێ جەماعەت، کەستان عەداڵەتی لە شوێنێک دیتووە؟". خەڵکەکە پێیان وایە ئەو کابرایە باسی سیاسەت دەکات، هەر بۆیە لە وڵامدا دەڵێن: "نەخێر، عەداڵەت لە هیچ کوێ نییە!". کابرای گوندی دەڵێت: "دەی باشە، دێن لەگەڵم کۆمەکم بکەن عەداڵەتی ببینینەوە؟". خەڵکەکە دەڵێن زۆر چاکە. کابرای دەخەنە سەر شانیان و دەست دەکەن بە گەڕان. کابراکە بانگ دەکات: "عەداڵەت، عەداڵەت"، خەڵکەکەش کە پێیان وایە کابرای گوندی ڕێپێوانێکی وەڕێ خستووە و داوای داد و عەداڵەتی سیاسی دەکات، دوابەدوای ئەو بە تێکڕایی دروشم دەدەنەوە: "عەداڵەت، عەداڵەت". دەڕۆن و دەڕۆن تا دەگەنە مەیدانی تەقسیم! (وەک دەزانین تەقسیم مەیدانێکی بەناو بانگی شاری ئیستانبوڵە کە وەک مەیدانی ڕێپێوانی ناڕەزایەتی لێهاتووە و لە هەمانکاتدا نووسەر ناوی ئەو مەیدانەی بە ئانقەست هەڵبژاردووە، چوونکە وشەی تەقسیم بە واتای دابەشکردنە). بەڵێ، زۆری پێناچێ کە پۆلیسەکان کۆ دەبنەوە و پێشیان پێدەگرن. زنجیرەیەک پۆلیسیان لە پێشە و خەڵکەکەیان وەستاندووە. کابرای گوندیش کە لە سەر شانی خەڵکەکەیە، لە ناکاو چاوی بە هاوسەرەکەی دەکەوێت کە لەوبەری شەقامەکە و لە پشت سەری پۆلیسەکان خەریکە دەڕوات. هەر بۆیە لە پڕێکدا هاوار دەکات و دەڵێ: "بۆ پێشەوە بەرەو عەداڵەت، بۆ پێشەوە!". خەڵکەکە پێیان وایە کە کابرای گوندی فەرمانی هێرشکردن بۆ سەر پۆلیسەکانی داوە و هەر بۆیەش بەتێکڕایی بەرەو پۆلیسەکان دەچن و دەرگیر دەبن. لەم نێوەدا پیاوە گوندییەکەش دەکەوێتە بەر زەبری باتوومی پۆلیسێک و بێهۆش دەبێت. کاتێک وەهۆش دێتەوە لە ئیدارەی پۆلیسە و پۆلیسەکان وەکوو سەرۆکی ئاژاوەچییەکان و بەرپرسیاری ڕێپێوان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەن!

دیارە ناوەڕۆکی ئەو چیرۆکەی عەزیز نەسین هاوشێوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانی "ژانی گەل"ی ئیبراهیم ئەحمەدە کە لەوێشدا کابرایەکی کورد لە شاری سلێمانی ژنەکەی دووگیانە و ژانی دێتێ، کاتێک ئەو کەسە دەیهەوێ بە خێرایی وەفریای ژنەکەی بکەوێت و دێتە سەر شەقام، نەخوازراو تێکەڵ بە ڕێپێوانێک دەبێت کە لە ناو شەقامەکەدا ساز بووە و دواتریش هێزی ئاسایشی عێراقی ئەو کابرا کوردەی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێپێوانێکی نایاساییدا دەگرن!

ئەو چیرۆک و ڕۆمانەی کە ئاماژەم پێکردن، دوو نموونەی سادەن لە حەقیقەتێکی تاڵ: نەبوونی عەداڵەت. چاوەڕوانکردنی عەداڵەت و دادوەری لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و لە چوارچێوەی دەسەڵاتداران و دەوڵەتانی حاکم بە سەر کوردستان، وەکوو ئەمە وایە کە چاوەڕێی هەنگوین لە مێشەڕەشە بکەی! مێشی ڕەش، مێشە بەڵام هەنگوینی نییە. دەوڵەتانی ناوچەکەش، تەنانەت ئەوانەی وەک تورکیا دەمامکی دێمۆکراسیشیان لێداوە، هیچیان ئەو دەوڵەتانە نین کە عادڵ بن و ماف بدەن. ئەسڵەن پێناسەی عەداڵەت لە لای ئێمە و ئەوان جیاوازە. لە ڕوانگەی ئێمەوە عەداڵەت ئەوەیە کە مافی کوردان بدرێت، بەڕەسمی بناسرێین، جیاوازیی چینایەتی نەمێنێ و ژنان بە ئازادی و مافەکانیان بگەن و ... هتد. بەڵام عەداڵەت لە ڕوانگەی مێشی ڕەشەوە ئەوەیە کە ڕێگەی بدەن لە سەر پیسایی بنێشی و عاشقی کەلاکی تۆپیوە! مێشی ڕەش کەیف بە بۆنی خوێن و کەلاک دەکات! عەداڵەت بۆ مێشی ڕەش ئەوە نییە کە هەنگوین بەرهەم بێنێت. بەڵێ، لە ڕوانگەی مەلاکانی قوم و تارانەوە عەداڵەت ئەوەیە کە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران سەریان لە بەرابەر مەنارەی مزگەوتەکانیان و خامەنەییدا دانەوێنن. عەداڵەت بۆ مەلای تاران و قوم ئەوەیە کە خوێنی قاسملوو و شەڕەفکەندییەکان بڕێژن و کەسانی وەکوو حەبیبوڵڵا گوڵپەریپوور و فەرزادی کەمانگەر بە تەنافی سێدارەوە هەڵواسرێن. عەداڵەت لە ڕوانگەی سەدامەوە ئەوەیە کە خەڵکی هەڵەبجە بە شیمیایی کۆمەڵکوژ بکرێن و عەداڵەت لە ڕوانگەی ئەردۆغان و کاربەدەستانی "پارتی عەداڵەت و گەشەپێدان" (!) ئەوەیە کە پارلەمانتار و دەسەڵاتی زیادتریان هەبێت و ئەگەریش پێی نەگەیشتن، دەست بکەن بە بۆمبارانی چیاکانی کوردستان، خوێنی منداڵانی جزیرەی بۆتان بڕژێت و ئاڵای تورکیا لە سەر تەرمی گەریلای کورد بەرز بکرێتەوە. عەداڵەت لە ڕوانگەی بەشار ئەسەدیش (وەکوو ئەوانەی دیکە) ئەوەیە کە هەر بە خۆی دەسەڵاتدار بێت و ئەگەر پێویست بکات شارێکی وەکوو حەلەب بە ژن و منداڵەوە وێران بکات! عەداڵەت لە ڕوانگەی داعیشیش ئەوەیە کە سەری خەڵکانی بیرجیاواز ببڕێت و ڕووخساری ژن لە مەلافەی ڕەشی نیقابدا بشارێتەوە.

لە هزری ئەواندا عەداڵەت ئەوەیە کە خۆیان حوکم بکەن، جا بە هەر نرخێک!

عەداڵەت ونە و تا ئەو کاتەی ئەوانە هەبن عەداڵەتێک لە ئارادا نییە ـ تەنانەت ئەگەر ناوی حیزبەکەشیان عەداڵەت بێت و تەنانەت ئەگەر باسی عەداڵەتیش بکەن، چونکە پێناسەی ئەوان بۆ عەداڵەت لەگەڵ پێناسەی جیهانیان و بنەماکانی مافی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە.

قوربانی، چەقۆی سەر ملی خۆی بە بێ عەداڵەتی دەزانێت، بەڵام ئەو کەسەی قوربانی دەکات، شانازی بەو چەقۆیەوە دەکات کە خستوویەتییە سەر ملی قوربانییەکە و بە عادڵانەی دەزانێت! چاو لێبکە مەڕە گیان، من زۆر عادڵم، گیا و ئاوم پێداوی، جا لێگەڕێ با سەرت ببڕم.

چاو لێبکە کوردە گیان، ئەمن رەفسەنجانی کاتی خۆی چەند گۆڤارێکی کوردیم پێداوی، ئەمن ئەردۆغان کاناڵی تەرەتە شەشم بۆ کردوویەوە، ئەمن ئەسەد ڕێگەم پێدای جارێ لە چەند شارێک حوکم بە دەستی خۆتەوە بێت، جا بۆیە هەر کاتیش ویستم دەبێ سەرم بۆ دانەوێنێ، چونکە ئەمن زۆر عادڵ و بەخشەندەم، ئەگینا چارەنووست مەرگ و نکۆڵییە... بۆ ئەوان کوردێکی باش کوردێکی مردوو، یان لانیکەم کوردێکی بێدەنگ، یان ئاسیمیلەکراوە! ناعادڵانەیە کە ئێمە داوای مافەکانمان بکەین، چونکە لە دەسەڵاتی ئەوان کەم دەبێتەوە. ناعادڵانەیە کە داوای شتێک بکەین کە هی خۆمانە و ئەوان بردوویانە. وە ئەو کاتەش کە سەرمان هەڵدا، خوێنی ئێمە لە سەر پەنجەکانیان، ئەوپەڕی عەداڵەتە!

عەداڵەت، عەداڵەت خنکام ئەوتۆ لە کوێی؟


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷