بابەتی گەرم:

ئەردەڵان باستانی

من دەنگ دەدەم!

Friday, February 12, 2016

نزیکبوونەوە لە هەر هەڵبژاردنێک لە ئێران، هاوکات دەبێ لە گەڵ دووبارەبوونەوەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە مەفهوومی هەڵبژاردن لە ئێران و هەموو جارێک هەندێ لایەن خەڵک بانگ دەکەن بۆ هاتنەمەیدان و بەشداریکردن و هەندێک لایەنیش نەپساوانە یان پچرپچر خەڵک هان دەدەن بۆ بایکۆت و نەچوونە پای سندووقی دەنگدان.

کوردستان وەک ناوچەیەکی گرینگی سیاسی، کە خاوەنی مێژوویەکی ڕوونە لە بەرەنگاری و خۆڕاگری، بێبەری نەکراوە لەم جیاوازیی ڕوانینە.

حیزبەکانی کوردستان کە لە دەرەوەی سنوورەکان نیشتەجێن و هەمیش کەسایەتی و لایەنەکانی ناوخۆی کوردستان، ئەو جیاوازی ڕوانینەیان تێدا بەرهەم هاتۆتەوە، هەندێک لایەن لە ناوخۆ و دەرەوە هەڵبژاردن بە شانۆ دەزانن و بانگی خەڵک دەکەن بۆ بایکۆت و هەندێک لایەنی سیاسیش بە پێچەوانەوە خەڵک هان دەدەن بۆ دەنگدان یان خەڵکیان کردۆتە سەرپشک و خۆیان بواردووە لە هەڵوێستگرتن.

هەڵبژاردنی ئەم دەورەی "مجلس شورای اسلامی" و "مجلس خبرگان رهبری" گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە پاش ئاشتیی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژاوا، یەکەمینە پاش سەفگرتنی کۆمپانیا و شیرکەتە سەرمایەگوزارەکان، یەکەمینە پاش داڕمانی سێبەری شەڕلە سەر ئێران، یەکەمینە پاش قورسبوونی سەنگی ئێران لە ناوچە و بە تایبەت لە شەری سووریا.

هەموو ئەو شتانە وای کردوە ئەم هەڵبژاردنە گرینگتر لە جاران بێت، بۆیەش خەڵكێکی زیاتری بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
پێویست ناکات باسی ناوەرۆکی هەڵبژاردن یان ئەوەی لە ئێران بەناوی هەڵبژاردنەوە دەکرێ بکەم. بەڵام لە دۆخێکی ئاساییدا، هەڵبژاردن یەکێک لە مافە دێمۆکراتیکەکانی خەڵکە و سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵاتیشە، مەجلیسێک کە هەڵقولاوی هەڵبژاردنێکی دێمۆکراتیک بێت، نوێنەری خەڵک بە گشتی و چین و توێژەکانە بە تایبەتی.
***
ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوە، قەتیس ماو لە فەرهەنگی هەڵاواردنی ڕەگەزی و پڕاوپڕی ستەمی چینایەتی و پێشێلکردنی هەموو ئەوانەیە وا لە ئابووری وڵاتدا کەوتوونە بەر هوروژمی بەکەرتی تایبەتکردن و ستەمی چینایەتی. مەجلیس لە وڵاتێکی وا دەبێ شوێنی نوێنەرانی چینەکان، نەتەوەکان و جێگای بەرەنگاربوونەوەی ستەمی ڕەگەزی بێت.

بۆ چوونە پای سندووقی دەنگدان ئەم پرسیارانە ڕووبەڕووی هەموو دەنگدەران و لایەنەکانیش دەبێتەوە.
"مجلس شورای اسلامی ایران" لە سەر ئەساسی "ئومەتی واحیدەی ئیسلامی" پێک هاتووە، کەوایە هەموو نەتەوەیەک ئینکار دەکا، هەموو دین و مەزهەبێک یا ئینکار دەکا یان پەراوێزی دەخا وەک کردوویەتی. چون ئیسلامیش بە دینی "بەرابەریتەڵەب و عەداڵەتمێحوەر دەزانێ" هەموو توێژێک لادەدا و خۆی بە نوێنەری "موستەزعەفین" دەزانێ. "مجلس شورای اسلامی" مەجلیسی پیاوی موسوڵمانی گوێرایەڵی ویلایەتی فەقیهیە.

هەڵبژاردنی "مجلس" لە ناوچەی کەمایەتییە نەتەوەییەکان بەڕێوە دەچێ، بەڵام لە 9 مەجلیسی ڕابردوودا کام نەتەوە توانیویەتی وەک خۆی و بە پێناسەی خۆی بچێتە تاران و داوای مافی سەرەتایی خۆی بکات. داوای لابردنی سێبەری ئەمنیەتی بکات، داوای ڕاگرتنی تاخت و تازی فەرهەنگی بکات، داوای گەشەی ئابووری، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری بکات، داوای هاتنی بێهداشت و پەروەردەی هاوسەنگ لە گەڵ ناوەند یان پلەیەک دوای ناوەند بکات؟ هەڵبژاردنی مەجلیس ڕێگای لە ژنان نەگرتووە کە بەشدار بن، چ وەک دەنگدەر و چ وەک پاڵێوراو، بەڵام لە 36 ساڵی ڕابردوودا کام یاسا بە قازانجی ژنان یان تەنانەت بۆ کەمکردنەوەی ئەم ستەمە سیستەماتیکە کە لێیان دەکرێ دەرچوە؟ کام تەقەلا کراوە بۆ هەموارکردنەوەی حەقی ژنان بۆ ستاندنی تەڵاق، بۆ وەرگرتنی سەرپەرەشتی منداڵی پاش تەڵاق، بۆ ڕێگەنەدان بە هاوسەرگیری زۆرەملی، بۆ پاراستنی ژنان لە بازاری کار، بۆ مافی ژنان لە هاوسەنگی بۆ خوێندن. چەند نوێنەری ژن لە مەجلیسەکانی پێشوو هەبوون، کامەیان توانی هەنگاوێکی ژنانە هەڵێنێتەوە ـ ئاخر ئەمانە تەنانەت لە پیاوەکانیش پیاوسالارتر و دژەژنتر بوون. بە بەرگ ژن بوون، ئەگەر نا لە زۆر پیاو "پیاو"تر بوون.

ئایا دین و مەزهەبە جیاکان لە ئیسلامی ئەم نیزامەدا دەتوانن بەشدار بن؟ جگە لە بەهاییەکان کە بە ئایینی "ضالە" دەناسرێ، هەموو مەزهەبەکان (ئەهلی کتێب و زەردەشتییەکان) دەتوانن بەشداری مەجلیس بن، بەڵام تا ئێستا کام مەزهەب بەرامبەر ئەو گشتە ستەمەی لە لایەن "اسلام شیعە 12 امامی" بە سەریاندا سەپاوە توانیویە بچووکترین ماف بستێنێ؟ سونییەکان توانیویانە نوێژی جومعەیەک لە تاران بەڕێوە بەرن؟ زەردەشتییەکان توانیویانە بەر بە کوژاندنەوەی ئاگردانەکانیان بگرن؟

"مجلس شورا اسلامی" خۆی بە مەجلیسی ئومەتی واحێدەی ئیسلامی دەزانێ و بانگەوازی عەداڵەت و یەکسانیش دەکا.
وڵاتێک بە زیاتر لە 40 ملوێن کرێکارەوە، توانیویە سەرەتاییترین ماف ـ وەک دابەزاندنی سەعاتی کار، دانی "بیمەی تامین اجتماعی" بۆ هەموو کرێکاران، چەسپاندنی هەمان مووچەی کەم وا داندراوە و پێشگرتن بە سێحەبکار لە چەوساندنەوەی کرێکاران و بەڕەش کار پێکردنیان، هاوپشتی لە گەڵ بەرحەقترین داخوازی کرێکاران کە مافی ئێعترازە (لە یاساشدا هاتووە)، فشار خستنە سەر وەزیری کار بۆ ئەم ژیانە نەگبەتەی بە هاودەستی "اتحادیە‌ی کارفرمایان" بە سەر ژیانی چینی کرێکاریاندا سەپاندووە. لەم 9 مەجلیسەی پێشوودا، کام یاسا دەرچووە یان تەنانەت پشتگیری کراوە بۆ باشترکردنی ژیانی کریکاران، مامۆستایان، پەرەستاران، خوێندکاران و ... هتد؟

ئەم پرسیارانەی سەرێ، بە ورد بوونەوەیەک لێیان، دەری دەخەن کە داخوازییەکان وا نین کە بڵێی نەکرێ دەستەبەر بن، ئەوەشی تێدا دیارە کە مافخوازەکە خەیاڵی ئەوە ناکات بنەماکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی مەجلیس و دانیشتوانەکەیەوە بداتە بەر تانە و تەشەر... بەڵکوو ئەمانە سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکن کە لە هەموو سیستمێکدا یان ڕێگە پێدراوە یان ڕێگایەک بۆ دەستەبەرکردنیان هەیە.

"مجلس شورای اسلامی" بەڵام تەنیا لە سەر ئەساسی ستەم و بونیادنانەوەی ستەم دانەنراوە، بەڵکوو لە سەر بناغەی حەزف و ڕەشکردنەوەیشە. ئەگەر لە نەبوونی ئازادیی حیزبایەتی چاوپۆشی بکەین، چینە هەژارەکان، ژنان، نەتەوەکان و ئایینەکان، هیچکامیان نەیانتوانیوە وەک خۆیان و بە پێناسەی خۆیانەوە بچنە ئەم مەجلیسە و بۆ سەرەتاییترین و بنەمایی ترین مافەکانی خۆیان تەقەلایەک بکەن. ئەم مەجلیسە مەجلیسی پیاوی دەوڵەمەندی موسوڵمانە، ئەگەریش موسولمان نییە تابعی دەسەلاتی ئیسلامییە. هەموو چین و نەتەوە و مەزهەبەکان و تەنانەت ژنانیش لەم مەجلیسەدا حەزف کراون و هیچ دەنگێکیان نەدراوەتێ.

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو ماوەیەدا هەڵوێستی جۆراوجۆریان گرتووە، یانیش بێدەنگیی ماناداریان ڕاگرتووە.
کۆمەڵە "سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیست"، وەک جارەکانی پێشوو هەڵبژاردنی بە شانۆ ناساندووە و داوای بایکۆتی کردووە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان ئێران دیسان هەڵبژاردنی بایکۆت کردووە و جیاوازیی نوێنەرانی لە چەندایەتی "چاکر منشی" ئەواندا بەدی کردووە. سکرتێری "کۆمەڵەی شۆڕشگێر" لە ماوەی پێشوودا لە گەڵ سکرتێری حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، لە کەناڵی ڕووداو ئامادە بوون و لە سەر هەڵبژاردن قسەیان کرد. خالید عەزیزی بە ئاشکرا لە سەفی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن هاتە دەرێ و بە بەهانەی ئەوەی کە "جاری دیکەش تەحریممان کردووە و خەڵک جوابی نەداوینەوە، ئێمە پێمان خۆشە وەک مەجلیسی 6 فراکسیونێکی کوردستانی ساز بێت" خەڵکی کردە قازی و خۆی بوارد لە بانگەشە بۆ دەنگدان یان بایکۆتکردن. موهتەدی، بە گرتنە بەری سیاسەتێکی "دوو پەهلوو" و ناڕوون ـ "شەرت نییە بایکۆتی کەین، مەرجیش نییە دەنگ بدەین" تێکەڵێکی لە "هەڵبژاردنی ئازاد"، دیفاع لە خواستی لابردنی "نەزارەتی ئیستسوابی" و "کەڵکوەرگرتن لە فەزای کراوەی سەردەمی هەڵبژاردن" ساز کرد و سەرئەنجام ڕوونی نەکردەوە کە لە سەفی دەنگدەراندایە یان ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن! پاش هاتنەوەی جوابی "شورای نیگهبان"، "کۆمەڵەی شۆڕشگێر" بە ڕاگەیاندنی "ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حیزبەکەیان لە سەر هەڵبژاردن" چەند خاڵیان خستۆتە بەر دەستی جەماوەر.

لە خاڵی یەکەمدا هاتووە "ئێمە ئەو ھەڵبژاردنانە ھەموویان بە نادێمۆکراتیک و بەتەواوی ناتەبا لەگەل ھەموو یاسا و رێسا ناسراوە جیھانییەکان سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئازاد دەزانین." سەر جەم خاڵەکانی تریش ئیدامەی هەمان دیفاعی چەند ساڵە لە "هەڵبژاردنی ئازاد" و "لادانی نەزارەتی ئیستسوابیە". پژاک و کۆداریش لەم نێوەدا بێدەنگیان ڕاگرتووە و تا ئێستا هیچ هەڵوێستیکیان نەگرتووە. ئەمە کۆکراوە و ناوەرۆکی هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانە لە سەر هەڵبژاردن. لێرەدا هەڵوێستی "حدک" و "کۆمەڵەی شۆڕشگێر" و "پژاک" جێگای سەرنجە.

چەند پرسیار دێتە گۆڕێ
گولۆ چونکا خەڵک جاری دیکە جوابی لایەنە سیاسییەکانی سەفی بایکۆتیان نەداوەتەوە و بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، ئێستە کاتی ئەوەیە کە لایەنەکانیش بڵێن "ئێمەش خەڵک دەکەینە سەر پشک، چۆنی پێ باش بوو وا بکات"؟ ئەدی حوقوقی دێمۆکڕاتیکی خەڵک و هەمان مافە نەتەوەییانەی وا "حدک" خۆی بە نوێنەری دەزانێ لە کوێدا جێگە دەگرێ و چ هەنگاوێکی بۆ هەڵدەگیرێ؟

ئەگەریش ئەم بایکۆتنەکردنە بەشێکە لە سیاسەتی نزیکبوونەوە و هاوئاهەنگی لە گەڵ ئیسلاحخوازان و "بەرە ڕەدی سەلاحیەت کراوەکەی کورد"، کام ئیمتیاز لە لایەن ئەوانەوە دراوە بە "حدک" کە دەبێ خەڵک بە گوێی بکا و دەنگ بدات؟

لایەنی ئیسلاحخواز 99 لە سەدی کاندیداکانی ڕەد کراونەتەوە و لە نزیک 3000 کەس کە دەیانویست ببنە بەربژێر، تەنیا 30 کەس لە لایەن "شورای نگهبان" پاڵێوراون، کەواتە ئەوان هیچیان نییە دابەشی بکەن تا بڵێی ئیمتیاز دەدەنە "حدک". گەلۆ بە بێ وەرگرتنی ئیمتیاز و دەسکەوت، کەوتنە شوێن هەڵبژاردن و ناڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا ناچێتە خانەی "سازشی یەک تەرەفە"؟ ئەدی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ" چۆن لە مانگێکدا دەتوانێ دوو هەڵوێست بگرێ؟ جیا لەوەیە کە پێش هاتنەوەی جوابی "شورای نگهبان" ئەم حیزبە کیسەی هەڵدروبوو بۆ دەرچوونی هەندێک کەس و لایەن و پاش ڕەد بوونەوەشیان بە تەواوی نایەتە سەفی تەحریم و نەزارەتی ئیستسوابی دەداتە بەر ڕەخنە؟ "ئینتخاباتی ئازاد" چییە و چۆن بەڕێوە دەچێ؟ "لابردنی نەزارەتی ئیستسوابی مەرجی ئازاد بوونی ئینتخاباتە" دەقیقەن دەبێتە چی؟ ئەدی "حکم حکومتی" کە لە لایەن "رێبەری کۆماری ئیسلامی" دەردەچێ لە کام بەشی ئینتخاباتی ئازاددا لادەدرێ؟ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەڵامی ئەم پرسیارانەی پێیە؟

"مجلس شورای اسلامی" تەنیا هەڵبژاردن نییە کە ئەگەر بێت و "شورای نگهبان" پێش بە دەنگدەران و کاندیداکان نەگرێ ئەوە ببێتە "خانەی میلەت"، لە پاش هەڵبژاردنیش دەیان بەنداو بە بەرزیی باڵای 36 ساڵەی دیکاتۆری هەڵبەستراون، کە ناهێڵن هیچ گۆڕانێک، تەنانەت بچووکیش، ڕوو بدا.

هێنانە خواری ئاستی مافی دێموکڕاتیکی خەلک بە "لادانی نەزارەتی ئیستسوابی" و ئازادبوونی هەڵبژاردن و خۆلادان لە دژایەتیی ناوەرۆکی سیستمی دەسەلات، تەنیا خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن و ئاشکراکردنی ناوەرۆکی سیاسیی لایەنەکانە.

لە ئەدەبیاتی سیاسیی هیچ وڵاتێکدا "خەڵک" وەک یەکەیەکی گشتی نادرێتە بەر ڕەخنە کە بۆ فڵان کاری کرد و فیسارەی نەکرد، بەڵام لایەنی سیاسی دەدرێتە بەر باس، چون سازمان دراوە، خەتی سیاسیی هەیە و نوێنەری بەشێک لە بزووتنەوەیە. ئێستاش کە دوایین سنوورەکانی نێوان لایەنەکان لە سەر هەڵبژاردن کێشراوە، چاوەڕوان دەکرێ بە شەفافیەتەوە ئەم حیزبانە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە کە بە چ هۆیەک خۆیان خستۆتە بەرەی دەنگدان یان بێدەنگی.

***
من دەنگ دەدەم!

دەنگ دەدەم بە مافی بێ ئەملا و ئەولای چینی کرێکار بۆ سازدانی "سەندیکا"، بۆ وەگەڕ خستنی ناڕەزایەتی، بۆ هەنگاونان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئەمنیەتی سفرەکەی.

من دەنگ دەدەم بە لابردنی ستەمی سیستماتیک لە ژنان و هەلاواردنیان لە بازارەکانی کار، لە خۆێندنگە، لە دادگە و مەیدانی سیاسەت و ... هتد. من دەنگ دەدەم بە لادانی تەنگوچەڵەمە لەسەر ڕێگەی گەیشتنی ژنان بە یەکسانی و دادپەروەری.

من دەنگ دەدەم بە بەدیهاتنی مافی نەتەوەکان، لادانی سێبەری ئەمنیەتی لە سەریان، ڕاگرتنی هێرشی فەرهەنگی و حەول بۆ تواندنەوە و ئاسێمیلەکردنیان، بە گەشەی ئابووریی ناوچەکانیان.

من دەنگ دەدەم بە مافی نەفەسکێشان بۆ هەموو ئایینەکان و ئیماندارانیان، دەنگ دەدەم بە ژیانێکی ئینسانی بۆیان و ڕزگاربوونیان لە ترس و دڵەڕاوکێ لە دەربڕینی دینەکانیان.
بەڵام هیچ کام لەوانە لە گەڵ ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی تەبا نین، کەواتە دەبێ سەرەتا دەنگ بدرێ بە ڕووخانی ئەم سیستەمە، ئینجا بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و بەرابەر.


پەیوەندی‌دار:

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

ئایەتوڵڵا دەستغەیب: مەهێڵن دەست لە سندوقەکانی دەنگدان وەربدەن

هه‌ڵبژاردن، خواستی گشتیی خه‌ڵک یان گه‌مه‌ی سیاسیی چه‌ند تاقم و ده‌سته‌یه‌ک

هەڵبژاردن لە روانینێکی کۆمەڵناسیانەوە (١-٢)

تەگ:


بابەتی دیکەی نووسەر

مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷