تەقینەوەکەی ئەنقەرە؛ لایەنەکان چی دەڵێن
Thursday, February 18, 2016
داودئۆغلوو؛ ئەنجامدەری هێرشەکەی ئەنقەرە ئەندامی یەپەگە یە
موسلیم؛ ئەو کەسە ناناسین و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
باییک؛ لەوانەیە وەڵامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێت بۆ سەر گەلی کورد
NNSROJ: سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵوو ئەمرۆ ١٨/٠٢/٢٠١٦ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە "ئەوان دڵنیایی تەواویان هەیە سەبارەت بەوەی کە ئەنجامدەری تەقینەوەکەی دوێنێی ئەنقەرە ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (پەیەگە)یە.
دواودئۆغڵوو لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا کە لە دوای سەردانی بۆ لای سوپاسالاری هێزەکانی تورکیا خلوسی ئاکار ئەنجامیدا ڕایگەیاند: "ئەم هێرشە لە لایەن ئەندامانی ناوخۆیی ڕێکخراوی تیرۆرریسیتی (پەکەکە) و لە لایەن ئەندامێکی یەپەگەوە ئەنجام دراوە”.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بە پێداگرییەوە گوتیشی "بە دڵنیایی تەواوەوە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی هێرشەکەی سەر لە ئێوارەی دوێنێ، بە ئاسانکاری لە لایەن ئەندامانی ناوخۆیی رێکخراوی (پەکەکە) و لە لایەن ئەندامێکی یەپەگە وە کە لە سوریاوە دزەی کردۆتە ناو خاکی تورکیا، ئەنجام دراوە. بکەری ئەو هێرشە خۆکوژییە ناوی ساڵح نەجار و لەدایکبووی ١٩٩٢یە."
لە درێژەی قسەکانیدا دوادئۆغڵوو ئاماژەشی بەوەدا کە لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکەدا ٩ کەسیان دەسبەسەر کردووە.
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتی دیموکراتیک لە یەکەم لێدوانی فەرمیدا سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێی ئەنقەرە، وەڵامی داودئۆغڵووی دایەوە و ڕایگەیاند کە "کەسی ناوبراو هیچ پەیوەندیەکی بە ئەوانەوە نییە."
موسلیم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەیتێد پرێس گوتوویەتی کە باڵی سەربازی پەیەدە، یەپەگە هیچ پەیوەندیەکی بە تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە نییە و ئەوان ئەو کەسە ناناسن و یەکەمجارە گوێبیستی ناوی دەبن.
موسلیم دەڵێ؛ "ئەوە تەنیا هەوڵێکی تورکیایە بۆ ئەوەی رێگە بۆخۆی خۆش بکات تا بێتە ناو خاکی سوریا."
هاوکات و لە لێدوانێکی تریدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا، ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کردبوو کە "لەوانەیە داعش لە پشتی ئەنجامدانی هێرشەکەوە بێت."
لە لایەکی ترەوە، جەمیل باییک ی هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە، لە یەکەم لێدوانی فەرمیی کەجەکە سەبارەت بە هێرشەکە، بە ئاژانسی هەواڵی فراتی راگەیاند کە "لەوانەیە ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ناوەندی میلیتاریزمی ئەنقەرە، وەڵامی ئەو سیاسەتی قڕکردن و لەناوبردنە وەحشیانەیە بێت کە لە دژی گەلی کورد لە ئارادایە."
باییک هەروەها دەڵێ؛ " ئێمە نازانین چ کەسانێک ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە، بەڵام پێشتر هێرشی هاوشێوەمان لە دژی ئەو قەتڵوعامەی لە کوردستاندا ئەنجام دەدرێ بینیوە."
باییک لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "ئاشکرایە کە لە کاتێکدا شەڕ و پەلاماری زاڵمانە لە دژی کورد بەڕێوە دەبرێ، کەسانێک مافی ئەوەیان هەیە کە وەڵامی هاوشێوە بەو هێرش و پەلامارانە بدەنەوە."
سەبارەت بەو لێدوانانەی جەمیل بایک و ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، ساڵح موسلیم بە ئاسۆشەیتد پرێسی گوتووە؛ "ئێمە بە نیاز نین دەست بخەینە ناو کارووباری تورکیاوە، پەیوەندیشی بە ئێمەوە نییە داخوا ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە کێن."
لە هێرشێکدا کە دەگوترێت خۆکوژی بووە، دوێنێ و لە ناو جەرگەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ماشێنێکی بۆمبرێژکراو خۆی بە کاروانی ماشێنەکانی گواستنەوەی کارمەندانی سەربازیی ناوەندە سەربازییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە تەقاندەوە و لە ئاکامدا ٢٨ کەس کوژران و زیاتر لە شەست کەسی تریش بریندا ربوون.
سیاسەتەمەدارانی تورکیا، لە ناویشیاندا هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش، بە لێدوانی جیاجیا هێرشەکەیان مەحکووم و داوای چاکبوونەوەی بریندارەکانیان کردووە.
ب.ش
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە