بابەتی گەرم:

ڕۆژهەڵات، پارچەیەکی بێدەنگ یان جیاوازتر ـ دۆسیە

Tuesday, November 24, 2015




NNSROJ:
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لەو بەشانەی کوردستان کە لە ئاستی جیهانیدا کەمترین ئاوڕی سیاسی و مێدیایی لێدراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە خاوەنی کۆمەڵێکی زۆر حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی و سەدان کۆڕوکۆمەڵی سەر بە جڤاکی سیڤیلە، لەلایەن هەندێ لە چاودێرانەوە وەک بێدەنگترین بەشی کوردستان ناوی هاتووە. بەو حاڵەش، کەم نین ئەو چاودێرانەی ئەمە بە پێناسەیەکی نەگونجاو دەزانن لەسەر ڕۆژهەڵات و پێیان وایە، تایبەتمەندیی ئەو بەشەی کوردستان و ئەو سیستەمە سیاسییە کە تێیدا حاکمە، لەوەی ئێستا هەیە زیاتر هەڵناگرێ. ئەمە، بە واتایەکی دیکە، ڕەتکردنەوەی ئەو ڕوانگە بەراوردکارانەیە، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێوەری بەشەکانی دیکە هەڵدەسەنگێنێ.


چالاکانی سیاسی، نووسەر و ئەکادیمیسیەنانی کورد، لە چەند وتار و لێدوانێکی جیاوازدا بۆ ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، ئەم بابەتەیان تاووتوێ کردووە. هەرچەند بەشێک لەمانە لەگەڵ ئەوەدا هەن کە ڕۆژهەڵات بێدەنگە، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان بەو ئاقارەدان کە چیەتی و چۆنیەتیی دەنگ و ڕەنگی ڕۆژهەڵات، پەیوەندیی بەو بارودۆخە سیاسی، ئابووری و جڤاکییەوە هەیە کە ناوچەکەی تێدایە. ئەمە بێجگە لەوەی کە بارودۆخی سیاسی ـ سەربازیی ناوچەکە و جێگە و پێگەی سیاسەتی ناونەتەوەیی لەو بارودۆخەدا، بە کاریگەر دەزانن.

خالید خەیاتی، دوکتۆرای زانستی سیاسی و مامۆستای زانکۆی لینشۆپینگی سوێد، پێی وایە "بێدەنگی، نە تەنیا باڵی بە سەر ئەم بەشەی ولاتدا کێشاوە، بەڵکوو ئەو بێدەنگییە ئەوەندە ئاسایی و نۆرمالێزە بووە کە تەنانەت نە هەستی پێدەکەین و نە بۆمان دەبێتە نیشانەی پرسیار."

ناوبراو دەڵێ "ئەگەر ئەم پرسیارە ئاماژە بە هەبوونی پرۆسەیەکی سیاسیی زیندوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ، پرۆسەیەک کە بخوازێت بە مەبەستی دەستەبەرکردنی سەروەری سیاسی بۆ کورد، ساختاری حاکمییەتی سیاسی ئێران تووشی چەشنێک لە گۆڕانکاری بکا، دەبێ بلێم بەڵی ڕاستە. من پێم وایە نە تەنیا بێدەنگی باڵی بە سەر ئەم بەشەی ولاتدا کێشاوە، بەڵکوو ئەو بێدەنگییە ئەوەندە ئاسایی و نۆرمالێزە بووە کە تەنانەت نە هەستی پێدەکەین و نە بۆمان دەبێتە نیشانەی پرسیار."

دکتۆر خالید خەیاتی بەڵام باس لە کۆمەڵێک هۆکار دەکات بۆ ئەم بێدەنگییە و پێی وایە " برەودان بە خەباتیکی سیاسیی جەماوەری لە کوردستان، تا ڕادەیەکی بەرچاو بە کۆنژۆنکتوور و هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی وڵاتی ئێرانەوە بەستراوەتەوە" کە بە گوتەی ئەو ئێستا ئامادەیی ئەو برەودانەی تێدا نییە.

ئەو هەروەها باس لە ڕوانگەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیش دەکات کە، بەهۆی ئەوەی "پێی وایە جووڵانەوەی نێوخۆیی یەکپارچەیی و شیرازەی ئێران هەڵدەوشێنێ و بەرەوە لەتلەتبوونی دەبا" لایەنگری جموجۆڵی ناوخۆیی نییە. ئەو هەروەها پێشی وایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئاستی هەرێمەکەدا، توانیویەتی " سیاسەتێکی دەرەوەی تا ڕادەیەک سەرکەوتوانە بەرەوپێش بەرێت" و ئەمەش بە هۆکارێکی دیکە دەزانێ بۆ کەمبوونی جموجۆڵی ناوخۆیی. [تەواوی وتارەکەی د. خالید خەیاتی لێرەدا بخوێنەوە]

هاوکات کامڕان  مەتین، یاریدەدەری پڕۆفسۆر و مامۆستای زانکۆی "ساسێکس"ی بریتانیا، هەرچەند پێی وایە کە ڕۆژهەڵات، بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا بێدەنگ بێت، بەڵام جەخت لە جیاوازیی هەلومەرجی سیاسی و سەربازیی ئێران دەکاتەوە کە ڕۆژهەڵات لە بەشەکانی دیکە جیا دەکاتەوە.

دکتۆر مەتین دەڵێت: "
ئەگەر ئێمە بێدەنگیی ڕۆژهەڵات بە پێوانەی نەبوونی بزووتنەوەیەکی چەکداری، لەو چەشنەی کە لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستاندا هەیە هەڵی سەنگێنین، ئەوە راستە کە ڕۆژهەڵات ئێستا جووڵەی سیاسیی لەو جۆرەی تێدا نییە. هۆیەکەشی زۆر دیارە، لە تەواوی ئەو پارچانەی دیکەی کوردستان ـ جگە لە باکووری کوردستان، کە ئەویش هۆکاری خۆی هەیە ـ دەوڵەتی مەرکەزی بەهۆکارگەلی دەرەکی لاواز بووە و بەهۆی ئەو لاوازییەوە، بزووتنەوەی کوردی بە شکڵی چەکدارانەی خۆی توانیویەتی خۆی لە لەو ناوچانەدا وەک حکوومەتێکی نافەرمی سەقامگیر بکات."

بە گوتەی ناوبراو "ئێمە [لە ئێران] هۆیەکی دەرەکیمان نییە کە بڵێی توانیبێتی ولاتەکە بەو ئەندازە لاواز بکات کە کۆنتڕۆڵی بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەمێنێ، یان بە ڕادەیەکی زۆر کەم بێتەوە، هەر بەو هۆیەش مەسەلەی بزووتنەوەی چەکداری یان بڵێین بەدەستەوە گرتنی ناوچەکە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ڕووی نەداوە."

زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات، نابێ تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە لێک بدرێتەوە و چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە سنفییەکان، بە بەشێکی گرینگ و دانەبڕاو لە جوولانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات دەزانن.

کامڕان مەتین هەر لەو پیوەندییەدا باس لە جیاوازیی ڕێژەیی نێوان گەلانی دانیشتووی ئێران دەکات و ئەم جیاوازییە، بە یەکێک لەو هۆکارانە دەزانێ کە ڕێگە نادەن خەباتی چەکداری ئەنجام بە دەستەوە بدات.

ـ ئەمن پێم وایە جووڵانەوەی سیاسیی خەڵکی کوردستان نابێ تەنها پێوانەی چەکداری هەبێ، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەش بە هۆی ئەوەی کە حەشیمەتی ڕۆژهەڵات، لەچاو حەشیمەتی تەواوی ئێران دەرسەدێکی بچووکتر پێکدێنێ. بۆیە بزووتنەوەی چەکداری نە دەتوانێ وە نە قەت هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیش پێیان وابووە کە دەتوانن بە بزووتنەوەی چەکداری دەوڵەتی ناوەندی بەچۆکدا بێنن، مەگەر ئەوەی کە هەر وەک گوتم بەهۆیەکی دەرەکیی وەک شەڕ دەوڵەتی ناوەندی لاواز بێت، یانیش بەهۆی ناوخۆیی وەک شۆڕشی ١٩٧٩ کە دەوڵەتی ناوەندیی تێدا لەناو چوو؛ کامڕان مەتین وا دەڵێ و ئاماژەش بە دوو ئەزموونی ڕابردووی کوردی ڕۆژهەڵات دەکات لە بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتدا لە شوێنی ژیانی خۆیان؛ سەردەمی کۆماری کوردستان و ساڵانی دوای ڕووخانی ڕژیمی پاسایەتی لە ئێران.

بە گوتەی ناوبراو "بزووتنەوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵات دەتوانێ پێوانەی دیکەی هەبێ، ئەو پێوانانە دەتوانن گەشەکردن و سەرهەڵدانی کۆڕوکۆمەڵی سنفی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێت."

لە ماوەی ڕابردوودا و لە میانەی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی چالاکێکی کرێکاریدا لە شاری سنە، چالاکانی بزووتنەوەکە دەرفەتەکەیان بۆ بەرزکردنەوەی داواکانیان بەکار هێنا و ئەمەش، وێرای چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵات و جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو، وەک بەشێک لەو خەباتە لێک دەدرێتەوە کە ڕۆژهەڵات بەڕێوەی دەبا؛ خەباتێک کە لە چوارچێوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، زۆر جار بەهای گەورەی لەپێناودا دەدرێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێجگە لەوەی کە سیستەمێکی تۆکمەی هەواڵگری و سەربازیی بۆ پاراستنی خۆی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دروستکردووە، وەک دکتۆر مەتین ئاماژەی پێ دەدا، ئەزموونێکی زیاتریشی هەیە لە دەوڵەتداریدا.

ـ پێکهاتە، یان بڵێین ناوەرۆکی سیستەمی سیاسیی ئێران لەگەڵ ئەو سیستەمە سیاسیانە کە لە پارچەکانی دیکە هەیە جیاوازیی گرینگی هەیە. سیستەمی سیاسیی ئێران سیستەمێکە کە پێشینەیەکی درێژتری دەوڵەتداریی هەیە، دەزگاکانی سەرکوت و ئەمنیەتی و ئاسایشیی زۆر بەهێزترن. هەر وەک باسیشم کرد حەشیمەتی کوردی لەچاو حەشیمەتی گشتیی ئێران بە شێوەیەکی نیسبی کەمترە، بۆیەش هەڵسوکەوتی ئەو هێزە سەرکوتکەرانە لە کوردستان، مادام لە باقیی شوێنەکانی ئێرانیش بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لەگۆڕێدا نەبێ، دەتوانێ زۆر بەهێزتر بێ. واتە دەوڵەت هەمیشە دەتوانێ هێزێکی زیاتر لە شوێنێکی وەک کوردستان کۆبکاتەوە.

هەرچەند سەرکوت ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە بێدەنگکردنی جووڵانەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بە باوەڕی کامڕان مەتین ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە، بەڵکوو "لایەکی دیکەش ئەوەیە کە ناوەرۆکی دەوڵەتی سیاسی لە ئێراندا جیاوازیی هەیە لەگەڵ بەشەکانی دیکە، بەو مانایە کە سیستەمی سیاسیی ئێران سیستەمێکی ئاوێتەیە کە تێیدا نەوعێک لە دێموکراسیی ڕەقابەتی هەیە بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵکراو و سنووردار."

ئەو مامۆستایەی زانکۆی ساسێکس، ئاماژە بە هەبوونی هەڵبژاردن دەکات بۆ بەشێک لە پۆستە دەوڵەتییەکانی ئێران و ئەوەش، هەرچەند بە سیستەمێکی فیلتێرینگدا تێدەپەڕێ، دەتوانێ نموونەیەکی دیکە بێت لەو جیاوازییە کە ئێران لەگەڵ وڵاتانێکی وەک عێراقی سەردەمی بەعس و سووریای ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی بەشار ئەسەددا هەیەتی. ئەو کەسانەی بۆ بەرئەندامەتیی پۆستەکانی دەوڵەتی دەپاڵێورێن و دەتوانن لە ململانێی هەڵبژاردندا بەشدار بن، "پێشتر دیاری دەکرێن و دامەزراوەیەکی وەک شوورای نیگابان و ئەوانە دەبێ تەئیدیان بکەن."

بە گوتەی کامڕان مەتین "ئەم مۆدێلە زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ، بۆ وێنە، حکوومەتی بەعس لە عێراق یان لە سووریا، ئەوەش بەو هۆیەوە کە نەوعێک ڕەقابەت هەیە لەناو ئەو هێز و کەسانەدا کە داوای ڕووخان و لەناوبردنی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ناکەن و دەوڵەت بە دوژمنیان نازانێ. ئەوانە دەتوانن بچنە ناو ئەو پڕۆسەیەوە و لە ڕاستیدا ململانێ بکەن."

ناوبراو هەبوونی ئەم سیستەمە بە هۆکارێک دەزانێ بۆ تەرخانبوونی "بەشێک لە وزەی سیاسیی خەڵکی کوردستان"، بۆ ئەم ململانێیە.

ـ بە تایبەت ئەو وزە و توانا سیاسییە کە لەناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە و لەو چوارچیوەدا سەرف دەکرێ، دەتوانێ بەو ڕێگا قانوونیانەدا کە کۆماری ئیسلامی لە قانوونی ئەساسییەکەیدا دیاریی کردووە، گوزارە لە خۆی بکات یان [بۆچوونی] خۆیان دەرببڕن. دیارە ڕەنگە ئەو داواکاریانە، لەچاو خواستی ئەو کەسانەی دەیانەوێ کولیەتی کۆماری ئیسلامی نەمێنێ، یان ئەو ڕژیمە بەشێوەیەی زۆر ڕادیکاڵ بگۆڕدرێ، ڕەنگە داواکاریی ڕاستەقینەی هەموو خەڵکی کوردستان نەبن، بەڵام دیسانیش ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەشێک لەو هێزە سیاسییە بتوانێ خۆی دەرببڕێ. هەڵبەت ئەو دەربڕینەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێز و وزەی تەواوی کۆمەڵگە لەسەر یەک کۆ نەبێتەوە و ئەو تەقینەوە گەورە یان داخوازییە بەرینە نەیەتە گۆڕێ، کامڕان مەتین وادەڵێ.

لە وەڵامی ئەوەشدا کە ئەگەر جووڵانەوە هەیە بۆچی دەنگی ناگاتە ڕای گشتی، دکتۆر کامڕان مەتین هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "بەشێکی بەرچاو لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکیش لە خەڵکی کوردستان، پێوانەی ئەساسییان بۆ جووڵانەوەی سیاسی مەسەلەی شەڕی چەکداری و ناوچەی ئازادکراو نییە."

بە باوەڕی ناوبراو " ناکرێ ئێمە زیندووبوونی سیاسیی کۆمەڵگەیەک تەنیا بەو پێوانەیە هەڵسەنگێنین، بە تایبەت کاتێک کە هەم ماهیەتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی جیاوازترە و هەمیش حەشیمەتی کوردەکان لەچاو ئەوانی دیکە کەمترە و بەو پێیەش قورسایی ئەو بەشەی کوردستان لەسەر خودی ئێران و لەسەر ناوچەکەش سنوورگەلێکی دیاریکراوی هەیە."

ـ بە باوەڕی من بێجگە لە هێزە چەپە رادیکاڵەکان ـ هەڵبەتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا دوو هێز هەن کە دەتوانین لەو پیوەندییەدا باسیان بکەین ـ کە بۆ ئەوان جووڵانەوەی کرێکاران، ژنان و خوێندکاران و هەڵسوکەوتی فەرهەنگی و سیاسیی کۆمەڵگەی مەدەنی گرینگە. ئەو جۆرە جووڵانەوانەش بێگومان پێوانەی زۆر جدین [بۆ جووڵەی خەباتی ڕۆژهەڵات]، هەتا ڕەنگە گۆڕەپانی سەرەکیی خەباتیش بن لە قۆناغێکی دیاریکراودا. جا ئێمە وەختێک ئەوانە بێنینە بەرچاو، ئەو وێنەیە کە ئێمە لە وەزعی سیاسیی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیبینین، وێنەیەکی جیاواز دەبێ. واتە ئەو بێدەنگی و ناهومێدییەی کە لە هەڵسەنگاندنەکاندا دەیبینین، ڕەنگە زۆر لە ڕاستییەوە نزیک نەبن؛ کامڕان مەتین، بەمجۆرە کۆتایی بە باسەکەی دێنێ.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷