بابەتی گەرم:

کەریم مەرەسەنە

پێشەکییەک بۆ دۆسیەی هەڵبژاردن

Tuesday, February 9, 2016


کەریم مەرەسەنە
"مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران"، بەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە مانگی ئادار/مارسی داهاتوودا بەڕێوە بچێت، پێ دەنێتە دەیەمین خولی خۆیەوە. ئەرکی ئەم دامەزراوەیە، کە لە بواری حقووقییەوە ڕۆڵی پارلەمان دەگێڕێت، داڕشتنی قانوونە؛ واتە باڵاترین دامەزراوەی یاسادانانە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەهۆی ئەوەی سیستەمێکی پێچەڵاوپێچی حقووقی و بانحقووقی چاودێری بەسەر پڕۆسە سیاسی و حقووقییەکاندا دەکات، دەسەڵاتەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی سنووردارن، هەروەها پڕۆسەی خۆ کاندید کردنیش بۆ ئەو ناوەندە، بەو هۆیەوە کە بەربژێرەکان ناچارن بە چەند "فیلتێر"ێکدا تێپەڕن، بی دەردیسەر نییە؛ ئەم تێپەڕینە تەنیا بۆ کەسانێک مەیسەر دەبێت کە سیستەم دڵنیا بێت لە وەفادارییان. بەو حاڵەش، کەم نین ئەو کەس و گرووپانەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی بە پلاتفۆڕمێکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی، فەرهەنگی و حقووقییەکانیان دەزانن. 

لە دابەشکارییەکی سەرپێیدا، دەکرێت پڕۆسەی جێگیربوونی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بەسەر سێ قۆناخی دەسەڵات بەدەستەوەگرتن، سەرکوتکردنی نەیاران و سەرئەنجام سەقامگیرکردنی سیستەمدا دابەش بکەین. قۆناخی سێیەم [کە ئێستا بێ] شانبەشانی قۆناخی دووەم دەچێتە پێشەوە. لە قۆناخی سەرەتادا، ئایەتولڵا خومەینی و ئاخوندە ئاوەڵبەندەکانی، دوای ئەوەی ڕژێمی شا ڕووخا، بە شێوەیەکی نەگونجاو لەگەڵ ئامانجەکانی شۆڕش، جڵەوی ئیدارەی وڵاتیان گرتە دەست و بە وەگەڕخستنی شەپۆلێکی بەربڵاوی ئێعدام و ڕاونانی ئەوەی ئەوان بە "پاشەرۆی ڕژێمی تاغووتی" بەناویان دەکرد، دەستیان بە پڕۆژەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد. لەو ساڵانەدا، بێجگە لە هەندێ مۆرەی ڕژیمی پێشوو، هەزاران ئینسانی ئازادیخواز و جیابیر لەناو بردران. 

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەم شەپۆلە، کاربەدەستان بە دەستوبرد دامودەزگەگەلی زەبەلاحی سەربازی، سیخوڕی و ئابوورییان دامەزراند و بە کردەوە، جڵەوی هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتیان گرتە دەست. ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتبوو ئەم دەسەڵاتە لە هەموو گۆشە و کەناری وڵاتدا جێگیر بکرێت. ئەمە شتێک بوو کە بە ڕاگەیاندنی "جیهاد" لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵات و هێرشی بەربڵاو بۆ سەر ئەو بەشەی کوردستان دەستی پێکرد؛ بەم شێوەیە، ئیتر هەموو ئەو دەنگانەی داوای جێگیرکردنی ئازادیی گەلان، فرەڕەنگیی سیاسی و کولتووری و مافی نەتەوەیی گەلانی ئێرانیان دەکرد، بە توندترین شێوە سەرکوت کران. ئەم شەپۆلە، هەرچەندە لەگەڵ بەرەبەرەکانێی سەرسەختانەی نەیارانی سیستەم [لە ناویاندا کوردەکانیش] ڕووبەڕوو بوویەوە، بەڵام توانی تا ڕادەیەکی بەرچاو ئەوانە [نەیارانی سیستەم] لاواز بکات و بیانخاتە پەراوێزەوە، لە کاتێکدا بەشێک لە هێزە چەپەکانیشی دەستەمۆ کرد. دوا قۆناخی ئەم پڕۆسەیە، بەو ڕادە بەربڵاوە کە لە سەرەتاوە دەستی پێکرابوو، بە ئێعدامی بەکۆمەڵی گیراوانی سیاسی و تیرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن گەیشتە مەنزڵ. لێرەوە ئیتر سیستەم تا ڕادەیەک لە مانەوەی یەکجاریی خۆی دڵنیا دەبێتەوە و "قۆناخێکی نوێ" دەست پێدەکات.

ئەگەر شەپۆلی بەرفراوانی کوشتار و تیرۆرەکانی دەیەی یەکەم و دووەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی، بە سەردەمی تەقەللای ڕژێم بۆ خۆجێگیرکردن لێک بدەینەوە، ئەوا لە دووی جۆزەردانی ١٣٧٦ی هەتاوی بەملاوە، ئیتر ڕژیم لە مانەوەی خۆی دڵنیاتر خویا دەکات و بەو پێیەش، گۆڕانکارییەکی مەیلەو ئەرێنی لە ژینگەی سیاسیدا دروست دەبێت. ئێلیتی کاربەدەست لەم ژینگە نوێیەدا، ئەگەر لە دەیەکانی سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیدا ڕوو بە دەرەوە یەکڕیزی و یەکدەستییەکی تەواویان لە خۆیان نیشان دەدا، ئەوا لە دووی جۆزەردان بە دواوە بە ئاشکرا دەستیان دایە ململانێی یەکتر، ململانێیەک کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز و سەرکوتکردنیدا، گەیشتە چڵەپۆپە. 

یەکێک لە ئەنجامە لاوەکییەکانی ئەم ژینگە نوێیە، ئەوە بوو کە دەرفەتی جموجۆڵ بۆ هەندێ کەسایەتی و دەوروبەری سیاسیی سەر بە گرووپە پەراوێزخراوەکانیش ڕەخسا. کەس و گرووپگەلێکی سیاسی و فەرهەنگی، کە سیستەمی کۆماری ئیسلامییان وەک یەکەیەکی حقووقی قبووڵ بوو بەڵام داوای جێبەجێکردنی خاڵە پەسەندکراوەکانی ناو "قانوونی ئەساسی"شیان دەکرد، لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی دووی جۆزەردانەوە هاتنە ناو ژیانی سیاسی و، بە بەرزکردنەوەی هەندێ لە داخوازییە فەرهەنگی و ئیدارییەکانی هاوزمانەکانیان، دەستیان بە چالاکی کرد. ڕێگەی ئەمانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دژایەتییە کە لە دوو بەرەی پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەگەڵیان دەکرا، سەخت و تووش بوو؛ وەدەستخستنی ئەنجامی ئەرێنیش گەلێک سەخت و تووشتر.

کوردەکانی ڕۆژهەڵات، هەرچەندە بۆ گەیشتن بە پۆستەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران زۆرترین ئاستەنگیان لە بەردەمدا دانراوە، بەو حاڵەش توانیویانە ژمارەیەک بەربژێر لە شارەکانی کوردستانەوە ڕەوانەی مەجلیس بکەن. بەڵام ڕەوانەکردنی ئەم نوێنەرانە بۆ مەجلیس، یەکسەر بە مانای گەیشتنی دەنگی داخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گوێی دەسەڵاتداران نەبووە و ئەمەش وای کردووە کە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سیستەم، بە پێداگرییەکی زیاترەوە دژایەتی لەگەڵ پڕۆسەکەدا بکەن. 

یەکەمجار کە دەرفەتی گوزارەکردن لە لانیکەمی داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەندامە کوردەکانی مەجلیس ڕەخسابێت، لە مەجلیسی شەشەم، واتە لە سەردەمێکدا بوو کە بە "دووی خورداد" ناسراوە. لە "مەجلیسی شەشەم"دا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا "فراکسیۆنی کوردەکان" لە مەجلیسدا دامەزرا و پرسی کوردی ڕۆژهەڵات بە فەرمی گەیشتە ئەو ناوەندەی یاسادانان. لەمە بە دواوە، وا پێدەچوو سیاسەت ئیتر پێی نابێتە قۆناخێکی لێگاڵەوە و هاووڵاتیان و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی، بە ئومێدەوە چاویان لە داهاتوو دەکرد. ئەم خەونە بەڵام، بەو هۆیەوە کە نوێنەرە کوردەکان دەسکەوتێکی بەرهەستیان بۆ خەڵک بە دیاری نەهێنا، مایەپووچ مایەوە ـ هەرچەند ناکرێت چاوپۆشی لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو هەوڵانەی فراکسیۆنی کوردەکانی مەجلیسی شەشەم بکرێت، کە لە ئەنجامیاندا، بەشێک لە چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکان، بۆ ئاستێکی لۆکاڵتر لەپێشوو گوزراونەوە و چەکەرەی جۆرێک لە خەباتی مەدەنی لەو بەشەی کوردستان سەری هەڵداوە.

لە خولەکانی حەوتەم و هەشتەم و نۆیەمی مەجلیسیشدا بە هاتنەوەی زۆرینەی باڵە توندڕۆ و ڕاستە ئیسلامییەکان بۆ سەر دەسەڵات- هەڵبەت بە دووپینگی دامەزراوەیەکی دیکە بە ناوی "شوورای نیگابان"- ئەگەر خەونی ڕیسەیەکیش هەبووبێت کرایەوە خوری.

ئێستا، لەم خولەی دادێدا، بە تایبەت دوای پێکهاتن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و کرانەوەی ئێران بە ڕووی جیهاندا، کاربەدەستانی باڵای ئەو وڵاتە لە هەر کاتێک زیاتر دڵنیان لە "سەقامگیر بوونی نیزام". بەو پێیە دەبوو ژینگەی سیاسیی وڵات بەرەو کرانەوەی زیاتر هەنگاو بنێت، کەچی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع ڕوو دەدات، پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت: ڕەتکرانەوەی شیاوەتیی لە نیوە زیاتری بەربژێرانی "ڕەوتی ڕیفۆرمیست"، یەکێک لەو ڕووداوانەیە.

لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم، کە بە هەموو گرووپەکانیەوە لە دەرەوەی سنوورەکانن، لە ئەنجامی دروستبوونی ئەم ژینگە سیاسی و حقووقییەدا، بە شێوەیەکی بەرچاو مارژیناڵ بووگن و مەجالی سیاسەتکردنیان ـ چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ـ بەرتەسکتر بووەتەوە. 

سەرنجی ناوخۆی ڕۆژهەڵات بۆ لای خەباتی مەدەنی لە ئاستی فەرهەنگیدا توانیویەتی هەنگاوگەلیکی دڵخۆشکەر هەڵبێنێتەوە: دامەزرانی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و لە پەرواێزیشیدا پێگەیشتنی نەوەیەکی نوێی کوردینووس و کوردیخوێن، چاپکرانی ڕۆژنامە و گۆڤار بە کوردی، کرانەوەی دەورەکانی فێربوونی زمانی کوردی، دەستپێکردنی خەباتی ژینگەپارێزی لە ئاستێکی هەرە بەرزدا و دامەزرانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەگەلی سیاسی و مەدەنی، لەو دیاردانەن کە، هەرچەند پەیوەندییەکی زۆریشیان بە بەجیهانیبوونی هۆکارەکانی دان و ستاندنی زانیاری و فراژۆتنی هۆکارەکانی پەیوەندییەوە هەبێت، تا رادەیەکیش لە ئەنجامی دروستبوونی ئەو ژینگە سیاسییەدا مەیسەر بوون. 

ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کورد، کە لە تیرۆر و ڕاونانەکانی دەیەی شەست و حەفتادا پشکی شێری بەرکەوتبوو و هەر لە درێژەی ئەم سیاسەتەشدا لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی دوور خرابۆوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، کەمتر توانیویەتی کەڵک لە توانا سیاسییەکانی خۆی بۆ باندۆڕ خستنەسەر سیاسەت لەناوخۆی ئێران و کوردستان وەربگرێت. بە واتایەکی دیکە، ئۆپۆزیسیۆنی کورد، چ وەک فاکتۆر و چ وەک ئاکتۆر، دەستکورتە و کەمترین کاریگەریی لەسەر پڕۆسە سیاسییەکان لەناوخۆی وڵات هەیە. بەڵام بەو حاڵەش، دەستبەرداری تەقەلاکانی خۆی نەبووە و هەوڵی داوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیەوە، مۆرکی خۆی لە پڕۆسەی سیاسی بدات. 

مانگی ئادار/مارسی داهاتوو، هەڵبژاردنی دەیەمین خولی مەجلیسی شوورای ئیسلامی بەڕێوە دەچێت. کاربەدەستانی پایەبەرزی دەوڵەت، هوروژمێکی بەربڵاوی سیاسی و مێدیاییان بۆ بەشداربوونی زیاتری خەڵک لەو هەڵبژاردنانەدا وەڕی خستووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانیی تاراوگەنشین، ئەوەندەی بۆیان بلوێت، هەوڵ دەدەن خەڵک لە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان دڵسارد بکەنەوە. 

ئاستی بەشداریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، چەند جارێکی دەگمەن نەبێت، بە گەشتی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر کەمتر و تەنانەت هەندێک جار لە ژێر ڕێژەی پەنجا لەسەدەوە بووە؛ تا پێش گەڕانەوەی ناوەکانی بەربژێرە "تەئید"کراوەکان لە لایەن شوورای نیگابانەوە، بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە خۆ ئامادەکردنی چالاکانی ناوخۆو بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەگەیشت، وێدەچوو کە هەڵبژاردنی ئەمجارەش لەو چەند جارە دەگمەنانە بێت کە دەنگدەران بە ڕێژەیەکی دیار لە هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن. بەڵام دوای گەڕانەوەی ناوی ئەو بەربژێرانەی لە لایەن شوورای نیگابانەوە بە "شیاو"ی نوێنەرایەتی زانراون و دەرکەوتنی ئەوەی کە نزیکەی تێکڕای بەربژێرە ڕیفۆرمیست و سەربەخۆیەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەت کراونەتەوە، هەست بە جۆرە ناهومێدی و دڵساردییەک لای بەشێکی بەرچاوی چالاکانی ناوخۆ دەکرێت.

گەلۆ ئەو دڵساردییە تا چەند دەتوانێت لەناو کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕەنگ بداتەوە و کاریگەریی لەسەر ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنانەی دادێدا دابنێت؟ گەلۆ لە ئەگەری ئاستی کەمی بەشداربوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەتوانین ئەو بەشداری نەکردنەی خەڵک بە حیسابی کام یەک لەم دوو فاکتۆرە بنووسین: دڵسارد بوونەوەی چالاکە ڕیفۆرمیستەکانی ناوخۆ بە نیسبەت "رەتکردنەوەکان" یان بانگەوازی بایکۆت کە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە تاراوگەنشینەکان دەیکەن؟ بۆ زانینی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ دوو هەفتە و سێ ڕۆژی دیکە ڕاوەستین. 

ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی ڕۆژ، لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا، دۆسیەیەکی تایبەتی کردووەتەوە وچەند پرسیاری ئاراستەی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. لەو پرسیارانەدا نێرینی ئەوانمان لەسەر ئەو پڕۆسەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا پێی دەگوترێت "هەڵبژاردن"، پرسیوە. ئەو پرسیارانە لە لایەکەوە لە دەوری خودی ماهیەتی "هەڵبژاردن" لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسیی وەک کۆماری ئیسلامی و کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنانە لەسەر ئەو سیستەمە دەگەڕێت و لە لایەکی دیکەشەوە، تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە داخوا بانگەوازەکانی 'بایکوتکردن"ی حیزبەکان، یان بانگەوازی دەسەڵات 
و هەندێ جار چالاکانی ناوخۆش بۆ 'بەشداری'،  توانیویەتی باندۆر لەسەر گۆڕینی سیستەم دابنێت یان ئەوەی وەستان لە خاڵێکی دیاریکراو و جۆرێک لە "خۆ دووبارەکردنەوە" بووە.


پەیوەندی‌دار:

" فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷