بابەتی گەرم:

برایم فەڕشی

پرسێکی کورت و وەڵامێکی درێژ ـ دۆسیە

Tuesday, November 24, 2015

NNSROJ: زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە "بەپێچەوانەی پارچەکانی تری کوردستان، بێدەنگی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە"، ئایا لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاودەنگن؟ لە حاڵەتێکی وادا هۆکارەکان بۆچی دەگەڕێننەوە؟ ئەگەر بەپێچەوانەوە پێتان وایە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ نییە، هۆکار[ەکانی] ئەوەی کە زایەڵەی ئەم دەنگە ناگاتە ڕای گشتی چییە؟

برایم فەڕشی
ئەگەر مەبەست لە دەنگ ئەو  دەنگە بێت کە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەبیسترێ، بەڵێ ڕاستە، دەنگی لەو جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نایەت: لە بەر ئەوەی نە مەلا عەلی بۆتە بەشار ئەسەد، نە ئێران لە بەر یەک هەڵوەشاوتەوە. ئێران تورکیای ئەردۆغانیش نییە، کە بەرەوڕووی پ.ک.ک و هادەپ و جەماوەری چەند میلیۆنی خەڵک بووبێتەوە. لە ڕۆژهەڵات نە یەپەگە هەیە، نە دەمیرتاش.

ڕۆژهەڵات، باشووری کوردستانیش نییە، کە سەرۆک و پارلەمان و حکوومەت و حزب و دامدەزگای هەبێ و بە دەست کوردەوە تاپۆ کرابێ. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تاپۆکراوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کوردەکانی خەلەفی ئەو کۆمارەیە! لە ڕۆژهەڵات، نە حزبی دژبەری کۆماری ئیسلامی هەیە، نە ئۆپۆزسیۆنی کوردی! ئەوەش کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی ڕەسمیی کوردەوە هەیە، جوچکەی حزبەکانی ئێرانین، کە  بەرژەوەندیان گرێدراوی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە!

لە ڕۆژهەڵات گەر دەنگ هەبێ، کە هەیە، دەنگی تاک و کۆمەڵە کەسی بوارەکانی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتی- پیشەیی و کەمتر سیاسی و مێدیاییە، کە بە سەر دەستە و تاقمی جیاوازی یەکنەگرتوودا، دابەش دەبن، کە لە دژایەتی بنەڕەتی کۆماری ئیسلامییەوە لە خۆ دەگرێ، هەتا هاوهەڵوێستبوون لە گەڵ ڕژیم.

ئەوانەش کە لە دەرەوەی کوردستان و زۆرتر لە باشوور نیشتەجێ کراون، ڕواڵەتی حزببوونیان نەماوە و لە ژێر سێبەری حکوومەتی پشتئەستوور بە کۆماری ئیسلامیدا دەژین، کە ئیزنیان نییە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشێل بکەن. بوونی ئەوان لە باشوور، بەرهەمی مامەڵاتی قڕژی کورد و ئێرانییەکانە لە هەرێمی کوردستان. ڕوخساری تراژیکی ئەوان، داستانگەلی چارەنووسی تاڵی نوخبەکانی سیاسیی کورد دەگێرنەوە، کە هەموو ژیانیان لە چاوەڕوانی گۆدۆدا، لە دوورگەیەکی وێران تێپەڕاندووە. چارەنووسی سیاسیی هێزە چەکدارەکانی کوردی ڕۆژهەڵات، لە باشووری کوردستان، لە دوو ڕژیمی شاهەنشاهی و ئیسلامیی ئێران و ڕژیمەکانی دوابەداوی عێراق لە ژێر باڵی هێزەکانی کوردی"عیراق"، نە تەنیا هەڵەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەنوێنێ، بەڵکوو نگریسبوونی وڵاتانی ئێران و عێراق و چەپەڵبوونی ئاکاری کورد لە گەڵ کوردیش دەردەخات، کە هەمووی لە ژێر ناوی سیاسەت و بەرژەوەندیی کورددا جێبەجێ کراوە.

هۆی سەرەکیی ئەم بارودۆخە، جگە  لە بوونی جەوهەری فکری، سیاسی، ئیدئۆلۆژێک و مێژوویی کۆمەڵە کەسێک کە لە ژێر ناوی ئیسلام بوون یان کرانە خاوەنی ئێران، ناکارابوونی هێزەکانی سیاسی و نیزامیی کورد بوو، کە دڕدۆنگ لەیەک، دژ بەیەک، یەکتر نەویست و یەکترکوژ بوون. ئەوان هەم لە باری سیاسی و هەم نیزامی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دۆڕاند و هیچکات نەیانتوانی پشت ڕاست کەنەوە و قەوارەی حزبی لە خۆ بنوێنن. ئەوان  خاوەنی بەرنامە و پلان نەبوون و کۆنەبەرنامەی حزبی توودەیان کردە بەرنامەی حزبێکی کوردی! ئەوی تر لە ئیدئۆلۆژیدا فڕی بە سەر کوردەوە نەبوو و بەرنامەی سیاسیی خۆی لە ڕووی کتێبەکەی"ئیستالین و مەسەلەی میللی"یەوە، دەنووسییەوە!

چوڵکردنی شار و گوندەکانی کوردستان لە لایەن پێشمەرگە و سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتی نیزامی، سیاسیی بەشێک لە کوردەکان، سەرەتای بێکەڵکبوونی حزبەکان و پاسیفیسمی سیاسی و سەرکوتکردنی هێزەکانی کورد لە پانتای ئێران بوو، کە تا ئەمڕۆ درێژەی پەیداکردووە.

بۆشایی لە ناکاوی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پاش ئاشبەتاڵی حزبەکان و ڕاکردنی هەزاران چالاکی سیاسی/کۆمەڵایەتی/فەرهەنگی/هونەری/نیزامی بۆ دەرەوەی کوردستان و ئێران، باشترین هەلی بۆ سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامی ڕەخساند تا کورد و کوردستان تاپۆ بکات.

نوخبەی کورد بە حزبی و ناحزبییەوە، سەلماندیان کە پۆنتانسێلی سیاسی و تێگەیشتنیان لە سیاسەت و ڕێکخستنی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی مافی سیاسی/دێموکراتیک و نەتەوەیی، نزمتر لەوەیە کە پێشەنگی نەتەوەیەکی چەند میلیۆنی بن. لەنەبوونی پێشەنگ و پێشڕەو، کۆماری ئیسلامی پێشەنگی سیاسی/مەزهەبیی بۆ کورد پێکهێنا کە هەموویان لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا جێگایان بووەتەوە و ئەوانە تەنانەت ڕازونیاز و هاتوچۆیان لە گەڵ مەقەڕی ڕکەبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە باشوور هەیە.

کۆماری ئیسلامی ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا بنەما و بنگەهی تێڕوانین و فەرهەنگی خەڵک تێک بدات و سیمای سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کوردستان، وەک چۆن خۆی دەیەوێ، بنەخشێنێ. لە ڕێگای سیستمی پەروەردە، سیستمی ئیداری و سیستمی فەرهەنگ و هونەر و سیستمی دانشگاهی و سیستمی مزگەوت و سەرجەم دامودەزگاکانەوە، کوردی خودییان خوڵقاند!  تەجروبەی بنەماڵەکان (ژن و پیاو و لاو و منداڵ) و سەرجەم جیل و نەسەلەکانی کورد، دووچاری گۆڕان کرا. ئەوەی سیستمی پەهلەوی لە کورد پێکی هێنابوو، ڕژیمی ئیسلامی وەریگێڕایەوە سەر ستانداردی خۆی. میللەتێک بە چەشتنی ئازاری بێسنوور، لە دوو ڕژیمدا، بوونە "بازیچە"، یەک ویستی ناسنامەی لێ بستێنێ، ئەوەی تر ناسنامەی بۆ درووست بکا! حزب و نوخبەش لە دەرەوە سەیرچی بوون!

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٥ ساڵ تەمەنی خۆیدا، لە پاڵ بەکارهێنانی زەبروزەنگ و کوشتن و بڕین و هەڵواسین و زیندان و ڕاونان، لە ناوهەموو چین و توێژەکانی ناوکۆمەڵگای کوردستان مرۆڤی خۆی پێک هێنا، بۆ ئەوەی دەزگاکانی ئیداری و حکوومەتی و نیزامی و سیاسی و عیلمی ناو کوردستانی پێ هەڵسووڕێنێ. ژیانی ڕۆژانە و بوونی هەموو ئەوانە بە مووچەی حکوومەتەوە گرێدرا!  کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمان دەوری بۆ کوردەکان گێڕا کە "ئینقلابی مەشروتە" بۆ ئازەرەییەکانی گێڕا، ئەوەیش تێکەڵبوونی سەرمایە و سەرمایەداری کورد، لە گەڵ سیستمی سەرمایە و سەرمایەداری ئێران، کە قۆڵی سیاسی، نیزامی، فەرهەنگی و بوروکراتیکی کوردیشی لێکەوتەوە و چارەنووسیان نە لە گەڵ چارەنووسی خەڵکی کورد، بەڵکوو لە گەڵ چارەنووسی سیستمی کۆماری ئیسلامی گرێدرا!

بەم پێیە تەنیا ئەو تاک و تەرا و کۆمەڵە کەسە وەک دژبەری سیاسی مانەوە کە یان لە سیستم و ڕژیم دابڕا بوون، یانیش لە سەرەتاوە لە دەرەوەی سیستم بوون.  ئەم دەستەیە جموجۆڵیان هەیە کە زۆر بە خێرایی لە لایەن ڕژیم و دەستوپێوەندەکانییەوە دەناسرێن و لە سیستم و لە کۆمەڵگا جیا دەکردرینەوە، یان بە کوشتن و ڕاونان و زیندان، یان بەکردنی مۆرەی خزمەتکاری ڕژیم.

سەرمایەدار و کارساز و خاوەن کارگا و کارخانەداری بە ڕەگەز کورد، جگە لە کوردستان، لە تاران و باکووری ئێران و ئیسفەهان و شیراز و تەورێز سەرمایە و وزەی عیلمی و تەکنیکی و ئابووری خۆیان وەگەڕ خست. کۆمەلێک لەو کەسانە  ئەندامانی پێشووی حزبەکانی چەپی ئێران و حزبەکانی کورد بوون، کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری مەلاکان دژی ئەو ڕژیمە بوون و لە پرۆسەیەکدا بوون بە یاری غاری دەستەڵاتداران و بەشێک لە سیستم. ئەوەش هەر هەمان پرۆسەیە کە نوخبە و ڕۆشنبیران و فەرهەنگسازانی ئازەربایجانی و سەرجەم توێژی فرە دەستڕۆیشتووی ئاغا و دەربەگی کورد، لە سەردەمی شادا، بڕیبوویان.

کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بوو لە وابەستەکردنی  توێژی سەرەوە و مامناوەندی و خوارەوەی کۆمەڵگای کوردستان. لەو سیستمەدا پاسدار و چەکبەدەستی کورد و ئەندامانی بنەماڵەکانیان هەڵکێشرانە سەرێ و پلەی بەرزی سیاسی، ئابووری، سەنعەتی و دانشگاهیان پێبەخشرا، بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە سیستمدا بمێنن. ئەوەش هەر هەمان سیاسەتە کە لە تورکیا و عیراق بە ساڵان سوودی بۆ حکوومەتەکان و زیانی بۆ کورد هەبووە.

لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کورد ڕاستەوخۆ وەک سەردەمی ڕەزاشا لە گەڵ ژاندارم و کاربەدەستی ترک یان فارس ڕووبەڕوو نابێتەوە، بەڵکوو لە گەڵ کاربەدەستانی کوردزمان. هەربۆیە لە هەڵبژاردنەکاندا ڕێژەی دەنگدەران بە مۆرەکانی ڕژیم چ کورد و چ نەکورد، لە ستانەکانی کوردستان گەلێک بەرچاوە. هەڵبژاردنی نوێی تورکیا و گەڕانەوەی کوردەکان بۆ لای ئاکپارتی، هەر ئەم پرۆسەیە نیشان دەدەات. دەنگدەران چاو لە بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن. ئەگەر کوردی ئۆپۆزسیۆن گەیشتە ئەو ڕادەیەی بەرژەوەندیی خەڵک و لایەنەکانی کورد بپارێزێ، پرۆسەکە بە پێچەوانە دەبێتەوە و خەڵک لە ڕژیم دادەبڕێن و دەگەڕێنەوە بۆ لای هێزە سیاسییەکانی کورد. ئەم پرۆسەیە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا لە ئارادا نییە، هەرچەند خەڵک ڕووبەڕووی تەنگ وچەڵەمەی زۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئەمنیەتی بوونەتەوە و بێزاری لە سیستم پەرە دەستێنێ!

کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرحەلە بە مەرحەلە پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی حزبەکانی کوردی لەناوبرد و گۆڕانی بنەڕەتیی لە ساختاری کۆمەڵایەتی ئابووریی شارو گوندەکانی کوردستاندا پێکهێنا. گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕوخساری شار و گوند و تەرکیبی چینوتوێژەکانی کوردستان ڕووی دا. بنەمای بەرژەوەندییەکانی خەڵک و چین و توێژەکان دووچاری گۆڕان بوون. نیازی نوێ هاتە ئاراوە کە زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە گەڵ پرۆژەکانی ڕژیم ڕێک دەهاتەوە. لە هەموو ئەو ساڵانەدا کە کۆماری ئیسلامی کوردی لە حزبەکان جیادەکردەوە و کۆمەڵگای کوردستانی سەرهەتا بن دووچاری گۆڕان دەکرد، حزبەکان لە دەرەوە چییان پێنەکرا. هەموو ئەو ساڵانە بێدەنگ بوون.

کۆمەڵگای نوێی کوردستان نائارام و ناسەقامگیرە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی کارایی سیاسی/کۆمەڵایەتی/ئابووری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. کۆمەڵگای ئێران، بە کوردستانەوە، ئیتر لە جەندەکی کۆماری ئیسلامیدا جێگای نابێتەوە. بارودۆخی ناوچە و جیهان و دەوری کۆماری ئیسلامی لە ئاڵۆزییەکانی ناوچە، ئێران زۆرتر بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیربوون دەبات. ئەوە کوردانی سوگولی ڕژیمیش دەگرێتەوە کە هەستیان بە بۆشایی ژێر پێیان کردووە، هەر بۆیە ماوەی ١٥ ساڵە ڕووی ترشی خۆیان سەبارەت بە کورد گۆڕیوە و جارناجار بەزمانی ترش هەڵدەکوتنە سەر ڕژیم و لایەنەکانی، بۆ ئەوەی ڕێگای دووری ناو کوردەکان لۆ خۆیان نزیک کەنەوە. کۆمەڵێک لەوانە چارەنووسیان هەتا کۆتایی گرێدراوی کۆماری ئیسلامی دەمێنێتەوە. ئەوانەی لەم ساڵانەی دوایەدا لاقیان زووتر هەڵخلیسکاوە، لە گەڵ غەزەبی ڕژیم ڕووبەروو بوونەتەوە، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێ.

داهاتووی سیاسیی کورد لە قەوارەی سیاسیی خۆیدا، دەتوانێ چۆنیەتی و چەندیەتی گەلێک جیاواز لە ساڵی ١٩٧٩ی هەبێ، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنەکانی سیاسیی ناوخۆی کوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە، مەگەر ئەوەی هێزی پێشڕەوی کورد کە بەشێکیان هەر ئێستا لە زیندانەکاندا ژیان دەبەنە سەر، بە کەڵکوەرگرتن لە تاقیکردنەوەکانی پێشوو، لە ئێستاوە پلان و بەرنامە و ستراتێژی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکەن و بیرلە ئەهرومەکانی  جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان لە ناوخۆ و ناوچە و جیهان بکەنەوە، بۆ ئەوەی ساڵانی ٧٩ و ٨٠ و بەر لەو دووبارە نەبێتەوە و کورد خۆی لە بەرنامەی هێزی تردا نەبینێتەوە!

کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردستان دووچاری گۆڕانی بنەڕتی بووە. ڕادەی تێگەیشتنی خەڵک و ڕێژە و پلەی خوێندەواری و ستروکتوری ژیانی خەڵک و پلەی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ژیانی مەدەنی و تێڕوانینی سیاسی و پلەی زانیاری سیاسی و بەرینبوونی چالاکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پیشەیی، کوردستانێک دەخاتە بەرچاو کە ناچێتە ناو تابڵۆی بیروهزر و سیاسەتی حزبەکانی ٤٠ ساڵ و ٧٠ ساڵ بەر لە ئێستا. تاقیکردنەوەی هەموو چالاکانی سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و مێدیایی کورد لە ٢٥ ساڵی ڕابوردوودا، سەرکوتکردنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. هەموو ئەو چالاکیانە کە دوای تێکشکانی چالاکیی نیزامی ساڵانی دوای ٧٩ دەستی پێکرد، دوو دەورە لە ژیانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات نیشان دەدا کە پڕە لە هەڵە و کەموکوڕی، کە دەبێ ڕەخنەگرانە ئاوڕی لێبدرێتەوە.

من لە کۆتایی ئەم وڵامە دوور و درێژەدا باوەڕەم ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ نییە، دەنگی بێدەنگی ڕۆژهەڵات، دەنگە. ئەم دەرفەتەی ئێستا دەبێ بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامە و ستراتێژی بۆ ڕێکخستن و لێکگرێدانی سەرجەم چالاکانی هەموو بوارەکان لە هەموو چینوتوێژەکان بەکار بهێندرێ.

کورد پێویستی بە تاقیکردنەوەی جیاواز لە٢٧٠٠ ساڵی ڕابوردوو هەیە. کورد پێویستی بە حزب و ڕێکخراوی جیاواز لە سەت ساڵی چوویی هەیە. ئەم بێدەنگییەی ئێستا دەبێ ببێتە دەنگی شارستانیەتی میللەتێک کە کەسایەتییەکەی بە لوولەی تفەنگ و کارەسات و قەتڵوعامەکان نەناسرێتەوە، بەڵکوو بە کەسایەتی و فەرهەنگ و سیاسەت و ئاکاری نەتەوەیەک بناسرێتەوە کە ژیان و ئازادی، رزگاری و بەختەوەری و ژیانی پڕلە هێمنی دروشمی سەر ئاڵاکەیەتی. ئەو ئاڵایەی کە هەر لەو ڕۆژهەڵاتە شەکایەوە. ئەوەش هەمان دەنگە کە لە ڕۆژهەڵات بەرزکرایەوە، هەرچەند ئێستاش نەبیسترێ. کورد لە ڕۆژهەڵات بێدەنگ نییە، ئەگەر خۆی بیربکاتەوە و چاوەڕوانی دۆنکیشۆتەکانی سیاسیی ئێرە و ئەوێ نەبێ.


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷