بابەتی گەرم:

" له پێناو به دەستهێنانی کام مافدا تەنووری هەڵبژاردن گەرم دەکەن"

Tuesday, February 16, 2016


NNSROJ
: لە درێژەی باسەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە وەڵامی پرسیارەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژدا ڕایدەگەیەنێ، هەرچەند هەڵبژاردن یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی دێموکراسیش بێ، تەنانەت لە وڵاتانی دێموکراتیکیشدا "پێوەرێک بێت بۆ دێموکراسی ... و ئەگەر وڵاتانی دێموکراتیک کایەی دێموکراسی و بنەماکانی سیستمی دێموکراتیک بپارێزن، دەبێ سەرلەنوێ پێناسەی بکەنەوە".

ڕەزا کەعبی، لە وڵامی پرسیارەکانی ئێمەدا، ئاماژە بەوە دەکات " هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک هیچ کاریگەرییان له‌سەر دەسەڵات و سیستمی حوکمرانی نییە" و ڕوونی دەکاتەوە  "هەڵبژاردنی سەرەکی و واقعی شوورای نیگابان ئەنجامی دەدات".

سەبارەت بە پرسی بایکۆت یان بەشداری کردنیش، ناوبراو دەستنیشانی دەکات کە "بایکوتی هەڵبژاردنەکان له کۆماری ئیسلامیدا، هاوکاتە له‌گەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی" و وێڕای ئاماژە بە "ڕیفراندۆم"ەکەی خاکەلێوەی ١٣٥٨ی هەتاوی، ڕوونی دەکاتەوە کە ڕەوتی بایکوت و بەشداری نەکردن له هەڵبژاردنەکان، ڕەوتێکی به‌هێز بووە و تا هاتووە ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن ڕوو له زیادبوون بووە.

سازدانی: کەریم مەرەسەنە

ـــ هەڵبژاردن، کە لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی کایەی دێموکراسی دێتە ئەژمار، لە سیستەمێکی وەک کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ چەندە کارا بێ؟

ڕەزا کەعبی: له پێشدا دەبێ ئەوە بڵێم راستە له وڵاتانی دێموکراتیکدا هەڵبژاردن یەکێک له بنەما سەرکییەکانی دێموکراسییە، بەڵام لەو وڵاتانەشدا هەڵبژاردن چی دی ناتوانی پێوەرێک بێت بۆ دێموکراسی. ژمارەی بەشداربوان له هەڵبژاردن دەورە به دەورە کەم دەبێتەوە و خەڵک ماندوبوون له دووپاتبوونەوەی کایەی حیزبە گەورەکان که دەسەڵات له نێوان خۆیاندا دەستاودەست دەکەن. هاتنە سەرکاری هەر کام له حیزبەکان هیچ گۆرانێک له هەلومەرجی کۆمەڵگە و ژیانی خەڵک و سیاسەتە جیهانییەکاندا ڕوو نادات و دەنگی خەڵک تەنیا له نێوان دو حیزبی سەرەکیدا مانای هەیە و ... هەر بۆیە ئەگەر وڵاتانی دێموکراتیک کایەی دێموکراسی و بنەماکانی سیستمی دێموکراتیک بپارێزن، دەبێ سەرلەنوێ پێناسەی بکەنەوە و دای بڕێژنەوە.

له کۆماری ئیسلامیدا، به پێی یاسای بنەرەتی (قانوون اساسی) و به وتەکانی خومەینی و خامنەیی و باقیی گەورە ئایەتوڵاکان، هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان له سەر دەسەڵات و ئالوگۆری دەسەڵات و سیستمی حوکمرانی نییە. ئێمە دەزانین کە هەمیشە زۆر زۆر به ڕاشکاوانه و بێشەرمانه خەڵک و دەنگی خەڵک و هەڵبژاردن ڕەت کراوەتەوە و هێرشی کراوەتە سەر. "هەڵبژاردنی" سەرەکی و واقعی "شوورای نیگابانی قانوونی ئەساسی" ئەنجامی دەدات، شوورایەک کە له ماوەی چەند رۆژدا هەزاران کەس که خۆیان بەربژێر کردووە ڕەت دەکاتەوە و ژمارەیەکی کەمتر دیاری دەکات و به خەڵک دەڵی ئێوە له نێو ئەوە لیستەی که ئێمە دیاریمان کردووە هەڵبژاردن بکەن. ژنان، سونییەکان و پەیرەوانی ئایینەکانی دیکە، کورد، چەپەکان و بیرجیاوازان و ... هتد، ناتوانن خۆیان بۆ سەرکۆماری یان سەرۆکی مەجلیس کاندید بکەن و بۆ هیچ کام له وەزارەتەکانیش ڕێگەیان نییە.

ـــ ئایا بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا کە بەربژێرەکان دەبێ بە فیلتێری ناوەندگەلی هەڵنەبژێردراودا تێپەڕن، دەتوانێ ڕەوایەتی بدات بەو دامەزراوەیە کە "هەڵبژاردن"ی بۆ دەکرێت؟


ڕەزا کەعبی: سیستەمی کۆماری ئیسلامی یەکێک له هەرە سیستەمەکانی دژە هەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵک و دەنگی ئەوانە. دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ڕێک به دژی حوزووری خەڵک له مەیدانی خەباتێکی مێژوویی و زۆر گەرم ڕوویدا، هێشتا چەند رۆژی مابوو بۆ ڕووخاندنی رژیمی شا، کاتێک که کۆمەڵانی خەڵک بەرەو چەککردنی پادگانەکان دەچوون و داوای چەکیان دەکرد و دروشمی "رهبران ما را مسلح کنید"یان دەدا، هاواری ئایەتوڵاکان و دەستوپێوەندکانیان بەرز بووە که "ئیمام" بریاری قیامی نەداوە، ئەو بریارە قەت نەدرا، هەرچەند خەڵک ڕاپەرینیان کرد، بەڵام ئەم هاوارەی ئایەتولاکان سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی که "ئیمام" وەک نوینەری خوادوەند له سەر زەوی هەموو شتێک دیاری دەکات. 

له سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، که هەر له ساتەکانی به دەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە بێرەحمانه دەست به لەناوبردنی نەیار و بیرجیاوازان و نەتەوەکان کراوە، خۆیناویترین شەڕ و کوشتار بهسەر گەلانی کورد و تورکمەن و عەرب و بەلووچ داسەپاوە، هەموو حیزب و ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیستەکان و دێموکراتەکان سەرکوت کران، شەوانه بەکۆمەڵ له سێدارە دەدران و گوللەباران دەکران. پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە جەهەننەمیان بۆ دروست کراوە و زۆربەیان ناچار به کۆچ له ئێران کراون، له کاتێکدا جیاوازیی فەقر و سەروەت هیچ کات له ئێران وەها گەورە و زۆر نەبووە، له کاتێکدا دیاردەی منداڵانی سەرشەقام ناوبانگی جیهانیی هەیە، له کاتێکدا تەمەنی لەشفرۆشی زۆر هاتووەتە خوارێ، له کاتێکدا کۆمەڵگەی ئێران کراوە به زیندانێکی گەروە ... ئیتر چۆن دەکرێ قسە له هەڵبژاردنی ئازاد بکرێ.

کۆماری ئیسلامی وەها پێکهاتەیەکی دروست کردووە که ساڵ به ساڵ و دەورە به دەورە ژمارەیەکی کەمتر دەتۆانن خۆیان کاندید بکەن. له کاتێکدا نەوەی خومەینی و هاشمی ڕەفسەنجانی له لایەن شوورای نیگابانەوە رەت دەکرێنەوە، چۆن بیرجیاوازێک دەتۆانێ بەربژێری هەڵبژاردن بێت؟ پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی وەهایە که رەتکردنەوەی حەسەنی خومەینی پاساو دەکا. له هەڵبژاردنێکی خولی مەجلیسی خوبرەگانی ڕەهبەری له ساڵی ٨٨دا، شوورای نئگابان ٨٧ کەسی رەت کردەوە و تەنیا رەفسەنجانیان هێشتەوە. بەڵام ئێستا رەفسەنجانیش رەت دەکریتەوە و کاتێک نارەزایەتی دەردەبڕێ، رێک ئەوەیان به چاودا داوە کە " کاتی خۆی به قازانجی تۆ شوورای نیگابان هەموو کەسی رەت کردەوە و و ئەوەت پێ خۆش بوو"!

 سیستەمی کۆماری ئیسلامی وەهایە که وەک ئاوی خواردن جێگری خومەینی، مونتەزیری دەبێتە دوژمنی خودا و گەل و تا کۆتایی ژیانی له ماڵ زیندانی دەکرێ، ڕەفسەنجانی که سیاستدارێژی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بووە، به هاسانی وەلا دەنرێ. ئەی چۆن بیرجیاوازێک و کوردێک و ژنێک و بەهایی و سوننی و ... بیر له بەشداری بکەنەوە؟

ـــ هەموو جارێک کە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوە دەچێت، توێژ و چینە سیاسی، و فەرهەنگییەکان، بەسەر دوو دەستەی "بایکۆت" یان "بەشداری"دا دابەش دەبن. ئەمەش وا دەکات کە جۆرێک لە "خۆ دووبارەکردنەوە" و وەستان لە خاڵێکی دیاریکراودا بەسەر ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەدا فەڕز بکرێت. بەلام هەندێ کەس و لایەنیش هەن کە باس لە ڕێگەی سێهەم دەکەن: نە بایکۆتی تەواو و نە بەشدارییەکی ئاکتیڤ، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەربوونی مافی زیاتر. گەلۆ ئەمە دەتوانێ ئەو ڕێگەیە بێت کە گەلانی ئێران بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری پێیدا بڕۆن؟ چۆن؟


ڕەزا کەعبی: بایکۆتی هەڵبژاردنەکان له کۆماری ئیسلامیدا، هاوکاتە له‌گەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی. هەر له به ناو ڕێفراندۆمی رۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ که به پرسیاری "کۆماری ئیسلامی، ئەرێ یا نا" دەستی پێکرد و ریفراندۆمێکی زۆر زۆر به پەلە و نادیموکراتیکیان سازدا، ڕەوتی بایکۆت و بەشدارینەکردن له هەڵبژاردنەکان ڕەوتێکی به هێز بووە و تا هاتووە ژمارەی ئەو کەسانەی هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن ڕوو له زیادبوون بووە. پاش ٣٧ ساڵ له دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش هەڵبژاردنەکان نه تەنیا دێمۆکراتیکتر نەبوون، که ساڵ به ساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی ناو دەسەڵاتیش که بۆیان هەیە بەربژێر بن کەم و کەمتر دەبنەوە. له کاتێکدا بەشێکی گەورە له لایەنگرانی ولایەتی فەقیهـ و کۆماری ئیسلامی و کاربەدستانی ڕەت دەکرێنەوە، هیچ چالاکێکی مەدەنی و هیچ ڕابەرێکی وشیار ناتۆانێ قسە له ڕێگایەک بکات بۆ بە دەسهێنانی مافەکان. ئەندامانی کابینەکانی دەوڵەت بریتین لەو پاسدار و حزبوڵاهی و ئەشکەنجەگەر و یارانی هەرە وەفاداری "بەیتی ڕەهبەری". هەڵبژاردنی وەزیر له لایەن مەجلیسەوە شانۆێکی قیزەونانەترە.

پرسیار ئەوەیە که ئەمانە له پێناو به دەستهێنانی کام مافدا تەنووری هەڵبژاردن گەرم دەکەن و ئەو مەودا به دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەدرێ که شانوێکی درۆیینی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن و دواییش دەست بکەنەوە به درێژەدانی ڕەشترین دیکتاتۆریی مەزهەبی؟ پرسیار ئەوەیە کام ماف له مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا به دەست هاتووە؟ کام باسی مەربوت به ژیانی خەڵک، که کاریگەری بووبێ، لەم مەجلیسە هاتووەتە ئاراوە؟ کام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی له مەجلیس گەڵاڵە بووە و باسی لێکراوە و ڕەنگدانەوەی خواستی کۆمەڵگە بووە؟ مەجلسی شوورای ئیسلامی هەمیشە ئامرازێک له دەستی توندترین و جنایەتکارترین باڵی رژیمدا بووە. تەنیا بۆ سەرکوت، بۆ دارشتنی پلان له دژی کۆمەڵانی خەڵک و هێزە سیاسییەکان، بۆ ستەم بۆ سەر ژنان و کۆیلەکردنیان مەجلسی ئیسلامی کاری کردووە. بۆ شۆرشی فەرهەنگی و هێرش بۆ سەر زانکۆکان و خۆێناویکردنی دانشگاکان، بۆ کودەتا له دژی یەکەمین سەرکۆماری خۆیان و خەت و نیشان کێشانی بەیتی ڕێبەری له دژی نەیارانی مەجلسی شورای ئیسلامی به کار هاتووە.

له لایەکی دیکەوە بایکۆت و بەشدارینەکردن له هەڵبژاردن، هەڵوێستێکی زۆر ئاکتیڤ و چالاکانەیە. هیچ مەشروعیەتێک نابێ بەم رژیمە بدرێ. بەشداری له هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی یانی وازهێنان له خەبات بۆ سڕینەوەی ئاسەواری ڕژیمێکی تا سەر ئێسقان جنایەتکار و دژی دێمۆکراسی و خەڵک. حزبێک و ڕێبەریی حزبێک که قسە له بەشداری دەکات، شتێک به کۆماری ئیسلامی زیاد ناکات، بەڵام مەشروعییەت و مەوجودییەتی خۆی، وەک حزبێکی پێشڕەو و خاوەن هەڵوێست و چالاک بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێمۆکراتیک، هێناوەتە ژێر پرسیار.
تایبەتی تر بۆ گەلی کورد و حیزبەکانی، بایکۆتی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی ئەم شانو قیزەونانە، درێژەی خەباتی ٣٧ ساڵەی گەلی کوردستانه بۆ به دەسهێنانی مافەکانی. یەکەمین بەردی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە له دژی گەلی کورد دانرا. ٣٧ ساڵه که کوردستان پادگانێکی گەورەیە، که هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەک هێزی داگیرکەر حوکمرانی به سەر ئەم گەلەدا دەکەن. له ناو وەها پادگانێکەوە ڕۆیشتن بۆ سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن، دەنگدانە به ٣٧ ساڵ لەشکەرکێشی و سەرکوت و جنایەت له کوردستان.

 غورووری گەلی کورد نابێ به بانگەوازکردن بۆ بەشداری له هەڵبژاردن تێک بشکێ. بەرخۆدانی گەلی کورد لەم ٣٧ ساڵەدا سەرمایەیەکی زۆر گەورەیە، هەر چەشنە تیۆری و پاساو هێنانەوە، بێ بایەخکردنی ٣٧ ساڵ بەرخۆدانی خەڵکە. کۆماری ئیسلامی زۆر بۆی گرنگە که به ڕاکێشانی گەلی کورد بۆ سەر سندووقەکان، مقاوەمەت و بەرخۆدانی کوردستان بچووک نیشان بدات. هەروەک چۆن له مانگرتنی گشتی رۆژی ٢٣ی گوڵانی ١٣٨٩ گەلی کورد نیشانی دا که کۆماری ئیسلامی له کوردستان مەشرووعییەتی نییە و داگیرکەرە، له هەر شانویەکی ئەم رژیمە دەبێ غورووری بەرخۆدانی کوردستان و حەقانییەتی دەیان سال موقاوەمەت دووپات بکرێتەوە.

خەباتی مەدەنی بریتی نییە له کایەکردن له بازنەی دەسەڵات و مەیدانێک که ئەوان دیاریی دەکەن. دەسکەوتەکانی گەورەی مروڤایەتی به خەباتی مەدەنی زۆر پڕحەوسەلە هاتونەتە دی، بەڵام خەباتی مەدەنی دەبێ بتوانێ سنوورەکانی دەسەڵات ببەزێنێ و هەنگاو بەرەو پێش هەڵگرێ. بەشدارینەکردن له هەڵبژاردن له کۆماری ئیسلامیدا، خەباتێکی مەدەنی و شارستانییە  که دەبێ وەک مقاومەتی ٢٤ رۆژەی شاری سنە و شۆرشی ڕۆژهەڵات له دژی ڕفاندنی ئۆجالان، وەک شۆڕشی شوانەی سەیدقادر و وەک دەیان ساڵ خەباتی پێشمەرگانه و بەرخۆدانی زیندانەکان خزمەت به بەرز بوونەوەی پێگە و ناوبانگ و مەوقیعیەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بکات و گەلی کورد یەکگرتووتر بکات.


پەیوەندی‌دار:

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

ئایەتوڵڵا دەستغەیب: مەهێڵن دەست لە سندوقەکانی دەنگدان وەربدەن

هه‌ڵبژاردن، خواستی گشتیی خه‌ڵک یان گه‌مه‌ی سیاسیی چه‌ند تاقم و ده‌سته‌یه‌ک

هەڵبژاردن لە روانینێکی کۆمەڵناسیانەوە (١-٢)

کۆدار، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێرانی بایکۆت کرد

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە