کۆمەڵەی ژێکاف، لە دامەزرانەوە تا تێکچوون [٢ـ٢]
Friday, February 12, 2016
... لە ژانوویەی ساڵی دواتریشدا، واتە سێ مانگ دواتر ـ کە دەکاتە دووی ڕێبەندان ـ کۆمار دروست دەبێ. بەڵام ئەگەر ئەتۆ سەیر بکەی حیزبی دێموکرات یان لە ڕووی نەزانییەوە یانیش بە ئانقەست، ڕۆژی دامەزرانی خۆی دەکاتە بیستوپێنجی گەلاوێژ ـ کە بە ڕۆژئەژمێری زایینی دەکاتە ١٦ی ئاگوستی ١٩٤٥ ـ دەنا ٢٥ی گەلاوێژ، بە پشتبەستن بە نووسراوەکانی گۆڤاری نیشتیمان، ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافە، هەمان کۆبوونەوەی کە پێشتر باسمان کرد. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە لە ژمارە ٢٤ی رۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار، هەژار شێعرێک دەڵێ بەسەر زەبیحیدا کە لە زیندان ئازاد بووە، ئەم شێعرەی هەژار لەم تاریخەدا بۆمان مەعلووم دەکا ـ هەروەها ئەوەش کە لە ژمارەی پێشووتر مزگێنیی ئازادبوونی زەبیحی و هاوڕێیانی دراوە. ئەم ژمارە لە زستانی ١٩٤٥دا چاپ بووە، لە مانگی بەفرانباردا. چوونکا دوو ـ سێ حەفتە پێش دووی ڕێبەندان کە کۆماری تێدا راگەیەنراوە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە چاپ دراوە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ڕووسەکان پەیامی ڕوون و کۆنکرێت دەدەن بە وەفدەکەی مەهاباد کە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد چووبووە باکۆ کە ئێمە لە گەڵ ژێکاف هیچ ناکەین. ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە کە بەبێ پشتیوانیی دەوڵەتێک هیچیان ناکرێت، دەڵێن مادام سۆڤیەتمان لەگەڵە با شتێک بکەین کە ئەوانیش ڕازی بکەین. هەڵبەت بناغەی هاوکاری لەگەڵ سۆڤیەت ژێکاف دایناوە، ئەوە زەبیحییە کە بە نامەی بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ کۆنسولی سۆڤیەت لە تەورێز لە پەیوەندیدا بووە، هەتا لەوێدا باسی ئەوەی بۆ کردوون کە حیزبەکەی چەند بەهێز و گەورە بووەتەوە ـ ئەو نامانە هەموو لە کتێبەکەی مندا چاپ کراون و تەرجەمەش کراونەوە. بەڵام کاتێک زەبیحی دەگیرێ، قازی مەجالی بۆ دەڕەخسێ هەم بێتە ناو ژێکاف و یەکسەریش ـ بەهۆی ئەم دەستەڵات و هێژمۆنییەوە کە هەیەتی لە شارەکە، دەوری سەرکردە دەبینێ. بە تایبەت کە سێ سەرکردەی سەرەکیی ژێکاف لە بەندیخانەن، وە لەنێو ئەو سێ کەسەشدا، ئەوەی کە هەڵشووڕێنەری سەرەکیی ژێکافە (ئەوە قسەی من نییە، دوکتۆر شیرازی و زۆر کەسی دیکەش شایەدی ئەوە دەدەن کە زەبیحی کەسی سەرەکیی کۆمەڵە بووە و تەقریبەن هەموو کارەکانی کۆمەڵە ئەو کردوویەتی) وەختێک ئەوانە لە بەیندا نین پێشەوا قازی دەبێتە هەموو کارەی کۆمەڵە. بۆیەش هەندێ لە کەسوکاری زەبیحی شک و گومانی ئەوە دەکەن کە دەستێک، تەوتەئەیەکی کوردی لە پشت گرتنی زەبیحی هەبووە، دەنا خۆ ئەو دەم هاتوچۆی ورمێ و شێخان و ئەوانە هاسان بووە. خۆ ئەرتەشی شا دەستەڵاتێکی وای نەبووە کە بتوانێ خەڵکی بگرێ.
ـ کۆتایی بەشی یەکەم
سازدانی: کەریم مەرەسەنە
حەز دەکەی جارێ لەو مەسەلەی "تەوتەئە" و شتە دەگەڕێین. با باسی ئەوە بکەین کە بەشێك لە ئەندامانی ژێکاف نەچوونە ناو حیزبی تازە دامەزراو، بەڵام زەبیحی کە لە زیندان دێتەوە ڕێوڕاست دەچیتە ناو کۆمار و دەست دەکا بە کار. ئەمن وا لە قسەکانی تۆ دەگەم کە دەبێ زەبیحی بە هەڵوەشانەوەی کۆمەڵە و دامەزرانی حیزبی دێموکرات ڕازی نەبووبێ، هەڵبەت تۆ ئەوەت لە کتێبەکەشتدا باس کردووە. بەڵام داخوا چۆنە کە ناوبراو هەر لە زیندان دێتە دەرێ یەکسەر لە ناو کۆماردا دەست بە کارکردن دەکا و وەک دەبینین لە زۆر وێنەشدا لە تەنیشت پێشەوا ڕاوەستاوە و وەک بڵێی هەمیشە لێی نزیک بووە؟
عەلی کەریمی: زەبیحی نەهاتۆتە ناو کۆمار، بەڵکوو ئەو بۆ کۆمار و کۆماریش بۆ وی بوونە ئەمری واقیع. هەقیقەت ئەوەیە کە کاتێک زەبیحی [لە زیندان] دێتە دەرێ، وەک کوودەتایەکی لێکرابێ، کۆمەڵە لەسەر ویستی باقرۆف و بە ئیمزای کۆمەڵێک پیاوماقووڵی شاری مەهاباد ـ کە رەنگە فڕیشیان بەسەر ژێکافەوە نەبووبێ بەڵام قازی بۆ مەشرووعیەتدان بە کارەکەی ئیمزای لێ وەرگرتوون ـ بووە بە حیزبی دێموکرات. زۆر کەس، لەوانە دایکی من، لەبیری مابوو کە تۆمارێکیان بە گەڕەکاندا گێڕاوە و گوتوویانە ئێمە ئەوە حیزبی دێموکراتمان داناوە و فەرموون ئیمزای بکەن. ئەوەندەی بۆ منیان گێڕاوەتەوە، ئەوانەی ئیمزاکانیان کۆ کردۆتەوە گوتوویانە ئەوە هەر ژێکافەکەیە بەڵام، بۆ ئەوەی ڕووسەکان لێمان ڕازی بن، ناوەکەی وا لێدەکەین. خەڵکیش زۆری بەلاوە گرینگ نەبووە، وایان بیر کردۆتەوە. کە خوابکا ڕووس پشتیوانمان بێ، با ژێکاف نەبێ و دێموکرات بێ. تەنانەت لە سەرەتاوە ناوی حیزبی کۆمەڵەیان لێناوە. یەکەمجار ناوی حیزبی کۆمەڵە لەوە ڕا هات کە پێشەوا لە باکۆ گەڕاوە ـ ئەوکاتی کە زەبیحی لە زیندان بووە. ئەو کارەشی بۆیە کردووە کە بە خەڵکی بڵێ هەر کۆمەڵەکەی جارانە بەڵام حیزبەکەیان پێوە نووساندووە. دواتر وردە وردە کە بەو ئیمزایانە مەشرووعیەتیان پێدا، حیزبی دێموکراتەکەیان ئاشكرا کرد. کە ئەمە کرا، زۆر بەپەلە بە لاساکردنەوەی فیرقەی دێموکرات و بۆ ئەوەی لەوان دوا نەکەون، لە دووی ڕێبەنداندا ـ ژانوویەی ١٩٤٦ ـ بە دەعوەتێکی گەورە لە عەشایەری سۆما برادۆست، دێبوکری و بارزان، سێرمۆنییەکیان دروست کرد و جومهوری ئێعلان کرا. لەو سێرمۆنییەدا پێشەوا چووە سەر بەرزاییەک و لەوێوە سوێندی خوارد و خۆی کرد بە سەرکۆمار. خۆ لەنێو خودی ئەو میتینگەشدا، قسە و ناڕەزایەتیی خەڵک ـ وەک سەید عەبدوڵا ئەفەندی و ئەوانە ـ هەبووە. لەنێو خودی ڕۆژنامەی کوردستانیشدا ئەگەر ئەتۆ بە وردی بگەڕێی، نوتقی ئاغای محەمەد ئەمینی موعینی بۆ وەڵامدانەوە بنەماڵەی سەید عەبدوڵا ئەفەندی بە ئاشکرا دیارە. ئاخر ئەو بنەماڵە خۆیان بۆ ئەوە دانابوو کە ئەوان گەورەی کوردان بن، بەڵام بەهەر حاڵ هەموو بێدەنگەیان لێکرد. ئەوەش لە پێناو ئەوەی کە بەڵێ ئێمە شتێکی گەورە دەکەین و ... هەموو لایەک بێدەنگەیان لێکرد. هەڵبەت بەشێکی زۆر لە ژێکاف چووە ژێر سەیتەرەی کۆمارەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی تازە شتەکە لە دەست ئەوان دەرچووبوو. وەک چۆن مەلا قادری مودەڕیسی بە ڕوونی لە وتووێژەکەیدا دەڵێ کە ئیتر شتەکە لەدەست ئێمە دەرچووبوو، خۆ نەماندەتوانین دوژمنایەتیی جومهوری کوردیش بکەین. بەڵام ئەوەش دەڵی ئەوەی کە ئێمە دەمانەویست کوڕە خوێندەوارەکان و ئەوانەی هەژار و دڵسۆزن جڵەوی سەرکردایەتی بە دەستەوە بگرن، ئەوە دیسان لە دەستمان دەرچوو. ئەتۆ ئەگەر دیقەت لە نامەکەی مەلا قادری مودەڕیسی بگری ئەو شتانەت هەموو بۆ دەردەکەوێ. لەلایەکی دیکەوە شتێکی دیکەش لە گۆڕێدا بوو، ئەویش ئەوە بوو کە تۆ کاتێک دەبووی بە ژێکاف، سوێدن دەدرای کە نەبی بە ئەندامی هیچ حیزبێکی دیکە، خیانەت بە کۆمەڵە نەکەی ـ ئەو سوێندانە لە نیشتیماندا هەیە و ئەگەر ویستتان دەتوانن لە کاتی پیادەکردنی ئەم وتووێژەدا نموونەیان لێ بێنیەوە. جا بەهۆی ئەو سوێندەوە و بۆ ئەوەی خیانەتیان لە ژێکاف نەکردبێ، نەچوونە ناو حیزبی دێموکرات، بەڵام دوای ئەمە خزم و کەسی قازی لە کۆمار و لە حیزبەکە کۆبوونەوە ـ هەر لە حەمە حوسێن خانەوە بگرە تا سەدری قازی و هەموو تایفەی قازی دەوری پێشەوایان دا و دوای ئەوانەش ئیدی شێخ و مشایەخ و مەلا و ئاغا لە نزیک بە هەموو شوێنەکانەوە پۆل پۆل هاتنە نێو کۆمار و بوون بە دەستەو دایرەی کۆمار و پێشەوا قازی. لەوش بەولاوە خەڵک هەموو کە دەبینن جومهوری ڕاگەیەنراوە و لە سەر بیناکان ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە شاد و دڵخۆشن و جەوێکی خۆش هەیە لە شارەکە. جا لەو کەشوهەوایەدا زەبیحی دێتەوە. هەڵبەت چۆن دێتەوە ئەویش بۆخۆی داستانێکە، کێ ئازادی کرد و بۆ ئازاد بوو و ئەمانەش بۆخۆیان داستانێکن.
لێرەدا شتێک هەیە دەمەوێ باسی بکەم. شێعرێکی مام هەژار هەیە کە لە ڕۆژنامەی کوردستان[ژمارە ١٩، ساڵی یەکەم، دووشەمۆ ٦ی ڕەشەمەی ١٣٢٤]دا دەڵێ قەل لێی خوێندوون [کوتایو نەکرد بو سەربەرزی گەل/ بەلان رووی رەش بی لیی قراندن قەل ـ قرەی قەل ایوەی خستە زیندانی/ ئەوەش انتقام دەردی دەزانی]. ئێمە دەبێ لەوەی بکۆڵینەوە، قڕەی قەل یانی چی، قڕەی قەل یانی جاسووسی، قرەی قەل یانی ناوخۆ، خۆ کورد بە دوژمن ناڵێ قەل، ناڵێ جاسووس، ناڵێ ناوخۆ. دوژمنێک کە تۆ بگرێ خۆ ناڵێی جاش و جاسووس گرتمی، بەڵام ئەگەر من بێم وەک برایەک تۆ تەحویل بدەم یان ڕاپۆرت لە تۆ بدەم، ئەوە دەبێتە قڕەی قەل، ئەوە لە ئەدەبیاتی کوردیدا ڕوون و دیارە. هەژار لەو شێعرەیدا بە ئاشکرایی و بە ڕوونی دەڵێ قڕەی قەل. ئەمانە و زۆر شتی دیکە بۆمان دەردەخا کە گرتنی زەبیحی لە ١٩٤٥ موئامەرەیەکی تێدایە...
ـ ئێمە ناتوانین بە دڵنیاییەوە ئەوە پشتڕاست کەینەوە، بەڵام دەکرێ بڵێین کە گومان دەکرێ وا بووبێ...
عەلی کەریمی: گومانەکە زۆر زۆر بە قوەتە، ئەودەمی وشەی "دەوڵەتخواه" هەبووە، گێڕانەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هەندێ کەس گوتوویانە 'هەتا ئەو هەتیوەی سۆفی مینە بمێنێ، ئەم دەوڵەتی شاهەنشاهییە ئاسوودەیی بەۆخیەوە نابینێ، ئەوی لە شارەکە دوور خەنەوە ئیدی سابڵاغ ئارام دەبێ و ئی خۆتانە"، ئاوایان بە ژێنەڕاڵەکان گوتووە، ئاوایان بە ڕابیتەکانی حکوومەتی شا گوتووە.
ـ ئەو شتانە بەچیدا مەعلوومە، ئێمە چۆن بزانین کە ئەم گومانانە دەکرێ ڕاست بن؟ خۆ دێڕێک شێعر بەشی ئەوە ناکا کە بڵیین لە سەدا سەد وایە.
عەلی کەریمی: ئەمە لەو وتووێژانەشدا دەرکەوتووە کە من کاتی خۆی لەگەڵ ئەو کەسانەی مابوون کردوومە، بۆ نموونە من وتووێژم لەگەڵ دایکم کردووە، لەگەڵ نەجمەدینی تەوحیدی و مەلا قادری مودەڕیسی و هاشمی شیرازی و ئەوانەی کە لەوێ بوون. بۆ نموونە هاشمی شیرازی ئەکتەرێکی "دایکی نیشتیمان" بووە، ئەو شتانەم لەو وتووێژانەدا بۆ دەرکەوتووە، خۆ لەخۆوە شتێک ناڵێم...
ـ هەڵبەت بە وەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی دواتر هاتنە ناو کۆمار و پۆست و مەقامی سەربازی و ئەوانەیان وەرگرت و پەیوەندیشیان لەگەڵ مەرکەز هەر نەپساندبوو و دواتریش یەکسەر چوونەوە ناو دەوڵەت، ئەو شتەی جەنابت دەیڵێی رێی تێدەچێ.
عەلی کەریمی: ئاخر دەنا ئەو شتە [گیرانی زەبیحی] نەدەبوو، ئەو زەمانی سۆڤیەت لە ڕەزایەی دەستەڵاتی یەکەم بوو. لە ئاخرەکەشدا ئەوەی کە ئەمن بیستوومە، خودی سۆڤیەتییەکان لە تاران فشار بۆ مەرکەز دێنن، فشار بۆ قەوام دێنن کە دەبێ زەبیحی ئازاد بکرێت. یەکێک لە بەڵگە ڕەسمییەکان ئەوەیە کە کاتێک زەبیحی ئازاد دەبێ، یەکسەر دەیبەنە قۆنسولخانەی سۆڤیەت لە تەورێزێ. کاک قسمی قازی قادری کە لە زینداندا زۆر خراپ نەخۆش بووە، یەکسەر لە تارانەوە ڕایدەگوازن بۆ نەخۆشخانەی ڕووسەکان لە تەورێز بۆ ئەوەی کە موعالەجەی بکەن.
جا کە زەبیحی هاتە دەرێ و گەیشتەوە سابڵاغ، دەبینێ هەیهوو. ئەو کەش و هەوای نیشتیمانی ژمارە حەوت و هەشت و نۆی بەجێ هێشتووە، مەهابادی ئەو سەردەمی بەجێ هێشتووە، کەچی کە دێتەوە دەبینێ دایرە هەیە و مەحکەمە هەیە و مقەڕی سەرکۆمار هەیە و ژێنڕاڵ بارزانی هەیە و حەمە حوسێن خان هەیە و حەمە ڕەشید خانی بانە هەیە و عومەرخان هەیە و جومهورییەک هەیە و ئیدارەیەک هەیە و ... تۆ بی لە جیاتی زەبیحی چی دەکەی؟ بە تاقی تەنیا، هەشت نۆ مانگە لە زیندانی و ئاگات لە هیچ نییە، هاتوویەوە بەسەر ئەو وەزعەدا کەوتووی.
ئەمن ئێستا زۆر دژی ماڵی بارزانیم، هەموو کەس ئەوەی دەزانێ، لە نووسین و قسە کردن و هەموو شتێکمدا ئەوە دیارە، بەڵام سبەینێ ماڵی بارزانی جومهوریەتی کوردی دروست کەن کوا من دەتوانم دژایەتیی جومهوریەتەکە بکەم؟ ناتوانم، چوونکا ئەمە شتێکی گەورەیە. بۆیەش دەبینی زەبیحی دژایەتیی کۆماری نەکردووە، بەڵام لەناو دڵی خۆیدا چەندی پێ هەڵە بووە و چەندی حەسرەت پێ خواردووە، ئەمە مەوزووعێکی دیکەیە.
ـ کاک ئەمیری حەسەنپوور نیشانەیەک لەو ناڕەزایەتییەی لە قامووسەکەی مامۆستا زەبیحیدا دۆزیوەتەوە. بە گوێرەی پرۆفسۆر حەسەنپوور زەبیحی ڕەخنەی خۆی لە پێشەوا، لە شیکردنەوەی وشەی "بەیعەت"ەوە پێچاوە، دە لابەلای وشەکانی هاویشتووە. بەڵام بەو حاڵەش، هەر وەک لەو وتووێژانەدا دەردەکەوێ کە تۆ کردووتن، زەبیحی کە لە زیندان دێتەوە جێگایەکی هەیە، رۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ و هەتا لە ئەدەبیاتی زارەکیشدا بە "وەزیری خاریجە" باسی دەکرێ...
عەلی کەریمی: ئەوە هەقیقەتێکە، ئەوە یەک شتمان بۆ دەردەخا، ئەویش ئەوەیە کاتێک زەبیحی دێتەوە، ئەگەر قازی پێی خۆش بووبێ یان پێی ناخۆش بووبێ، شەخسیەت و کاراکتەر و کاریزمای زەبیحی شتێک نەبووە کە حاشای لێبکرێ. هەرچەند کاتێک زەبیحی دێتەوە لەمێژە کابینە دانراوە و وەزارەتەکان هەموو دابەش کراون، بەڵام تۆ دەبینی ناتوانن زەبیحی فەرامۆش بکەن، ناتوانن حیسابی بۆ نەکەن. نە تەنیا ئەوە، بە قسەی خودی د. عیزەدین مستەفا رەسووڵ کە ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ زەبیحی لە سووریا لە ماڵێکدا ژیاوە، دەڵێ نەتەنیا حیسابی وەزیریان زیاتر بۆ کردووە، بەڵکوو زۆر زۆر لە زۆربەی وەزیرەکان بۆ کار و بۆ قسە و شتی ڕۆژانە لەپێشتر بووە. مەسەلەن مەلایەک کە هەجووی سەرکردەکانی کردووە، لە جێگایەک دەڵێ "زەبیحی زار زل وەزیری خاریج"، لە وێنەکانیشدا دەردەکەوێ زەبیحی لە تەنیشت قازی ڕاوەستاوە، لە نێو وێنەکانی کابینەی وەزیراندا دەبینی کە زەبیحی لە هەموویاندا هەیە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەر جومهوریەت دوو ڕێبەندان دانراوە و زەبیحی سێ مانگ دوای ئەوە ـ بە شاهیدی ڕۆژنامەی کوردستان ـ ئازاد بووە، هیچ پۆستێکی وەزارەت و ئەوانەی بەر نەکەوتووە، بەڵام کە هاتۆتەوە ئەمری واقیع بووە. هەم بۆ کۆمار ئەمری واقیع بووە کە زەبیحی کەسێکە لەبیر ناچێ و نابێ لەبیر بکرێ، هەمیش بۆ زەبیحی ئەمری واقیع بووە ـ چوونکا پەیوەندییەکانی سۆڤیەت بەشی زۆری بە دەستی زەبیحی بووە، لەناو توێژی ڕۆشنبیر و خوێندەواریشدا پێگەی هەبووە. پەیوەندییەکانیش لەگەڵ سەرکردەکانی کوردی باشوور، ئەوانەی پێشتر لە حیزبی هیوادا بوون، پەیوەندییەکانیان هەر لەگەڵ زەبیحی بووە. زەبیحی بۆ قازی و بۆ کۆمار ئەمری واقیع بووە و کۆمار و قازیش بۆ زەبیحی. چوونکا کاتێک هاتۆتەوە و بەسەر ئەو وەزعە نوێیەدا کەوتووە، ناچار بووە دان بە جەرگی خۆیدا بنێ و بڵێ دەی ئەمن کار دەکەم، با لە دڵی خۆشمدا ئیمانم پێ نەبن، بەڵام وا دەکەین ببێتێ، وا دەکەین عەمری درێژ بێتەوە... ئیدی دەستی کردووە بە کار و چالاکی، چووتە جەبهەکان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەملا و ئەولا ڕێک خستووە و چالاک بووە. بە شایەدیی خودی خوشکەکانی و دایکیشی، زەبیحی شەو ڕۆژ لەماڵ نەبووە، هەر لە بینای جومهوریەت بووە کاری کردووە. هەتا لە ئاخریدا کە کۆمار هەڵدەوەشێ ئەویش دەڕوا.
ـ هەرچەند دۆسیەکەی ئێمە سەبارەت بە ژێکافە بەڵام لێرەدا بە ناچاری دەبوو ئەو شتانە باس بکرێن کە بە جۆرێک پەیوەندییان بە ژێکافەوە هەر هەیە و دوای کۆماریش هێندێک بابەت هەیە کە دیسان پەیوەندییان بە ژێکافەوە هەیە. بۆ نموونە ساڵێک دوای ڕووخانی کۆمار، گۆڤارێک دەردەچێ بە ناوی ڕێگا کە لەسەری نووسراوە "ئۆرگانی کۆمەڵەی ژیانی کورد"، بەڵام دێڕێک خوارتر نووسراوە "علت تشکیل حزب (ژیان کورد)". ئەم گۆڤارە لە چل ساڵ خەباتی د. قاسملووشدا ناوی هاتووە، بەڵام ئەو ئەوە وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی حیزبی دێموکرات ناوی لێ دێنێ ـ دیارە باسی ئەوەش دەکا کە ئەو لاوانەی گۆڤارەکەیان دەرکردووە، کەسی سەرکردایەتیی پێشووی حیزبیان تێدا نەبووە و لە حیزبی توودە نزیک بوون و ... پرسیارەکە ئەوەیە کە داخوا ئەم گۆڤارە نیشانەیەکە لەوەی کە کۆمەڵەی ژێکاف هەڵوەشانەوەی خۆی نەسەلماندووە یان وەک د. قاسملوو دەڵێ بۆ ڕێکخستنەوەی حیزبی دێموکرات بووە؟
عەلی کەریمی: ئەو گۆڤارە "تیۆری"یەکەی من بە قوەت دەکا کە لە کتێبی ژیان و بەسەرهاتی زەبیحیدا هێناومەتە گۆڕێ [ناڕەزایەتیی زەبیحی لە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە]. لێرەدا یەک شتی دیکەش ساغ دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەو گۆڤارە ئەو پرسیارانەش وەڵام دەداتەوە کە سەبارەت بە ناوی ژێکاف هەبووە. ئەرێ ژیانی کوردە، ژیانەوەی کوردە یان چییە؟ ئەو گۆڤارە قسەکەی من و ئەو ناوەش ساغ دەکاتەوە. ئەوەی کە ئەمن بیستوومە لە دۆستە نزیکەکانی زەبیحی، ئەوەیە کە وەختێک کۆمار دەڕووخێ و زەبیحی دەگاتە باشووری کوردستان و ماڵی شێخ مەحموودی نەمر ـ چوونکا لەگەڵ کوڕەکەی شێخی نەمر، واتە لەگەڵ شێخ لەتیف زۆر نزیک دەبێ و دۆستایەتیی، ئەوەندە نزیک بوون کە زەبیحی هاموشۆی ناو ماڵ و منداڵیانی کردووە و وەک کوڕی ماڵێ چاویان لێکردووە ـ بە هاوکاریی کاک حەسەنی قزڵجی و محەمەدی شاپەسەند، کە بە درێژایی عومری ـ زیاتر لە سی ساڵ هەر لەگەڵ زەبیحی بووە و پێکەوە کاریان کردووە، دەست دەکەن بە کار بۆ چاپکردنی ژمارەی نوێی "نیشتیمان". شاپەسەند خۆشبەختانە هەم لە بیرەوەرییەکانی نووسی کە بنکەی ژین بۆی چاپکرد، هەمیش یەک دوو وتاری کە لە گۆڤاری هاوار و لە گزینگدا بڵاو بۆوە چاکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. زەبیحی کە دێتە سیتەک یەکسەر، دوای کۆمار، دەست بە چالاکی دەکاتەوە. حەسەنی قزڵجی و حەمەی شاپەسەند و خەڵکانێکی دیکەی وەک کاک سدیقی حەیدەری و ئەوانەش کە لە دەوری کۆ دەبنەوە، یەکسەر گۆڤاری نیشتیمانی ژمارە ١٠ دەردەکا. دوکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ دەڵێ ئەمن نیشتیمانی ژمارە دەم دیوە (ـ مام هێمنیش لە پێشەکیی تاریک و ڕووندا هەر وا دەڵێ). بەڵێ، دوکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ دەڵێ دەشزانم بابەتەکانی چی بوون. دەڵێ یەکێک لە بابەتەکانی ئەوە بوو کە لەسەر بابەتێکی ئەوکاتی، بە توندی ڕەخنەی لە پارتی دێموکراتی کوردستان و شەخسی هەمزە عەبدوڵا گرتووە و ئەوەش دەڵێ کە دواتر، ڕۆژنامەکەی پارتی هەر ئەو سەردەمی مەقالەیەکی تێدایە کە دەڵێ "نیشتیمان لە دەوری دوویدا زمانی ئاژاوە".
ـ ئەم ڕۆژنامەیەی پارتی لە دەستدا هەیە کە ئەو شتەی دەڵێ؟
عەلی کەریمی: بەڵێ بەڵێ، ئەویش هەیە ـ هەڵبەت ئێستا لە بەردەست نییە ـ بەڵام نیشتیمانی ژمارە دەم تا ئێستا دەست نەکەوتۆتەوە. دیارە یەک دوو لاپەرە بووە کە بە چاپێکی زۆر سەرەتایی چاپکراوە، دەزگایەک کە خودی زەبیحی بە هاوکاریی هێندێک کەسی دیکە لەلای ئاسنگەر دروستی کردووە. حەمەی شاپەسەند [لە بیرەوەرییەکانیدا] هەتا ناوی ئەو ئاسنگەرەش دێنێ کە لە سلێمانی یارمەتیی داون بۆ دروستکردنی پیتەکان. ئیتر ئەمان بەو دەزگای چاپە لە "سیتەک" نیشتیمانی ژمارە دە دەردەکەن. گومانی تێدا نییە ئەم هەوڵەی زەبیحی ئەوە نیشان دەدا کە هەڵوەشانەوەی ژێکافی بەدڵ نەبووە و تەنانەت ژیانی چل ساڵەی زەبیحی لە دوای ژێکاف و کۆماریش هەر ئەوەمان پێدەڵێ کە ناوبراو ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ ئەوە نەبووە ژێکاف هەڵوەشێتەوە و حیزبی دێموکرات دروست بێ؛ ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵ ئەوە نەبووە کە ببێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات.
ـ ئاخر مەسەلەی گۆڤاری "ڕێگا"ش هەیە، کە بە پێی هێندێک بەڵگە دەبێ لەگەڵ نیشتیمانی ژمارە دە تەقریبەن هاوکات دەرچووبن!
عەلی کەریمی: با ئەمن مەسەلەی گۆڤاری ڕێگات بۆ حەل کەم. کاتێک نیشتیمان چاپ دەبێ و ژمارەیەکی کەمی هەر لە باشووری کوردستان بڵاو دەکەنەوە، بەو ئەندازەیە کە بە دەستی هەمزە عەبدوڵاش بگا. جا ئەو گەنجانەی کە د. قاسملوو باسیان دەکا، کەس نییە بە غەیری کاک گەنی بلووریان. ناوبراو کە لە زەمانی کۆماردا دەینێرن بۆ باکۆیە بۆ خوێندن، یەکێک لەوانەیە کە دوای ڕووخانی کۆمار دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد ـ زۆریان نەگەڕانەوە، وەک ئەوانەی ماڵی ئەیوبیان و دوکتۆر ئاسۆ و ئەوانە، بەڵام یەک لەوانەی کە دوای ڕووخانی کۆمار و شەهیدبوونی پێشەوا و ئەوان دەگەڕێتەوە، مامە غەنی بلووریانە. ئەو کە دێتەوە یەکسەر دەچێ بۆ سیتەک، چوونکا دەزانێ سەرکردەی ژێکاف لە سیتەکە، دەچی لەوێ حەمەی شاپەسەند و زەبیحی و قزڵجی دەبینێتەوە. غەنی هاتووە بۆ خەبەر و باس چەند دانەیەک لە گۆڤاری نیشتیمانی ژمارە ١٠ی دەدەنێ کە بیباتەوە و لە ڕێگاوە بڵاوی بکاتەوە ـ من ئەوەم لە خودی زمانی محەمەدی شاپەسەند بیستووە، بۆخۆشی ئەوەی نووسیوە.
ـ بەڵام مامە غەنی لە نامەیەکدا بۆ تۆ دەڵێ ئەو شتەی داویانە بە من گۆڤاری نیشتیمان نەبووە ...
عەلی کەریمی: جا ئەلێرە دایە کە بە قسەکەی محەمەدی شاپەسەند، د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ و وەک تۆش باست کرد مام هێمنیش، ئەو گۆڤارە بێجگە لە نیشتیمانی ژمارە دە هیچ شتێکی دیکە نەبووە. تەنانەت ئەوەش ڕوونە کە ١٠٠ دانەیان پێداوە کە بیباتەوە و لە ناوچەی موکریان بڵاوی بکاتەوە. بەڵام مامە غەنی ـ چوونکا مەیل و بیر و باوەڕی بەرەو حیزبی توودە بووە، وە رەنگە هەر حیزبی توودەش ناردبێتیە لای زەبیحی و ئەوان یان بیروباوەڕی ئەو حیزبە ئەوی کێشابێتە باشووری کوردستان بۆ دۆزینەوەی زەبیحی و ئەوان بۆ ئەوەی بزانێ چی دەکەن ـ ئەو ١٠٠ ژمارەیەی نیشتیمان بڵاو ناکاتەوە، هەقیقەتەکە ئەوەیە کە ئەوانە دەبێ تەحویلی سەرانی حیزبی توودە درابن، یان هەر ئەو حیزبە کۆمۆنیستەی کە د. قاسملوو باسی دەکا کە ئەو کاتی خەریک بووە دامەزرێ. من وای بۆ دەچم کە ئەوانە هاتبن نیشتیمانەکەیان وەلانابێ و یەک لاپەرەیان کە نووسینی کاک حەسەنی قزڵجییە، هێنابێ و نووسینێکی خۆشیان لەگەڵ تێکەڵ کردبێ و بە ناوی "ڕێگا" بڵاویان کردبێتەوە. هەر ئەو ژمارەیەشی لێ دەرچووە کە وەک گوتم دوو لاپەڕەیە.
ـ یانی مەبەستت ئەوەیە کە ئەم ڕێگایەی کە لە پاشکۆی کتێبەکەی تۆشدا چاپ کراوەتەوە هەر گۆڤاری نیشتیمانە بەڵام دەستی لێدراوە.
عەلی کەریمی: بەڵێ، من وای بۆ دەچم کە مەقالەکەی کاک حەسەنی قزڵجی کە لەوێدایە تەواو بێت ـ چوونکا عیزدەین مستەفا ڕەسووڵیش دەڵێ کە حەسەنی قزڵجیش لە نیشتیمانی ژمارە ١٠ نووسینێکی هەبووە. ئەمن پێموایە ئەم ڕێگایە تێکهەڵکێشێک بێ لەو وتارەی کاک حەسەنی قزڵجی و نووسراوێکی توودەییەکان. کەوابوو د. قاسملوو باشی نووسیوە کە ئەو سەردەمە گەنجەکانی دوای کۆمار لە ژێر کاریگەریی حیزبی توودەدا بوون و ویستوویانە حیزبێکی کۆمۆنیستی دامەزرێنن کە باڵی حیزبی توودە بێ.
هەر ئەوەش کە نیشتیمانی ژمارە ١٠ کە دراوە بە مامە غەنی و دوایە لە هیچ شوێنێک سەر و سۆراغی نامێنێ، بۆخۆی ئەو شتە پشتڕاست دەکاتەوە. هیوادارم چۆن ڕۆژێک لاپەرە ١٠ی نیشتیمانی ژمارە ٧و ٨و ٩مان دەست کەوتەوە لەو ئاخریانەدا، خودی نیشتیمانی ژمارە ١٠شمان دەست کەوێتەوە. ئەودەم زۆر شتی تاریخیمان بۆ دەسەلمێنێ و لەکۆڵمان دەبێتەوە. چوونکا ئەگەر ئێوە لە بیرتان بێ ماوەیەکی زۆر لە هەموو کۆپییەکانی ژمارە حەوت و هەشت و نۆدا لاپەڕەی ١٠ ونە، بەڵام لەم چاپە تازەدا کە من ساڵی ٢٠٠٨ چاپم کردۆتەوە، ئەو لاپەرەیەشمان دۆزیوەتەوە و هاتووەتەوە جێی خۆی.
ـ ئەو لاپەڕەیە چیی تێدایە کە وا ون بووە و ئێوە ئێستا دۆزیوتانەتەوە و خستووتانەتەوە جێی خۆی؟
عەلی کەریمی: ئەو لاپەڕەیە زۆر موهیمە، ئەوە لێرەدا دەیبینی [لاپەڕە ١٦٣ی ئەو کتێبەمان نیشان دەدا کە ساڵی ٢٠٠٨، هەموو ژمارەکانی گۆڤاری نیشتیمانی تێدا چاپ کراوەتەوە] کە لاپەڕەی ١٠ چییە. ئەو لاپەڕەیە کە لە کۆپییەکانی پێشوودا نییە ـ چ لە لەندەن و چ ئەوانەش کە لەلای کاک ئەمیری حەسەنپوور هەن و چ ئەوانەش کە لە کۆنگرێسی ئەمریکا هەبوون، ئەو لاپەڕەیان تێدا نییە. تا ئەم ئاخریانە کە ئێمە دۆزیومانەتەوە. ناوەرۆکەکەشی هەواڵێکە سەبارەت بە دیدارێک کە هەمان "پەیمانی سێ سنوورە"، هەر ئەو پەیمانەی کە ئەو هەموو تیۆرییەی بۆ داتاشراوە کە لە چوار پارچەی کوردستانەوە خەڵکی تێدا بەشدار بووە و لە چیای داڵامپەڕ بووە و ئەنواعی داستانی دیکەیان بۆ نووسیوە. دەبینی کە ئەو شتانە ئەسڵ و ئەساسی نییە، چوونکا پەیمانی سێ سنوور پەیمانێک بووە کە بە نووسینی خودی "نیشتیمان" کۆبوونەوەیەک بووە لە نێوان "هیوا" و "ژێکاف". ئەوە ئاخیر کۆبوونەوەیان بووە، دوای ئەوە هیوا هەڵدەوەشێ. ناوی هەموو ئەندامە بەشدارەکانیشی تێدایە کە مام هەژار و زەبیحی و قاسمی قازی قادری بوونە. ئەمانە ئەو ئەندامانەن کە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵەی هیوا واتە سەید عەزیزی شەمزینی سەید عەبدوڵای زوینوێ کۆبوونەوە. ئەوان دەگەڕێنەوە و ئەو شتە لە نیشتیماندا چاپ دەبێ.
ـ یەک شت هەیە، ئەتۆ لە کتێبەکەتدا نووسیوتە کە زەبیحی لە گەڕانەوە لەم کۆبوونەوەیەدا دەگیرێ، بەڵام ئەگەر ڕاپۆرتی کۆبوونەوەکە لە نیشتیماندا هاتبێ و زەبیحیش ڕێکخەر و دەرکەری نیشتیمان بووبێ، ئەو شتە نابێ بەو جۆرە بێ. لەوانەیە زەبیحی لە سەفەرێکی دیکەدا گیرابێ، ڕەنگە قسەی ئەو کابرا سەرلەشکرەی ئێرانی ڕاست بێ کە زەبیحێ لە نۆڤامبری ١٩٤٥دا گیرابێ...
عەلی کەریمی: وێدەچێ بەو جۆرە بێ، هەڵبەت ئێمە ئەو کاتی کە ئەو کتێبەمان نووسی، ئەو لاپەڕەیەی گۆڤاری نیشتیمانمان لە دەستدا نەبوو تا بەو پێیە تاریخەکان لێک دەینەوە، هەرچەند دەمانزانی لاپەڕەیەکی کەمە بەڵام نەماندەزانی ناوەرۆکەکەی چییە. ئێستا کە بەڵگەی زیاترمان لە دەستدایە، مەعلوومە کە زەبیحی دوای سەفەری سێ سنوور و دەرچوونی دوا ژمارەی ئەوکاتی نیشتیمان گیراوە. ئەو فریا کەوتووە کە نیشتیمانی ٧ و ٨ و ٩ دەربکا [ کە تایبەتە بە خاکەلێوە، بانەمەڕ و جۆزەردانی ١٣٢٤ کە دەکاتە مارس، ئاوریل و مەی ١٩٤٥]. بە قسەی سەرلەشکر زەنگەنە دەبێ زەبیحی و هاوڕێیانی لە خەزەڵوەر، واتە نۆڤامبری ١٩٤٥ گیرابن. ئەمن ئەو شتانەم لە گزینگی ژمارە ١٤دا ڕوون کردۆتەوە کە ئێستا وردەکارییەکانم بە باشی لەبیر نەماوە بەڵام لەسەر گیرانی زەبیحی و ئەوان هیچ گومانێک نییە، دەنا مەعقوول نییە نیشتیمان دەرنەچێ. شاپەسەندیش دەڵێ کە زەبیحی و ئەوان گیران، ئەو چاپخانەی کڕیبوومان هێنابوومانەوە سابڵاغێ. شاپەسەند ئەوکاتی کە زەبیحی لە زیندانە، دەچێ گۆڤارێک دەردەکا بە ناوی ئاوات کە ئەویشمان دەست کەوتووە. بەڵام دوای نیشتیمانی ٧ و ٨ و ٩ هیچ ژمارەی دیکەی لەو سەردەمیدا لێ دەرنەچووە ـ ئەو بۆچوونەی تۆ ڕاستە، دەبێ زەبیحی لە گەڕانەوەی ئەو سەفەرەدا نەگیرابێ بەڵکوو دواتر گیرابێ. لە سەفەری داڵامپەڕدا هەژار تێدا بووە کە نەگیراوە، دڵشادی ڕەسووڵی لە سەفەرەکەدا نەبووە بەڵام گیراوە، لە سەفەری دووهەمدا کە داخوا بۆ سەفەرێکی دیکە چووەتە تەورێزێ ...
ـ بەپێی قسەی ئەو کابرایە بێ وێدەچێ پێشەوا بەر لە گیرانی زەبیحی ـ کە وەک گوتمان دەڵێ نۆڤامبری ١٩٤٥ـە ـ هاتبێتە ناو ژێکاف، چوونکا ئەو دەڵێ "هەیئەتێکی تەبلیغاتی لەلایەن قازی محەمەد و حیزبی کۆمەڵەی مەهاباد"ەوە بەڕێوە بوون. ئەوە ڕەنگە ئەو بیرۆکەی پێشووتر هەڵوەشێنێتەوە کە دەڵێ قازی محەمەد پێش گیرانی زەبیحێ نا، دوای گیرانی زەبیحێ هاتووەتە ناو ژێکاف!
عەلی کەریمی: خۆ ئەوە نابێتە بەڵگە کە ئەگەر زەبیحی نامەیەکی پێشەوای بردبێت بۆ ڕەزایەی ئەوا پێشەوا لە ژێکافدا بووە. ئەسڵەن ئەوە نابێتە بەڵگە، چوونکا خۆ قازی بۆخۆی لە مەهابادێ شت بووە، قازی حاکمی مەهاباد بووە. بۆیە زەبیحیش ئیحتیڕامی بۆ داناوە و خەڵکی دیکەش. ئەو شتە کاری بەوەی نەبووە کە قازی لەناو ژێکافدایە یان نا. قازی، ئەودەمی کە هێژمۆنیی ژێکاف لە مەهابادێ هەبووە و کاروباری ڕێکخستنی خۆیان کردووە، حاکمی شەرعیی شارەکە بووە.
ـ ڕەنگە ئەوە بەو مانایەش بێ کە پێشەوا زەبیحیی وەک کەسایەتییەکی سیاسیی بە دموپەل قبووڵ کردبێ کە ئەرکێکی وای پێ سپاردووە...
عەلی کەریمی: بێگومان، پێشەوا کەسایەتییەکی بە دەستەڵات بووە لە شارەکە، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ دونیای دەرەوە نەبووە، ئەوە زەبیحی بووە کە ئەو پەیوەندییانەی دروست کردووە و هەر بۆیەش دەبینی بەر لە دامەزرانی کۆمار و دروستبوونی حیزبی دێموکرات و ئەوانە، ئەوە زەبیحییە کە پەیوەندیی کورد و ڕووسەکان گرێ دەدا. دەبێ پێشەوا زانیبێتی کە زەبیحی هاموشۆی قۆنسولخانەی سۆڤیەت دەکا و نامە و نامەکارییان دەگەڵ دەکا، بۆیەش لە ڕێگای وییەوە پەیوەندیی دەگەڵ ڕووسەکان دروست کردووە. واتە پێشەوا ئەوەی لێ شاراوە نەبووە کە زەبیحی یەکێک لەو کەسانەیە کە لەگەڵ ڕووسەکان پەیوەندیی هەیە.
ـ یەک شتی دیکە بۆ من بووەتە پرسیار. لە کاتێکدا بۆخۆی لە دەرێیە و ئەو ژمارەی نیشتیمان چاپ دەبێ بەڵام لاپەرەیەکی ون بووە. دەڵێم داخوا ناکرێ ژمارەی دواتریشی دەرچووبێ و ون بووبێ. ئاخر لە دەرچوونی نیشتیمانی ٧ و ٨ و ٩ هەتا گیرانی زەبیحی چەند مانگ دەکەوێتە بەینێ.
عەلی کەریمی: ناکرێ، چوونکا ئەو مەجالە نەبووە کە ژمارە ١٠ دەرکەن، ئەو ژمارەیە پاش ساڵێک لە سیتەک دەرکراوە. ئێمە کە لە ئازادکرنی زەبیحییەوە هەشت مانگ بگەرێینەوە دواوە، تاریخەکانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. لێرەدا کێشە ئەوە نییە داخوا سەرلەشکر زەنگە لەسەر گرتنی زەبیحی ڕاست دەکا یان نا.
ـ مەبەستی من زیاتر ئەوەیە کە تاریخی دەقیقی نەمانی ژێکاف و دامەزرانی حیزبی دێموکراتم بۆ ڕوون بێتەوە. چوونکا گێرانەوەی حیزبی دێموکرات شتێک دەڵێ و ئەو لێکۆڵینەوانەی ئێوە شتێکی دیکە!
عەلی کەریمی: شک و گومان لەوەدا نییە کە دوای وەستانی نیشتیمان لە ژمارە نۆدا، لەوەشدا کە تاقە کەسێک کە توانای دەرکردنی نیشتیمانی هەبووە ـ بە شاهیدی هەموو ژمارەکانی نیشتیمان ـ زەبیحێ بووە. ئەو ڕاوەستانە نیشانەی ئەوەیە کە زەبیحی لە گۆڕیدا نەماوە، جا چ تاریخێکە ـ دە شەو ئەملا، پازدە ئەولا ئەوە زۆر گرینگ نییە. بەڵام ئێمە، ئەگەر لە سەداسەدیش باوەڕ بە سەرلەشکر زەنگەنە نەکەین، لانیکەم تاریخی تەقریبیی گیرانی زەبیحیمان هەیە، تاریخی ئازادبوونەکەش هەر وا کە لە ڕۆژنامەی کوردستاندا بە تاریخی ڕۆژ و مانگ تۆمار کراوە. جا لەو تاریخەوە هەشت مانگ بگەڕێوە دوایە، دەبینی تا دەرچوونی دوا ژمارەی ئەوکاتی نیشتیمان شتێکی وا نامێنێتەوە کە بڵێی ژمارە دەی تێدا دەرکرابێ. بەڵام هێندێک شتی دیکەش بۆ ئێمە ڕوونە، ئەویش ئەوەیە کە باقرۆف لە دیداری خەرمانانی ١٣٢٤ ـ واتە سێپتامبری ١٩٤٥دا لەگەڵ پێشەوا و پیاوماقووڵانی کوردستان، داوایان لێدەکا کۆمەڵەی ژێکاف تێکدەن و حیزبی دێموکراتی لەجێ دامەزرێنن ـ ئەوەمان پێشتر باسکرد کە ئەو داوایە چۆن بووە و کوردەکان چییان گوتووە و ئەوانە. ئێمە ئەوەش دەزانین کە لەو تاریخەدا زەبیحی لە زیندانێ بووە و پێشەواش، دوای گیرانی وی، هاتۆتە ناو کۆمەڵە. قازی، لەبەر ئەوەی پیاوێکی بە دەستەڵاتی شارەکە بووە، کە دێتە ناو کۆمەڵە ئیتر بە کردەوە دەبێتە سەرۆک، دوای ئەمە دەست دەکا بە جێگۆڕکێی بەرپرسانی پێشوو و کەس نەبووە دەستی وەبەر دەستی نێ. ئیدی ئەو دواتر توانیویەتی ئیمزا لە ناو خەڵک و عەشایەری ئەوێدا کۆبکاتەوە و کۆمەڵەی پێ تێکدا و حیزبی دێموکراتی لەجێ دروست کا. بەو جۆرە ئاغاوەت و سەرداری عەشایرەکانیش بێنێتە ناو حیزبەکە وخوێندەوار و شۆڕشگێڕەکانیشی لێ دوور خاتەوە. تاریخی ئەم ڕووداوە خەزەڵوەری ١٣٢٤، واتە ئۆکتۆبری ١٩٤٥ـە، ئەمە بە بەڵگە سەلمێنراوە. [گزینگی ژمارە ١٤، لاپەڕە ٢٣ ـ ٢٧]
ـ دوای دەرچوونی ژمارە ١٠ی نیشتیمان، زەبیحی هەرچەند گەلێک دەرفەتی دیکەشی بۆ خوڵقاوە بەڵام ئیدی هیچ ژمارەی دیکەی لێ دەرناکا و وەک دەزانین وەدوای هێندێک کاری فەرهەنگی و سیاسیی دیکە دەکەوێ. ئەوە دەبێ بەو مانایە بێ کە ئەو ئیدی لە ژێکاف هیوابڕاو بووە. دوای ئەو ماوەیە چی دەکا و چی بەسەر دێ؟
عەلی کەریمی: زەبیحی کە دەپەڕێتەوە باشوور ماوەیەک دەچیتە سیتەک، بەهۆی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی نەمر و محەمەدی شاپەسەندی و یەک دوانێکی دیکە لە سەرانی ژێکاف کە پەڕیوەی شوێنەکانی دیکەی باشوور بوون ئەو ژمارەی نیشتیمان دەردەکا، بۆی دەردەکەوێ کە وەک ژێکاف تازە هیچی بۆ ناکرێ. ئیتر ماوەیەک تووشی هەڵوەدایی دەبێت، دەڕواتەوە بەغدا و لەوێ دەست دەکاتەوە بە کاری سادی وەک ڕێستوران و ئەو شتانە هەتا پەنجاکان کە ئیدی بە رەسمی دەچێتە ناو کاری سیاسی لەگەڵ کوردەکانی باشوور. لە کێشە و بەزمی برایم ئەحمەد و هەمزە عەبدوڵا و پارتی و ئەوانەدا دەبێ بەڵام زۆرتر لە برایم ئەحمەد و مام جەلال و ئەوانە نزیک دەبێ. دواتریش لە ١٩٥٦دا لە ژێر فشاری حکوومەتی عێراقیدا هەڵدێ و پەنا دەباتە بەر سووریا و لەوێش بەهۆی سابیقەی لەمێژینەی لە ژێکاف و دوۆستایەتی لەگەڵ تایفەی بەدرخان و ئەو تەیفە یارمەتییەکی زۆری دەکەن ـ بە تایبەت کاک حاجۆی توربەسپی کە پیاوێکی گەورەی یادگاری شۆڕشی ئارارات بووە، یارمەتیی زەبیحی دەکات و دەینێرێ بۆ شام و لەوێش لەگەڵ هەژار یەک دەگرنەوە لەگەڵ ماڵی بەدەرخان و ئەوانە تێکەڵی شۆڕش و کاری فەرهەنگی دەبێ و حیزبێکیش دروست دەکەن ـ مام جەلال و کەماڵ فوئاد کۆمەڵێک بیرەوەرییان لەو بارەوە هەیە کە لە کتێبەکەی منیشدا هەیە، ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە زەبیحی کار دەکا بۆ ئەوەی بچێتە قاهیرە بۆ کۆنگرەی گەلانی ئاسیا و لەوێ حەولێکی زۆر دەدا بۆ دروستبوونی ڕادیۆی قاهیرە، لەو سەفەرەیدا کە لە بیرەوەرییەکانی ئەو کەسانەدا هەیە کە باسم کردن، بە تەنیا دەچێ و بە نێوی نوێنەری کورد دەچێتە ئەوێ و لە کۆنگرەی گەلانی ئاسیا وەژوور دەکەوێ ـ هەرچەند قبووڵی ناکەن، بەڵام هەر دەچێتە ناو کۆنگرەکەی. دوایە تەقەلایەک دەست پێدەکا کە بتوانێ لە ڕێگەی ئەنوەر ساداتەوە ڕادیۆ دامەزرێنێ، داشی دەمەزرێنێ و فوئاد مەعسووم و زۆر کوردی دیکەش لەوێدا کاریان کردووە.
لەوە بەدواوە کە عەبدولکەریم قاسم نیزامی مەلیکی لە عێراقێ دەڕووخێنێ، زەبیحی بەنێوی عیسا عەرەفات یان عیسا زەبیحی و بە نێوی کوردی سووریا دێتە بەغدا، لەوێ لەگەڵ مام جەلال و ئەواندا وێنەیەکیان هەیە ئەو کاتی گرتوویانە. زەبیحی دەچێ لەوێ لە بەرامبەر قاسمدا وتار دەدا و ئەوی بە دڵ دەبێ چوونکا قاسم وەک یەکەم سەرکۆماری عێراق دەڵێ کورد و عارەب لە عێراقدا شەریکن و وڵاتی هەردووکانە. ئەمە هەر بە دڵی زەبیحی نا، بەڵکوو بە دڵی برایم ئەحمەد و هەموو ئەوانی دیکەش دەبێ. زەبیحی لەو کاتەوە لە عێراق دەمێنێتەوە تا دەگەینە ئەوەی کە مەلا مستەفای بارزانی دێتەوە و لە قەسرێکی نووری سەعید جێگیر دەبێ. زەبیحی لەو سەروبەندیدا بە شێوەیەکی ڕۆژانە هاموشۆی بارزانی کردووە و زەبیحی لە حیزبەکەشدا چالاک بووە و هەمزە عەبدوڵاش کە زەبیحی هێندە دژی بووە و گوتوویەتی پارتی بەلای شیوعیەتدا دەبا، لە پارتی دەرکراوە و جیناحی باریم ئەحمەد و مام جەلال و زەبیحی لە کۆنگرەدا سەرکەوتوو دەبن بەسەر باڵی هەمزە عەبدوڵادا. ئیتر زەبیحی لەگەڵ پارتی دەست دەکا بە کار و بەرپرسی لیژنەی ماڵیی پارتی دەبێ کە ئەوکاتی بە ئاشکرا کار و خەباتی کردووە، دواتر بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دەبێ و دوایەش ئی لقی کەرکووک. ...
ـ لەو سەروبەندەدا لە ئێرانیش بگیر بگیر پەیدا دەبێ و بەشێکی دیکە لە چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی بە ناوی حیزبی دێموکرات کار دەکەن، هاتوونە باشوور بەڵام زەبیحی لێیان نزیک نابێتەوە...
عەلی کەریمی: ئەوانە ئێستا نەگەیشتوونە بەغدا، ئەمە ساڵی ١٩٥٨ و ٥٩یە. ئەوەی کە شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات دێن بۆ باشووری کوردستان، لە شۆڕشی ئەیلوولەوەیە.
ـ هەڵبەت عەبدوڵا حەسەنزادە لە "نیوسەدە تێکۆشان"دا دەڵێ بەشێک لە ڕێبەرایەتیی ئەوکاتی حیزب لەو سەروبەندەدا هاتوونە باشوور و هەتا ئەوەش دەڵێ کە لەو باڵ باڵێنەی حیزبەکانی باشووردا تووشی کێشەی ناوخۆیی و لێک دوورکەوتنەوە بوون...
عەلی کەریمی: شۆڕشگێرانی ڕۆژهەڵات زیاتر دوای شۆڕشێ ئەیلوول هاتوون بۆ باشووری کوردستان، وەک دەزانین کە کوردەکان، دوای دوو ـ سێ ساڵ لە حکوومەتی قاسم، شۆڕشێکیان وەڕێ خست. قاسم ویستی شۆڕشی زەویوزار بکا، وەک ئەوەی کە شا کردی ـ کە ئینقیلابی سپی پێدەڵێن. ئیتر کۆمەڵیک ئاغاوەت و زەوینداری باشوور موخالیفی ئەو چاکسازییە بوون و ئیتر کۆمەڵێک سەرهەڵدان و پشێوی دروست بوو کە دواتر مام جەلال و جەماعەتی پارتی جڵەوی کارەکەیان گرت و چوون داواشیان لە بارزانی کرد کە بێ سەرۆکایەتیی شۆڕش بگرێتە دەست ـ بۆ شایەدی مێژوو با ئەوەش بڵێم کە بارزانی موافقی ئەو شۆڕشە نەبوو بەڵام دوای ئەوەی تەیارەکانی بەغدایە چەند بۆمبێکیان بە بارزان و ئەوانە دادا، ئەویش تێکەوت. ئەمە دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوولی پێدەڵێن کە لە ١٩٦٢وەوە دەستی پێکرد.
ـ لەو کاتانەدا سەرکردایەتیی حیزبی دێموکرات لە باشوورە و تەنانەت هەندێکیان لە بەغداش هەن، بەو حاڵەش پەیوەندیی ئەوان و مامۆستا زەبیحی دروست نابێ.
عەلی کەریمی: مامۆستا برایم ئەحمەد دەڵێ کە لە ساڵانی ١٩٥٧ ـ ٥٨دا دوکتۆر قاسملووی لە کەرکووک دیوە ـ کە بەخۆی دەگوت ئەنوەری. بەلام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ویدەچی ئەوان هەر بۆ سەفەرێک یان بۆ سەروگوێ ئاودانێک هاتبووبێتن. هەڵبەت ئەوەش دەگوترێ کە ئەو هاتووە بەنێوی شاخەیەکی حیزبی توودە سازماندەهیی کوردەەکانی ئێران بکاتەوە. چوونکا بۆخۆت دەزانی حیزبی توودە هەر لە هەوەڵەوە ویستوویەتی حیزبی دێموکرات شاخەی کوردستانی ئەوان بێ. حیزبی دێموکرات هەتا هاتنی ئەحمەد تۆفیق و ئەوان ناوێکی لە باشوور و لە عێراق نییە، بەڵام کە ئەو پەیدا دەبێ و جڵەوی حیزبی دێموکرات دەکەوێتە دەستی وی، ئیدی ناوی حیزبی دێموکراتیش دێت.
ـ ئیتر د. قاسملوو سەفەری دەرەوەی وڵات دەکا ...
عەلی کەریمی: دەری دەکەن. هەتا ئەحمەد تۆفیق داوا لە مەلا مستەفا دەکا ـ کە مەلا مستەفا زۆری خۆش ویستووە ـ کە داوا لە وەزارەتی داخیلەی عێراقێ بکا کە ئەنوەری، هەمان قاسملوو لە عێراقێ دەربکرێ و هەر دەریشی دەکەن. ئاخر مەلا مستەفا دەستی دەڕۆیی لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمیدا. ئەوە لە بیرەوەرییەکانی کەریمی حیسامیشدا هەیە.
ـ ئێمە لەوان دەگەڕێین، مەبەستمان پەیوەندیی مامۆستا زەبیحی و حیزبی دێموکراتە. ئێمە کاتێک باس لە ژێکاف دەکەین ناکرێ باس لە زەبیحی نەکەین کە لە دامەزرێنەرانی ژێکاف بووە و هەرواش ناکرێ باسێکیش لە حیزبی دێموکرات نەکەین کە خۆی بە درێژەدەری ژێکاف دەزانێ ـ ئەم باسە بەو هۆیەوە کێشاویەتە ئێرە، دەنا مەبەستی ئەم وتووێژە گێڕانەوە یان بڵێین ساغکردنەوەی مێژووی حیزبی دێموکرات نییە. ئێمە لێرەوە دێینە ساڵی ١٩٧٩ کە زەبیحی دێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و هەندێ پەیوەندی دروست دەکا لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین و ئەوانە، بەڵام لە حیزبی دێموکرات و ئەو دەستەڵاتە هەرێمییە کە حیزبەکە هەیەتی نزیک نابێتەوە. هۆی ئەوە چییە کە زەبیحی ناچێتەوە ناو حیزبێک کە ئێستا تەقریبەن وەک سەردەمی کۆماری لێ هاتۆتەوە و لە ناوچەکە دەستەڵاتی هەیە؟
عەلی کەریمی: ئەمن ئەو پرسیارەم لە مام جەلای کردووە، لە مامۆستا برایم ئەحمەدیم کردووە، لە مەلا ماتۆڕ [مەلاعەبدوڵا ئیسماعیل]یش پرسیوە، لە بابەکراغا، لە شێخ ستار ... وەک تۆ پرسیومە کە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور و لە شاخ و لە بەغدا و ئەوانە چالاکییان هەبووە، لە زەمانی ئەحمەد تۆفیق و کاک سولەیمان موعینییەوە تا دەگاتە سەردەمەکانی دواتر ئەو خەڵکە هەر لەو ناوچەیە بووە، ئەدی چۆنە زەبیحی تێکەڵی ئەوانە نەدەبوو؟ ئەوان هەر هەموویان بە یەک قسەی سادە وەلامی منیان داوەتەوە، هەموو دەڵێن زەبیحی دوای ئەوەی لە سیتەک ڕۆیشت و زانی لەناو کوردی ئێرانێ هیچی بۆ ناکرێ و کۆمەڵەی ژێکافی بۆ زیندوو نابێتەوە، دەرگای ئەو بەشەی لە خۆی داخست و تێکەڵی خەباتی ئێمە بوو. ئەو گوتوویەتی کە ئێمە یەک نەتەوە و یەک خاک و یەک وڵاتین، ئیدی فەرق ناکا لە کامە لای نیشتیمان کار بکەین. خۆ کە چۆتە سووریاش لەوێ بەناوی کوردی ئەوێوە کار و خەباتی کردووە، لەگەڵ حەمید دەروێش و عوسمان سەبری و جگەرخوێن و ماڵی بەدرخانەکان و ئەوانە کاری کردووە و حیزبی بۆ کوردەکانی سووریا دروست کردووە، ئەوانەی ماون لە کارەکانی ئەوکاتی وی ئاگادارن. کە هاتووەتەوە عێراقیش دیسان جارێکی دیکە چووەتەوە ناو شۆرش و ئەوجار لە ناو پارتی دێموکراتدا خەباتی کردووە.
ـ بەڵام دیسانیش ئەو پرسیارە هەر دەمێنێ کە داخوا زەبیحی بۆچی لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات، لانیکەم دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، دەست ناکاتەوە بە تێکۆشان و نایەتەوە ناو شۆڕش؟
عەلی کەریمی: لەکاتی شۆڕشی گەلانی ئێرانێدا ئەوکاتی زەبیحی لە عێراق بوو، بەڵام لەژێر فشاری دۆستانیدا کە دەڵێن ئیدی ئەتۆ چەندین ساڵە ئاوارەی و ئێستا وڵاتەکەی خۆت ئازاد بووە و هەستە بڕۆوە. زەبیحیش ئەوەی پێ ناخۆش نابێ و وابوو هاتەوە. هاتەوە ماڵێ، وەک کەسێکی کە سی ـ چل ساڵ بوو ئاوارە بوو ئیدی بەردەوام لە هاتوچۆی ماڵە کەسوکار و ئەوانەدا بوو و دۆستانیشی سەردانیان دەکرد ـ مام هێمن دەهات، حەمەدەمینی سیڕاجی و کاک یووسف ڕیزوانی و ئەوانە دەهاتنە لای. هەتا مام جەلال هاتە لای و شەو و ڕۆژێک پێکەوە بوون و سەردانی ئەملاو ئەولایان کرد و تا سەرئەنجام مام جەلال زەبیحیی ڕازی کرد بەوەی کە بێکار دانەنیشێ. مام جەلال پێی گوتبوو کوردی ئێران جووڵاوە و حیزبی دێموکرات تاقە حیزبە و حیزبی دیکە لە گۆڕێدا نییە ـ ئاخر ئەودەم کۆمەڵە ئێستا خۆی ئاشکرا نەکردبوو ـ ئەتۆ پیاوێکی لە سیاسەتدا بووی و کاری دیپلۆماسی و ئەوانە دەزانی و دەتوانن لەگەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین پێکەوە کارێک بکەن... مام جەلال ئەو نەسیحەتانەی زەبیحیی کردبوو ـ هەڵبەت پەیوەندیی زەبیحی و مام جەلال زۆر باش بوو و زۆر دۆست بوون، ئەمن بۆخۆم دیتوومە کە ئەوان لەو سەفەری مام جەلالدا شەو وڕۆژێک هەر خەریکی سرت و خورت و پێکەنین و قسەوباس بوون... ڕاستییەکەی ئەوەیە کە مام جەلال زەبیحیی ڕازی کرد کە حیزبی دێموکرات بۆ تۆ نابێ و تۆش ناچییە ناو ئەو حیزبە، بەڵام ئێستا کەسایەتییەکی وەک مامۆستا شێخ عیزەدین هەیە کە هێژمۆنیی هەیە لە کوردستان، هەموو کورد ئەوی بە ڕێبەر قبووڵ دەکەن، کەوابوو دەتوانین کەڵک لەو هێژمۆنییە وەربگرین ـ بەڵام وەک دەبینی مامۆستا کەسی نییە، سیاسەتمەداری نییە، دەبینی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرین هەموو خوێندکار و شتن کە ئەزموونی کاری سیاسییان نییە، مامۆستاش بۆخۆی سادەیە، بەڵام کاریزمایە، خولاسە زەبیحیی ڕازی کرد کە لەگەڵ شێخ عیزەدینی کار بکا و ئەو کارەش کرا. مام جەلال وای بیر لە شتەکە کردبۆوە کە حەرەکەتەکە شتێکی وەک یەکیەتیی نیشتیمانی بێ، واتە هەموو باڵەکانی چەپ و ناسیۆنالیست و سووننەتی و ئەوانەی تێدا کۆبێتەوە و زەبیحی سیاسەتمەدارەکەی بێ و شێخ عیزدەینیش سەرۆک ـ هەتا مام جەلال وای دانابوو کە ئەم ڕێکخراوە دواتر حیزبی دێموکرات و دواتر کۆمەڵە و چریک و ئەوانەشی بێتە ناو. ئیتر زەبیحیش ئەوەی قبووڵ کرد، من کە زەبیحیم لە بۆکانەوە لە لای مام جەلالەوە هێنایەوە، بردم بۆ ماڵی شێخ عیزەدین ـ شێخ تا ئەوکاتی زەبیحیی نەدیبوو، هەرچەند زەبیحی یەک ـ دوو مانگ بوو هاتبۆوە سابڵاغێ بەڵام یەکتریان نەدیبوو، ئەوکاتی شێخ عیزەدین شێخ عیزەدین بوو، دەستەڵاتی هەبوو، هێژمۆنیی هەبوو. خولاسە ئەوان پێکەوە دانیشتن و من وا تێگەیشتم کە ئەوان پێکەوە سازان و ساغ بوونەوە لەسەر ئەوەی شتێک بکەنەوە بەنێوی دەفتەری مامۆستا و زەبیحی لەوێدا کار بکا. لەوێدا گەڵاڵەی حیزبێکیان دروست کرد، بەڵام چوونکا دەوروبەری مامۆستای هەموو برادەرانی کۆمەڵە و سەلاحی موهتەدی و عەبدوڵای موهتەدی و ئەوانە بوون، نەیانهێشت حیزبەکە سەربگرێ. ئیتر لەوەیدا زەبیحی دووبارە نائومێد بۆوە ـ ئیتر لەو بەینەشدا خومەینی هێرشی کرد و ئێمەش چووینە ناوزەنگ و دەفتەری مامۆستاش لەوێ بنکەی کردەوە، دوایە چووینە بێژوێ لەوێش بنکەیان کردەوە و ئەو کارانە درێژەیان هەبوو هەتا "هەئیەتی نمایەندەگیی ئێران" هات و خومەینی لە شەڕەکە پەشیمان بۆوە و پەیامێکی دەرکرد کە دەست بە موزاکەرات دەکەین. زەبیحی لەو هاتوهووتەدا لە مامۆستا تووڕە بوو و پێی گوت ئەتۆ بە قسەی منداڵەوردکان دەکەی، گوتی مەڕۆوە شاری، با موزاکەرە بکرێت بەڵام ئێمە هەر لە شاخ دەبین و شەڕیش هەر دەکەین. مامۆستا ئەوەی پێ خۆش نەبوو، گوتی ئەمن شەڕم ناوێ و خومەینی ئێستا هاتووەتە پێشێ و پەشیمان بووەتەوە و ئەوانە... بەڵام زەبیحی ئەوەی بە دروست نەدەزانی و ئیتر لە شێخ عیزەدینیش کشایەوە و دیسان چووە بۆ عێراقێ. ئەوجارەیان شێخ جەلالی برد لەگەڵ خۆی و بەنێوی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران، لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئەوانەوە چەک و تەقەمەنییەکی زۆری بۆ شێخ جەلال وەرگرت، بۆ حامید بەگی جوانڕۆشی وەرگرت. ئەو لە حەولی ئەوەدا بوو کە بەبێ مامۆستاش بووبێ شتێک هەر دروست بکات، ئیتر لەو بەینەدا کە زەبیحی دەهاتە ناوزەنگ و دەچوو بۆ باشوور و عێراق و ئەوانە و مەسەلەی چەکەکانی جێبەجێ دەکرد، لە سەفەرێک لەو سەفەرانەدا تێداچوو.
ـ کەس نەیزانی چۆن تێداچووە؟
عەلی کەریمی: ئەوەی کە ئەمن بیستوومە دەڵێن بەعس کوشتی. ئاخر ئەو چەکانەی کە بەنێوی شێخ عیزەدین و شێخ جەلال و ئەوانەوە وەری دەگرت، ئەگەر دە بەش بوایە، دوو بەشی دەدا بەوان و باقییەکەی دەدا بە مام جەلالی. جا من وای بۆ دەچم بەعس بەو شتەی زانیبێ و هەر بۆیەش کوشتبێتی. زەبیحی چووە بەنێوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بە دژی خومەینی چەک و چۆڵ وەردەگرێ بەڵام لە ژێرەوە دەیدا بە مام جەلالی کە لەگەڵ بەعس لە شەڕ دایە.
ـ بە نەمانی زەبیحی ئیتر خەونی دامەزرانەوەی ژێکاف یان لانیکەم شتێک کە فکر و ڕامانەکەی وەک کۆمەڵەی ژێکاف بچێ، کۆتایی پێدێ...
عەلی کەریمی: کاک سەلاح لەملا و لەولا باس لەوە دەکا کە من کاتی خۆی کۆمەڵەی ڕزگاریم دروست کردووە هەر لەسەر نێوی کۆمەڵەکەی بابم [کۆمەڵەی ژێکاف کە باوکی کاک سەلاحیش ئەندامی بووە] و ئەو عەتف و خۆشەویستییە لە دڵی ئێمەدا هەر هەبووە و ئەوانە، من نازانم ئەمانە چەندەی ڕاستە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ڕەنگە جۆرێک ئیشتیاق، نەوعێک عەتف لەلایەن ئەوانەی کۆمەڵەیان دروست کرد ـ کە زۆربەشیان موهتەدین یان هێژمۆنیی ئەوانی بەسەرەوە بوو ـ بۆ کۆمەڵەی ژێکاف هەبووبێ. ڕەنگە وشەی کۆمەڵە، هەم ئەو کۆمەڵەی ڕزگارییە کە کاک سەلاح ـ دوای ئەوەی ئەحمەد تۆفیق دەری کردووە ـ دروستی کردووە و هەمیش کۆمەڵەی دوایی کە برا بچووکەکەی کاک سەلاح لەگەڵ کۆمەڵێک دانشجوو لە تاران مەحفەلەکەیان دروست کردووە و دواتر بووەتە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، هەر لەسەر بنەمای ئەو عەتفە بووبێ کە بۆ کۆمەڵەی ژێکاف لەو بنەماڵەیەدا هەبووە.
تێبینی: ئەم وتووێژە بڕیار بوو لە گۆڤاری ڕێنێسانسدا بڵاو بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی گۆڤارەکە لە کاتی خۆیدا، ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ بڵاوی کردۆتەوە
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە