بابەتی گەرم:

خەلیل غەزەڵی

کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردن

Tuesday, February 9, 2016

دۆسیەی هەڵبژاردن
ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ
هەڵبژاردن، کە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەی دێموکراسی دێتە ئەژمار، لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ چەندە کارا بێ؟  ئایا بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا دەبێ بەربژێرەکان بە فیلتێری ناوەندگەلی هەڵنەبژێردراودا تێپەڕن، دەتوانێ ڕەوایەتی بدات بەو دامەزراوەیە کە "هەڵبژاردن"ی بۆ دەکرێت؟ هەموو جارێک کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت، توێژ و چینە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، بەسەر دوو دەستەی "بایکۆت" یان "بەشداری"دا دابەش دەبن. ئەمەش وا دەکات کە جۆرێک لە "خۆ دووبارەکردنەوە" و وەستان لە خاڵێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا فەڕز بکرێت. بەلام هەندێ کەس و لایەنیش هەن کە باس لە ڕێگەی سێهەم دەکەن: نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەربوونی مافی زیاتر. گەلۆ ئەمە دەتوانێ ئەو ڕێگەیە بێت کە گەلانی ئێران بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری پێیدا بڕۆن؟ چۆن؟

خەلیل غەزەڵی
ئاماژە: سەبارەت بە خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلسی ئێران و خولی پێنجەمی "مەجلسی خوبرەگان"، ماڵپەڕی "ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ" سێ پرسیاری بە قەولی بەرێوەبەرانی ئەو سایتە بۆ: "ژماریەک ڕۆشنبیر، ئەکادیمیسیەن، کەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگی" ناردووە و بەتەمایە وەڵامەکانیان لە دۆسیەیەکدا بڵاوبکاتەوە. بە سپاس لە سایتی ناوبراو کە ئەو پرسیارانەشیان بۆ من ناردووە. ئەوەی لەخوارەوە دەخوێنیتەوە، دەقێکە لەو پێوەندیەدا.
کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردن

هەڵبژاردن بەگشتی هاوزادی دێموکراسی و یەکێک لە ئامرازەکانی بەکردەوەگەیاندنی دێموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە. بەڵام بە پێچەوانەوە، لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا هەڵبژاردن فۆڕماڵیتەیە و هیچ ناوەرۆکێکی دێموکراتیکی نییە. واتا نە بۆ پەرەدان بە دێموکراسی، بەڵکوو بۆ سەقامگیرترکردنی دیکتاتۆری بەکاردەبرێ، تا دیکتاتۆر هێز و ئیرادەی خۆی بە خەڵک زەقتر نیشان بدات و بڵێت: هەرچی ئەو ئیرادە بکات، هەر ئەوە دەبێت. 

حکوومەتی ئێران دەسەڵاتێکی تۆتاڵیتێر- ئیدئۆلۆژیکە. دەسەڵاتێکی ئەوتۆ نەباوەڕی بە ئازادی هەیە و نەش ئیجازەدەدا کەسانی دەرەوەی "بازنەی فیکری"ی خۆی لە دەسەڵاتەکەیدا بەشدار و شەریک بن. ئەم دەسەڵاتە، وەک هەموو دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکان بەرادەی پێویست "ئێلێمێنت" و کەرەستەی رێکخستن و بەرێوەبردنی دەزگای پان و بەرینی دەوڵەت و ئیدارە و ناوەندە جۆربەجۆرەکانی نییە. بۆیە، بۆ پرکردنەوە و وەڕێخستنی دامودەزگاکانی لە کەسانی بێ‌بیروباوەڕ و هەلپەرەست کەڵکوەردەگرێ. ئەو شێوە ڕەفتارەی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران (کەڵکوەرگرتن لە کەسانی هەلپەرست و ئاست نزم) بە نیسبەت گەلی کوردەوە زۆر بەرچاو و دیارە.

دەسەڵاتی ئێران بە باوەڕ بە مەزهەبی شیعەی دوازە ئیمامی و تێزی کۆنەپەرستانەی ویلایەتی فەقێ بەڕێوە دەچێ. بەو پێیەی کە زۆرینەی کورد موسوڵمانی سوننین، خۆبەخۆ ناتوانن باوەڕمەند بە ویلایەتی فەقێ بن. بۆیە هەرکەس بچێتە خزمەتی حکوومەتەوە، هەم لەگەڵ خۆی درۆ دەکات و هەم لەگەڵ حکوومەت. دیارە حکوومەت ئەوە باش دەزانێ و تەنیا وەک کەرەستەیەک کەڵکیان لێوەردەگرێ و هەرکات پێویستیی پێان نەما، وەک "پووشەکی منداڵ" فڕێیان دەدات، وەک تا ئیستا کردوویەتی (هەر لە موفتی زادەوە تا جاشە چەکدارەکان و لەم‌دواییانەدا ئیسڵاحتەڵەبە کوردەکان). 

ئاشکرایە لەناو ئەو بەشەی کوردیش کە شیعە مەزهەبن، حکوومەت لایەنگری بەرادەی پێویست نییە، هەر وەک لەبەشەکانی دیکەی ئێرانیش نییەتی. جیا لەوەش نابێ لەبیرمان بچێت کە گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە، کە حکوومەت پایەکانی دیکتاتۆریی لە عەرز دانەکوتابوو، دەنگی بە رێفوراندومی "دیاریکردنی سیستەمی حکوومەتی" واتا "کۆماری ئیسلامی" نەداوە. کەوا بوو ئەو حکوومەتە ئیستاشی لەگەڵ بێت، بۆ گەلی کورد دەسەڵاتێکی ناڕەوا و قەبووڵ نەکراوە. جا هەرکەس بەهەرچەشنێک (من باسی کارمەندانی دەزگا ئیدارییە جۆربەجۆر و خزمەت‌گوزارییەکان ناکەم)هاوکاریی ئەو حکوومەتە بکات، یەکەم پشتی لە بڕیاری نەتەوەکەی کردووە، دووەم لەبەرابەر ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلەکەیدا وەستاوەتەوە. ئەڵبەت "قبح" (قەباحەت)ی هاوکاریی لەگەڵ حکوومەت ڕەنگە ئێستە و بەهۆی هەلومەرج وەک سەرەتاکان مەترەح نەبێت، یا ڕەنگدانەوەی لەناو خەڵکدا دیار نەبێت، بەڵام بێگومان لە بەیانیی گۆڕانی ئەو دەسەڵاتەدا، هاوکارانی حکوومەت شەرمەندەی گەل و ڕووڕەشی مێژوون.

بەو پێشەکییەوە، دێمە سەر باسی هەڵبژاردن لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پاشان دەچمە سەر وەڵامی ئەو پرسیارانە کە ئاراستەم کراون. 

لەبنەڕەتدا لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی ئێڕاندا (وەک هەر حکوومەتێکی ئیدئۆلۆژیک)، هیچ مەودایەک بۆ پێشبڕکێی بیروباوەڕەکان و چ دەرەتانێکیش بۆ خەڵک نییە کە ئەوەی دەیهەوێت هەڵی‌ بژێرێت. لەبەر ئەوە حکوومەت لە پڕۆسەی بەرتەسککردنەوەی بازنەی دەسەڵاتەکەی، گەیشتووەتە ئاستێک کە بەهیچ شێوەیەک مەودای بۆ هیچ جیاوازبیرێک (تەنانەت بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی خۆی وەک ئیسڵاحتەڵەبەکان) نەهێشتوەتەوە کە بتوانن نەک هەر بۆ ئورگانێکی ئەو دەسەڵاتە خۆیان کاندید بکەن، بەڵکە بوێرن باوەڕ و فێکری خۆیان دەربڕن (نموونە پەیرەوانی ئایینی بەهایی و مەسیحیەت و 
ڕەوتە سیاسییەکان).

با هەڵبژاردنی مەجلس لەبەرچاو بگرین. مەجلسێک کە نوێنەرانی خاوەن هیچ ئیرادەیەک لە خۆیان نین و بە شێوەی فەرمی، هەموو دەبێ گوێڕایەڵی "مقام معظم رهبری"بن و هەرچی وەلی فەقێ ئیرادەی فەرموو هەر ئەوە بێت، چ چاوەروانییەکی لێدەکرێت. مەجلسێک کە بە زۆرینەی دەنگ لایەحەیەک پەسەند بکات، بەڵام بە پەیامێکی "رەهبەر" (کە خۆی ناوی ناوە "حوکمی حکوومەتی")، هەڵوەشێتەوە، دەبێ چ بایەخێکی هەبێت!

بەوەی باسکرا هەموو نوێنەران، گوێڕایەڵ و گوێبەفەرمانی رەهبەرن و هەموو کار و کردەوەیان دەبێ "ماستاو خەست کردنەوە" بۆ رەهبەر بێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە تەنانەت بۆ هەڵبژاردنی ئەو خەڵکە بێ ئیرادەیە، چەندین "بێژنگ"ی لە کەودانی بەربژێرانیان داناوە. بەشێوەیەک کە ئیمکانی نییە تاقە یەک کەسی شەرافەتمەند و باوەڕمەند بە مافی خەڵک بچێتە مەجلیسەوە. ئەگەریش کەسێکی وا هەبێ (من گومانم هەیە کەسی وا خۆی کاندید بکات)، دەبێ خۆی بگۆڕێت و بەرگی تەزویر و درۆی پێداهەڵگوتن بە وەلی فەقێ لەبەر بکات.

ئاشکرایە و وەک هەموو دەزانن، حکوومەت بۆ هەڵبژاردنی کەسانی گوێبەفەرمان، وەک باسکرا چەندین ناوەندی وەک فیلتێر و بـێژنگ داناوە و بۆ ئەوەی گەر کەسێک لە یەک فیلتێرەوە دەرچوو، فیلتێرەکانی دیکە پێشی پێ بگرن. لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ هەر هەڵبژاردنێک ئەم فیلترانەی خوارەوە لەپێش بەربژێراندایە و هەموو (بەربژێران) دەبێ لێان تێپەڕن. سەرەتا "هەیئەتی ئیجرایی وەزارەتی ناوخۆ" هەیە. واتا پاڵاوتنی بەربژێران لە وەزارەتی ناوخۆوە دەسپێدەکات. دیارە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی بەکەیفی خۆی کار نەکات، دەبێ بۆ هەر بەربژێرێک، لە چوار ناوەند پرسیار بکات. کە بریتین لە "وەزارەتی ئیتڵاعات"، "دادستانی"، "سەبتی ئەحواڵ" و "هێزی ئینتیزامی". واتا لەسەر هەر بەربژێرێک لەو چوار ناوەندە پرسیار (ئیستعلام) دەکرێ و ئەگەر ئەو چوار ناوەندە قسەیەکیان لەسەر بەربژێر نەبوو، ئەوسا "هەیئەتی ئیجرایی وەزارەتی ناوخۆ"،وەڵامەکان لەگەڵ روانگەی خۆی هەڵدەسەنگێنی و دەنگی خۆی بە دەرچوون یا دەرنەچوونیان دەدات.

 پاشان دەگاتە نۆرەی "هەیئەتی نەزارەتی شوورای نگابان" (ئەمانە نوێنەرانی شورای نگابانن). واتا کاتێک کاری وەزارەتی ناوخۆ تەواو بوو، لیستی ئەوانەی کە بە شیاوی بەربژێری زانراون، دەنێردرێن بۆ هەیئەتی نەزارەتی شوورای نگابان. هەمدیسان ئەم هەیئەتە داوای ڕوانگە و نەزەر (ئیستعلام) لە چوار ناوەندەکەی پێشوو دەکات (ئەڵبەت ئەمجار ڕوانگەی خۆیان لەگەڵ دەخەن). پاشان کە کونتڕۆلی بەربژێران لێرە تەواو بوو، ئەوسا لیستی دەرچوان دەدرێت بە شوورای نگابان. سەرەنجام شووڕای نگابانیش بەپێی ڕوانگەی خۆی، ئەوەی لەگەڵ پێوەرەکانی جووت بێ، وەک بەربژێر دەیناسێنی. دیارە سەرنجام تەنیا کەسانی دەسنیشانکراوی نزیک لە "بەیتی رەهبەری" یا "گوێڕایەلان" لە فیلتێری شوورای نگابان دەردەچن. بە کورتی ئەو رەوەندە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە تاقە کەسێکی سەربەخۆ، یا باوەڕمەند بە مافی خەڵک، ئیمکانی نییە بتوانێت لەو هەموو بێژنگە دەربچێت. بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی "رەقابەتی" و "دێموکراتیک" بزانرێت.

ئەوەی باسکرا لەسەر چۆنیەتی کەسانی بەربژێر بوو. ئێستە باسێکی کورتی خودی هەڵبژاردن:
هەموومان دەزانین کە هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە کە خەڵک لەو رێگەوە موتمانە لە ژمارێک نوێنەرانی خۆی کە بەباشی بەڵێنەکانیان بەجێگە نەگەیاندووە، وەرگرنەوە. یا دیسان متمانە بە خەڵکانی پاک و خزمەتگوزار بدەنەوە یا کەسانی دیکە هەڵبژێرن. بەڵام لە حکوومەتی ئێراندا، ڕەوتەکە بەتەواوی جیاوازە و شوورای نگابان خەڵکانێکی بژارکراو دێنن و دەڵێن ئەمانەمان بۆتان دەسنیشان کردووە و ئێوە دەنگیان پێبدەن. باشە ئەمە بۆ دەبێتە هەڵبژاردن؟ من لەو باوەڕەدام کەسانێک گەر لە دڵەوە لە هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ بەشدار بن، بەڕاستی شیاوی دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامین.
با ئیستە لە ڕوانگەی سیاسی و هەروەها کوردەوە چاو لە کۆماری ئیسلامی بکەین، ئەوسا بزانین ئایا هەرچەشنە بەشدارییەک لە هەر هەنگاوێکی ئەو حکوومەتە ڕەوایە یان نا؟

وەک پێشتر ئیشارەی پێکرا، حکوومەتی ئێران حکوومەتێکی توتالیتێر و کۆنەپەرستە. ئاستی کۆنەپارێزیی ئەم حکوومەتە نەک هەر لەم سەردەمە، بەڵکوو لە چەندسەد ساڵی ڕابردووشدا نموونەی بەدی ناکرێت. خورافەپەروەریی، بێ‌پرەنسیپی، درۆ و شارلاتانیزم بەشێکی دیار و حاشاهەڵنەگرن لە کاراکتێر، فەرهەنگ و کردەوەی ئەم حکوومەتە. بەشێوەیەک زۆربەی زۆری کاربەدەستانی لومپەن، دیپلوماتەکانی لومپەن و ئەدەبیات و زمانی لومپەنانەیە و زۆربەی کاربەدەستانی خاوەنی "بەرگەی خوێندنی تەزویر و ساختە"ن. واتا بەگشتی دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی "بەتەواوی لومپەنی"‌یە.

ئەو لومپەنیزمە لە سەرتاپای ناوەندەکانیدا (ڕاگەیاندن، ئەمنیەتی، ئیداری) بە ئاشکرا دەبینرێت. هەر ئەو لومپەنیزمەیە کە دەسەڵاتێکی بێ‌پرەنسیپ و پێبەند نەبوو بە پلە و پێوەرە جیهانییەکانی بەرهەمهێناوە. بەشێوەیەک کە تەنانەت رێز لە قەول و قەرار و رێککەوتنەکانی خۆشی ناگرێت. ئەم بێپرەنسیپییە هەر لە نەورۆزی ١٣٥٨(نەورۆزی خوێناویی سنە)ـەوە دەستیپیکرد و لە پەیامی خومەینی لە سەرماوەزی هەمان ساڵ درێژەی کێشا (بەهۆی شکست لە بەرابەر هێزی پێشمەرگەدا پەیامی ئاشتی بۆ کورد نارد، بەڵام بە پیلان شەری دەسپێکردەوە)، لە ساڵێ ١٣٨٨واتا لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئاست هەموو ئێران خۆی نیشاندا. کە کوشتنی بێ‌باکانەی هاوڵاتی لە شەقام (ندا ئاقا سوڵتان) و دەسدرێژیی بۆ سەر لاوانی ڕاپەریو (کەهریزەک) تەنیا وەک نموونە باسکردنیان بە پێویست دەزانم.

حکوومەتی ئێران لە ئاست کورد و نەتەوەکانی دیکە، بەتەواوی دژ بە مافەکانیانە و هیچکات ئەوەی نەشاردووەتەوە. ئەم حکوومەتە کە بەپێی شەرعی ئیسلام دەسەڵاتداریی دەکات، هەلپەرستانە لەباتی "نەتەوە" باوەڕی بە "ئومەت"ـە. بۆچی هەلپەرستانە؟ لەبەر ئەوە، لە لایەکەوە باوەڕی بە نەتەوە نییە و هەرچەشنە دادخوازییەکی نەتەوەکانی ئێران بە تاوان و "شێرک" و بۆ لاوازکردنی "ئومەتی ئیسلامی" دەزانێ و سەرکوتی دەکات؛ لە لایەکی دیکەوە، هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە ناسیوناڵیزمی کۆنەپەرستانەی ئێرانی، خەڵکانی پان ئیڕانیست دژ بە نەتەوەکانی دیکە و هەروەها بۆ سەربازگیری و پێشبردنی ئامانجەکانی بەکاریان بێنی و ڕێکیان بخات. 

لەباری مافەکانی ئینسانیشەوە، لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، تاکە جارێکیش نەبووە کۆماری ئیسلامی بەتاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مەحکووم نەکرابێت. لەباری دادپەروەریی کۆمەڵایەتییەوە گەر چاو لە دەسەڵاتی ئیسلامی بکەین، دەبینین بەپێچەوانەی هەموو ئیدیعاکانی لەسەڕ عەداڵەت و "قێستی ئیسلامی" و... حکوومەتێکی گەندەڵی بێسەرەوبەرەیە، کە لەوەتی بە دەسەڵات گەیشتووە، ئابووریی ئێرانی بەتەواوی داڕماندووە و جیاوازیی چینایەتیی لە دەسەڵااتەکەیدا گەیشتووەتە ئاستێک کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران لە ژێر "هێڵی هەژاری"دا دەژین. لە دەسکەوتەکانی دیکەی ئەم حکوومەتە دەکرێ لە ئیعتیاد، لەشفرۆشی (کور و کچ)، داڕمانی پرەنسیپە کۆمەڵایەتییەکان و... دەیان نەخۆشی و نسکۆی کۆمەڵایەتیی دیکە ناوبەرین. 

لێرەدا پرسیاریك کە ڕووبەڕووی هەر ئینسانێکی شەرافەتمەند دەبێتەوە ئەوەیە کە: بەکام پێوەر دەبێ خۆمان قانیع بکەین کە بانەگەشەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئاوەها حکوومەتێکدا بکەین، ئایا ئەوە بانگەشەی سەقامگیرترکردنی پایەکانی ئەم حکوومەتە نییە؟ ئایا بە چەشنێک نابین بەشەریکی تاوانەکانی؟

وەڵامی پرسیارەکان

 هەڵبژاردن، کە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەی دێموکراسی دێتە ئەژمار، لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ چەندە کارا بێ؟

وەڵام: پێموابێ لە ناو دەقی پێشەکییەکەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە. تەنیا لەسەر وشەی "کارا" بەکورتی تێبینیم هەیە. ئەگەر مەبەست لە کارا، کاریگەریی هەڵبژاردن لەسەر کۆمەڵگەیە، دەبێ بڵێم کە لە دەسەڵاتە تۆتالیتێرتەکاندا، نەک هەڵبژاردن، بەڵکە هاتن و رۆیشتنی دەوڵەتەکانیش هیچ کاریگەرییەکیان بۆ کۆمەڵگە نییە. لەبەر ئەوە هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە چنگی دیکتاتۆر دایە و دەوڵەت و پارلەمان و وەزیر و ... هەموو "کارتۆن"ین. 

بەڵام ئەگەر مەبەست لە "کارا" ئەوە بێت کە توانای بڕیاردانی سەربەخۆ بە هەڵبژێراوان و تەنانەت مەجلس بدات، وەڵام ئەوەیە کە بەو لە بێژنگ دانەی بەربژێران و ئەو مەرجانەی بۆیان دانراوە، ئەو هەڵبژاردنە هیچ فرێکی بە دێموکراسییەوە نییە. لە ئەنجامدا هیچ "کارا"ییەکیشی نابێت.

 ئایا بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا دەبێ بەربژێرەکان بە فیلتێری ناوەندگەلی هەڵنەبژێردراودا تێپەڕن، دەتوانێ ڕەوایەتی بدات بەو دامەزراوەیە کە "هەڵبژاردن"ی بۆ دەکرێت؟

وەڵام: لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا خەڵک بەتەواوی لەژێر کونتڕۆڵی دەامودەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانی دیکتاتۆردان. بۆیە مەسەلەی دەنگدان و دەنگنەدان (بە پێچەوانەی دێموکراسییەکان) دەچێتە بواری ئەمنیەتییەوە. هەر ئەوەشە لە وڵاتانی دیموکراتدا کاتی دەنگدان نە ناسنامە مۆر دەخوات و نە قامک رەنگ دەکرێ. بەڵام لە دیکتاتۆرییەکاندا، دەنگدان چەشنێک "مەرعووب"کردن (ترساندن)ی جەماوەریشی لەگەڵە. بەو شێوە کە لە چەند رۆژ پێشەوە، بە پەیامەک و بانگەشە لە راگەیەنەرەکان و "قوو" داخستن لە رێگەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و سیخۆرەکانیەوە، وەها فەزایەک پێک دێنن کە هەرکەس دەنگ نەدات دەناسرێتەوە و دەبێ بەچەشنێک چاوەروانی سزا بێت. بۆیە بەشێکی زۆر لە دەنگدەران لە کۆماری ئیسلامیدا، نەک لە باوەڕیانەوە، بەڵکوو لە ترسان دەچن دەنگ دەدەن، جا دەنگ بە کێ و چی دەدەن ئەوەش خۆی باسی جیاوازە.

بەڵام لەسەر "رەوایەتی". ئەگەر مەبەست لە رەوایەتی هەمان "مەشروعیەت" بێت، دەبێ بڵێم مەشرووعیەت، تا بووە هێز و دەسەڵات دیاریی کردووە. لای ئێمە پەندێک هەیە کە دەڵێ: "تا زۆر وێسابێ، قەواڵە بەتاڵە". بەڕاستی وایە. باشە مەگەر لە نیو سەدەی رابردوودا چەندها دیکتاتۆر بە کودێتا دەسەڵاتیان نەگرتە دەست؟ مەگەر هەموویان لە لایەن"کۆمەڵگەی جیهانی" و "رێکخراوی نەتەوەکانی یەکگرتوو" وەک دەسەڵاتی "شەرعی"ی وەڵاتەکانیان نەناسران؟ هەر حکوومەتی ئیسلامی لەبەرچاو بگرین، چ جەنایەتێکی لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران نەکردووە، ئەوە دەبینین لەم رۆژانەدا و پاش "سازانی ئەتۆمی"، بە باوەشی ئاواڵەوە لە ئامێزی دەگرن. کەوابوو دیکتاتۆر هەڵبژاردن بۆ مەشروعییەت بەڕێوە نابات. بەڵام ژێستی سیاسیی پێوە دەگرێ کە چەندە لەنێو "خەڵکەکەیدا" خوشەویستە. ئەوەش لە کاتێکدایە بە لێشاو تەقەلوب و جێگۆڕکێی دەنگەکان ئەنجامدەدات و بەکەیفی خۆی رێژەی بەشداربوانی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنیت.

هەموو جارێک کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت، توێژ و چینە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، بەسەر دوو دەستەی "بایکۆت" یان "بەشداری"دا دابەش دەبن. ئەمەش وا دەکات کە جۆرێک لە "خۆ دووبارەکردنەوە" و وەستان لە خاڵێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا فەڕز بکرێت. بەلام هەندێ کەس و لایەنیش هەن کە باس لە ڕێگەی سێهەم دەکەن: نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەربوونی مافی زیاتر. گەلۆ ئەمە دەتوانێ ئەو ڕێگەیە بێت کە گەلانی ئێران بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری پێیدا بڕۆن؟ چۆن؟

وەڵام: کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارەوە، هیچ رێگەیەکی بۆ "چارەسەریی سێهەم" یا "رێگەی سێهەم" نەهێشتوەتەوە.کاتێک خومەینی رێفراندۆمی بەرێوە برد، تەنیا دوو پرسیاری نایە پێش خەڵک:"کۆماری ئیسلامی ئەرێ یا نە"! ئەو شێوە بیرکردنەوە، ئێستەش بەسەر کۆماری ئیسلامیدا زاڵە. بەگشتی ئەوە تایبەتمەندیی دەسەڵاتە تۆتالیتێرەکانە. لەو سیستەمە حکوومەتییەدا یا هەموو کۆمەڵگە گوێڕایەڵی دەسەڵاتە، یا جێگەی زیندان و نەمانە. بۆیە تەنیا یەک رێگە لەبەرابەر ئەم دەسەڵاتەدا هەیە، ئەویش راپەڕینی جەماوەری و بۆ هەمیشە گۆڕ کردنی. من تا ئێستا غەیری ئەوە هیچ رێگایەکی دیکە بەدی ناکەم، جا لە داهاتوودا ڕەوتی رووداوەکان بەکام ئاقاردا دەچن و چ شێوە بەرەنگار بوونەوەیەک پێویستە، ئێستە قسەی ناکرێت.

 بەڵام لە سەر هەڵبژاردن و بایکوت و دەنگدان

من لەو باوەڕەدام هەلومەرجی خەڵکانی دانیشتووی ژێردەسەڵاتی دیکتاتۆر، لەگەڵ خەڵکانی دەرەوەی وڵات زۆر جیاوازە. بۆیە ئەرک و رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ دیاردەکانی پێوەندیدار بە دەسەڵاتەوە جیاوازە. کارمەندێکی ئیدارەیەک لە ناوخۆ، یان مووچەخۆرێکی "کومیتەی ئیمداد"،  هەم "نان" و هەم "گیان"یان لە چنگ دەسەڵاتدایە. حکوومەت لە رێگەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە ترس و خۆفیان دەخاتە دڵەوە، لە رێگەی "هێزی ئینتیزامی"یەوە شەخسیەت و کەسایەتییان دەشکێنێ. بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دیکتاتۆردان، ئەو زەختەیان لەسەر نییە. ئەوەی لە ناوخۆیە، دەبێ خۆی بەشێوەیەک رێک بخات کە بتوانێت درێژە بە ژیان بدات. هەر ئەوەشە کە بۆ دەنگدان یا دەنگ نەدان، خۆی باش دەزانێ چی بکات. جا گەر دەنگ بدات، بەهیچ شێوەیەک بەمانای باوەڕ بە کۆماری ئیسلامی نییە. دیارە وەک پێشتریش ئیشارەم پێکرد، لە حکوومەتە دیکتاتورییەکان و لەوانە لە حکوومەتی ئێراندا، گەر کەسیش دەنگ نەدات، بەکەیفی خۆی ڕێژەی بەشداران رادەگەیەنێت. خۆ هیچ ناوەندێکی چاودێری لە ئێران نییە کە درۆکانی لەقاو بدات. کەوایە لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا، من لەو باوەڕەدام کە کۆمەڵانی خەڵک لە ناوخۆ دەبێ خۆیان بەپێی مەسڵەحەتی خۆیان تەشخیس بدەن بەشداری بکەن یا نە. 

بەڵام مەسەلەکە بۆ ئوپوزیسیون و کەسانی دەرەوە جیاوازە. ئێمە هیچ زەخت و دەسەڵاتێکی حکوومەتمان لەسەر نییە. بۆیە هەرکەس بەپێی تێگەیشتن و باوەڕی بە ئازادی و دێموکراسی رای خۆی دەردەبڕێت و دەجووڵێتەوە.  من خۆم لەو باوەڕەدام کە ئەرکی من ڕاشکاوانە تەحریمە و هەرکەس و ناوەندێک لە دەرەوە، جیا لەوە بانگەشە بکات، لە سەداقەتی بە ئازادی و دێموکراسی و مافی گەلی کورد بە گومانم.

من تێناگەم، چۆن ئەو کەسەی ٣٥ ساڵ پێش رێفراندۆمی تەحریم کرد و "نە"ی بەکۆماری ئیسلامی گوت، ئێستە خەریکی دوودڵی و دوڕدۆنگی بڵاوکردنەوەیە. باشە چی گۆڕاوە؟ من وا دەزانم ئەمان گۆڕاون و باوەڕیان سست بوە. کۆماری ئیسلامی نەک هیچ نەگۆڕاوە، بەڵکوو باشتر لەو سەردەمە خۆی نیشان دەدات، دەستی زۆرتر لە جەنایەت و فەساد و ماڵوێرانیی خەڵک رۆچووە. جیا لەوەش ئەگەر تا چەند ساڵ پێش دەگوترا ئەو حکوومەتە هەر بۆ کورد ناسراوە و خەڵکانی دیکە پشتیوانی لێدەکەن، خۆ لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ و ڕاپەرینەکەی دوایی و ئەو کوشتار و دەسدرێژیانەی بەسەر خەڵکی ڕاپەریو هات، دڵنیام تەنیا هێزی چەکدار و ناوەندیی ئەمنیەتی و سەرکوت و خەفەقانە ئەو دەسەڵاتەی ڕاگرتووە. چۆنە هێندێک لایەن ئەوانە نابینن و راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ تەبلیغ بۆ هەڵبژاردنەکانی حکوومەت دەکەن. خۆ حکوومەت خۆشی هاوار دەکات هیچ نەگۆڕاوە. ئەوە نییە خامنەیی لەم رۆژانەدا ئاوی پاکی ڕژاندە سەردەستی "ئوپۆزیسیونی داتەپیو"دا و گوتی: جیابیران و تەنانەت دژبەرانی ئیمە با بێن دەنگ بدەن، بەڵام ڕێگەیان لە مەجلس نییە". هەر ئەو قسانەی خامنەیی بەسە کە بڵێم کە ئەوە جاڕچیانی بێ جیرە و مەواجبی هەڵبژاردنن کە گۆڕاون، یا باشترە بڵێم ماندوون و پێویستیان بە حەسانەوەیە. ئەڵبەت هیچکات ئەوحەسانەوەش نابینن، مەگەر ئەوە بچنە ژێر ئاڵای ویلایەتی فەقێ‌وە. تازە لەو هەلومەرجەشدا ئەوەیان بەسەر دێت کەبەسەر حیزبی توودە و سازمانی فەداییدا هات و شەرمەزای هەتا هەتایی مێژوو بوون.

 ئاخۆ ئەو کەس و لایەنانە کە ئیدیعای شۆڕشگێڕ بوونیش دەکەن، باشتر نییە چاوێک لە ژیانی کولەمەرگیی "ئیسڵاحتەڵەبە کوردەکانی لایەنگری حکوومەت" بکەن و ببینن کە ئەوان چیان بۆ کۆماری ئیسلامی نەکرد، هەر لە جاسووسی تا جاشایەتی، بەڵام کاتێک حکوومەت لە کوردستان سەقامگیر بوو، پشتی لێکردن و وەک "پەڕۆی پیس" لە زبڵدانی هاویشتن. دڵنیام ئەگەر کۆماری ئیسلامی بمێنێ ئەمانیش (لایەنگرانی بەشداریی هەڵبژاردن) دەبینین کە چۆن دەکەونە پیسی. جیا لەوەش ئەوانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ و "پێشڕەو"ی خەڵک دەزانن، ئەرکێکیان لەسەر شانە، ئەویش دەربڕین و گوتنی ڕاستییەکانە. نەک تووشی پۆپۆلیزم هاتن و بڵاوکردنەوەی دوودڵی  لە ئاست یەکێک جەناتەتکارترین دەسەڵاتەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.


پەیوەندی‌دار:

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

ئایەتوڵڵا دەستغەیب: مەهێڵن دەست لە سندوقەکانی دەنگدان وەربدەن

هه‌ڵبژاردن، خواستی گشتیی خه‌ڵک یان گه‌مه‌ی سیاسیی چه‌ند تاقم و ده‌سته‌یه‌ک

هەڵبژاردن لە روانینێکی کۆمەڵناسیانەوە (١-٢)

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷