نووسەری میوان
یەکگرتنەوە و یەکنەگرتنەوەی حیزبی دیمۆکڕات
Friday, November 27, 2015
فەرهاد سلێمانپوور
هۆکاری جیابوونەوە: هۆکاری جیابوونەوەی حیزبی دیمۆکرات لە 2006دا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە ئۆرگانێک نەبوو بەرپرسیارەتیی نەزم و دیسپلینی حیزبی لە ئەستۆ بێت. نە بەشی قەزایی حیزب بەتوانا بوو، نە سکرتێری حیزب ئەو ئیقتدارەی هەبوو، نە بەشی ئەمنیەتیش بێلایەن بوو. پێڕو و پڕۆگرامی ناوخۆییش تەنیا بۆ چاپەز و نیگابان نەبێت بەوە شێوەیە کاری پێ نەدەکرا و لە بڕشت کەوتبوو، لە ئاستی سەرەوەدا پەرتوکێکی تۆزلێنێشتووی سەر تاقان بوو. ئەندامانی رێبەرایەتی دەستیان بۆ هەر کارێک ئاوەڵا بوو، زۆر کاری نابەجێیان دەکرد و هیچ کەس و ئۆرگان و هێزێک نەبوو پێشیان پێ بگرێت. لە حیزبدا دوو باڵ هەبوون و هەر باڵەو چەتری ئەندامانی خۆی بوو و گەندەڵی و کاری نەشیاوی لایەنگرانی خۆی پەردەپۆش دەکرد و بگرە وەکوو کەسێکی دڵسۆزی پلەشیان بەرز دەکرایەوە. باڵانس و پێوەندیی دوو باڵەکە هەموو شتێکی ناوخۆیی دیاریی دەکرد و ئیتر هیچ پێوەرێک بۆ بەرێوەبردن و کارەکان لە ئارادا نەمابوو. زۆر کەس بەرز کرانەوە و زۆر کەس بەر درانەوە. ئەمە کەشێکی بۆ ئەندامانی رێبەرایەتی ڕەخساند [نەک هەموویان] بۆ ئەوەی هەلەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە و هەر لایەنەو لە ئاست خۆیدا خەریکی کاری ژێربەژێر دەبوو و چیی پێ کرابا دەیکرد. لە ناوخۆی حیزبدا، بۆ بەهێزکردن و سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا کەڵکیان لە جیاوازیگەلی زاراوەیی، ناوچەیی، شار، گوند، گەڕەک و... وەردەگرت. ئەو ڕێوشوێنانەی لە ئەساسنامەدا هاتبوون رواڵەتەکەی جێبەجێ دەکران و ناوەرۆکەکەشی کەوتبووە ژێر ئەمری واقیعەوە.
لە دوای دوکتور شەرەفکەندییەوە تا 2006 ئەم کەشە هەر وابوو و کۆمەڵێک ئاکامی لێ کەوتبۆوە:
١. نەیدهێشت فەزای حیزب دیمۆکراتیک بێت. [زۆرجار بەو بێنەزمیانەیەیان دەگوت دێمۆکراسی]
٢. حیزبی دیموکراتی لە ڕەوتی فیکری و ستراتیژی دابڕاند و بەربەرە لە ڕووی فکرییەوە کەلێنی نێوان حیزب و کۆمەڵگەی زیاتر کرد.
٣. زالبوونی پۆپۆلیزمی سیاسی و پێشەمەرگەگەرایەتی
٤. زۆر کادر و پێشمەرگە دانیشتن و ڕوویان لە هەرێم و ئەورووپا[1] کرد. [ئیستا هەردوولایان باجی نەبوونی ئەو پێشمەرگانە دەدەنەوە]
٥. کەشێکی سیاسیی رۆمانتیک خوڵقابوو، ئەندامانی حیزب لە جیاتی ئەوەی زیاتر سەرقاڵی ئەرکە سەرەکییەکەیان بن کەچی خەریکی کاری لاوەکیی وەک دروشمدان، پێداهەڵگوتن، شانازی کردن بە مێژوو، زیاد لەحەد نیشاندانی کەسایەتییەکانی حیزب، و پەرەپێدانی وەهم بوون.
بەر لە کۆنگرە هەردوو باڵەکە لە ئۆرگانەکاندا لایەنگرانی خۆیانیان بۆ کۆنگرە دەیاری دەکرد و لێرەدا ئیتر ئەوە ویستی سەرەوە بوو کە کاندیدی دیاریی دەکرد نەک کادر و پێشمەرگەکان. بە کوردی و بە کورتی هەڵبژاردنەکە ئەندازیاری دەکرا و لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆاڵەتیی بەناو کۆنگرەدا پڕۆسەکە جێبەجێ دەبوو. "ئێستاش سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو باڵەکە بوونەتە دوو حیزب، بەڵام ئەو ئەندازیاری کردنە لە هەردوولایاندا ماوەتەوە، کەسی یەکەم بە هاوکاریی سێ چوار کەسی رێبەرایەتیی نزیک لە خۆیەوە هەڵبژاردنەکان ئەندازیاری دەکەن". پێوەندییەکانی ناوخۆی حیزب لە فەرمییەوە گۆڕدرا بۆ نافەرمی و لە پێرەو پرۆگرامەوە گۆڕدرا بۆ ڕەفتاری دوو لایەنەکە. شەخسی یەکەم و دووەمی حیزب دەرهێنەری هەردوو لایەنەکە بوون و لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆییاندا بەرپرسن لە جیابوونەوەی حیزب[2]. جیابوونەوەکە هیچ پێوەندییەکی بە ئیتلاعاتی ئێران، پارتی و یەکییەتییەوە نەبوو. [وای دابنێنێن پێوەندیشی هەبێت، دیسان ئەوە بۆ لاوازیی حیزب دەگەرێتەوە کە بۆ دەبێ کەشەکەی بەجۆرێک بێت لایەنێکی تر دەستێوەردانی تێدا بکات]. بەپێی شڕۆڤەی ڕەفتاری سازمانی بێت، ئەوا کورتبینی و کێشەی نێوان کەسی یەکەم و دووەم لە سەر سامان و پارە و دەسەڵاتخوازییان، هۆکاریی ئەو جیابوونەوەیە بوو. بۆیە لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کێشەکان، نەبوونی کولتووری دێمۆکراسی، و نەبوونی شارەزایی لە بەرەوروو بوونەوەی جیاوازیی و کێشەکاندا و قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن نەسڵێکەوە کە نوێنەری ئێستای کۆمەڵگە نەبوون، حیزبی بەرەو جیابوونەوە برد. لە کۆتاییدا، باڵێکی ناو حیزب لە جیاتی ئەوەی توانا، وزە و لایەنگرەکانی بۆ دیمۆکڕاتیزەکردنی حیزب، رێکخستنی پێوەندی نێوان زۆرینە و کەمینە، پەرەپێدانی کولتووری دێمۆکراسی و ڕاستکردنەوە و فێرکردنی لایەنی بەرانبەرییدا، بەکاری بهێنێت، جیابوونەوەی هەڵبژارد و ملی ڕێی گرت.
جیابوونەوە: جیابوونەوە شتێکی سەیر نییە، مافی هەر کەس و لایەنێکە لە هەر چوارچێوەیەکدا بیەوێت کار بکات. بەڵام دیدی خەڵک و بیروڕای گشتی شتێکی ترە. دەکرێت خەڵک ئیعتباری پێ بدات و دەکرێت پێچەوانەکەی بێت. لە ڕوانگەی خەڵکەوە جیابوونەوە بە واتای تێکدانی یەکڕیزی، نەبوونی یەکییەتی، چەند ستراتیژیی بوون، چەند وتاریی، چەند چەکداریی و... دێت. خەڵک دڵسارد دەکاتەوە و هاوکاریی ناکات، چۆنکە خەڵک لە پشت جیابوونەوەوە شەڕی دەسەڵاتی وەهمی دەبینێت و ناچار نییە پشتگیریی کەسانێک بکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەوانی لە بیر چووەتەوە و زیاتر خەریکی شەڕی کورسی و دەسەڵاتی وەهمییە. بیروڕای گشتی لە کاری سیاسیدا ئینکار ناکرێت و لەم سۆنگەیەوە جیابوونەوە زیانێکی گەورەی لە هەردوو لایەن، بە تایبەتی لەو لایەنەی جیا بۆتەوە، دا. چونکە ئەو لایەنەی جیابۆتەوە هیچ پاساوێکی مەعقول و مەقبوڵی پێ نەبووە بە خەڵکی بڵێت. پێشمەرگەکانی هەردوولا بەردەوام بەرەوڕووی ئەو پرسیارانە دەبنەوە: بۆ جیابوونەوە، کامتان حیزبی دیموکڕاتن، بۆ وادەکەن، کەی یەک دەگرنەوە؟ بە دەردی خۆتانەوە دانیشن، وامەکەن و زۆر شتی تر.
لایەنی ئەرێنیی یەکگرتنەوە: خەڵک و نەیارەکان
خەڵک: هیچ حیزبێک ناتوانێت بیروڕای گشتی پشتگوێ بخات و لێی بێمنەت بێت. حیزبێک کە لە شۆرشدایە جگە لە خەڵک چی تری هەیە؟ ئەگەر پاڵپشتیی خەڵکیشی لە کیس بچێت چیی بۆ دەمێنێتەوە؟ یەکگرتنەوە تا ڕادەیەک ئەو متمانەیە بۆ حیزب دەگەڕێنێتەوە کە لە ناو خەڵکدا لەدەستی داوە. بۆ خەڵک گرنگ نییە لە ناوخۆی حیزبێکدا چی ڕوو دەدات، دیوی دەرەوەی لا گرنگە، کارایی لا گرنگە، شتی بینراوی دەوێت، شتێک کە هەستی پێ بکات. خەڵک سەرچاوی هێزە و بەهێزبوونیشی دەوێت. ناچار نییە پاڵپشتی لە حیزبێک بکات کە بۆ دەسەڵاتی وەهمی و پارە هەوڵ دەدات. ئاسۆ لە کوێوە هەڵبێت ڕووی لێ دەکات. هەر حیزبێک باری دەروونی و بیڕوڕای گشتی نادیدە بگرێت، بەرەو هەڵدێر دەچێت و هێزی تر جێگەی دەگرێتەوە. خەڵک یارمەتیی حیزب نەکات، ئەو حیزبە دەبێ چی بکات؟ دەست بۆ ئەحزابی دیکە درێژ بکاتەوە و سەربەخۆییەکەی بچێتە ژێر پرسیارەوە، یان یارمەتی لە وڵاتانی تر وەرگرێت و بە ئاراستەیەکی تردا ئیش بکات؟ پشت و پەنای هەر حیزبێک خەڵکە. ئەگەر خەڵکت لە پشت نەبێت تۆ هیچ نیت؟ بۆیە یەکگرتنەوە وا دەکات ئەو متمانەی حیزب لەناو خەڵکدا لەدەستی داوە بگەڕێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە یەکگرتنەوە ئەرێنییە و بە واتای ڕووکردنە خەڵک دێت. کام لا تەنازول بۆ ئەویتر بکات، شانازی و سەربەرزیی پێ دەبرێت و لە مێژوودا و لە داهاتووی سیاسیدا بە باش ناوی دەبردرێت.
نەیارەکان: کەشی سیاسیی دەرەوەی کوردستانی ئێران جۆرێک پلۆرالیسمی پێوە دیارە. لە کەشی پلۆرالیسمدا، هەر حیزبێک بۆ مانەوە و بەهێزبوونی، ناچارە بە وردی چاودێریی بیروڕای گشتی و ڕفتاری نەیار یان هەڤڕکەکانی بکات و لە کاتی بڕیارداندا لەبەرچاوی بگرێت. کوردستانی ئێران لە قۆرخی هیچ حیزبێکدا نییە، داهاتوو هی ئەو حیزبەیە ئەکتیڤ بێت و گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا بقۆزێتەوە. لە سەرتای شۆرشی 1979دا، مەیدانی سیاسی تا ڕادەیەکی زۆر لە قۆرخی حیزبی دیمۆکراتدا بوو. [قۆرخکارییەکی سروشتی بوو، لە نەبوون و لاوازیی لایەنی تردا ئەو قۆرخکارییە ڕووی دابوو]. بەڵام ئێستا وانییە. هێزی نوێ سەری هەڵداوە، هی تریش سەر هەڵدەدات و شتێکی ئاساییە. پەژاک هێزێکی جەوانە، گیرفانی پڕە، جەولە دەکات و پشتی بە جوگرافیا بەستووە. لە ڕووی فکریشەوە لە ناوخۆیدا کێشەی نییە و بۆ دەرەوەش گوتاری خۆی پێیە و لە قەیراندا ناژیت. نەیارێکی بەهێزە بۆ حیزبی دیموکرات، لە نەیارەکەی پێشووی واتە کۆمەڵە ناچێت کە هەر سەرکردەیەکی بڕێکی لێ بڕیوە و پێشگرێک یان پاشگرێکی پێوە زیاد کردووە و هەر یەکیان و لە ئاوازێک دەخوێنێت. ئەم جارەیان حیزب ناتوانێت پاڵی لێ بداتەوە و بێخەم دانیشێت. ئەم نەیارەی زۆر تۆکمەیە. بە هاوکاریی حیزبی دایک واتە پەکەکە، هەر کەلێنێک لە چوارپارچەی کوردستاندا بەدی بکات، یەکسەر پڕیی دەکاتەوە. نموونەی رۆژئاوا سەیر بکەن. هێز هەبوو زیاتر لە 50 ساڵ بوو لە روانگەی خۆیەوە خەباتی دەکرد، بەڵام پەیەدەی دەستە خوشکی پەژاک بە هاوکاریی پەکەکە توانی هەلەکە بقۆزێتەوە و دەست بە سەر رۆژئاوادا بگرێت. تەنیا لاوازییەک کە پەژاک هەیەتی نەبوونی سەربەخۆییە لە بڕیارداندا، بە بێ پرسکردن بە پەکەکە ناتوانێت بڕیار بدات و دەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەو لە بەرچاو بگرێت. ئێستاش کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر دوو بەرەی ئێران-روسیا و ئەمریکا-تورکیا –سعودیادا دابەش بووە، شتێکی ئاساییە کە پەکەکە لە گەڵ بەرەی ئێراندا پێوەندی هەبێت. بەڵام ئایا ئەم پێوەندییە کار ناکاتە سەر چالاکییەکانی پەژاک؟ ئەمە خاڵێکی لاوازی زۆر گرنگی پەژاکە و لە هەمانکاتدا سەرئێشە و دەردیسەرییەکە بۆ پەکەکە. وەک باسمان کرد کەشەکە هەڤڕکییەتی پێوە دیارە، حیزبی دیموکرات ئەگەر وەک ئێستا بە دوو حیزبی کار بکات، ئەگەرێکی زۆری هەیە زۆر خراپتری لێ بەسەر بێت. ئەگەر یەک نەگرێتەوە دەیدۆڕێنێت و مێژوو، شەهیدەکانی و کەسایەتییەکانی بە دادی ناگەن. دوارۆژ هی ئەو حیزبەیە کە نەوەی نوێ لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و لە دۆخی جیاوازدا، بەپێی پێویست نەرمی بنوێنێت و لە ڕەوتی فیکری و ستراتیژی کۆمەڵگە بەجێ نەمێنێت.
لایەنی نەرێنی: بۆ باسکردنی لایەنی نەرێنیی یەکگرتنەوە پێویستە بگەرێینەوە بۆ بەرلە جیابوونەوە. بەرلە جیابوونەوە، هەردوولا دوو باڵ بوون لە ناو حیزبێکدا. هەر یەکەو لەبەر پاراستنی باڵانسی خۆی، ئەگەر لایەنگرەکانی بێنەزمی یان گەندەڵییەکی کردبا پشتگیریی لێ دەکرد. زیاتر ئەندامانی رێبەرایەتی و کادرەکانی دەگرتەوە، هیچ ئۆرگانێکی حیزبییش نەیدەتوانی پێشیان پێ بگرێت و دەسەڵاتی بەسەردایاندا نەدەشکا. لێرەدا بێنەزمی لەبەرانبەر بێ نەزمیدا بوو. حیزبی دیموکڕات وەک سێوێکی لێهاتبوو، لە دیووی دەرەوەی جوان و لە ژوورەوە کرمۆڵ بوو. کەس لە کەس بوو. هەر لایەک هەوڵی دەدا باڵانسەکە بە لای خۆیدا بشکێنێتەوە و سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە. ئەوەی پێی کرابا دەیکرد. سکرتێریش واتە مامۆستا عبدالله ئەو باڵانسەی پێک هێنابوو بۆ ئەوەی خۆی وەک دەسکی تەرازووەکە هەر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و ئەمری واقیع وا لێبکات کە ئەو بهێڵنەوە. لەو چەند ساڵەی دوای دوکتور شەرەفکەندیدا حیزب خەریکی پەسیڤکردنی لاوان و بەفیڕۆدانی پارە و لەدەستدانی دەرفەت بوو. زێدەرۆییم نەکردووە ئەگەر بڵێم حیزب بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ بێ ئەوەی هەستی پێ بکات کەوتبووە خزمەتی دوژمنکەیەوە.
شێوەی رێکخستنی حیزب سەنتراڵیەتێکی سونەتییە. هەموو بڕیارەکان لە بچووکەوە بۆ گەورە، لە سەرەوەڕا دەیاری دەکرێت. سەرەوەش سێ چوار کەسە. ئەو دەسەڵاتانە هەمووی لە دەست سکرتێر و چەند ئەندامی دەفتەر سیاسیی سەر بە سکرتێردا کۆ بۆتەوە. واتە پێکهاتەیەکی سادەی بڕیاردان. ئەم سەنتراڵیەتە وا دەکات کەسی یەکەم و دوو سێ کەسەکەی دەورووبەری بە چنگ و ددان هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان بدەن. یەک دووانێکیان رۆڵی پیاوچاک دەگێرن، ئەوانی تریش رۆڵی پیاو خراپ. کەسی یەکەم و نزیکەکانی جەناحەکیان ئاراستە دەکرد و دواتریش ئۆباڵی ئەو جەناحبازییەش دەخرایە ئەستۆی پێشمەرگە و خۆشیان بەپیاو چاک دەردەچوون. کەشی حیزب بۆ کارکردن زۆر ناتەندروست بوو. بۆیە بە سەدان کەس لەم چەند ساڵەدا دانیشتن. هەرکەس بیویستبا پێش بکەوێت دەبوو کڵاوبەردارێکی زۆر پرۆفێشناڵ بێت. هەڵە لە بەرانبەر هەڵە، کەشێکی جەهەنەمیی خولقاندبوو. تا وای لێهات هەردوولا جیابوونەوەیان زۆر پێ خۆش بوو. لە رووی دەروونییەوە هەستیان بە ئاسوودەیی دەکرد. ناحەقیان نەبوو. ماڵێک کە شەڕە جنێو و بۆڵەبۆڵ و بێ حورمەتیی تێدابێت جیابوونەوەی باشترە. کەس ئاگای لە دوژمنەکەی نەمابوو، نەیدەزانی بۆچی هاتووە. بۆ ئەوە هاتبوو بۆ وڵاتەکەی کار بکات، بەڵام دوای ماوەیەک بۆی دەردەکەوت کە کەوتووەتە خزمەت چەند کەسێکەوە و بەکاری دەهێنن. ئەمە چەندین ساڵ درێژەی کێشا تا لە کۆتاییدا لایەنێکیان بڕیاری خوی دا و جیا بووەوە. ئیستاش پاش دە ساڵ دیسان باسی یەکگرتنەوە هاتۆتەوە گۆرێ. ئەگەر یەکگرتنەوە گەڕانەوە بێت بۆ دۆخی بەرلە جیابوونەوە، ئەوا نەکردنی باشترە. یەکگرتنەوە ئەگەر لە گەڵ خۆیدا گۆڕانی رێکخستن و بەلاوەنانی ئەندمانی پیری رێبەرایەتی و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە سۆسیالیستێک لە گەڵ خۆیدا نەهێنێت، کاریگەرییەکی چەند رۆژەی دەبێت و هیچی لێ شین نابێت و تەنیا خۆخەریککردنەوە دەبێت و هیچی تر، حیزب بە بەرچاویەوە تراژیدایای ئاوابوونی خۆی دەبینێت.
یەکگرتنەوە دەبێ لە گەڵ خۆیدا ئەم گۆڕانکاریانە بهێنێت:
١. پێکهێنان یان پێدانی دەسەڵات بە ئۆرگانێک بۆئەوەی چاودێریی ڕەفتاری ناوخۆیی حیزب بکات و پێش بە کاریی نەشیاو و نادیموکراتیکی ئەندامەکانی بگرێت. بە تایبەتی چاودێری کردنی رەفتاری ئەندامانی رێبەرایەتی و پێشگرتن لە کاری نابەجێیان.
٢. ئەندامانی رێبەرایەتیی هەردوو لا لە ڕووی مودیریەتییەوە شکستیان هێناوە، پێویستە بەرەبەرە بیدەنە دەست نەسڵی نوێ. ئەزموونی ئەم چەند ساڵەیان ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەوە زیاتر هیچیان پێ ناکرێت و پێویستە خۆیان دەستپێشخەری بۆ ئەو ئاڵۆگۆڕە بکەن، ئەگەر خۆیان ئەوە نەکەن، کەس ئەوەی پێ ناکرێت[3].
٣. ەو کادر و پێشەمەرگانەی لە هەرێم و وڵاتاندا سەرگەردانن رێک بخەنەوە و بیانکەن بە پشتیوانێکی بەهێز بۆ حیزب، ئەگەرنا هەڤڕکەکەیان لە جیاتی حیزب بە باشی ئەو کارە دەکات.
٤. شێوازی سانتراڵییەت و ستووونی حیزب، بۆ دیسانترڵ و ئاسۆیی بگۆڕن.
٥. لە ڕووی کار و پارەوە جیاوازیی نێوان رێبەرایەتی و پێشمەرگەکان کەم بکرێتەوە، ئەوەی پۆستی هەیە زیاتر کار بکات نەک قاچ بخاتە سەر قاچ و پاڵی لێ بداتەوە.
٦. بە جیدی هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی ژنان بدات و بەشداریی ڕاستەقینەیان پێ بکات، نەک وەک ئامراز و بۆ سەرگەرمی بەکاریان بهێنێت.
٧. پرۆسەی راهێنان و پەروەردە نوێ بکرێتەوە و بکرێتە شتێکی رۆژانە.
٨. هەر سکرتێرێک لە دوو دەورە زیاتر بۆی نەبێت لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. لەبەرئەوەی بەردەوامبوونی لە گەڵ فەلسەفەی دیموکراتیەتی حیزبدا ناتەبا دەبێت.
٩. هیچ دەفتەر سیاسییەک بۆی نەبێت لە دوو دەورە زیاتر لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، چونکە ئەمە دەسەڵاتی سەریی باندەکە کەم دەکاتەوە و لێی تێک دەدات و دەرفەتی جەناحبازیی کەم دەکاتەوە.
[1] ئەو بەشەی ئاوارەی ئەرووپا بوونە و ژمارەشیان ئێستا لە زیادبووندایە، لە نیشتمان و خەڵک دوور کەوتوونەتەوە و ژیانی ئەوێ هەزار تەنگ و چەڵەمەی هێناوەتە سەر ڕێگەیان. زۆربەیان پەسیڤ و وەڕەز و بێزار بوونە و ژیانێکی دەروێشانەیان هەڵبژاردووە. ئەم بەشە قوربانیی سیاسەتی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبەن و لەوێش بۆ هەڵپەڕکێی مەراسیمەکان نەبێت، نەتوانراوە کەڵکیان لێ وربگیرێت و ئاراستە بکرێت. ئەم سەرمایە سەرگەردانە لە پشت لابتۆپ و بە تایبەتی لە فەیسبووکەوە خەریکی خەباتن. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەوەشێننەوە و کێشەکانی چارەسەر دەکەن؛ لێرەدا بێگومان کوردستانی گەورە شوێن و پێگەی خۆی هەیە و سەربەخۆیی مسۆگەر بووە.
[2] ئێستاش لە ناو حدکدا مامۆستا عەبدولڵا حەسەنزادە قسەی یەکلایی دەکات و (لە پشت پەردەوە) بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکانی حدک دیاری دەکات. سکرتێر و ئەندامانی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبەش لە ڕواڵەتدا وا دەنوێنن کە کارەیەکن. لە حدکاشدا ئەگەرچی کاک مستەفای هیجری بەرلە کۆنگرەی 13 و بەر لە جیابوونەوە درووشمی دێمۆکراسیی دەدا و بە هاوکاریی بەدەنەی ئەو حیزبە پڕۆژەی مامۆستا-کاک بابەعەلی مێهرپەروەریی ڕەت کردەوە و دەیگوت مامۆستا بەنیازە بۆخۆی بمێنێتەوە، کەچی دوای ئەوەی لە کۆنگرەدا دەنگی هێنایەوە، لە کۆنگرەی پازدەدا ئە خاڵەیان بۆی گۆڕی کە تیایدا هاتبوو هیچ کەس بۆی نییە لە دوو جار زیاتر سکرتێریی بکات. واتە لە بەرژەوەندیی یەک کەسدا دەستکاریی پەیڕەو و پڕۆگرامیان کرد و ئەوە بۆ سێ کۆنگرەیە سکرتێرە، وادیارە هەر بە سکرتێرییش دەمێنێتەوە. دێمۆکراسییەکەش با بۆ ئەو کەسانە بمێنێتەوە کە ئیشیان بۆی کرد و دەنگیان پێی دا.
[3] ئەو کاتەی یەک بوون، ئەمیان دەیگوت ئەو ناهێڵێت کار بکەین، ئەوی تریشیان لایەنی بەرامبەری تاوانبار دەکرد. هەردوو باڵەکە دەیانگوت ئەگەر ئێمە دەسەڵاتمان بە دەستەوە هەبێت، ئاوا ناکەین. پاش جیابوونەوە، ئەوە بۆ دە ساڵ دەچێت، هەردوولا نەک هەر هیچیان پێ نەکرا، بگرە وەزعیشیان زۆر خراپتر بووە و هیچ لایەکیان نەیتوانی دەرزییەک لە پرچی کۆمەڵگە بدات. خۆ دوای جیابوونەوە، لایەنی "موزاحیم" نەمابوو، ئەو بۆ نەیانتوانی هیچ بکەن؟ تەنانەت نەیانتوانی گۆڕانێکی بچووک لە شێوازی ڕێکخستنی حیزبەکەیاندا پێکبهێنن. دەڵێی ئەو مۆدیلە شتێکی ئەزەلییە و دەبێ هەروا بمێنێتەوە. حدک خۆی کرد بە ئۆپۆزیسیۆن، بە زۆرینەوە، هێڵی لەدوای هێڵ خستە ڕوو. وایان نیشان دا کە خوێنەوار و ڕووناکبیران لە دەوری ئەو کۆ بوونەتەوە. کەچی لە کردەوەدا هیچی لێ شین نەبوو و ئێستاش لە قەیرانێکی قووڵدا دەژیت. لایەنی حدکاش کە بەردەوام ئەوانی بە کارشکێنی و کەمکاری تاوانبار دەکرد و دەیگوت ئەوان ناهێڵن حیزب پێش بکەوێت، وەک دەبینین وەزعیان لە "هاوڕێیانی پێشوو"یان باشتر نییە. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ڕێبەرایەتیی هەردوولا لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە شکستیان هێناوە و پێویستە بەرەبەرە ڕێگە بۆ نەوەی نوێ خۆش بكەن، نەوەیەک کە كۆنەپارێز و بێ ئەخلاق نییە و خۆی لە ڕیسک دەدات و تێگەیشتنێکی تری لە کۆمەڵگە هەیە و بە تێگەیشتنێکی نوێوە کار دەکات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە