کامیاران: بە هۆی دزەکردنی گازەوە ٣ کەس بوونە قوربانی
Friday, February 12, 2016
NNSROJ- لە شاری کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دایکێک و دوو منداڵەکەی، بە هۆی دزەی گازی ماڵەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، شەوی پێنجشەممە ١١ی فێبریە، ژنێکی خەڵکی کامیاران بە ناوی "سوڕەیا کەمانگەر" و کوڕێک و کچێکی بە ناوەکانی "ئاران رەحیمی" و "سارا رەحیمی"، لە سۆنگەی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە. وەک سەرچاوەکانیش دەڵێن؛ لە کاتی رووداوەکەدا، هاوسەر و باوکی قوربانییەکان لە ماڵەوە نەبووە و بۆ پەیداکردنی بژیوی بنەماڵەکەی لە باشووری کوردستان بووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی پزیشکی دادی ئێران؛ تەنها لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی(لە ٢١ی مارسەوە بۆ ٢١ی نۆڤەمبری ٢٠١٥) لە سەرتاسەری ئێراندا ٣١٨ کەس بە هۆی دزەی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆنەوە بوونە قوربانی.
ئامارەکانی ئەو ٩ مانگەی سەر ماڵپەڕی رێکخراوی ناوبراو پیشانی دەدەن، لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ٤٥ کەس بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستداوە. لەم رێژەیە، پارێزگای کرماشان بە ١٣ قوربانییەوە پشکی هەرە زۆری بەرکەوتووە. هەروەها لەم ٤٥ قوربانییە، ٣٦ کەسیان لە رەگەزی نێر و ٩ کەسیان لە رەگەزی مێن.
۷٥٪ی دانیشتووانی ئێران و ٦٠٪ی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گازی سروشتی وەک وزەی سەرەکی بۆ پێویستیی ژیانی ڕۆژانە کەڵک وەردەگرن. لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، خواستی بەکارهێنانی گازی سروشتی بەرز دەبێتەوە و هاوکات ژمارەی قوربانیانیش هەڵدەکشێت.
بە گوتەی شارەزایان؛ لەبەرچاونەگرتنی ڕێنماییە ئەمنییەکان و ستانداردەکان لە کەرتی بیناسازیدا و ناستانداردبوونی کەرەستەکانی گواستنەوەی گاز لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە رووداوانەن.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە