بابەتی گەرم:

گۆنۆل تۆڵ

تورکیا و گرژییەکەی ئێران – عەرەبستانی سعوودی

Saturday, February 6, 2016

گۆنول تۆڵ – رادیکاڵ
لە تورکییەوە: ئاوارە وڵات

دوای بارگرژییەکەی ئێران – سعودی، نومان کورتوڵموش لێدوانێکی دا کە تێیدا هەوڵیدابوو، بە شێوەیەکی بێلایەنانە و نێوبژیوانکەر، قسە بکات.
رەخنەی لە هەر دوو وڵاتی ناوبرا گرت و گوتی؛ هەڵسوکەوتی دوژمنانەی ریاز و تاران لە ئاست یەکتر، زیان بە ناوچەکە دەگەیەنێت.
کورتوڵموش داوای کرد بە زووترین کات ئێران و عەرەبستانی سعودی کۆتایی بەم گرژییەی نێوانیان بێنن و گوتی: "ناوچەکە خۆی وەک باڕووتی لێهاتووە و چیتر بەرگەی کێشە و گرژییەکی گەورەتر ناگرێت."

ئەمانە لەو قسانە بوون کە دەبوو لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی تورکیادا بگوترایەن.
بەڵام سەرۆککۆمار ئەردۆغان بەو لێدوانەی دای، بە تەواوی هەڵوێستێکی لایەنگرانەی بە قازانجی عەرەبستانی سعودی گرت.
بوون بە کلک و پاشکۆی عەرەبستانی سعودی و جێگرتن لە بەرەی سوننەی دژی ئێران، گرتنەبەری سیاسەتێکی لایەنگرانە لە بارگرژی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیدا و قووڵکردنەوەی ململانێ و ناکۆکیی مەزهەبی لە ناوچەکەدا، زیان بە بەرژەوەندیی ناوچەیی ئەنقەرە دەگەیەنێت.

با سەرەتا لە سوریاوە دەستپێبکەین...
وەک دەزانن بە هاتنی رووسیا بۆ ناو گۆڕەپانەکە، ئاراستەی ململانێکە گۆڕاوە و پێی ناوەتە بنبەستێکی تازەوە.
هەمووشمان دەزانین کە وڵاتانی خۆرئاوا کێشەکە تەنها لە رواڵەتی داعشدا دەبینن و ئامادە نین بۆ رەگ و ریشەی کێشەکە شۆڕببنەوە.
هەموو ئەم رووداوانە پێکەوە کاری تورکیا لە سوریادا سەختتر دەکەن.
لەم بارودۆخەدا گرینگ بوو کە ئێران و عەرەبستانی سعودی لە سەر مێزێک دانیشتن و ملیان بۆ دانوستان نەوی کرد. رەنگە پەیوەست بە قەیرانی سوریاوە ئەمە گرینگترین و دڵخۆشکەرترین هەواڵێک بێت کە تا ئێستا بیستبێتمان.
ئێرانی پاڵپشتی رژێمی ئەسەد و عەرەبستانی سعودیەی پشتیوانی هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریا، بە دانوستاندنی نێوانیان و هەوڵدانی دیپلۆماتیکیان بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک، گوڕ و گۆژمەیەکی زۆریان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تر دا.
بەڵام وادیارە لەمەودوا کارەکان زۆر ئەستەم دەبن. دوای ئەو رووداوانەی کە بەم دواییانە هاتنە ئاراوە، وا دیارە هەر دوو وڵات پشتیوانییەکانیان بۆ لایەنە دژبەرەکانی ناوخۆی سوریا زیاتر دەکەن.
ئەمەش دێتە واتای پەرەسەندن و درێژەکێشانی شەڕ و پێکدادانەکان.

لە گرژی نێوان عەرەبستانی سعودی و ئێراندا، لایەنگریی تورکیا بۆ سعودییەکان، ئەوەندەی تر ناکۆکییەکانی ئەنقەرە – تاران قووڵتر دەکاتەوە.
تورکیا بەشێکی زۆر لە پێداویستیی گازی سرووشتیی خۆی لە ئێرانەوە دابین دەکات و گرژبوونەوەی پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەو وڵاتە، بەر لە هەر شتێک بە زیانی کەرتی وزەی تورکیایە. بە تایبەتیش لە ئان و ساتێکدا کە لە گەڵ رووسیای گەورەترین سەرچاوەی دابینکردنی گازی سرووشتیمان کێشەمان هەیە. ئەویش لە رۆژانێکدا کە ئەنقەرە بۆ دەرچوون لە بنبەستی وزە، سەرقاڵی ئاشتبوونەوە لە گەڵ ئیسرائیلە.

ئەگەر تورکیا بۆ دابینکردنی پێداویستیی وزەی خۆی پشتی بە عێراق گەرمە و متمانەی پێی هەیە، دەشێ ئەم چاوەڕوانییەشی مایەپووچ و بێهوودە بێت.
چونکە وێناچێت عێراق بتوانێ لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕوانییەکانی تورکیا بۆ دابینکردنی پێدوایستیی وزەکەی، جێبەجێ بکات.
وادیارە بە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، ئابووریی تەنگاوبووی عێراق، ئەوەندەی تر دەکەوێتە تەنگانەوە.
دەشێ سعودییەکان بۆ سزادانی ئێران، رێگە بە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت بدەن.
ئەمەش واتا، نەبوونی ژێرخانی پێویست لە کەرتی وزەدا و بێ توانستیی عێراق لە بەکارهێنانی هەموو توانست و بارستاییەکانی کەرتی وزەی.
جگە لەمە، بە هۆی تیرۆریزمی داعش، ئەو وەبەرهێنانە دەرەکییەی کە چاوەڕێ دەکرێت لە کەرتی وزەدا بکرێت، ئەنجام نادرێت.
تێکڕای ئەم رووداوانە پاڵەپەستۆ دەخەنە سەر کەرتی وزەی عێراق.
عێراق وڵاتێک نیە کە تەنها لە رووی وزەوە گرینگی بۆ تورکیا هەبێت.
ئاسایش و سەقامگیری عێراق، گرینگییەکی زۆری بۆ تورکیا هەیە.
مەرجی سەرەکی بۆ عێراقێکی ئارام و سەقامگرتوو، پێکهاتنی حکومەتێکی گشتگیرە کە نوێنەرایەتی شیعەش و سوننەش بکات.
تورکیا ماوەیەکی درێژ لە عێراقدا، داکۆکی لەم مۆدێلە دەکرد.
لە روانگەی تورکیاوە، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ئێستای عێراق، مەزهەبگەرایی و سیاسەتی نوری مالیکی بۆ پەراوێزخستنی سوننەکانە.
هاوکات پشتیوانیشی لە سیاسەتەکانی حەیدەر عەبادی بۆ ئاوڕدانەوە لە سوننەکانی ئەو وڵاتە کرد.
سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و گرفتەی کە بەربینگی بە عێراق گرتووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی عەبادی کرد.
بە بەشداریپێکردنی سوننەکان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، سوپای عێراق توانی شاری رۆمادی بگرێتەوە.
بەمجۆرە عەبادی تا رادەیەک گرژی نێوان شیعە و سوننەی وڵاتەکەی کەم کردەوە.
بەڵام سەرهەڵدانی گرژی و ناکۆکی لە نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیدا و لایەنگرییەکەی ئەنقەرە لە ململانێی شیعە – سوننەدا، هەوڵەکانی عەبادی لەباردەبات.
دوای دەستپێکردنی ئەم بارگرژییەی ئێران و سعودی، لە عێراق هەندێک خۆپێشاندان ئەنجامدران.
خۆپێشاندەران داوایان دەکرد باڵیۆزخانەی عەرەبستانی سعودی لە بەغدا دابخرێت. ئەو باڵیۆزخانەیەی کە دوای ساڵانێک، بەم دواییە سەرلەنوێ کرابوویەوە. هاوکات خوازیاری کوشتنی گیراوە سعودییەکانی ناو گرتووخانەکانی عێراقیش بوون.
لە چەند ناوچەیەکی بە زۆری شیعەنشین، دوو مزگەوتی سوننەکان تەقێندرانەوە. واتا گرژییەکەی نێوان ئێران و سعودی، وەک بۆمبێک بەو پردەدا تەقییەوە کە عەبادی تەمایەر بوو لە نێوان شێعە و سوننەدا هەڵیبەستێت.

تورکیاش وەک لایەنێکی ئەم بارگرژییە، بە دەستی خۆی ئەو سیاسەتەی لەباربرد کە ساڵانێک لە عێراقدا داکۆکی لێدەکرد.
ئێران، عێراق و سوریا گرینگییەکی زۆریان بۆ تورکیا هەیە و ئەنقەرە لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیدا، پێویستە لە بارگرژی نێوان تاران و ریازدا، بێلایەن بمێنێتەوە و بۆ هێورکردنەوەی ناکۆکیی شیعە – سوننە هەنگاو بنێت. 

هەر وەک نومان کورتوڵموش-یش گوتبووی؛ "ناوچەکە خۆی وەک باڕووتی لێهاتووە و چیتر بەرگەی کێشە و قەیرانی گەورەتر ناگرێت."
پێویستە تورکیا خۆی لە گرژکردنەوەی ناکۆکییەکان دوورەپەرێز بگرێت.

 

پەیوەندی‌دار:

" کۆمەڵگای فێدراڵی خۆسەر لە ئانارشیسمەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان"

بۆ ئەوەی رۆژئاوای کوردستان بپارێزین

تورکییە چووەتە ناو گەمەیەکەوە کە دارێژەرەکەی ڕووسیایە

ئەو کاتەی ژنان دەچنە شەڕی داعش

یەپەگە: خاکی خۆمان جێناهێڵین

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

هەپەگە: تەقینەوەکەی جزیرە کاردانەوە بوو بەرامبەر بە بێئاگای لە ئۆجەلان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

بیرۆکەى ریفراندۆمی ٢٥ى ئەیلوول، مشتومڕی زۆرى لەبارەى سەربەخۆیی، دەسەڵاتی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم هێناوەتە ئاراوە. کامەران

دووشەممە ۳رەزبەر۱۳۹۶/ ۰:۵