داودئۆغڵو: PKK و YPG پێکەوە تەقینەوەکەیان ئەنجامداوە
Thursday, February 18, 2016
NNSROJ- سەرۆکوەزیری تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە تۆمەتبار کرد.
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکوەزیری تورکیا لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاند: "پەکەکە و یەپەگە پێکەوە تەقینەوەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنقەرەیان ئەنجامداوە و کەسی هێرشبەریش هاووڵاتیی سووریا و ئەندامی یەپەگە بووە".
داودئۆغڵو وێڕای ئاماژە بەوەی کە لە ٢٨ کوژراوەکەی ئەو تەقینەوەیە ٢٧ کەسیان سەر بە سوپای تورکیا بوون، گوتیشی؛ بە گومانی تێوەگلان لەو هێرشەوە ٩ کەسیان دەسبەسەر کردووە و خەریکن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدەن.
سەرۆکوەزیری تورکیا جارێکی تر یەپەگەی بە "رێکخراوێکی تیرۆریستیی پاشکۆی پەکەکە" ناوزەد کرد و جەختی کردەوە: لە تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە بەردەوام دەبن.
ئەمەش دوو رۆژ دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە تورکیا کردبوو؛ هێرشەکانی بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل رابگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فڕات نیوز؛ بێ ئاگایی خۆیانی لە ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئەنقەرە دەربڕیوە، هاوکات بە دووریشی نەزانیوە کە هەندێک لاوی تووڕەی کورد لە وەڵامی کۆمەڵکوژییەکانی سوپا و حکومەتی تورکیا لە باکووری کوردستان، دەست بۆ کردەوەی لەو شێوەیە ببەن.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک(پەیەدە)یش لە لێدوانێکدا، هەر چەشنە پەیوەندییەکی حیزبەکەی بە تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە رەتکردوەتەوە.
سەر لە ئێوارەی چوارشەممە ١٧ی فێڤریە، لە مەودای ٣٠٠ مەتریی بارەگای ناوەندیی فەرماندەیی گشتیی سوپا لە شاری ئەنقەرە، تەقینەوەیەکی بەهێز روویدا و بەپێی لێدوانە رەسمییەکانی تورکیا؛ لە ئاکامدا ٢٨ کەس کوژراون و ٦١ی تریش بریندار بوون.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە