نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە مۆسکۆ دەکرێتەوە
Wednesday, February 10, 2016
NNSROJ- بڕیارە نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە شاری مۆسکۆ بکرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی بەڕێوەبەرایەتیی رۆژئاوا، سەردانی رووسیای کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی رۆژ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی کردنەوەی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لە شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، شاندێکی رەوانەی ئەو شارە کردووە، چاوەڕێش دەکرێت دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ١٠ی فێبریە، لە رێوڕەسمێکدا ئەو نوێنەرایەتییە بکرێتەوە.
هەروەها رۆژی سێشەممە ٩ی فێبریە، سینەم محەممەد سەرۆکی شاندەکە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوا، لە شاری مۆسکۆ لە گەڵ دکتۆر ئاننا گلازۆڤا سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی رووسیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیدار و گفتوگۆی ئەنجامداوە.
تەوەری سەرەکیی دیدارەکە، توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان و رووسیا، چارەسەریی کێشەی سوریا و هەروەها پرسی دوورخستنەوەی کورد لە کۆبوونەوەکانی ژنێڤ-٣ بووە.
هاوکات ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە پرێس کۆنفڕانسی هەفتانەی وەزارەتەکەیاندا، لە سەر گرینگیی بەشداری پێکردنی پەیەدە لە دانوستانەکانی ژنێڤ-٣دا جەختی کردۆتەوە و گوتوویەتی؛ پێویستە کورد لە داهاتووی سیاسیی سوریادا مافی رادەربڕین و بەشدارییان هەبێت.
بیرۆکە لە چوارچێوەی "دامەزراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی"دا ئیزنی پێ دراوە و وەک بەرپرسانی ڕووسی ڕایانگەیاندووە "ڕۆڵی باڵوێزخانە ناگێڕێت".
وەزارەتی کاری دەرەوەی ڕووسیا پێشتر لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی "تاس"ی ڕووسیدا ڕایگەیاندبووکە ئەم بیرۆیە، ناکەوێتە خانەی دامەزراوەی دیپلۆماتیک، بەڵکوو "پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی سووریا و عێراق، لە ڕێگەی باڵوێزخانەکانی ئەو دوو وڵاتەوە دەبێت".
باڵوێزی سووریاش لە مۆسکۆ سەبارەت بە هەمان بابەت گوتوویەتی "کوردەکان بەشێکی گرینگن لە کۆمەڵگەی سووریا، بەڵام ئێمە کۆمەڵگەمان بەسەر گرووپگەلی ئێتنیکیدا دابەش نەکردووە".
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسی ئەنجومەنی فێدڕاڵی نەتەوەیی ـ فەرهەنگیی کورد لە ڕووسیا فەرخەت پاتیێڤ، ڕایگەیاندووە کە کاری ئەم بیرۆیە، "پاراستنی بەرژەوەندیی کوردەکانی ڕووسیا و سووریا دەبێت" کە وەک ئەو گوتوویەتی "هەموویان هاووڵاتیی سووریا نین".
ئەلف. و / ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە